زاهیر باهیر
30/08/2022
تا ئێستا هەر قسە و جەدەل و تەنانەت خۆپیشاندان و پرۆتێست دژ بە بەرزکردنەوەی نرخی غاز کراوە کە ئاوا پێشبینی دەکرێت کە لە مانگی نیسانی ساڵی ئایندەدا بچێتە نزیکەی 6 هەزار پاوەند.
ئێستا پرسی بەتاڵەشی هاتە سەر چونکە بە دڵنیاییەوە ڕۆڵێکی گەورەشی دەبێت بەتایبەت لەسەر بزنسە بچوکەکان و مامناوەندییەکان کە ناتوانن ئەو پارە زۆرە بدەن. لە ئێستادا جەمعییەی پەپەکانی بریتانیا [ پەپ: شوێنی خواردنەوە ] کە 47 هەزار پەپ خۆی تێدا دەبێنیتەوە کە 940 هەزار کرێکار لەو بوارەدا کاردەکەن ، نامەیان بۆ حکومەت و هەردوو بەربژێری سەرەكوەزیران نوسیوەو وەکو سکاڵانامیەك کە بەرزبوونەوەی نرخی غاز، مانەوەی ئەم پەپانەی لە بزنس-دا مەحاڵ کردووە. ئەگەر چارەسەرێکیان بۆ نەدۆزنەوە ئەوە دەبێت پەپەکان دابخەن و خەڵكێکی زۆر کە لەوێدا کاردەکەن بێ کار بکەن .
هەندێك لە خاوەنی ئەم پەپانە سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ خاوەنی شوێنەکە و ئەو کۆمپانیانەی کە گرێبەستیان لەگەڵدا هەیە بۆ کڕینی بیرە پێیان وتوون کە گرێبەستەکەیان بۆ تازە ناکەنەوە ئەگەر پێشەکی 10 هەزار پاوەند نەخەوێنن ، جونکە دەترسن بە نەدانی پارەی غاز و کارەبا مایەپووچ ببن .
بارودۆخەکە زۆر لەوە خراپترە کە چاوەروانیمان لێدەکرد دوێنێ جێ بەجێکاری کۆمپانیای نەوتی شێڵ کە کۆمپانیایەکی گەوەرەیە ڕایگەیاند کە ڕەنگە چەند زستانێکی دیکەش بە دەست کەمی غازەوە بناڵیین. بێن ڤان بیوردن کە سەرۆکی کۆمپانیاکەیە ڕۆژی دووشەممە، دوێنێ، 29/08 ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە نەرویج قسەی کرد و وتی: ” ڕەنگە دۆخەکە بۆ چەند ساڵێک بەردەوام بێت، ڕەنگە زۆر زستانمان هەبێت کە دەبێت بە جۆرێک لە جۆرەکان چارەسەرێك بدۆزینەوە.” هەر لەوێدا ئاماژەشی بەوە دا کە ڕەنگە پێویست بکات بیکەین بە بەش بەش [حصە] واتە بەگوێرەی پیویست غاز بدرێت و بەکاربهێنرێت.. ئەمە هەر مەترسی و قسەی ئەو نییە هەندێکی دیکە لە سەرانی کۆمپانیای وزە هەمان شتیان پشتڕاستکردەوە.
بە گوێرەی شیکاری هەندێك لە ئابووریناسەکانی بریتانیا داهاتی غازی کرێملین لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا دوو بۆ سێ هێندە زیاتر بووە لە ئاسایی، ئەمەش توانای وڵاتەکەی بۆ بەرگەگرتنی گەمارۆیەکی ئابووری درێژخایەن زیادکردووە. بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای ڕاوێژکاری کاپیتال ئیکۆنۆمیکس، ئەگەر نرخی غاز بەو ئاستەی ئێستا بمێنێتەوە، ڤلادیمێر پوتین دەتوانێت هەناردەی ئەوروپا لە 20%ی ئاستی ئاسایی بۆ ماوەی دوو بۆ سێ ساڵی داهاتوو بهێڵێتەوە، هەروەها دەتوانێت بۆ ماوەی ساڵێک پێداویستییەکانی بە تەواوی ببڕێت بەبێ ئەوەی کاریگەری خراپی لەسەر ئابووریی ڕووسیەکە هەبێت .




پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.