هاوپشتی بۆ خرۆشانە جەماوەرییەکان لە ئێران

هاوپشتی سەکۆی ئەنارکیستان بۆ خرۆشانە جەماوەرییەکان لە ئێران

ئەنارکیستەکان هەردەم پشتیوانی خرۆشانی خۆخۆیی جەماوەریی بوون و هەن. خەبات و خرۆشان و ڕاپەڕینی خۆخۆیی جەماوەریی نیشانەی هەڵکشانی ئاستی ناڕەزایەتی و بەرەنگاری و خۆهوشیاریی چەوساوانە دژی سیستەمی زاڵ و دەسەڵاتداران. هەرچەندە ناڕەزایەتییەکان و خرۆشانەکان و ڕاپەڕینەکان ناو و ڕەنگی جۆراوجۆر لە خۆبگرن، بەڵام لەنێوەڕۆکدا بەرنگاریبوونەوەی ستەمن، بەرەنگاربوونەوەی ملهوڕیی دەسەڵاتدارانن، ڕەتکردنەوەی سیستەمی زۆرداریی.

ڕاستە هۆکار و هاندەری ڕاپەڕینەوەی چەوساوان لەنێو شارەکانی ئێران کوشتنی مەهسا ئەمینی (کیژێکی ٢٢ ساڵەی کوردییزمان) بوو، کە بە گەشتێک لەتەک خێزانەکەی بۆ تاران چووبوو و بەبیانووی پەیڕەونەکردنی حیجابی ئیسلامی دەستگیرکراوە و لێیدراوە و ئەو لێدانە بوو بە هۆکاری مردنی و ملهوڕییەکی ئاشکرا و بەرچاوی دەسەڵاتداران بوو و دونیای هەژاند. بەڵام پەیام و کڕۆکی ڕاپەڕینی ئەم جارە هەم ناڕەزایەتی بوو بە کوشتنی ئەو و هەم پەیامێکی زۆر ڕادیکاڵ و سنووربەزێن بوو، بۆ نێوخۆی ئێران و جیهان، کە چەوساوان هەر زمان و ئێتنیی و ڕەگەز و تایبەتمەندییەکی کەسییان هەبێت، چەوساوەی دەستی یەک دوژمنی چینایەتی و یەک سیستەمن، ئیدی هەر ناو و ڕەنگێکی هەبێت.

ڕاپەڕینی ئەم جارە تێپەڕاندن و شکاندنی سنووربەندیی ڕاپەڕینەکانی پێشوو بوو لە باری هزر و بزووتن و ئامانج، ڕەتکردنەوەی ئەفسانەی نەتەوەچییەتی بوو، وەڵامێکی توند بوو بۆ حزبەکان کە هەر یەکە و بە ڕەنگ و ناوێک چەوسانەوە ناودەبات و هەر یەکەیان بە جۆرێک بۆ ئاراستەکردنی ناڕەزایەتیی چەوساوان هەوڵدەدات. ڕاپەڕینی ئەم جارە بەس پەیامێک بۆ ملهوڕانی نێو ئێران نەبوو، بەڵکو هەموو ملهوڕان بوو، هەر ئاوا پێش ئەوە پەیامێک بوو بۆ هەموو چەوساوان، کە چەوسانەوە نەتەوە و نەژاد و ڕەگەز و نیشتمانی نییە، هەر ئاوا کە چەوساوان نەتەوە و نەژاد و ڕەگەز و نیشتمانیان نییە و یەک دوژمنیان هەیە، کە ئەویش بوونی چینایەتیی خۆیان و کۆمەڵی چینایەتی و سەەروەریی چینایەتییە؛ یەک ئامانجی بنەڕەتیی و نێوکۆییان هەیە، ئازادکردنی ژیان و بوون لە ستەم و هەڕەشەکانی لەنێوچوون، ڕزگارکردنی گۆی زەمینە لە چەپاوڵگەریی سەرمایەداران و لە پاوانگەریی ڕامیاران.

ئێمە وەک سەکۆی ئەنارکیستانی کوردییزمان خۆمان بە بەشێک لە ناڕەزایەتی هەموو چەوساوانی جیهان لە هەموو شوێنێک دەزانین و لە هەموو ناڕەزایەتی و بەرەنگاری و خۆڕێکخستن و ڕاپەڕینێکی دژی کۆمەڵ و سیستەمی چینایەتی لە هەر ئاستێک هەبێت، پشتیوانی دەکەین و بەڕادەی توانایی و بوار بەشداریی دەکەین.

ناڕەزایەتی و خرۆشان و ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ئەم ڕۆژانە توانی هاوکاتی ڕەتکردنەدوەی هەوڵی ڕامیاران و حزبەکان بۆ دابەشکردن و پارچەپارچەکردنی ناڕەزایەتییەکان و گۆڕینی بە بەردەبازی دەسەلاتخوازیی، هەنگاونانێکی کتوپڕ و کارا بێت بۆ یەکێتییەکی سەرتاسەریی چەوساوان.

ئێمە هاوخەمیی و ناڕەزایەتی خۆمان لەتەک خێزان و دۆستانی مەهسا ئەمینی و گیانبەخشانی نێو خۆنیشاندانەکان دەردەبڕین، یادی ئەو ئازیزانە لای ئێمە بەرز و نەمر دەمێنێت.

سەرکەوتوو بێت خەبات و خرۆشانی چەوساوان لە شارەکانی ئێران
سەرکەوتوو بێت یەکێتی چینایەتی چەوساوان
شکست بۆ هەوڵ و پاوانگەرییەکانی ڕامیارانی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن
بڕووخێت سەروەریی چینایەتی بە هەموو ناو و ڕەنگەکانییەوە

سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیزمان
٢٣ سێبتەمبەری ٢٠٢٢

٢ مهر ١٤٠٠١

https://linktr.ee/anarkistan

نووسەر: Anarchistan ئەنارکیستان

Kurdistan Anarchists Forum - KAF سەکۆی ئەنارکیستان

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: