زاهیر باهیر
10/01/2023
من لەسەر گەندەڵیی زۆرم نوسیوە هەمیشەش ڕیشەکەیم گێڕاوەتەوە بۆ بوونی دەسەڵات ئیتر ئەو دەسەڵاتە لە هەر شێوەیەکدا بێت ، لە دەسەڵاتی گەورەی خێزانێکەوە تاکو حکومەت و دەوڵەت. لای من دەسەڵات بە هەموو جۆرەکانییەوە سەرجاوەی گەندەڵی و گەندەڵکارانن بۆیە گەر دەتەوێت گەندەڵی بنەبڕ بکەیت ئەوە دژایەتی هەموو چەشنەکانی دەسەڵات بکە.
بریتانیای عوزما غەرقە لە گەندەڵی بەڵام بە یاسایی کراوە. یەكێک لەو گەندەڵیانەی کە ئێستا قسەی لەسەر دەکرێت و ناوی بە کاری دووهەم لە دەرەوەی کاری پەڕلەمانتاری دەبرێت بەڵام لە ڕاستیدا گەندەڵییە، ئەو کاری دووهەمەیە.
پەڕلەمانتاریی لێرەش وەکو کوردستان ئیمتیازە و مشەخۆرییە ، پارەیەکی باش ، پلە و پایەکی باش ، ڕفرێنسێکی دروست و بەهێز بۆ دەستکەوتنی کار لە ئایندەدا کە بە هەر هۆکارێك واز لە پەڕلەمانتاری بهێنیت. بە گوێرەی یاسای بریتانی پەڕلەمانتارەکان دەتوانن سەرەڕای ” کار و ئەرکی ” پەڕەلەمانتاری لە پاڵیدا کارێکی دیکەش بکەن ئەوەندەی نەیشارنەوە و ئاشكرای بکەن . ئەم کارەی دووهەمیش خۆ هاوکاری هەژاران و بێ خانووبەران و پەنابەران نییە بەڵکو کارە لە گەڵ کۆمپانیا گەورە و بچوکەکاندا .. لەگەڵ بزنسەکاندا .
کردنی ئەم کاری دوووەمە ئەمەندە قێزەوەند و تڕۆ بووە حیزبی حاکم دەیەوێت سنورێکی بۆ دابنێت و حیزبی موعارەزەش [ حیزبی کرێکاران] قسە لەسە یاساخکردنی دەکات کە هاتنە سەر حوکم.
ژمارەیەك لە ئەندام پەڕلەمانتارەکانی حیزبی حاکم کە لە سەدا 54 ی پەڕلەمانتاران دروست دەکەن ، لە ساڵی 2019 وە تاکو کۆتایی ساڵی ڕابوردوو لە نێوانی خۆیاندا 15.2 ملیۆن پاوەندیان بە کردنی کاری دووهەم پەیدا کردووە ئەمە بێ لە قاچ و قوچی تر وەکو دیاری و خزمەتی دیکە و موچەی ساڵانەیان و بیمە و دانی کرێی خانوو بۆیان وەکو خانووی دووەم .
ترێزە مەی کۆنە سەرەکوەزیران لەو کاتەوە هێنایانە خوارەوە تاکو ئێستا لە ڕێگای قسە و موحازەرەدانەوە 2.5 ملیۆن پاوەندی پەیداکردووە، جگە لە موچەی ساڵانەی ئەندام پەڕلەمانییەکەی کە 85 هەزار پاوەندە ، بۆریس جۆنسۆن کە لە مانگی سێبتەمبەردا دەستیان لە کار کردن پێکێشایەوە هەر بە تەنها لە مانگی ئۆکتۆبەردا بەدانی 4 موحازەرە کە هەر سەعاتی 30 هەزار پاوەندی پەیداکردوە 1 ملیۆن پاوەندی بە موحازەرەدان بۆ زانکۆ و بزنس و کۆمپانیاکان لە ئەمەریکا وەرگرتووە ئەمە بێ لە بەلاشی سەفەرەکەی و ئوتێلی مانەوەیی و نانخواردن و گواستنەوەی لە ئوتێلەکەیەوە بۆ هۆڵی قسەکرندەکەی … هەر هەموو ئەمانەش بەلاش بووە .
ئەندام پەڕلەمانتارەکانی حیزبی لەیبەر کەمتریان پەیدا کردووە ، بێ گومان هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەوان لە دەرەوەی دەسەڵاتن بزنس و کۆمپانیاکان تەنها پەیوەدنییان لەگەڵدا دەبەستن بۆ داهاتوو کە دێنە سەر حوکم . ئەمان 1.2 ملیۆن پاوەندیان لە نێوانی خۆیاندا پەیدا کردوە . ئەوەی کە زۆری پەیدا کردوە دەیڤد لامییە کە ئێستا شادۆ وەزیری دەرەوەی بەریتانییە کە 202 هەزار پاوەندی لە ساڵی 2019 وە دەستکەوتووە بێ لە موچەی پەڕلەمانتاری و خۆشی چەندەها موڵك و خانوی هەیە و داوێتییەوە بە کرێ .
نیگەرانییەکە ئەوەیە کە خەڵکانێك هەن چاوەڕوانی ئەمانە دەکەن کە ژیانیان بگۆڕن لە ڕێگای هەڵبژاردنیانەوە. ئای کە جێگای داخە.