17/10/2021
سۆدان پاش خۆپیشاندانی چڕوپڕی جەماوەریانەی مانگی نیسانی 2019 توانییان عومەر ئەلبەشیر و حکومەتەکەی بهێننە خوارەوە و حکومەتێکی مەدەنی فرمانداری بکات وەکو قۆناخی گواستنەوە.
ئەزموونی ئەم ساڵ و نیوەی خەڵکی و چاودێری کردنی ڕەفتار و کرداری سەرۆکی حکومەت بۆیان دەرکەوت کە ڕەنگبوایە هەر دەستیان لێنەدایە باشتربوو.
هۆکارەکەش ئاشکرایە: یەکەم لەڕێگای سیستەمی پەڕلەمانتاری و نوێنەرایەتیی و کودەتای عەسکەری و حیزبیی بە حیزبی سۆشیالیستیشەوە ، گۆڕانێکی بنەڕەتی لە هیچ شوێنێك ڕوودانادات نەك هەر سۆدان ، ئەزموونەکان لەو بارەوە ئەوەندە زۆرن کە جێگایان بۆ تاکە ئەزموونێکی سەرکەوتوانە لە سەرانسەری جیهاندا نەهێڵاوەتەوە.
دووەم: حکومەتی ئێستا کە سەرۆکەکەی، عەبدوڵا حەمدۆك، لە لایەن صندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە دەستنیشانکراوە و ئەمری پێکراوە کە ڕیفۆرم بکات ئەبێت خەڵکی سۆدان چ هیوایەکییان بە گؤرانی بنەڕەتی هەبێت . هەر شوێنێك بانقی جیهانی و صندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەستیان گەیشتبێتێ وێرانیانکردوە بە سەپاندنی هەلومەرجەکانیان لەسە حکومەتەکان. لەم بارەیەوە لە ئەفەریقا و ئەمریکای لاتین نموونەمان زۆرە.
لە سای ئەم حکومەتەدا کە قۆناخی گوێزەرەوەی پێدەڵێن بارودۆخی خەڵکی زۆر خراپتر بووە بە بەرزبوونەوەی نرخی ووزە و سووتەمەنی کە حکومەت پاڵپشتی دارایی خۆی بۆ کەمکردنەوەی نرخیان لابرد ، ئەم ڕیفۆرمەش لەسەر ئەمری صندوقی دراوی نێودەوڵەتی کراوە . بارودۆخەکە بە جۆرێك خراپ بووە کە ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە بە بڕی لە سەدا 422 لە مانگی تەموزدا چووە سەرەوە.
بە هەزاران کەس لە گەنج و پیر ، ژن و پیاو دوێنێ ، شەمە ، 16/10 ، ڕژانە سەر شەقاکانی خەرتوم داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی عەبدوڵا حەمدۆك دەکەن گەڕانەوەی سوپا بۆ حوکم و دروشم و داخوازییەکانیان زۆرن . یەکێك لە خۆپیشاندەران دەڵێت ” سووپا نانمان دەداتێ ..” یەکێ تر دەڵێت ” ئێمە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکەین و داوای حوکمی سووپا دەکەین ” .. یەکێ تریان دەڵیت ” ئێمە حکومەتێکمان دەوێت کە بزانێت چی دەگەڕێت لە ڕۆژهەڵات” خۆپیشاندەران لە دەرەوەی کۆشکی سەرەك کۆمار گردبوونەتەوەو هاوار دەکەن ” ئێمە لێرە دەمێنینەوە و ناڕۆین … دەمانەوێت ئەم حکومەتە هەڵوەشێتەوە”
هاوکاتیش حکومەت ڕەتی ئەوە دەکاتەوە کە بارودۆخەکە بە هۆی ئەوانەوە خراپ بووبێت و لۆمەی خۆپیشاندەران دەکات و بە دەستوپێوەندی ڕژێمی کۆنی عومەر ئەلبەشیر تاوانبار دەکات . لە ڕۆژی 21/09 دا سەرۆکی حکومەت وتی ئەمە کودەتایە .


