03/02/2023
دوێنێ لە پۆستێکدا سەبارەت بە قازانجی پارسالی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل و کۆمپانیای شێڵ ئاماژەمان بەوە کرد کە چۆن کۆمپانیای شێڵ لەسەر حسابی وێرانکردنی ژینگە و ژیانی کۆمۆنێتییەکانی ئەوێ توانیوێتی قازانجێکی خەیاڵیی ساڵانە بەدەستبهێنێت
کۆمپانیای شێڵ بە درێژایی تەمەنی 86 ساڵەی لە دەڤەرێکی نایجیریا [ دێلتا نایجیر] بەردەوام بووە لە هەڵکۆڵینی زەوی بە مەبەستی دۆزینەوەی نەوت و غاز و دەرهێنانییان، بەمەش ژینگە و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئەو ناوچەی وێرانکردوە.
لە زەرەرمەندانی کۆمپانیای شێڵ نزیکەی 14 هەزار کەس شەکوایان لە دادگایەکی بەرزی بریتانیا لەسەر کۆمپانیاکە تۆمار کردووە، داوای تاوانبارکردنی شێڵ و قەرەبوی لێدەکەن سەبارەت بەو وێرانکارییەی کە بۆ ئەم ماوە دوور و درێژە کە لە هەقیان کردویەتی .
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی یەکێك لە زانکۆکانی سویسرا ساڵانە 11 هەزار کەس بە هۆی پیسی ئاو و خاك و بەروبومی کشتیارییەوە کە هۆکارەکەی دزەی نەوتی بۆرییەکانە و ژەهراوی کردنی هەرچییان هەیە بە خاك و بەروبومیانەوە دەمرن . گەر چی شێڵ بێ تاوانیی خۆی لەوە دەردەبڕێت و پاساوی دەدات و پرسی دزەی نەوت وەکو تاوانێك دەیخاتە سەر ملی خەڵکی نایجیریا گوایە ئەوان بۆرییەکانیان تەقاندۆتەوە و نەوتیان لە بۆرییەکانەوە دزیوە بۆیە ئامادە نییە کە قەرەبووی کەس بکاتەوە و کەیسەکانیان بە بێ بنەما دەزانێت ،بەڵام توێژینەوەکان نیشانی دەدەن کە کە شێڵ ئامادە نەبووە کە بۆرییەکانی پاك بکاتەوە و کۆنەکان کە لە هەموو ئەم ماوە دوورو دریژەدا بەکارهاتووە بگۆڕێت . بۆ پاککردنەوەی بۆرییەکان بۆ 5 ساڵ شێڵ تەنها 1 ملیار دۆلاری دەویست کە دەکاتە لە سەدا 3ی قازانجی ساڵی پاری ، ساڵی 2022 ، ئەگەر بیویستایە ئەو کارە بکات.
دانیشتوانی دێلتا نایجیر لەسەر ئاوی دوو ڕوبار دەژین بۆ خواردنەوە و بۆ ماسی گرتن کە ژیانی بەشێكی زۆر خەڵکەکەی لەسەرە ، هەروەها بۆ ئاوخواردنەوەی ئاژەڵ و ماڵاتیان، بۆ کردنی کشتوکاڵ کە ئەم ڕوبارانەش بە نەوت ژەهراوی بوون .





پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.