زاهیر باهیر
28/10/2022
من وا هەست دەکەم کە ئەمەریکا و غەرب ڕوخانی ڕژێمی ئێرانیان پێ باش نەبێت لەبەر بوونی چەند هۆکارێك کە مانەوەی هەمان ڕژێم تا رادەیەكی زۆر لە بەرژەوەندی هەردوولایانە .
یەك: مانەوەی ئیران وەکو تەرەفێکی سەرەکی لە بەرانبەر عەرەبی سعودییەدا لای ئەوان مەبەستە هەر هیچ نەبێت لەبەر دوو هۆ: یەکەم : کڕینی چەك و تەقەمەنی و وابەستەیی زیاتری سعودییە بە ئەمان . دووەم: ئەو لە بەرانبەر وەستانەوەی ئێران و سعودییە بە یەکدی، هەمیشە وەکو پشکۆیەکی نەگەشاوە وایە و هەر کات بیانەوێت بۆ نانەوەی پشێوییەك لە ناوچەکەدا بە فویەك یا باوەشێنێك ئەو پشکۆیە دەگەشێننەوە. لەم بارەشدا هەردوولا دەکرێت ببنە بنەمای دروستکردنی گروپی تووندڕەو بەکارهینانیان لە هەر شوێنێکدا ئەمەریکا و غەرب بیانەوێت.
دوو: هەتا ڕژێمی ئێران بمێنێت ئیسرائییل هەست بە ئارامی تەواو ناکات هەر وەکو هێزێکی سەرەکی ناوچەکە دژی و هەم وەکو سەرچاوە وکۆمەککاری حەماس و حیزبوڵا و سوریا و عێراقی شیعە. لەم بارەشدا ئیسرائیل هەر وەکو هەمیشە لە باوەشی غەرب و ئەمریکادا دەمێنیتەوە هەردوولایان دەکرێت سوود بە یەکدی بگەیەنن و یەکدیش بەکاربهێنن.
سێ : تا ئێستا ئەو بزوتنەوە جەماوەرییەی ئێران وەکو بزوتنەوەیەکی بێ خاوەنی سەربەخۆ ماوەتەوە و هیچ لایەك و هیچ حیزبێك نەیتوانیوە ئیدیعای خاوەندارێتی لێبکات. ئەمەش لە ئێستادا پرسیارێکی بێ وەڵام لای ئەمریکییەکان و غەربییەکان دروست دەکات کە ئایا لەگەڵ شەیتانی هەنووکەدا دەست و پەنجە نەرم بکەن یا جاوەڕوانیکردنی شتێکی ” خراپتر ” کە ڕەنگە گۆڕانکارییەکی جیاواز لە ویست و خواستی ئەوان بهێنێتە کایە.
چوار: مانەوەی ڕژێمی ئێران بەهانە و بیانویەکی باشە بە جێگیربوونی زیاتر و داکوتانی پێگەی باشتر و دانانی بنکەی سەربازی لە لایەن ئەمەریکاوە لە عێراق و لە سعودییەوە و شوێنەکانی دیکە وەکو هێزێکی ئێحتیاتی لە ناوچەکەدا لە بەرانبەر هەموو ڕودا و مەترسییەکی ناوخۆی ناوچەکە و وجوودی ڕوسیاش دژ بەوان.
پێنج: داڕمانی ڕژێمی ئێران یانی تەواوبوونی ئەو گەمە خوێناوییە کە 42 ساڵی ڕەبەقە ئەوان ڕەشوڕووتی ئێران و عێراق و تەواوی ناوچەکە لەو خوینەدا دەگەوزێنن، کە مانەوەی سەرەوەریی و سەروەتی ئەوانە.بە دڵنیاییەوە ڕەنگە هۆکاری دیکەش هەبن بەڵام من لە ئێستادا پەیان پێ نابەم.