زاهیر باهیر
19/12/2022
قسەخۆش و بەناوبانگەکەی سیاسییەکانی بریتانیا و سامانداران ئەوەی سەرەوەیە کە لە کاتێکدا کە ڕووبەڕوی جەنگ یاخود پەتایەك وەکو کۆرۆنا یاخود کارەساتێکی سروشتیی دەبینەوە ئەم قسەخۆشە دەدەن بە گوێماندا و دڵمان دەدەنەوە . بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە هەمومان لەیەك زریانداین نەك یەك کەشتی . لەو زریانەدا هەمانە یاختی هەیە ، هەیە کەشتی هەیە کە پارێزراوە، هەشمانە کە زۆرینەین ئەو بەلەمەمان پێیە، چووپەکە، کە پەنابەران لە ئاوەکەی پێدەپەڕنەوە بەرەو بەندەری دۆڤەری بریتانایا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی گاردیان سەرەڕای ئافاتی کۆرۆنا و قەیرانی ئابووریی لە بریتانیا ژمارەی ملیاردەرەکان بە ڕێژەی لە سەدا 20 سەرکەوتووە لە 147 ملیاردەرەوە لە ساڵی 2020 بۆ 177 ملیاردەر لە ئەمساڵ هەڵکشاوە .
ساڵی 1990 تەنها 15 ملیاردەر هەبووە لە بریتانیا، کە سامانی هاوبەشی هەموویان تەنها 53.9 ملیار پاوەند بووە بەڵام پاش 32 ساڵ واتە ساڵی 2022 کە ژمارەکە هەڵکشاوە بۆ 177 سامانی هاوبەشی هەموویان 653 ملیار پاوەندە کە تێکڕای سامانی هەر یەکەیان نزیکەی 2 ملیار پاوەندە.
ئەوەی کە ژمارەی ملیاردەرانی لە بریتانیا لەم دوو ساڵەدا سەرخستووە دوو هۆی سەرەکییە : یەکەم : نرخی خانووبەرە واتە موڵك بە هۆی کۆرۆناوە و سیاستی حکومەتەوە سەرکەوتووە . دووەم: حکومەت لە کاتی پەتای کۆرۆنادا هەفتانە پارەی چاپ دەکرد و فڕێی دەدایە نێو بەشی داراییەوە . لەو سەردەمەدا چەندەها تریلۆن دۆلار خرایە ئەو بوارەوە واتە بەشی بۆرصە و دارایی لە بریتانیادا.
لە کاتێکدا کە ئەوە دەبینیت جیگای سەر سوڕمان نییە کە دەبینیت 3.9 ملیۆن منداڵ لە هەژارییدا دەژین ، نزیکەی 2 ملیۆن کەس لەسەر بەخشینەوەی خۆراکە کە زۆربەیان کار دەکەن ، لە لایەن سێنتەرەکانی خۆراك بەخشینەوەوە 6.7 ملیۆن خێزان لە دۆخی دەستەویەخەی خۆگەرمکردنەوەدا دەژین . هەر ئاواش نابێت لامان غەریب بێت کە حکومەت ئامادە نییە کە موچە و کرێی مامۆستا و نێرس و ئاگرکوژێنەرەوە و کرێکارانی بەشی هاتووچۆ و شارەوانییەکان و ئەوانی دیکە زیاد بکات.
ئەمە ئەو کەشتییەیە کە هەر هەموومان بێ جیاوازی چینایەتی و ڕەگەزیی و تد تێییداین !!!!!!!

پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.