زاهیر باهیر
20/06/2022
کۆنگۆ یەکێك بووە لە کۆڵۆنییەکانی دەوڵەتی بەلجیکا و لە ساڵی 1960 خەڵکی کۆنگۆ بە خەبات و تێکۆشانیان توانییان خۆیان لە کۆڵۆنایزکردنی بەلجیکا ڕزگار بکەن و پاتریك لومومبا ،Patrice Lumumba ، لە ڕۆژی 01/12/1960 دا بوە سەرەك وەزیرانی ئەوێ .
لەبەر ئەوەی کۆنگۆ وڵاتێکی دەوڵەمەند بوو بە یورۆنوێم و تەختە و عاج ترسی ئەوەشیان لە پاتریك هەبووە کە کەسێکی چەپ بووە نزیكبێتەوە لە ڕوسیا و ڕوسیاش دەستی بکات بەم سامانە سروشتیانە. دوای ئەوەش پاتریك یەكێك بوو لە ئایکۆنەکانی خەباتی ئەفریقییەکان.
ئەم هۆکارانە مەترسی زۆری هەبوو بۆ ئەمەریکاو بەلجیکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بۆیە هەر لە سەرەتاوە لەژێر چاودێری خەستی تۆڕی سیخوڕیی سی ئای ئەی-دا بوو دواتریش توانرا بەشێك لە بزوتنەوەکەی ئەوێ و لایەنگرانی خودی پاتریك هەڵگێڕنەوە دژ بە پاتریك و ڕژێمە نوێیەکەی .
ئەم کارە زۆر بە جددی وەرگیرا و بەکرێگیراوەکانی بەلجیکاش هاوکاری گەورەی ئەو لایەنەیان کرد کە دژ بە پاتریك و ڕژێمەکەی وەستابوونەوە.
لە ساڵی 1961 دا کەمتر لە ساڵێك حوکمڕانی پاتریك، کودەتایەکیان کرد و ڕژێمە نوێەیەکەی کۆنگۆیان ڕوخان. لە کودەتاکەدا پاترییکیان گرت و بەندیان کردو ئەشکەنجەیەکی دڕندانەیان دا. دواتریش لە لایەن تیمێکی ڕاهاتوو لەسەر کوشتن تەقەیان لێکرد و کوشتیان. لەمەش خراپتر سەرکردەی پیلانەکە کە سەرکردەیەکی میلیتەری بەلجیکی بوو دوای دەرهێنانی دوو دانە ئاڵتونییەکەی، لاشەکەی پاتریکی خستە ناو ئەسیدەوە و دوو دانە ئاڵتونییەکەشی هەواڵەی حکومەتی ئەو کاتەی بەلجیکا کرد.
ئەمە هەر ئاوا بە نهێنی مایەوە تاکو ساڵی 2000 کە کۆمیساری پۆلیسی بەلجیکا جیرارد سۆیتێ دان بەوەدا دەنێت کە تەرمی لومومبای پارچە پارچە کردووە و پاشماوەکانی بە ئەسید تواونۆتەوە. ئەم کابرایە ئەم نهێنییەی لە بەرنامەیەکی دۆکۆمێنتەری تی ڤی بەلجیکادا کەشف کرد. هەر لەوێدا دوو دانی ئاڵتونی نیشاندا کە گوایە هی پاتریکە بەڵام گلەیی و بناشتێکی زۆری هاتە سەر.
پاش ئەم هەموو ساڵانە ئێستا بۆ لابەلاکردنەوەی ئەو کێشەیە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوانی هەردوو دەوڵەت هەردوو دانەکەیان لە کەیسێکی نایابدا لە لایەن سەرەك وەزیرانی ئێستای بەلجیکاوە رادەستی کوڕکەی پاتریک، ڕۆلاند و خێزانەکەی پاتریک کردەوە .
پاتریك ئەو کاتەتە تەمەنی تەنها 35 ساڵ بوو، تاکە گوناهی ئەو بەرگرییکردن خەباتکردن بوە بۆ وڵاتەکەی بە ڕزگارکردنی لە چنگی دەوڵەتی داگیرکەری بەلجیکی.
کۆنگۆ لە سای کۆڵۆنایزکردنی بەلجیکادا لە ساڵی 1885 دا و لە ماوەی 23 ساڵی حوکمکردندا 10 ملیۆن لە دانیشتوانی کۆنگۆ لە پێناوی دەستکەوتنی عاج و لاستیك و دار و تەختە ویورۆنوێمدا بە هۆی برسییکردنیان و ئافات و پەتاوە ناچار بە مردن کردووە.

پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.