جیهان نۆرمان
02/12/2021
ئەنجام هاتووە هەر بەرهەمی چالاکیو ئارەزووەکانی خۆیەتی، واتە لە هیچ ساتێکدا ئەو هەستەی نییە کە پاشکۆی سەرکردەیەکە، یاخود دەروێشی بیروباورێکە!
کاتێك کە هیچ یەکێك لە بەرهەمێنەرانی رۆلی خۆی کردارەکانی خۆی بە گرنگتر یا بە نزمتر نابینێ لە تەك رۆلو کردارەکانی ئەوانی تر، بەلکو خۆی وەك هەر یەك لەوانی تر دەبینێت، بەرژەوەندی خۆی بە بەرژەوەندی هەموو دەبینێ، وە بەرژەوەندی هەموو بە هی خۆی.
کاتێك پەیوەندییەکی تەواو جیاواز لە هەموو پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکانی کۆمەلگە دەولەتیەکانی رابووردوو لە نێو بوونەکانیدا گەشەدەکات. پەیوەندییەکی کۆمەلایەتی نوێ کە سەرلەنوێ، لە ئاستێکی فراوانتردا، مرۆڤ دەخاتەوە جێگای سروشتی خۆی، وەك بەشێکی تەواوکەری ژیانو بوونی ئەم هەسارەیە!
کاتێك کە بەرهەمهێنەرانی ئەو پەیوەندییە مرۆڤایەتییە نوێیە هیچکات بۆ ساتێکیش لە شۆرشەکەیاندا هەست ناکەن کە ئەرکێکی تایبەتی جیاواز لە ئەرکی پەیرەکردنی پێداویستی ژیانیێکی دروستدا رەفتاردەکەن. واتە کاتێك کە خەباتەکان هەوڵێکی سەپێنراو نین بەسەر خەباتگێرەکاندا، بەلکو پێداویستێکی سروشتی ئازادبوونی هەر یەکێکە لە چەوساندنەوەو کۆیلەیەتی دەولەت، لە دکتاتۆریەتی کۆمەلگەی سەرمایە، وە هەموو هۆشیارن بەو راستییە.
کاتێكە کە خەباتەکان بێدەنگ، بەلام بێووچانو پر توانا وەك رووبارێکی فرە سەرچاوە بە نێو دەماری کۆمەلگەدا، نەرم نەرم وەك هێلی ئاو، خۆی پەخش دەکات، هەرچی رێگری پێکەوەژیانی کۆمەکیو ئازادییبێت رایان دەماڵێ وەك راماڵینی لاشەیەکی مردوو.
کاتێك کە سەختترین ساتەکانی ناتوانێت بزە لە سەر سیمای بەرهەمهێنەرانی لابات، بزەی ئەنجامدانی پێداویستێك کە لە ناخی پێداویستی ژیانو ئارەزووی سروشتی هەر تاکێکییەتی بۆ کۆمەکبوون، بۆ دەربازبوون لە کۆیلەیەتی کار بۆ سەرمایە.
کاتێك کە خەباتەکان ئامانجیان سەپاندنی بارووزرووفێك یاخود بیرووباوەرێکی تایبەتی «شۆرشگێر» نییە بە سەر کۆمەلگەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە، خەباتە بۆ لە ناوبردنی هەرچی ڕێبازوو بیروباوەرێکە کە بە زۆر بە سەر کۆمەلگەی مرۆڤایەتیدا سەپێنراوە!
شۆڕش هیچ جیاواز نییە لە پێداویستی پێکەوەژیانی کۆمەکیو ئازاد، هەر بەم مانایەش نە رابەری هەیە نە رابەری پێویستە، نە داهێنەری هەیە نە پێویستی بە داهێنەرە.
بوونی پەیوەند نییە بە ئاستێکی دیاریکراوی «پێشکەوتنی» کۆمەلەوە، بەلکو بوونی لە سەرهەلدانی کۆیلەیەتیەوە هەبووە، گەرچی هیچکات وەك ئێستا مەرجی سەرتاسەری بوونی ئامادە نەبووە، چونکە رادەو پانتایی کۆیلەیەتی مرۆڤەکانیش هەرگیز بە ئاستی ئێستا نەبووە!
ئەمرۆ، لە سایەی کاریکرێگرتەدا، لە سایەی سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا، کۆیلەیەتی گشتییەو سەرتاسەری ژیانی مرۆڤی داگیرکردووە، هەر بۆیە پێداویستی ئازادبوونیش، پێداویستی شۆرشیش هەلقولاوی سروشتی هەموو شانەو بوونەکانی کۆمەلە، هی هەموو تاکێکەو بزووتنەوەیەکی خۆخۆیی سەرتاسەرییە!
وەك چۆن دەریا پێویستی بە شەپۆلەکانی نییە بۆ ئیسپاتکردنی بوونی، هەر بە هەمان شێوە شۆرشیش پێویستی بە خۆپیشاندانوو دامەزراوەی نمایشکردن نییە!
شەپۆلەکان بۆ دەریا نیشانەیەکن بۆ بوونی، هەر ئاوا بزووتنەوەو رێکخراوە خۆخۆییە شۆرشگێرییەکانیش نیشابەن بۆ بوونی شۆرش نەك دروستکەری!
هێزوو توانای شۆرش لە حوکمی دەربرینی پێداویستییە سەرەکیەکانی ژیاندایە دژ بە کۆیلەبوون، نەك لە سوپای رێکخراوێکی چەکداردا بۆ سەپاندنی ئیرادەو باوەرێکی «شۆرشگێر»!
ساتەکانی خەباتەکانی شۆرش دانسێکی خۆخۆییە بە ئاوازی داواکانی پێکەوەژیانێکی دوور لە چەوساندنەوە، بە ئارەزووی دەربازبوون لە هەموو پێوەندێکی کۆمەلایەتی کۆیلەکەر، بە پێداویستی بەشداریکردنی ئازاد لە پێکهێنانی ژیانێکی ئازاددا.
بەندو ئەرکەکانی پرۆگرامی شۆرش لە پەیرەوکردنی پێداویستی ئازاد بووندایە لە دەستەلاتی دەولەت، لە کۆمەلگەی سەرمایەداری!