با خاوەنتەڵە بێت!!

زاهیر باهیر

19/07/2022

شەرەکەی نێوانی ڕوسیا و ئۆکرانیا زیاتر لەوەی کە پێشبینی دەکرا درێژەی کێشا ، بارودۆخی ژیانی خەڵكییش لە هەموو ئەوروپا بەتایبەتی و جیهان بە گشتی خراپتر دەبێت.

ئەنجامی شەڕەکە  لەسەر خەڵك و لەسەر حکومەتەکانیش لە مانگی ئۆکتۆبەر بەدواوە باشتر دەردەکەوێت و کارایی زیاتریش دادەنێت.  لە ئێستادا حکومەتەکانی  ئیسپانیا و ئیتالیا و فەرەنسا بە گوێرەی ویستیان کار ناکەن و هەندێکیان لە لێواری گۆڕاندان. وەکو هەندێك لە سیاسییەکان و ڕۆژنامەنوسەکا دەڵین ” ئەوروپا بە سزای گەمارۆدانی ڕوسیا تەقەی لە پێی خۆی کرد” ئێستاش دەتوانین بڵێین لە قۆناغی سستبوونی سییەکانیدایە .  ئەوە چەند ڕۆژێکە کە ڕوسیا بۆرییەکانی نۆرد ستریم یەك-ی، ی گرتۆتەوە و پشکنینیی عەیبەکانیان دەکات لەگەڵ گۆڕینیان گەر پێویستی کرد. ئەمەش هۆکارێك بوو بۆ دابەزینی بەهای یورۆ. بڕیار بوو کە پشکنینی بۆرییەکان تا 21ی ئەم مانگە بخایەنێت، بەڵام ئێستا هەندێك لە بەرپرسانی  ڕوسیا و کۆمپانیای گاز پروم دەڵێن ڕەنگە هەر نەکرێنەوە واتە چی تر غاز بۆ ئەوروپا نەیەت.  لە ئێستادا ڕوسیا غازی لە بولغاریا و پۆڵۆنیا و فنلەندە و هۆڵەندە گرتۆتەوە.

من لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا بە وتارێکی درێژ و توێژینەوەیەك پێشبینی ئەوەم کرد کە گەمارۆی ئابووریی و سزاکەی لەسەری ئەورپا و ئەمەریکادا دەشکێتەوە زیاتر لە خودی ڕوسیا.  ڕاستی ئەمەش زۆر ئاشکراتر لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە دەردەکەوێت چونکە لە ئێستادا هەموو وڵاتان بڕێك غازی یەدەکییان هەیە کە خەزنیان کردووە بەڵام ئەمە هەر بۆ ماوەیەك بڕدەکات و سەرما و سۆلە دەست پێدەکات و غازی زیاتر پێویست دەبێت .  هاوکاتیش بە گوێرەی ڕاپۆرتێک  قائیمەی غازی تێکڕایی بڕی خێزانێك لە ئەوروپادا لە ئێستادا1500 یورۆیە لە ساڵێکدا، ئەو کاتە دەچێتە 4 هەزار یورۆ.  بێ گومان خەڵك ئەمەی بۆ نادرێت و دەبێتە بارێکی گرانتر  لەپاڵ گرانبوونی هەموو شتێکی دیکەدا ئەو کاتە ناڕەزاییەکان چڕو پڕ تر و ڕێکخراوتر دەبن.

لە ئێستادا ئەمە بڕی ئەو غازەیە کە هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا لە ڕوسیای وەردەگرن:

ئەڵمانیا: لە سەدا  40غازی پێویستی لە ڕوسیا لە ڕێگای بۆریی نۆرد ستریم یەکەوە وەردەگرێت.

ئیتالیا: لە سەدا 18 غازی پێویستی لە ڕوسیا دەهێنێت.

سلۆڤاکیا: نزیکەی هەموو غازی لە ڕوسیا وەردەگرێت تا ئەو ڕادەیەی کە ژێلێنسکی-یش باوەڕێ وایە کە سلۆڤاکیا ناتوانێت دەستبەرداری غازی ڕوسیا ببێت.

نەمسا: لە سەدا 80 ی غازی پێویستی لە ڕوسیا هاوردە دەکات.

فەرەنسا: لە سەدا18  ی غازی پێویستی لە ڕوسیا وەردەگرێت.

بریتانیا: لە سەدا ٧ ی غازی پێویست لە ڕوسیا وەردەگرێت.

 

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: