زاهیر باهیر
13/03/2022
پێشەکی تکایە کۆمێنتی نەژادپەرستی و ڕەگەز پەرستی مەنوسە. سنورەکان دەستکردن و نیشتمان هی هەموانە، لە بری ئەو کۆمێنتانە با تێکۆشین بۆ هەڵوەشاندنەوەی سنورەکان، بۆ هەڵوەشاندنەوەی جیاوازی چینایەتی و پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی.
دوێنێ، 12/03/22 حکومەتی بریتانی لەژێر فشاری فەرەنسسا و هەندێك لە کەسانی حیزبەکانی موعارەزە، ئاسانکاری زیاتری بۆ پەنابەران و کۆچبەرانی ئۆکرانیا کرد. لەوانە:
- هەڵگرتنی/ هەڵوەشاندنەوەی ڤیزە، واتە هیچ ئۆکرانییەك پێویستی بە ڤیزە نییە بگاتە بریتانیا .
- بە گەیشتنیان بۆ بریتانیا مافی وەرگرتنی بیمەکان و کارکردن و خانووبەرەیان هەیە.
- هەر بریتانییەك ئۆکرانی بگرێتە خۆی و ژورێکی بداتێ مانگی 350 پاوەندی لە لایەن حکومەتەوە دەدرێتی ، بەڵام بەو مەرجەی زەمانەتی 6 مانگ بدات کە ئۆکرانییەکە جێگا بکاتەوە. مەرجی دووهەمیش حکومەت هەر 350 پاوەند دەدات ئیتر ژورەکە بۆ یەك کەس بێت یا کەپڵێك یا خێزانێك.
کە ئاوا ڕووکەشانە تەماشای ئەم بڕیارە دەکەیت لە ڕاستیدا بە چاکی دەزانیت ،بەڵام کە وردی دەکەیتەوە بڕیارێکی نادروستە.
بڕیارەکە کتو پڕییە و بیر لە لایەنەکانی دیکەی نەکراوەتەوە، لەوانە ئەم کەسسانە ، خێزانانە … کەسان و خێزانی نۆرماڵ نین ماڵیان ڕوخاوە ، دەرونیان شێواوە ، مێرد و کەسی نزیكیان لەدەست داوە ، ئازیزانیان لە زۆنی جەنگدا بەجێێڵاوە .. بۆیە ئەمانە دەەبێت ددکتۆری نەفسییان ، سۆشیال وەرکەریان، پەیوەندی کۆمەڵایەتییان، وەرگێڕیان، مامۆستای زمانیان، قوتابخانە بۆ منداڵانیان، مەوعیدی خەستەخانە بۆ خۆیان… بۆ دابین بکرێت .
لەمانەش گرنگتر حکومەت بۆ ئەم بارەگرانە دەخاتە سەر خەڵکی بریتانیی؟ بەڵێ ئەوە ڕاستییە کە هەندێك کەس سوودمەند دەبن ، پیر و پەککەوتە کە کەسیان نییە باشە هاودەمییەکی دەوێت ئەمە دەرویەکە بۆ ئەو ، کەسێك ناتوانێت ئافرەتێك یا پیاوێك بدۆزێتەوە ڕەنگە هەنگاوێك بێت بۆی .
بە گوێرەی دوا ڕاپۆرتی دەوڵەت هەر لە ئینگلەنددا هەزار216 خانوو/ فلات هەن کە ماوەی 6 مانگە چۆڵن بە گشتیش 600 هەزار خانووی چۆڵ هەر بە تەنها لە ئینگلەنددا هەیە ئەمە جگە لە سکۆتلەندە و وێڵس .
لەمەش زیاتر ساماندارەکان چەندەها خانوو و فلاتی دووهەم و سێهەمیان هەیە کە مەگەر بە سەفەر بگەڕێنەوە ئێرە و بەکاری بهێنن، یاخود فلات و خانوی زیادیان هەیە دانراون و قفڵیان لێدراوە بۆ کاتی پێویست کە ڕەنگە لە هەلی ئایندەدا بیفرۆشن بە پارەیەکی باشتر.
پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی دەوڵەت ئەم خانوانە بەکارناهێنێت؟ وەڵامەکەی بە دوو سێ وشە: دەوڵەت نوێنەری ساماندارانە، نەك هەژاران.