19/11/2021
دوێنێ ، هەینی بە کاتی هیندستان ، 18/11 ، سەرەکوەوزیرانی هیندستان ، ناریندرا مودی ، چۆکی تەواوی بۆ خەبات وتیكۆشانی کێڵگەوانەکان و کرێکارانی کشتیاری هیندسستان دادا، بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو 3 یاسایەی کە دەربارەی کێڵگەکان و کێڵگەوانەکانی ئەوێ داینابوو بێ ئەوەی بگەڕێتەو بۆ دەنگ و مشاوەرەی پەڕلەمان .
دوێنێ لە هەڵوێستێکی سەیر و سەمەرەدا ئەو بڕیارە گەورەیەی دا زۆر سادە و ساکارانە ،بەڵام لە هەڵوێستێکی زۆر لاواز و دۆڕاوەوە قسەی دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانە کرد. لە کۆپلەیەکی قسەکانیا وتی ” بریارمان دا هەر 3 یاساکە هەڵوەشێنینەوە. لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە پەڕلەماندا دەستدەکەین بە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی هەر 3 یاساکە ………..داوا لە هەموو کێڵگەوانەکان دەکەم کە بەشێکن لەم پرۆتێستە … ئێستا کاتێتی کە بگەڕێنەوە بۆ ناو ماڵ و منداڵتان ، بۆ لای ئازیزانتان ، بۆ کێڵگەکانتان. لێگەڕین با دەستپێکردنێکی نوێ تۆمار بکەین و بەرەو پێشەوە بڕۆین”
وەڵامی نقابەی کێڵگەوانەکان ” ئێمە شوێنەکانمان بەجێنناهێڵین تاکو بە فەرمی نەیبیستین کە ئەو یاسایانە هەڵوەشاوەتەوە..”
ئەو پرۆتێستە یەك ساڵی ڕەبەقە دەستی پێکردووە دوای ئەوەی کە’ مودی’ ویستی کۆمپانیا تایبەتییەکان دەستبەسەر کێڵگەکانا بگرن و نرخی بەروبوومەکان دیاری بکەن و کێڵگەوان کرێکارەکان کەلا بخەن . بەڵام تێکۆشانی یەك ساڵەی زیاتر لە نیو ملیۆن کێڵگەوانەکان و کرێکاران و بە سەدەها هەزاری تر لە ناوەوەی هندستان و دەروەی وەکو کۆمۆنێتی هیندیییەکان لە ئەمەریکا و بریتانیا و شوێنەکانی دیکە لە شانی چەپ و ئازادیخواز و سۆشیالیست ئەنارکیستەکانەوە هەر لە سەرەتای ئەمساڵدا حکومەتی هیندستانیان ناچار کرد کە یاساکان هەڵبسپێرێت و سڕیان بکات ، بەڵام نقابە و کێڵگەوانەکان بەوەش ڕازی نەبوون و لەژێر دروشمی ” نەبوونی کێڵگەوانەکان و کرێکاران ، یانی نەبوونی خواردن بە هەموو چەشنەکانیەوە” ، بریاری سڕکردنی یاساکانیان ڕەت کردەوە و وتیان کۆڵنەدان تا سەرکەوتنی تەواو.
کرێکاران و کێڵگەوانەکانی هیندستان لە سەدا 60 ی هێزی کاری ئەوێ پێكدەهێنن. ئەوان دەیانزانی کە تێکۆشانەکانیان، پرۆتێست و خۆپیشاندانەکانیان سەخت و درێژخایەنە بۆیە کەمپەینێکی ئێکچار گەوەرەیان بۆ کرد و خۆیان لە هەموو بوارەکانا ڕێكخست بۆ نمونە زیاتر لە 1500 مەتبەخی کۆمۆنێتی هەبووە کە خواردنی 3 ژەمەی تەواوی بە هەموو ئەوانەی کە پرۆتێستیان کردووە و ئەوانەشی کە بە یارمەتی و هانایانەو هاتوون ئامادە کردوە ، بە سەدەها ژنان ئاگەداری منداڵان بووە ، بە سەدەهای دیکە سەرقاڵی میدیا و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وەڵامدانەوەی هاوکاریکەران و هاوپشتیییانیان بوون. ئەوان هەموو لایەنەکانی ژیانیان و گرفتەکانیان کە لە پێشیان بوو، لەوێدا تا ڕادەیەك چارەسەرکردبوو بە ڕێكخستنی خۆیان ، هەر ئەوەش بوو کە سەرکەوتنی بێ وێنەی بەدەستهێنا و هاوکاتیش دەکرێت و دەبێت هەموان وانە و ئەزموون لەوان وەرگرن بۆ خەبات و تێکۆشان دژە بەم سیستەمە و دەوڵەتەکانیان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان کە قۆرخی دونیایان کردووە.


