تەقینەوەی کانگایەکی خەڵوز لە تورکیا لانیکەم 25 کوژراوی لێکەوتەوە و دەیان کرێکاری تریش لە نێو کانەکە گیریان خواردووە

لە پەیجی هاوڕێ کامەران ئەحمەدەوە وەرگیراوە

15/10/2022

ڕۆژی هەینی کاتژمێر 6:15 ی ئێوارە لە کانگایەکی شارۆچکەی ئەماسرا لە کەنارەکانی دەریای ڕەش تەقینەوەیەک روویدا و کانەکە داڕما، تاکو ئێستا ٢٥ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و بە دەیانی تریش بریندار بوون، و ژمارەیەکی زۆری کرێکارانیش لە قوڵایی ٣٠٠ – ٣٥٠ مەتر گیریان خواردووە . سەرجەم کرێکارانی کارکردوو لە نێو کانەکە ١١٠ کرێکار بوون. ئەگەری هەڵکشانی ژمارەی کوژراوان لەگەڵ تێپەڕبوونی کات زیاترو زیاتر ئەبن.

ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەوپەڕيی دڵپڕی و حەسرەتەوە، و تووڕەیی بەرامبەر حکومەت لە چاوەڕوانی هەواڵی ئازیزان و هاوڕێکانیاندا لە دەوری کانەکە کۆبوونەتەوە. ژمارەیەک لەو کرێکارانەی بە ئەستەم خۆیان ڕزگارکردووە برینەکانیان سەختن. ئەگەرچی تاکو ئێستا هۆکاری راستەقینەی تەقینەوەکە نەزانراوە بەڵام سەرۆکی یەکێتی کرێکارانی کانەکان – سەر بە دەوڵەت- ڕایگەیاندووە تەقینەوەکە بەهۆی کۆبوونەوەی گازی میثان ڕووی داوە. ژمارەیەک لە خەڵکیش لە تویتەر بۆ خراپی محاولەی کارەبایی نێو کانەکەیان گەڕاندووەتەوە.

لە دوای کارەساتی گیانلەدەستدانی ٣٠١ کرێکار لە ٢٠١٤ لە شارۆچکەی سۆمای تورکیا، ئەم تەقینەوەی ئەماسرا بە زنجیرەی ئەو کارەساتە خوێناوییانەی لە مێژووی کانەکانی تورکیا ڕوویان داوە هەژمار ئەکرێت.

لاوازی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و سەلامەتی شوێنی کار لە دەرئەنجامی بە تایبەتکردنی کانەکان و فەرامۆشیی چاودێری حکومەت بەسەر کۆمپانیاکان و لێنەپرسینەوە و چاوداخستن بۆ چنینەوەی قازانجی زۆری کۆمپانیا و خاوەنکارەکان سالانە ژیانی سەدان کرێکاری خستووتە بەردەم مەترسی و مەرگ.

ڕاپۆرتێکی سێ ساڵ لەوەپێش باس لە خراپی دۆخی ناو کانەکە ئەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە قوڵیی ٣٠٠ مەتر نزیکبووەتەوە و ئەگەرەکانی تەقینەوەو خنکان بەهۆی گازەکانەوە زۆرتر بوون.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە ١٩٠ ڕووداوی کار لە ساڵی ٢٠١٩ ئەکات. هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠دا ١٦٤ ڕووداوی کار تیایدا ڕوویان داوە، کە بوونەتە برینداربوونی ١٦٤ کرێکار، تەنها ٧ لەو ڕووداوانە لە سەر زەوی بوون و ١٥٧ ڕووداوەکەی تریش لە نێو کانەکە ڕوویان داوە. لە سێپتەمبەری ئەمساڵ لە کاتی سەردانکردنی وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەکان ،و سەرۆکی شارەوانی و چەند پلەداری تری حکومیی و یەکێتی کرێکاریی (سەر بە دەوڵەت) ،بۆ کانەکە کرێکاران ئاماژەیان بە ئەگەری ڕوودانی کارەسات و تەقینەوە کردووە. هەموو ئاگادارییەکان بە چەند گوێیەکی کەڕدا چوون و تەنها گوێیان لە زیادکردنی بەرهەمهێنان و چنینەوەی قازانجی بڕی ملیۆنەها دۆلار بووە.

ئەم وەزیرە درۆزنە لە ٢٠ی سێپتەمبەر رایگەیاندبوو :”چاومان لە زیادکردنی بەرهەمهێنانە، بەڵام ئامانجی یەکەمی ئێمە سەلامەتی کرێکارانە، لە دوای سۆماوە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان خستووەتە گەڕ تا ڕووداوەکان لە سفر نزیک ببنەوە ، هەرچەندە تا ئێستا بەوە نەگەیشتووین بەڵام هەر لە هەوڵداین، بەڵام بشڵێین چی، بەداخەوە کەرتی کانەکان یەکێکە لە مەترسیدارترین پیشەسازییەکانی سەرتاسەری جیهان “

ئەم قسانە دیوی دووەمی قسەکانی ئەردۆگانن کە بە دوای کارەساتی سۆمادا رایگەیاند :”ئەمانە شتی ئاسایین و لە سروشتی کارکردنی ئەم کەرتەدا هەر ڕوو ئەدەن”!

داتاکانی چاودێری سەلامەتی کار لەو وڵاتە درۆکانی وەزیر ڕەد ئەکەنەوە، هەر بەدوای کارەساتی سۆما لە ساڵی ٢٠١٤، لە هەمان ساڵدا زیاد لە ٣٨٦ ڕووداوی کار ڕوویان داوە. لەساڵی ٢٠١٥، ٦٧ کرێکار ، لە ساڵی ٢٠١٦، ٧٤ کرێکار، لە ساڵی ٢٠١٧، ٩٣ کرێکار، لە ساڵی ٢٠١٨، ٦٦ کرێکار، لە ساڵی ٢٠١٩، ٦٣ کرێکار، لە ساڵی ٢٠٢٠، ٦١ کرێکار، لە ساڵی ٢٠٢١، ٧٠ کرێکار گیانیان لە دەستداوە، سەرباری برینداربوونی سەدان کرێکاری تر بە هۆی ڕووداوەکانەوە. تا ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ٥٣ کرێکاری کانەکان گیانیان لەدەستداوە و بەم کارەساتەش ژمارەکان هێندەی تر هەڵکێشن.

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: