زاهیر باهیر
26/07/2022
دوای ئەوەی ڕوسیا بە بیانوی بەسەرکردنەوە و پشکنین و چاککردنی بۆرییەکانی غاز ، بۆ ماوەی 10 ڕۆژ تاکو 21ی مانگ هەناردەی غازی لە ڕێگای بۆرییەکانی نۆرد ستریم یەکەوە بوەستێنێت.
هەر ئەو کاتە دەوڵەتە ئەوروپییەکان کەوتنە دڵەڕاوکێ تا ئەو ڕادەیەی هەندێكیان وایان پێشبینی دەەکرد کە ڕوسیا هەرناردەی غاز بۆیان ڕادەگرێت.
بڕیاری نوێی ڕوسیا کەمکردنەوەی هەناردەی غازە لە ڕۆی 4 شەمەوە، 27ی مانگ، بە بیانوی بوونی گرفتی تەکنکی لە جیهاز و پەمپەکانی غازی کۆمپانیای غاز پرومەوە، کە کۆمپانیایەکی دەوڵەتییە. بەڵام زۆرێك لە سەرانی ولاتانی ئەوروپا باوەڕ بەمە ناکەن و وای دەبینین کە هەنگاوی ئایندە ڕاگرتنی هەناردەی غازە لە لایەن روسیاوە.
ئێستا کۆمیسۆنی یەکێتی ئەورپا بڕیارێکی دەرکردووە، داوا دەکات کە ولاتانی ئەوروپا لە سەدا 15 غاز کە سەرفی دەکەن خەزن بکەن .
ئەڵمانیا بە حوکمی ئەوەی کە وابەستەی گەورەی ڕوسیایە لە غازدا ئەم بڕیارەی کۆمیسۆنی ئەوروپا بە دژایەتیکردنی ئەڵمانیای دەزانێت . فەرەنسا و ئیتالیا و دانیمارک و پۆڵۆنیا و هۆڵەندە ویۆنان دژ بەم بڕیارە وەستاونەتەوە بە بڕیارێکی تاکڕەواونەی دەزانن و داوا دەکەن کە لە پەڕلەمانی یەکێتی ئەوروپادا لێدوانی لەسەر بکرێت . هەرچیش ئیسپانیا و پورتوغالە زۆر بە جددی دژی بڕیارەکەن و یەکێتی ئەوروپا بەوە تاوانبار دەکەن کە بارودۆخی ئیسپانیا و پورتوغال نازانن.
بی گومان دانی بڕیار هەر زۆر ئاسانە بەڵام جێ بەجێکردنی زۆر گرانە . دەوڵەتانی ئەوروپا دەکرێت ئەو بریارە پەسەند بکەن بەڵام بۆ جێ بەجێکردنی ڕێگایەك ئەوەیە کە بتوانن هاووڵاتیانیان بەوە قایل بکەن کە دەست بە غازەوە بگرن ، کە ئەمەش هەر زۆر گرانە کە لە کاتێکدا ئەوروپا پێ دەنێتە وەرزی سەختی زستانەوە.
ئئەگەر هاووڵاتیانیش ئەوەیان قەبوڵ کرد ئەی کارگە و کارخانە و ئۆفیس و شوێنانی دیکەی خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنان و قەسابخانەکان چۆن دەتوانن دەست بە سەرفکردنی غازەوە بگرن . ڕەنگە بتوانن بەڵام ئەمەش لەسەر حسابی گەشەی ئابووریی دەبێت ، کە ئەمەش ڕویدا دووبارە ڕێژەی بەتاڵە لە زیادبووندا دەبێت و داهاتی وڵات دادەبەزێت و گرفتی دیکە بە دوای خۆیدا دەهێنیت تا دەگاتە ڕادەی دروستبوونی ” ئاژاوە”.
ڕیگایەکی دیکەش هەیە ئەویش گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانی خەڵوز وەکو جێگرەوی غاز بەڵام ئەمەش قەبوڵنەکراوە لەبەر ژینگە و تێكچوونی ژینگە لەپاڵ وێرانکردنی ژیانیشا.
دەوڵەتانی ئەوروپا دارێکیان بە دەستەوەیە تەنانەت ناوەڕاستەکەشی گواوییە . شەڕێکی بێ پاسا و و وێرانکارییان دروستکرد کە گەر فریای خۆمان نەکەوین دەبینە سووتەمەنی سەرەکی جەنگەکە .

پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.