زاهیر باهیر
11/06/2022
بەردەوامبوونی شەڕەکە یانی داگیرکردنی زیاتری خاكی ئۆکرانیا لە لایەن ڕوسیاوە و قوڵتربوونی چاڵەکەی ئێمەش. نەوتی ڕوسیا لە لایەن هیندستان و چین و وڵاتانی دیکەوە بە نرخێکی بەرزتر و زیاتریش دەفروشرێت. ڕوسیا هیچ گرفتێکی فرۆشتنی نییە و بازاڕێکی ئیکجار بەرزی بۆ نرخی نەوت ڕەخساندووە، کە باجەکەی خەڵکانی ئاسایی ولاتان دەیدەن نەک پوتین ودەوڵەتی ڕوسیا.
بە تێپەڕینی ڕۆژ نەك هەفتە و مانگ، کارایی جەنگەکە و قورسیاییەکەی زیاتر دەردەکەوێت ، تێچوونی ژیان لە کڕینی پیداویستییەکانی ڕۆژانەدا بە ئاشکرا باری شانی دانیشتوانی بریتانیا قورستر دەکات و ئازاری برسێتی و نەبوونی و پێڕانەگەیاندنی ژیان هەر هەموان دەیچێژن.
وزە بە هەموو شێوەکانی : غاز و بەنزین و گازۆریل و کارەبا لە گرانبونێکدان کە وەکو ئابورینسان دەڵێن لە 50 ساڵی پێشودا بە خۆوە نەبینراوە. ئەمەش بە هۆی گرانبوونی نەوتەوە کە کارایی خۆی لەسەر وزە بە گشتی داناوە، هۆکارەکەشی بەشی زۆری ئەو سزا ئابوورییەیە کە لەسەر ڕوسیای پوتین دانراوە بێ ئەوەی حسابی ئەوە بکرێت کە زیاتر لەسەری دانیشتوانی وڵاتانی سزادەردا دەشکێتەوە.
نازانین کە نەوت چ بایاخێکی هەیە لە ژیانی ڕۆژانە و بژێوی و هەتا ئاشتی کۆمەلایەتیشماندا هەیە تاکو بە بارو دۆخێکی ئاوانە نەڕۆین . بەنزین و گازۆیل کە یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی نەوت تا ڕادەیەکی زۆر ژیانی پێوە بەستراوەتەوە هەر لە خواردن و خواردنەوەوە، سەفەر و هۆڵیدەی، سوتەمەنی، گواستنەوەی مرۆ و ئاژەڵ و هەموو پیداویستییەکانی ژیان ، بەرهەمهێنان، چارەسەری نەخۆشیی …تا دەگاتە هەر شتێکی دیکە کە بە خەیاڵماندا دێت . بە کورتی بێ بەنزین و گازۆیڵ دەبێت دەروازەی سوپەرمارکێت و شۆپە بچوکەکان و دەرگای کارگە و کۆمپنایان و کێڵگەکان و خەستەخانەکان داخەین. نەوت بۆ ژیان لە سای ئەم سیستەمە و لە کۆمەڵی ئێستادا بڕبڕەپشتی ژیانە و ژیان بێ ئەو دەوەستێت.
لە ئێستادا لە بریتانیا قاپە نەوتێك بەنزین کە لیترێکە لە هەرزانترین بەنزینخانەدا یەك پاوەند و 85 پێنسە ، لە سەر های وەیەکان [ مۆتۆڕوەی] لە هەندێك شوێند چووەتە 2 پاوەند و 4 پێنس، لە ڕۆژی سێ شەمەدا چووە 2 پاوەند و 23 پێنس. گازۆیل قاپە نەوتێكی لە بەنزینخانە هەرزانەکاندا چووەتە 1 پاوەند و 86.6 سێنت. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی ئوتومبێلان و پرسیار لە بەنزینخانەکان ڕۆژانە تا 3000 کەس سەیارەکانیان پڕ لە بەنزین دەکەن و ڕادەکەن و پارە نادەن بە هۆی گرانییەوە دەرەقەتی نرخەکەی نایەن. کبە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نقابەی نێرسەکان و مامانەکان هەندێك لە نێرسەکان و ئەوانەی کە ئاگایان لە پیر و پەککەوتانە بە هۆی گرانی بەنزینەوە ناتوانن بچنە سەر کارەکانیان . ئەم دیارەدەیە کە ئەو جەمعییە و بەنزینخانەکان بە دزی ناوی دەبەن لە مانگی جێنیوەری ئەمساڵەوە بە ڕێژەی لە سەدا 36 بەرز بووەتەوە و هەر لە مانگی ئایارەوە بە ڕێژەی لە سەدا 22 لە پارە نەدان سەرکەوتووە.
.کولفەی ژیان بە جۆرێك بەرزبۆتەوە نەك هەر مەترسی سەرکەوتنی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە دەکرێت بەڵکو مەترسی گەورەشی لەسەر نەشونما نەکردنی بەروبووم و داهات [ ئابوریی] لە بریتانیا داناوە . بە گوێرەی ئامارێکی فەرمی ئەم گرفتە بریتانیای لە نێو وڵاتانی گروپی 7 دا زیاتر گرتۆتەوە. هەڵئاوسانی پارە لە ئێستادا بە ڕێژەی لە سەدا 9 یە و لە کۆتایی ساڵدا دەچێتەوە سەروی لەسەدا 10 وە . گەشەی ئابووری ئەمساڵ وا خەمڵێنراوە کە بگاتە لە سەدا 3.6 و لە ساڵی 2023 گەشەی ئابووری دادەکشێت بۆ سفر .گەشەی ئابووری کارایی خۆی لەسەر وڵاتانی دیکەی گروپی 7 وەکو کەنەدە و یابان و ئەڵمانیا و ئیتالیا و فەرەنسا و ئەمەریکاش داناوە و ساڵی ئایدنەش خراپتر دەبێت.

پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.