06/01/2022
پرۆتێستەکانی کازاخستان پیی نایە ڕۆژی حەوتەمییەوە لەگەڵ کوژرانی زیاتر لە 15 خۆپیشاندەر و برینداربوونی سەدەهای تر و نزیکەی 2000 کەسیش دەستبەسەرکراون. هاوکاتیش لە هیزی پۆلیس و ئاسایش و سەرباز 543 کەس تا ئەمڕۆ نیوەڕۆ برینداربوون و هەرەسیشی بە حکومەت هێنا.
دوێنێ ، چوارشەمە ، بە گوێرەی ئەو پەیمانەی کە ناوی Collective Security Treaty Organization [ ڕێکخراوی بازرگانی و پاراستنی جەماعی] کە لە نێوانی 6 وڵاتی وەکو : ڕوسیا و ئەرمینیا و بیلاڕوس و کازخستان و گرگستان و تاجیکستاندا هەیە ، هەر کامێکیان تووشی تالووکەی ئابوری یا ئاسایشی و سیاسی بوونەوە ئەوە دەکرێت لە لایەن ئەوانی دیکەیانەوە هاوکاری بکرێن. سەرۆکی کازاخستان داوای یارمەتی لە هاوپەیمانانی کردوەو هەر دوێنێ ، 4شەنە سوپای ڕوسی گەیشتنە فریای.
هۆکاری هاتنە سەر شەقامی خەڵکی کە لە ڕۆژئاوای وڵاتەوە دەستی پێکرد هەر زوو بڵاوبووەووە بە زۆربەی شارەکانی کازاخستانا ، بەرزبوونەوەی نرخی وزە بوو کە لە کاتێکدا کە حکومەتی ئەوێ و خەڵکەکەی لەسەر دونیایەك کانزای سروشتی دانیشتون جگە لە نەوت و غاز تەنانەت لە سەدا 40 یۆرانۆمی جیهان لەو وڵاتەیە.
لە ڕاستیدا بەرزبوونەوەی نرخی وزە خاڵی تەقینەوەیە دەنا بێ کاری و هەژاریی و نرخبەرزی پێداویستییەکانی ژیان و گەندەڵی هۆکاری سەرەکی دیکەن لە ڕوودانی ئەم خۆپیشاندانە گەورەیەدا. گەندەڵی پرسێکی سەرەکییە و زۆرێك لە زەوی و ئاسمان سەرچاوەی دەریایی موڵکی کۆنە سەرەكکۆمارەکە و خێزانەکەیەتی: نورسوڵتان.
بە گوێرەی راپۆرتەکان حکومەت هیچ جۆرە هێڵێکی بەیەکەوەبەستینی وەکو تەلەفون و ئینتەرنێت و سۆشیال میدیای نەهێڵاوەتەوە و هەمووی بڕیون ، هاوکاتیش ڕاپۆرتەکان ئەوەش دەلێن کە حکومەت و هێزەکانی کۆنترۆڵ و دەسەڵاتیان لەدەستداوە، بەڵام ئاشکرا نییە کە خەڵك ئەم جەنگەی دەباتەوە یا نا ، گەرچی ئەوەی کە گرنگە بەرهەڵستیکردنی زوڵم و زۆر و ستەمکاران و دەسەڵاتە ، مانەوەی ڕۆحی زیندوانەی خەڵکییە ، هاوبەشبوونی خەم و نگەرانییەکانیان و ئەنجامدانی کاری جەماعییە .





