دارا جوتیار
09/10/2022
من دەزانم بەتایبەت لەم کاتی هەیەجان و خرۆشانەدا کەمترین کەس ئەمەم لێوەردەگرێت، وە لەوانەیە بکەومە بەر تانەو تەشەری زۆرێکیش! لێ هەر هەڵەیەك لەگەڵ دەستپێکیدا لەمپەڕی بۆ دانەنرێت دوایی دەبێتە ئافاتێکی کوشندەو خنکێنەر!
کاتی خۆی کە صدام هەلواسراو سێدارە کرا، گوتم ئەمە یانی تازەکردنەوەو وەفاداری بەردەوامبوونی حوکمی کوشتن و سێدارە لە عێراق دا، هەمان ئەو حوکمەی صدام ي مجریمی بە مجرم پێدەناسرایەوە کە قەرارە ئێستا بەم شێوەیە باجەکەی لێوەرگیرێتەوە!
کاتێک قەزافی بەبرینداری کەوتە دەست خەلک و لە شاشەوە بینیم بەزیندووی داریان دەکرد بە کۆمیدا! گوتم ئایندەی لیبیا زۆر تاریکتر دەبینم لە ڕابردوو!
هەڵبەت ئەمە بەهیچ شێوەیەك ئەوە ناگەیەنێت کە هیچ سزایەک بۆ ئەو تاوانبارانەو هاوشێوەیان قایل نەبم، نا، ئەمە نە بەمانای لایەنگری ستەمکاری و چەوسانەوەیە نە بامانای بە ناڕەوازانینی خواستی ئازادیی و یەکسانی و مافەکانی خەڵکە!
من دەزانم دەسەڵاتداران خۆیان توند و تیژیان بەرهەمهێناوە و بەبێ خوێن و توندو تیژیش ملیان ناشکێنن، وە تامقاومەتی چەکداریش بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادیەکان بە ئەمری واقع و چارهەڵنەگر دەبینم.
لێ وەختێک کۆچەیەک، شارێک لە دەسەڵات و لومپنە بەکرێگیراوەکانیان پاك دەکرێتەوەو کەسانێک بەدیلی دەکەونە دەست، لێرەدا ئاستی شۆڕشگێڕی و ئاسۆی ڕوونی ئایندە، یان پێچەوانەکەی دەردەکەوێت و لەوێدا ڕوون دەبێتەوە بەوەی چ دەگوزەرێت!
سەنگباران کردنی دیل لە شەقامەکانی شارەکانی کوردستان و ئێران دا، یانی بەردەوام بوونی هەمان حوکمی سەنگساری جمهووری ئیسلامی، من بەش بەحاڵی خۆم نەفرەتی لێدەکەم و بەتێگەیشتنی خۆم لە شۆڕش ئەمە بەهیچ شێوەیەک نزیکایەتی نیە لە ڕەفتاری شۆڕشگێڕی، نەفرەتی لێدەکەم هەرچۆن نەفرەت لە دەسەڵاتدارانی ئاخوندی حوکمی سەنگسار دەکەم!
شۆڕش بەر لەهەر هەنگاوێک، دەبێت لەناو خودی خۆتدا ڕویدا بێت، نابێت ڕەفتارت بەهیچ شێوەیەک بچێتەوە سەر ڕەفتاری سەتەمکاران، بێ ئەمە ناتوانیت یەک هەنگاوی شۆڕشگێڕانە بنێیت و نزیک ببیتەوە لە ئایندەیەکی ڕوون و ڕەوانی ژیان!
بەڵێ بۆ سزادانی تاوانباران، سزای زیندان و کار پێکردنیان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەژیان و ژینگەیان گەیاندوە،
دەبێت هەموو ئەوانە باجی تاوانکارانەیان بە سزای هەتا هەتایی خزمەتکردنی ژیان و ژینگەی خەڵک لێوەرگیرێتەوە!

پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.