13/02/2022
دوێنێ ڕۆژی شەمە ، 12/02/22 ، لە زیاتر لە 25 شاری بریتانیا بە هەزاران کەس چوونە سەر شەقامەکان دژ بە بەرزبوونەوەی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی ژیان . بە هاتنی ئافاتی کۆرۆنا و هاتنەدەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا بارودۆخی ئابووری و دارایی بریتانیا لە خراپبووندا بەردەوامە و نرخی پیداویستیەکانی ژیان تێکڕا بە بڕی لە سەدا 18 چووەتە سەرەوە . هەندێك کەرەسە هەیە بە ڕێژەی لە سەدا سەد نرخەکەی چووەتە سەرەوە ، نرخی بەنزین و گازۆیل فڕیوە ، لە مانگی نیسانەوە کولفەی کارەبا و غاز لەسەر هەموو ماڵێك بۆ ساڵێك تا 700 پاوەند بەرزدەبێتەوە. بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پارە لە مانگی 12ی پارەکەدا بە بڕی لە سەدا 5.4 چووەتە سەرەوە .
ئەمە لە کاتێکدا کە دەوڵەمەند و سامانداران و کۆمپانیا زەبەلاحەکان قازانج و سەرمایەکانیان لە بەرزبوونەوەدایە . تەنها لە 3 مانگی کۆتایی پار ساڵدا کۆمپانیای شێڵ زیاتر لە 14 ملیار دۆلار قازانجەکەی بوە ، کۆمپانیای پیترۆلی بریتانی قازانجەکەی زیاتر لە 9 ملیار دۆلار بووە لە ساڵی پاردا . هەر بەبوونی ورە وری هەڵگیرسانی جەنگ لە ئۆکرانیا لە 4 ڕۆژدا نرخی قاپەنەوتێك بەنزین [ لیترێك] بە بڕی 5 پێنس سەرکەوت .
ئێستا بەهۆی زیادبوونی هەڵئاوسانی پارەوە سەرۆکی بانقی مەرکەزی بریتانی کە خۆی ساڵانە 569 هەزار پاوەند موچەکەیەتی بێ بوونی پشك لە شوێنی تر و موخەسەسات ، کەچی زۆر بێ ئابروانە باشترین ڕێگا بۆ دابەزاندی هەڵئاوسانی پارە داوا لە کرێکاران دەکات کە نابێت داوای کرێ یاخود موچەزیادی بکەن ئەمساڵ.



