03/08/2022
کۆمپانیاکانی وزە: نەوت و غاز و گازۆییل ، یەک بەدوای یەکدا قازانجی 3 مانگی دووهەمی ئەمساڵیان ڕادەگەیەنن . لە کاتێکدا کە زۆربەی خەڵکی لە دڵەڕاوکێی بەسەربردنی ژیانی خۆی و خێزانیاندان و نازانن چۆن بتوانن قائیمەی غاز و کارەبا و پارەی بەزنزین و گازۆیل بدەن کەچی ئەم کۆمپانیانە زۆر بێ شەرمانە و بێ شکۆ قازانجە زەبەلاحەکیان ئاشکرا دەکەن. ئەمەش وەکو بەرزکردنەوەی دوو پەنجەیە بە ڕووماندا کە ئاماژەیە بە جوێنێکی زۆر ناشیرین بە ئێمە هەموومان.
دوای ئەوەی کە کۆمپانیای شێڵ لەم چەند ڕۆژەدا ڕای گەیاند کە قازانجی ئەم 3 مانگەیان واتە لە مانگی نیسانەوە بۆ حوزەیران کە 11.4 ملیار دۆلار (نزیکەی 10 ملیار پاوەند)، هەر ئاواش ڕۆژی هەینی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا قازانجێکی بێ وێنەی 17.85 ملیار دۆلاری (14.77 ملیار پاوەند)ی تۆمارکرد، کە نزیکەی چوار هێندە زیاترە لە هەمان ماوەی ساڵێک لەمەوبەر. لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای شیڤرۆن قازانجی 11.62 ملیار دۆلاری تۆمارکرد کە دەکاتە 9.61 ملیار پاوەند. ئەم قازانجە بەرزە ژمارەی پێوانەیی قازانجی خۆی شکاند.
ئێستاش کۆمپانیای بریتن پیترالیۆم [ BP ] ڕایگەیاند کە ئەوانیش بۆ هەمان ماوە نزیکە 7 ملیار پاوەند[ 6.9 ] قازانجی کردووە . ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵدا 6.2 ملیار دۆلار بووە، هەروەها سێ هێندەی قازانجی بنەڕەتی کۆمپانیای بی پی کە لە چارەکی دووەمی ساڵی 2021 دا 2.8 ملیار دۆلار بووە. لە مێژوی ئەم کۆمپانیایەدا ئەمەش دووەم بەرزترین قازانجی 3 مانگی بووە ، ئەمە دوای قازانجی 8.8 ملیار دۆلار لە هاوینی 2008دا.
کۆمپانیای بی پی رایگەیاندووە، لە رێگەی بەرنامەی کڕینی پشکەکانەوە 3.5 ملیار دۆلار دەداتە وەبەرهێنەران، لە هەمان کاتدا کۆی گشتی پێدانی پاداشتەکانی بە رێژەی 10% زیادکردووە بۆ نزیکەی 1.1 ملیار دۆلار.
کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ناچاربوو بەهای وەبەرهێنانەکانی لە ڕووسیا بە بڕی24 ملیار دۆلار لەدەست بدات ، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەشێکی زۆری ئەو زەرەرە لەدەستچووەی قەرەبوو کردووەتەوە. بەیانی ڕؤژی سێشەمە نرخی پشکەکانی کۆمپانیای BP بە ڕێژەی 4% بەرزبووەتەوە.
قازانجی ئەم کۆمپانیانە هەر ئەوە دەرناخات کە باسمان کرد بەڵکو ئەوەش دەسەلمێنێت کە جەنگ چ خێر و بەرەکەتێك بۆ ئەمان دێنێت.

پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.