27/07/2022
پاش ئەوەی کە وتووێژی نێوانی یەكێك لە نقابەکانی کرێکاران و کارمەندانی شەمەنەفەر و میترۆکان هەفتەی پێشوو هەرەسی هێنا لە سەر پرسی ئیش و کرێ و هەلومەرجی کارکردن و خانەنشینی نقابە چارێکی نەما جگە لە جێ بەجێکردنی بڕیاری کرێکاران کە بە هاودەنگی تەواو ئامادەی مانگرتن بوون.
دوای 3 ڕۆژ مانگرتن لە مانگی پێشوودا ، مانگی حوزەیران، ئەمڕۆ ، ڕۆژی 4 شەمە ، 27ی مانگ پتر لە 40 هەزار کراێکار کە سەر بە 14 کۆمپانیای جیاوازن لە مانگرتندان هەر ئاواش گەر کۆمپانیاکان ئامادە نەبن داخوازییەکانیان بەجێبگەیەنن ئەوە لە مانگی داهاتووشدا ، مانگی ئاب ڕۆژانی 18 و 20 ی مانگ بۆ جارێکی دیکە ماندەگرنەوە.
کۆمپانیاکان لە وتوووێژیاندا لەگەڵ نقابە بریاری بەرزکردنەوەی کرێیان بە ڕێژەی لە سەدا 4 بۆ ئەمساڵ و لە سەدا 4 دیکە بۆ ساڵی 2023 بەو مەرجەی کە دەستکاری هەلومەرجی کارکردن بکرێت ، ئامادەییان دەربڕی . بەڵام نقابە بەمە ڕازی نەبوو و ڕەتیکردەوە.
لە ئێستادا یەكێك لە بەربژێرەکانی سەرەكوەزیرانی بریتانی کە جێگای بۆریس جۆنسۆن دەگرێتەوە ژنێكی زۆر ڕاستڕەو و شەڕخوازە و ئێستا وەزیری دەرەوەیە ، بەندێکی مانیفێستی هەڵبژاراندەکەی جەزرەبە گەیاندنە بە کرێکاران بە یاساخکردنی مانگرتنیان بە تایبەت بۆ کەرتەکانی هاتووچۆ و خەستەخانە و بەشی تەندرورستی و ئەوانەی کە لە بەشی وزەدا کاردەکەن.
ئەم خاڵەی نێو مانیفێستەکەی ئەم ژنە زۆرێك لە لایەنەکان و نقابەی نیگەران و توڕە کردووە تا ڕادەی ئەوەی کە دەڵێن ئەمە لە چەرخی نۆزدەوە گەورەترین نکوڵیکردن و زەوتکردنی مافی مەدەنی خەڵکییە و تەسککردنەوەی بواری دیمۆکراتییە .
هاوکاتیش مایك لینچ سکرتێری گشتی نقابەکانی ئەم کرێکارانە لە وەڵامی ئەو ژنە بەربژێرەدا وتی “ لیز تروس [ ناوی ژنەی بەربژێرە] پێشنیاری ئەوە دەکات کە سەندیکایی کاریگەر لە بەریتانیا نایاسایی بکات و مافێکی سەرەکی دیموکراسی لە خەڵکی کرێکار بدزێت . ئەگەر ئەم پێشنیازانە ببنە یاسا، گەورەترین بەرگریی و بەگژاچوونەوە ڕوودەدات کە لەلایەن تەواوی بزووتنەوەی سەندیکاکانەوە دروست دەبێت، کە وەکو مانگرتنی گشتی ساڵی 1926 و پرۆتێستی ژنان بۆ مافی دەنگدان و بزوتنەوەی چارتەرییەکان [ جارتیزم ] دەبێت.”
بێ گومان مانگرتنی ئەمان دەبێتە هۆی مەشلولکردنی کار لە زۆرێك لە شۆپ و کۆمپانیا و باڕو شوێنە کانی دیکەدا .


پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.