زاهیر باهیر
03/07/2022
ئەوەی کە باوەڕی بە سیاسەتی لیبراڵ و نیولیبراڵ هەیە کە نوێنەرەکانی ئەمەریکا و کەنەدا وئۆسترالیا و سەراپای وڵاتانی ئەوروپییە با هەر چەند خولکێك بیر لەوە بکاتەوە کە داگیرکردنی ئەفغانستان و عێرا ق و لیبیا ژیانی خەڵکەکەی بەرەو باشتر بردووە یاخود زۆر بە خراپی بەرەو دواوە.
21 ساڵە ئەفغناستان و 19 ساڵە عێراق و 11 ساڵیش لیبیا کە ” ڕزگارکراوەن ” لە دیکتاتۆرەکان نە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و نە ئاسایشی سیاسی و نە ژیان لە هیچ کام لەم وڵاتانەدا نییە و نەماوە. ئەوەشی کە لە سەردەمی نەجیبوڵا و صەدام و قەزافیدا بە خەڵکەکە ڕەوابینرابوو ئەوانەشیان لێسەنراوەتەوە و ئێستا بە خوێن ڕشتنی دەیەها هەزار کەس ناتوانن تەنانەت 10 سەعات کارەبا یاخود ئاوی پاك یا بەنزین و نەوت هەر هیچ نەبێت بە دەقاتی سەردەمی ئەو دیکتاۆرانەیان دەست بکەوێت ، ئەمە جگە لە پێداویستییەکانی ژیان هەر لە خانووبەرەوە تاکو کەرەستەکانی ژیان .
ئاخر لیبا و عێراق کە لەسەر دەریای نەوت بژین گەر لە سای سیاسەتی لیبراڵ و دیاری ئەمەریکییەکانەوە کە هێنایان بۆ ئەم وڵاتانە بۆچی و چۆن دەبێت ئاوا بە زەلیلی و داماوی بژین؟
زۆر زۆر جێگای داخە کە خەباتی خەڵکی لەم وڵاتانە کە خەباتێکی ئێکجار ڕەوایە تەنها و بە تەنها بۆ ئەوانەیە کە لە سەردەمی دیکتاتۆەکاندا هەیانبووە و بەڵام لە ئێستادا لە کیسیان چووە . لە هەموو ئەمانەش خراپتر ژنان لەم 3 وڵاتەدا گەورەترین قوربانی گۆڕینی ئەم ڕژێمانەیان داوە .
هەر لەبەر ئەمەشە کە بەردەوام خۆپیشاندان و ناڕەزییەکانی یەک بەدوای یەكدا دێن و دەڕۆن بەڵام مەخابن ، بێ دەسکەوت و بێ بەرهەم.
لەمانەش خراپتر ئەو جەنگە ئەهلییە شاراوەو ئاشکرایەیە کە لەم 3 وڵاتەدا لە سای ئابووریی لبراڵ و سەرانی ئەمەریکا و وڵاتانی غەربدا ڕوودەدات .
لە ڕۆژی هەینییەوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بە شێوەیەکی گەورە ڕوی کردۆتەوە دەسەڵاتداران لە لیبیا. لە زۆربە شارەکانی وەکو تەرابلوس ، بەنغازی و میسراتە و تۆبروك و شارەکانی دیکە خۆپیشاندانی گەورە هەیە .
خۆپیشاندەران ئەوەندە پڕن ، ئەوەندە دژن بە هەژاری و نەبوونی و بوونی نایەکسانی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی دوێنێ دایان بەسە پەڕلەمانی لیبیادا و داگیریان کرد و لایەکیشیان ئاگر تێبەردا. ئاخر ناهەقیان نییە لە سەردەمی قەزافیدا تەنها لە ئازادی سیاسی بێ بەش بوون کەچی ئێستا لەوەش لە تەواوی ژیان!!!

پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.