زاهیر باهیر
06/07/2022
ئەوەندەی من بزانم لانی کەم بۆ چەند سەدەیەکە کە ئەمەریکا و بریتانیا لە مێژوی هاوکاری میللەتانی مەزڵوم و بزوتنەوەی جەپ بێ بەشن. لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێك نەك هەر لەناو کورددا بەڵکو لەناو گەلێك لە نەتەوەکانی دونیادا هێشتا ئەمەریکا و بریتانیا و غەرب بە هاوپشت و یارمەتیدەری میللەتانی نەگبەت و بزوتنەوە و ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکان دەزانن.
دیارە ئەم تێڕوانینەش یا لەنەزانیی مێژوی ئەم وڵاتانەوەیە یاخود خۆیان لەگەڵ ئەم ئاڕستەیەدان، یان زۆر دژ بە کۆمۆنیزم / سۆشیالیزمن.
لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دەرککردن بەوەی کە من دەیڵێم [ با نەڵێم حەقیقەت] نە پێویستت بە خۆێندنەوەی کتێب هەیە و نە پێویستت بە ڕێکلامەی باشی و بە ڕەحمی و مرۆڤدسۆستی ئەم وڵاتانە هەیە. هەر تەماشایەکی واقیع بکە بزانم تۆ لە هیچ شوێنێکدا ئەوە دەبینیت کە ئەمانە لایەکیان لە لایەك کردبێتەوە کە لەبەرخاتری بەرژەوەندی خۆیان نەبووبێت، لە زۆر حاڵەتیشدا ئەو گۆڕانکاری و ڕاپەڕین و پرۆتێستانەشی کە کراون ئەوەمان بۆ دەردەخەن هاوپشتی هەر لایەکیان بووبن ئەوە بێ گومان لەبەر ئەوە بووە کە دژ بە خەڵکانی هەژار و بی دەرەتاننی ئەو وڵاتە بووە و ئایدنەکەی بۆ خۆیان بووە.
من زۆر جار کە ڕوداوێك لە شوێنێك ڕوودەدات یەکسەر تەماشای هەڵوێستی ئەم وڵاتانە دەکەم گەر بە ئیجابی بوو بەرانبەریان ئەوە دڵنیام کە چی تر پێویست ناکات ئومێدێکت هەبێت ، گەر پێچەوانەش بوو ئەوە بزانە هیوایەك هەیە.
تۆ هەر تەماشای ئەو گوڵباران و پارەڕژان و چەکبارانە بکە کەبەسەر ئۆکرانیایدا دەیڕژێنن و دەیبارێنن، دەبێت هەر زۆر بە گومان بیت. ئاخر ناکرێت لە ئەمەریکا ئەو هەموو مەحرومبوونە لە هەموو شت هەیە دەوڵەت لەوێ دەربەستی نەبێت بەڵام هاوکات بە پەرۆش بێت بۆ خەڵکی لێقەوماوی ئۆکرانیا و دڵیان پێیان بسوتێ!!. یاخود بریتانیا ، کە کابرایەکی وەکو بۆریس جۆنسۆنی گەندەڵ و درۆزن کە دوو جار لەسەر کارەکانی پێشینەی لەسە درۆ دەرکراوە. کابرایەکی ڕایسست، بە بەفیڕۆدانی پارەی خەڵك و دەرهێنانی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لەسەر بناخەی درۆکردن کە لە سەدا 4ی برسێتی و هەژاری ئەم وڵاتە بە هۆی ئەوەوەیە.، کەچی تۆ بە ڕاستگۆ و دڵسۆزی ئۆکرانیا و ئۆکرانییەکانی بزانیت!! ، کە لە کاتێکدا لێرە ئەم کابرایە ڕاست نەك هەر لەگەڵ هاوولاتیانی بریتانیادا ناکات بەڵکو لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرەکانی خۆیشیدا ناکات!!، لە کاتێکدا لێرە ئەو هەمو کەلێن و کەلەبەرە کەوتۆتە هەموو بەش و خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵی بریتانی کەچی ئەم یارمەتی و هاوکاری ئۆکرانیایە. ئەمە خێرە؟!!
سەرکردەیەکی بوغرا و بێ ئاوەزی وەکو ژێنیسکی کە شایانی نەك هەر ستایش نییە بەڵکو دادگاییکردنە لە لایەن هاووڵاتییەکانییەوە بەوەی کە بە فیتی ئەمەریکا و غەرب ئاوای بەسەر هێنان. کەچی ئەم سەکردەیە کەسی هەرە نزیک و دڵسۆزی کابرای گەندەڵ و درۆزنی سەرەكوەزیارانی بریتانیایە.
ئایا دەکرێت کەسانێك کە وەفا و دڵسۆزی و کاریان بۆ هاووڵاتیانی وڵاتەکەی خۆیان نەبیت کەچی بۆ وڵاتێکی دیکەیان هەبێت ؟ عەجەبا خێرە کە بۆریس ،سەرەكوەزیران ، ئامادە نییە پارەی تەواو لە خەستەخانەکانا خەرج بکات ، کرێی کرێکاران وکارمەندانی ئەم وڵاتە بە بڕێکی شیاو پەسەند بکات، کەچی لەو لاشەوە چەند ملیارێك پاوەند بداتە ئۆکرانیا؟ ئایا ئەمانە جێگای گومان نیین؟