25/12/2021
بەگوێرەی ئەو زانیارییەی کە دزەی کردووە بۆ ناو میدیای بریتانیا حکومەتی بریتانیا لەمەولا تاگی ئەلەکترۆنی بۆ شوێنپێهەڵگرتنی پەنابەران بەکاردەهێنێت. تاگی ئەلەکترۆنی جیهازێکە بە قایشەوە دەبەسترێت بە قاچی کەسێکەوە کە تاوانی ئەنجامدابێت و ماوەی بەندیبوونی تەواوکردبێت بەڵام هێشتا هەر مەرترسی بۆ سەر کۆمەڵ دروستدەکات.
بە گوێرەی ئەو زانیارییە دزەپێکراوە بە گەیشتنی هەر پەنابەرێك بۆ ئەمبەری ئاوەکە ئیتر یەکسەر تاگی ئەلکترۆنییان بۆ بەکاردەهێنرێت. بێ گومان ئەمە ڕەفتارێکی زۆر نامرۆڤانەیە کە بەرانبەر پەنابەران دەکرێت کە هیچ تاوانێکیان نییە و تەنها لە دەستی زوڵم و زۆر و نەبونی و بێ کاری و ژیانی پڕ لە ڕەزالەتی، وڵات و کەسوکاریان بەجیدەهێڵن و ڕوودەکەنە ئەم وڵاتانە.
ئەم تاگی ئەلەکترۆنییە وادەکات کە دەسەڵات بە ئاگا بێت لە شوێنی پەنابەر و ئایا کار بەڕەش دەکات و هەروەها کاتێکیش کە داوای پەنابەرێتییەکەی ڕەتدەکرێتەوە ، ئیتر ناردنەوەی زۆر ئاسانە چونکە پۆلیس دەزانێت کە ئەم پەنابەرە لە کوێ خۆی شاردۆتەوە، سەرەڕای ئەمەش کارایییەکی زۆر خراپی سایکۆلۆجیانە لەسەر دەرون و شەخسییەتی پەنابەر بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەجێدەهێڵێت .
لە چاوی یاسای ئەم وڵاتەوە پەنابەر کەسێکی زۆر تاوانبارە و هەرکەسێکیش یارمەتی بدات تەنانەت بیگرێتە خۆی یا موچەیەکی کەمی بۆ ببڕێتەوە، یاخود هاوکاری بکات جگە لە پارێزەر، بە گوێرەی یاسای ئێرە دەکرێت کەسەکە حوکمی هەتا هەتایی بەسەردا بسەپێنرێت.
