28/07/2022
مانگرتنی زیاتر لە 40 هەزار کرێکار و کارمەندی شەمەنەفەرەکان و میترۆکان لە دوێنێ دا ، 4شەمە ، 27/07 زۆر سەرکەوتوو بوو تا ئەو ڕادەیەی کە بەشێك لە سیاسییەکانی هەر 3 حیزبەکە موحافیزین ، کرێکاران، لیبراڵدیمۆکراتی بە جارێك توشی هێسرتریا کرد . ژنە کاندیدی بەهیوای سەرەك وەزیرانی بریتانیا وتی “بە تەواوی هەڵەیە کە خەڵکی گەشتیار لەلایەن سەندیکا میلیتانتەکانەوە دەستبەسەر دەکرێن من هێڵێکی توند دەگرمەبەر لەسەر کردەوەی سەندیکاکان کە یارمەتی خەڵک نادات لە ژیاندا بەردەوام بن” . دڵنیایی ئەوەشی کردەوە کە لەسەر بڕیارەکەی خۆی سوورە کە یاساخی مانگرتنی کرێکاران و کارمەندانی 3 بەشی سەرەکی کە شەرەیانی ئابووری ئەم وڵاتەیان لە دەستدایە ، نەك بەوەی کە قازانج بەرهەم دەهێنن ، بەڵکو ئەوانن کە کرێکاران دەگوێزنەوە سەر کار و دەیانهێننەوە ، ئەوانن کە ژیانیان دەپارێزن و تەندروستییان ڕادەگرن .
لە وەڵامی ئەو ژنەدا سەرۆکی نقابەکە ، مایك لینچ وتی ” پێشنیارەکانی لیز ترۆس دەگاتە گەورەترین هێرش بۆ سەر سەندیکاکان و مافە مەدەنییەکان لەوەتەی سەندیکاکانی کرێکاران لە ساڵی 1871 بە یاسایی کراون مانگرتن مافێکی سەرەکی دیموکراسییە. گەر ئەم پێشنیازانە ببنە یاسا، گەورەترین بەرگری و بەگژاچوونەوە ڕوودەدات کە لەلایەن تەواوی بزووتنەوەی سەندیکاکانەوە دروست دەبێت، بە ڕادەی مانگرتنی گشتی ساڵی 1926 و مافی ژنان بۆ دەنگدان و و بزوتنەوەی چارتەرییەکان “
سەرۆکی حیزبی لەیبەر [ کرێکاران] پێشتر ڕاگەیاندنێکی بۆ پەڕلەمانتارەکانی نارد کە نابێت بچنە پیکت لاینەوە [ ناو ڕێزی کرێکارانی مانگرتوو کە لەبەردەم کۆمپانیا یا ئۆفیسەکەیاندا مانیان گرتوە تاکو کرێکارانی ئیزراب شکێن شەرمەزار و ڕسوا بکەن] . بەلام هەندێك لە ئەندام پەڕڵەمانەکانی لە مانگرتنی مانگی پێشوودا قسەی ئەویان شکان . دوێنێش وەزیری سێبەری هاتووچۆ و ڕێگاوبان چووە ناو ڕیزی کرێکارانی مانگرتووە و هاوپشتی خۆی بۆ دەربڕین و دیمانەیەکی لەگەڵ ڕادوێ و تی ڤی دا کرد پشتگیری مانگرتوانی کرد و بە مافی رەوای خۆیانی زانی. بەڵام پاش چەند کاتژمێرێك لە لایەن سەرۆکی حیزبەکەیەوە دەرکرا بە پاساوی ئەوەی ئەوان حکومەتی ئایندەن و لە چاوەڕوانی دەسەڵاتگرتنە دەستدان بۆیە نابێت ئەوان بەشداری لە مانگرتندا بکەن.
دەرکردنی ئەم وەزیرە کە خۆی پێشتر لە نقابەی کرێکاران بەشی هاتووچۆ کاری کردووە ، زۆر ڕقی نوێنەران و سەرۆکی هەندێك نقابەی هەڵسان تا ئەو ڕادەیەی کە سەرۆکی نقابەی کرێکارانی مانگرتوو کە حیزبی نییە لە وەڵامی پرسیارێکی یەکێك لە میدیاکاندا کە ئایا بانگهێشتنی مانگرتنی گشتی دەکات وتی ” گەر ئەو ژنە ببێتە سەرەک وەزیران و ئەوە بکات ئەو لە گەڵ نقابەی مەرکەزیی TUC ەکەمپەینی مانگرتنی گشتی دەکات . ئەو جەختی ئەوەشی کردەوە “هەموو مانگرتنێک پرۆسەیەکی دیموکراسییە”، وتیشی : “ڕوونە ئەم حکومەتەی موحافیزین دۆستی کرێکاران نییە “. ئەو وتیشی لەو کاتەوەی کە مانگرتن دەستی پێکردووە 2500 کرێکار پەیوەندییان بە نقابەوە کردووە و بوونەتە ئەندام.
ئەوەشی کە زیاتر حکومەتی توڕە کردوە هەر دوێنێ نقابەی ئەسلیف ، نقابەی سایەقی میترۆکانی ناو شار کە 974 سایەقن بە ڕێژەی لە سەدا 93 دەنگیان بە مانگرتن داوە. کە لە مانگی ئایندەدا ڕوودەدات .



پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.