جیهان نۆرمان
22/10/2022
لەم کۆمەڵەدا هیچ کاڵایەك بە مەبەستی سوودبەخشین بەرهەم نایەت. بەڵکو تەنها بە مەبەستی فرۆشتنی، بە مەبستی گۆڕینەوەی بۆ پارە. لە ڕاستیدا، ئەوەی
پێی دەوترێت سوودبەخش، زیانبەخشییە، وە هەموو بەرهەمێکی وەك خواردن، خواردنەوە، پۆشین، کە پێداویستی سەرەکی ژیانن، هەڵگری کۆمەڵێك پێکهاتەی مەترسیدارن لەسەر ژیان. لە هەمووی گرنگتر، خاوەن کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، لێپرسراوانی تەندروستی و پارێزگاری هاووڵاتیان، لە هەموو جیهاندا، زۆرباش ئاگاداری ئەم ڕاستیەن. دامەزراوە نێو دەوڵەتیەکان خۆیان، بە ڕاپۆرتی ساڵانە، بە ووردی و زانستیانە کارەساتی کوشندەی ئەم ڕووداوە بەردەوامە بڵاو دەکەنەوە. زاڵبوونی بەهای مردوو، بەهای پارە، بەهای ئاڵوگۆڕو کەپیتال، وەك دکتاتۆرێکی بێهاوتاو، بێ بەرامبەر، باڵی مردنی بەسەر مرۆڤ و ژینگەیدا سەپاندووە. بە جۆرێك ئەو خۆسەپاندنە تەواوە کە مرۆڤەکان، کۆیلەکانی ژێرباڵی ئەم دەوڵەتە، لە کردارو هەڵسوکەوتیاندا، پەیڕەوی بێهۆشانەی بڕیارو خواستی دکتاتۆرێکی کۆمەڵایەتی بن، وەك ئەوەی بە خواست و ئازادی خۆیان نەخشەی ژیانیان کێشابێت. دکتاتۆریەتی دیمۆکراتیانەی کەپیتال، بەوەی کە هەموو مرۆڤی کردۆتە کاڵایەك، کۆیلەیەکی بەرهەمهێنەرو خزمەتکەری یەزدانی بەها«پارە، وەك کەپیتال»، دەرگای تەواوی کردۆتەوە لە بەردەم هەموو ئازادیەکدا کە مەترسی نەبێت بۆ تەندروستی کۆمەڵەکەی. وەك مارکس دەبێژێ: هەموو شتێکتان بۆ ئەکەم، بەس داوای ئەوەم لێ مەکەن کە لە سوار پشتان دابەزم!
بە کورتیەکەی ئێستا زیاتر لە جاران، نەك هەر داوای ئەوەمان لێدەکات بەرگەی سوابوونەکەشی بگرین، بەڵکو واشمان لێبکات کە زەوقی لێ بچێژین و بە سودبەخشی بزانین.
بۆ ئەوەی سوپایەکی کرێکار بەرهەم بهێنێت، سوپای فرۆشتنی هێزی بازوو، سەرمایە(کەپیتالیزم)، لە سەرەتای سەرهەڵدانیدا، لە هەموو جیهاندا، زۆر لانەی وێرانکرد، زۆر کۆمەڵی بێتاوان و سروشتنیشینی تێکداو لە ناوبرد، زۆر مرۆڤی فەلاقە و زیندان و تێرۆرکرد، زۆر بوونی دژە شارستانیەتی کارو دژە دەوڵەتی تەفروتوناو جێنۆساید کرد. بەرهەمهێنانی کاریکرێگرتە، کە ئێستا ئاوو هەوای ژیانی ئەم کۆمەڵەیە، گەورەترین تاوانی مێژووە، کە ئێستا باس دەکرێت بە پێشکەوتن و زانست، وە بە جۆری یەزدان دەپەرسترێت. لە ڕێبازی پێشکەوتنی ئەم شارستانیەتی بە کۆیلەکردندا، هەموو ئامرازەکانی پەرستن خراوەتەکار بۆ بەرهەمهێنانی ئیمانداران بە ئیرادەی یەزدانی پارە، ئاینی کەپیتال. هیچ کۆمەڵێکی ڕابووردو، وەك ئەم کۆمەڵە ئیمانداری بەرهەم نەهێناوە. ئەم کۆمەڵە کۆمەڵێکی ڕیالیستی ئایندارە.
شۆڕشی ئێستا شۆڕشی هۆشیاریە، بە مانا مێژوویەکەی، شۆڕشێکی تەواوە دژی ڕیشەی کۆیلەیەتی، دژی دەوڵەت وەك کۆمەڵێکی نامۆ و نامۆکەری مرۆڤ ژیانی لە خۆی و ژینگەی. هەر ڕێبازێك لە مرۆڤ و پێداویستی ژیان و کۆمەکی مرۆڤەوە سەرهەڵنەدات، خەبات نەکات، هەر دەبێتە کاڵایەکی تری بەهێزکردنی بازاڕی پارە، واتە کۆیلەیەتی. هەر بوونێك هەوڵبدات شێوازی دەوڵەت بگۆڕێت، نەك لە ڕیشەدا لە ناوی ببات،نەك لە بناغەوە لە گرفتەکان بکۆڵێتەوە، کەمرۆڤ خۆیەتی لە پەیوەندییەکانی ژیاندا، مسۆگەر لە کۆتایدا دەگەڕێتەوە ماڵی دەوڵەت.