04/02/2022
لە کاتێکدا کە بەشی هەرە زۆری خەڵکی هەژار و هەژارتر دەکەون بەڵام قازانجی کۆمپانیاکان لە هەڵکشادایە.
کۆمپانیای ئەمازۆن کە زۆر شت نوسراوە و زۆریشمان دەزانین کە چۆن مامەڵەی کریکاران و کارمەندەکانی دەکات کەچی لە 3 مانگی کۆتایی ساڵی پێشووترەوە بڕی فرۆشتنی کاڵاکانی ئەم کۆمپانیایە بە لە سەدا 24 سەرکەوت و گەیشتە 137 ملیار دۆلار کە لەم بڕی فرۆشتنە 14.32 ملیاری قازانج بووە. ئەم کۆمپانیایە بڕی فرۆشتنی کاڵاکانی لە ساڵی پێشتردا واتە 2020 بۆ هەمان 3 مانگی کۆتایی ساڵ بە ڕێژەی لە سەدا 9 بووە، واتە دوو قات و نیو زیاتر فرۆشتنی کاڵاکانی سەرکەوتون .
هاوکاتیش هەر لەم رۆژانەدا کۆمپانیای شێڵ لە ڕاپۆرتێکدا بەیانی کرد کە قازانجی 3 مانگی کۆتایی ساڵی پاری 14 ملیار دۆلار بووە. ئەمە لە کانتیێکدا کە لە بریتانیا هەموو شتێك نرخەکەی زۆر چووەتە سەرەوە هەر لە هاتوچۆوە تاکو کڕینی سادەترین پێداویستی ژیان کە نان و ئاوە. بەنزین و گاز لە یارییەکەی نێوانی کۆمپانیاکانی نەوتەوە کە ساڵی پارە کردیان بۆ سەرخستنی نرخی بەنزین و گاز هەر لە سەردایە .
ئەمە جگە لەوەی کە نرخی غاز و کارەبا ئەوەندە چوەتە سەرەوە کە تەنانەت پەڕلەمانتارەکانی حیزبی حاکم ناڕەزایەتیییەکی گەورەیان دەربڕی . لە مانگی نیسانەوە هەموو ماڵێكی ئاسایی بریتانیا بە بڕی 700 پاوەند لە ساڵەکەدا زیاتر دەدەن بە کارەبا و غاز لە چاو ساڵی ڕابوردوودا بەو ڕادەیە گرفتی بۆ خەڵك خولقاندووە کە لەژێر فشاردا وەزیری دارایی ناچار کرا کە بە بڕێکی کەم هەم بە قەرز و هەم بە بەلاش بۆ 5 ملیۆن ماڵ قەرەبوو بکاتەوە. بڕیاری دا کە هەر ماڵێك بیەوێت دەتوانێت قەرزی 200 پاوەند وەرگرێت کە دەکرێت لە 5 ساڵدا کە ساڵی 40 پاوەند دەکات ئەم قەرزە بداتەوە بە دەوڵەت . هاوکاتیش باجی ساڵانەی خانوو بۆ ئەو خانوانەی کە لە ڕێزی ئەیە وە بۆ دی-ن [ بە گوێرەی پلەبەندی خانوەکان بڕی باجی خانوەکە دیاری کراوە کە دەبێت دانیشتوی خانووەکە هی خۆی بێت یا کرێ چی بانق و کەسانی تایبەتی هەموو مانگێك بڕێک لە باجەکە بداتەوە بە شارەوانی] 150پاوەند وەردەگرێت کە ئەمەیان دانەوەی نییە ، لەگەڵ ئەوەسدا هێشتا ماڵەکان بە بڕی 550 پاوەند نرخی غاز و کارەبایان لەسەر زیادکراوە.


