زاهیر باهیر
21/07/2022
ئەوانەی کە وا دەزانن کوشتارەکەی دوێنی گوندی پەرخێ لە قازانجی کوردە بە گشتی و پەکەکە بە تایبەتی هەڵەن. جێگای داخە کە دەستی ڕژێمی فاشی تورکیا گەیشتە گەشتیاری عەرەبیش. ئەم ڕووداوەی دوێنێ لەسەری کوردی باشوور بە گشتی و پەکەکە بەتایبەتی دەشکێتەوە.
بە داخەوە زیرەکی و وریایی ئەردۆگان و نا مرۆڤایەتی ئەوەی کە پێی دەڵێن کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی هەمیشە پاساویان بۆ هێڕشەکانی دەوڵەتی تورکیا هەیە ، ئەمەش دەکەنە بیانویەکی باش تاکو حکومەتی هەرێم و عێراق هەڵوێستی خراپتریان لەسەر پەکەکە هەبێت و نزیکیشیا دەکاتەوە لە دانانی پلانی هاوبەش لە گرتنەبەریی هەموو ڕێکارییەك لە تەنگەتاوکردنی زیاتری پەکەکە کە ڕەنگە بگاتە ڕادەی شەڕیش لەگەڵیاندا.
ئەوەی کە لە ئێستادا دەتوانرێت بکرێت نیشاندانی ڕووی ڕاستی فاشیانەی دەوڵەتی تورکییە بە جەماوەری عێراقی و ئەوروپییەکان و دەرەوەی ئەوانیش بە نواندنی چالاکی هاوبەشی عێراقییەکان لە هەر شوێنێک هەن هەروەها کردنی پلانی هاوبەش بۆ داهاتوو بەتایبەت بۆیکۆتی شمەك و کاڵای تورکی و کۆمپانیا تورکییەکانی دەرەوەی وڵاتی تورکیاش، بۆیکۆتکردنی گەشت و سەردانی تورکیا.
ئیتر دەبێت ئەوەمان بۆ سەلما بێت کە جەنگی ئابووریی تاکە جەنگێکە کە دتوانێت گەورەترین وڵاتی دونیا بە چۆکدا بهێنێت.