23/12/2022
دەسەڵاتی تالیبان لە ئەفغانستاندا لەم ڕۆژانەدا بڕیاری داخستنی زانکۆکانی بەسەر کچاندا دەرکرد . ئەم بڕیارەی تالیبان دووەم بڕیاری گرنگ و سەرەکییە کە دژ بە ڕەگەزی مێیینە دەریدەکات. لە مانگی ئازاری ڕابووردوودا بڕیاری داخستنی قوتابخانە ناوەندییەکانی کچانیان دا ، ئێستاش زانکۆکان .
باوەڕناکەم حکومەتی تالیبان ئەم بڕیارەیان بۆ بچێتە سەر چونکە ژنان و کچانی قوتابی بەرهەڵستی بڕیارەکە دەکەن و ناڕەزایی دەردەبڕن هەر وەکو چۆن لە ئێستادا لە چەند زانکۆیەك دەستیان پێکردووە.
بێ گومان ڕاپەڕینی ژنان و کچان و دواتریش پەیوەستبوونەوەی کوڕان و پیاوان لە ئێراندا پێیانەوە بەهرە و ئەزموونی خۆی دەگوێزێتەوە بۆ ئەفغانستان و دەبێتە هاندەر و بەگریکردن لە مافە ڕەواکانیان . ئەوە ڕاستییە کە ژنان و کچانی ئەفغانستان لە ژنان و کچانی ئێران بێ تواناتر نین، هاوکاتیش دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئەفغانستان زۆر زۆر لاوازترن لە دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئێران .
داتایەك *نیشانی دەدا کە بڕ و ڕێژەی خوێندکارانی ڕەگەزی مێیینە و ژمارەی وەرگرتنیان لە زانکۆکان بۆ نموونە لە ئەندەنوسیا کە گەورەترین وڵاتی جیهانە کە زۆرینەی موسڵمانە، لە 2% لە ساڵی 1970 بۆ 39% لە ساڵی 2018 بەرزبووەتەوە ، لە سعودیە نیوەی تەمەنی ژنان کە دەکرێت لە زانکۆ بن دەچنە زانکۆ ، کە ئەو ڕێژەیە لە چوون و وەرگرنتی کجان لە زانکۆ لە مەکسیک، چین، بەرازیل و هیندستان.و هەموو وڵاتێکی جیهانی موسڵمانان، جگە لە ئەفغانستانی دوای هاتنەوەی تالیبان بەزرترە .
ژنان لە کۆمەڵی ئەفغانستاندا ڕۆڵێکی باڵایان هەبووە لە پێش هاتنی تالیباندا لە ساڵی 1996 دا لە زۆربەی دامەزراوە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکاندا ژمارەی سەرەکی بوون و شوێدەستیان دیار بووە .
پێش دەستبەسەرداگرتنی تاڵیبان لە ساڵی 1996، 60%ی مامۆستایانی زانکۆی کابول (و نیوەی خوێندکارەکانی) ژن بوون. ژنانی ئەفغانی 70%ی مامۆستایانی قوتابخانەکانی وڵاتەکە بوون ، لە سەدا 50%ی کرێکارانی حکومەتی مەدەنی و 70%ی 130,000 فەرمانبەری حکومی لە کابول بوون و 40%ی پزیشکی ئەفغانستانیان پێکدەهێنا. تەنها لەم سەدەیەدا – تا ساڵێک لەمەوبەر – ژمارەی کچانی ئەفغانی کە لە قوتابخانەدا ناویان تۆمارکردووە لە تەنها 100 هەزارەوە لە ساڵی 2000 بۆ زیاتر لە 3.5 ملیۆن زیادی کردووە و خوێندەواری ژنان دوو هێندە زیادی کردووە.
…………………….
*ئامارەکان لە وتارێکی گۆردن بڕاونی کۆنە سەرەك وەزیرانی بریتانیاوە وەرگیراون


پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.