جیهان نۆرمان
06/03/2022
ونی جەنگ پەیوەند نییە بە ژیریو گێلی، بە توندرەوی ئەم یاخود ئەو سەرمایەدارو دەستەلاتدارەوە. بوونی خودی دەولەتو سەرمایە، یاخود دەستەلاتداری خۆی لە خۆیدا بریتییە لە بوونی جەنگ. دەبێت کەسێك زۆر بێبەشبێت لە ژیری، یاخود مەرامێکی تایبەتی لێلکردنی راستییەکانی لە پشتەوە بێت، گەر جەنگی ئێستای روسیاو ئۆکرانی بگێرێتەوە بۆ نیازو مەرامێکی سایکۆلۆژییانەی پوتین؟
لەم راستی شێواندنەدا، چەپەکان بە هەموو تەوژمەکانیانەوە زیاد لە راسترەوەکان کالای گێلکردنیان لە بازاری مێدیاکاندا نمایشدەکرێ. هیچ لایەنێك، هیچ تەوژمێکی چەپ هۆکاری جەنگ ناگێرێتەوە بۆ سەرچاوەکەی، کە خودی کردارو پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەیە. بە پێچەوانەوە هەمیشە هەلوێستو هەلسەنگاندنی چەپەکانی دونیا بۆ جەنگ لە بازنەی تەسکی سیاسیدا تێپەریان نەکردووە. ئەویش بە گشتی، بریتییە لە مافی دیمۆکراتیانەی هەر وولاتێك بۆ سەروەری خۆی، لە بەرگریکردن لە ئازادی نیشتمانی، یاخود بەرگریکردن لە بەرەی دیمۆکراسی سەرمایە دژی بەرەی دکتاتۆری سەرمایە! وەك ئەوەی سەرمایەی دیمۆکراسی دکتاتۆری نەبێت دژی ژیان، دژی مرۆڤو ژینگە!
بۆ نمونە لە جەنگی کەنداودا چەپەکان بە دوو بەرەی جیاواز خزمەتی سەرمایەیان دەکرد. لە لایەك بەرەی سەر بە دیمۆکراسی کە پالپشتی ئەمەریکاو ئەوروپا بوون، لە لایەکی تر بەرەی دژە ئیمپریالیزمی پالپشتی عێراق.
ئەم جەنگەی ئێستا، وەك هەموو جەنگەکانی تر، بە دەر لە هەموو جیاوازی بارووزرووفو تایبەتمەندییە مێژووییەکان، درێژەی جەنگی بەردەوامی سەرمایەیە بۆ سەر مرۆڤی چەوساوەو ژیان بە گشتی لە پێناوی زیاتر دەستەلاتو قازانجدا. ریشەی ئەو جەنگە، وەك ریشەی هەموو جەنگەکان، لە زەمینەی سیستەمی بەرهەمهێنانی زێدە بەهادایە، واتە لە چەوساندنەوەی گیانو دەروونی مرۆڤو ژینگەیدایە. خەباتی راستو کاریگەر دژی ئەم جەنگەو هەموو جەنگێك، تەنها خەباتی چەوساوەکانە دژی ئەوانەی کە راستەوخۆ لە نێو ژیانیاندا دەیان چەوسێننەوە، واتە لە نێو کارەکانیاندا، لە نێو شارو وولاتەکانیاندا، نەك لە هیچ جێگەیەکی تر!
بەرەی بەرگری نیشتمانیو نەتەوە پەرستی دوژمنی هەموو خەباتێکی شۆرشگێری راستە بۆ لە ریشەکێشانی جەنگ. تەنها خەباتی راستەوخۆ دژی چەوسێنەران لە هەموو جێگایەك، واتە دژی سەرمایەداران، واتە دژی سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایە، رێبازی راستی ئەنتەرناسیۆنالیستییە بۆ لە ناوبردنی جەنگو چەوساندنەوە.»