جیهان نۆرمەن
01/04/2022
ئەوەی زۆر روونە ئەوەیە کە دەوڵەت، کە سەرمایە رۆژ بە رۆژ بەبێ پاساو، بە بێ پێچ و پەنا نیشانی ئەدات کە دوژمنی هەموو سیفات و کردارێکە کە شیاو بێت بۆ بوونی مرۆڤ و بە پێداویستی سەرەکی مرۆڤەکان، بە ژیان و ژینگەو کۆمەلگەیان.
سیستەمی سەرمایەداری زۆر دەمێکە بە ئاشکرا حاشا دەکات لە کۆمەلی مرۆڤایەتی و بانگەشەی نامۆیی خۆی کردووە لە دونیای زیندووەکان.
هەموو هەنگاوێكی زاڵکردنی دەستەلاتی هێزی پارە، هێزی دونیای بێگیانو بێدل، ئاهەنگێکی سەرکەوتنە بۆ سەرمایە بە رامبەر دونیاو پێداویستی مرۆڤ. راستی ئەم دیاردەیە تەنها لە کرداری راستەوخۆی چەوساندنەوەی مرۆڤەکان و ژینگەدا دیار نییە، بەڵکو لەوەشدا کە مرۆڤەکانی کردۆتە لاشەیەکی پوچی خاڵی لە هەست و وزەیەك کە گونجاو بێت لە گەل هەست و ووزەی هەر بوونەوەرێکی زیندووی سەربەخۆ. مرۆڤەکان تەنها نامۆ نەکراون لە دونیاکەیان، بەلکو نامۆکراون لە چالاکیەکان و هەستی سروشتیشیان.
کێشەکە لەوەدا نەماوە کە مرۆڤەکان پێویستیان بە هۆشیارییەکی تایبەت بێت تا لە بارووزرووفی نامۆبوونیان بگەن، تا لەوە بگەن کە دوژمنەکەیان دەوڵەتە، سەرمایەیە، چونکە دەوڵەت، سەرمایە خۆی بە ئاشکرا بە کردار، بە دەنگ، هاواری ئەو جیابوونەوە و دژایەتیەی خۆی بانگداوە.
جەنگی بەردەوامی سەرمایە دژی مرۆڤ، تەنها لە جەنگدا، لە وێرانکاری و دەربەدەریو کوشتنەکاندا نییە، بەلکو لە پێشکەوتنی بە ناو زانست و تەکنۆلۆژیاو خزمەتگوزاری کۆمەلیشدایە.
دامەزراوەکانی پەروەردەو خوێندن بوونەتە کارگەی بەرهەمهێنانی هاوولاتی گوێرایەڵ و بێ هۆش و ژیری، دامەزراوەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی بوونەتە کارگەی کوشتنی توانا سروشتیەکانی مرۆڤ بۆ بەرگریکردن، هەروەها دابەشکردنی دەرمانی نەخۆشکردنی گشتی لە لایەن کارخانەکانی بەرهەمهێنانی دەرمانەوە، دامەزراوە بە ناو خزمەتگوزاری کۆمەلایەتییەکان، بوونەتە ئامرازی توانا بڕین و خەفەکردنی ئۆتۆنۆمی چالاکی تاك لە بەرهەمهێنانی پێداویستی ژیان و بەشداری کۆمەلایەتیدا، ئەو دامو دەستگایەنە بە گشتی هێزی راگرتنی «هاوولاتیانە» لە سنوری مەمرەو مەژیدا!
هەرچیش یاخیدەبێت بە زەبری تێرۆر و داپلۆسین، یاخود بە زەبری زیندانی و سزا یاساییەکان مافی پاراستنی سەلامەتی دەوڵەتیان پێدەبەخشرێ!
هیچ رێگایەکی تر لە بەردەم مرۆڤدا نەماوە بۆ چارەکردنی باروزرووفی کۆیلەبوونی لە سایەی سەرمایەدا، جگە لە دەستخۆ خستنەوەی تواناکانیان بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستی و پەیوەندییە کۆمەلایەتیەکانی بوونیان وەك بوونێکی ئازاد. ئەنجامدانی ئەم کارە بە بەرەنگاری دوژمنێکی بێگیان و بێ دڵ و هەست وەدەست ناهێنرێت، بەلکو بە خۆدابرینی کۆمەک و هۆشیار لە دەولەت وسیستەمی سەرمایە دێتە دی، بە پێکهێنانی ئۆتۆنۆمی پەیوەندی مرۆڤایەتی و کۆمەکبوونی مرۆڤەکان دێتە دی.
دەستەلاتی سەرمایە تەنها لە دەست دامودەزگای دەولەتدا نییە، بەڵکو لە نێو ژیانی مرۆڤەکاندایە، لە هەموو جێگایەکە. بەرهەلستکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت مۆرکی سیاسی و ویستی بەکارهێنانی دەستەلاتی ئیداری لە خۆدەگرێ،بەلام دەربازبوونی مرۆڤ لە کۆیلەیی بە شێوازی ڕادیکالی لە ئاستی پەیوەندییە کۆمەلایەتیەکان و بەرهەمهێنانی پێداویستی ژیاندایە(بە پێچەوانەی بەرهەمهێنانی کاڵا، بە پێچەوانەی کارکردن کە کردارێکی دابچپڕاوە لە کۆی چالاکی ئۆرگانیکی ژیان)، لە ئاستی پەیوەندی پێکەوەبوونی مرۆڤدایە لە تەك ژینگەیدا.
بزووتنەوەی رزگاری سەرتاسەری و تەواوی مرۆڤایەتی لە رێگای ڕاپەرین و گۆڕانکاری پەیوەندییە کۆمەلایەتیەکانەوە ئەنجام دێت، نەك لە رێگای گۆرانکاری لە شێوازی ئیدارەی دەوڵەت و ئابووری بەرهەمهێنانی سەرمایەوە.