زاهیر باهیر
08/20/2021
لە میدیای بریتانی قسەیەکی زۆر لەسەر غاز و نرخی غاز و دەستکەوتنی دەکرێت، هاوکاتیش تا ئێستا نزیکەی 12 کۆمپانیای غاز مایەپوچ بوون . گرفتی غاز لەوە دەکات گرفتێکی گەورە بێت کە ئەم زستانە ڕووبەڕووی ئەوروپا و بریتانیا دەبێتەوە.
تا ئێستاش ڕوسیا بە بڕی لە سەدا 40 پێداویستی غازی ئەوروپا لە بۆرییەکانی کە بە ئۆکرانیادا تێپەڕدەبێت ، دابین دەکات ، بەڵام وەکو میدیا دەیڵێت لە مانگی یەکی ئەماساڵەوە تاکو مانگی پێشوو ڕوسیا ناردنی غازی بە بڕی لە سەدا 17 کەمکردۆتەوە ئەمەش گرفتێکی گەورەی بۆ ئەوروپا و بریتانیان دروستکردووە. هەر لەبەر ئەمەشە کە ئەوروپا داوا دەکات کە پۆتین بڕی دەرهێنانی غاز زیاد بکات و ئەمەریکاش هەڕەشە دەکات و دەڵێت نابێت ڕوسیا پرسی غاز بە خراپیی بەکاربهێنێت و بیکاتە چەکێك دژ بە ئەوروپا.
ئەوەی ئاشکرایە ئەم کێشەیە زۆر زیاتر ڕووبەڕووی بریتانیا و دانیشتوانی بوەتەوە تاکو ئەوروپا . لە ئێستادا زۆرێك لە بزنسمانەکان و شارەزایان لەو بواری وزەدا، پێشبینی دەکەن کە دابینکردنی خواردن و بەرهەمهێنانی خۆراك هێواش دەبێتەوە و هەندێك لە کارگەکانیشش بەرەو داخستن دەڕۆن .
ئەوەی کە ئەم گرفتەی لە بریتانیا زیاتر کردووە، بەشێکی زۆری پەیوەندی بە سیاسەتی حکومەتە ، دەوڵەتەوە هەیە، ئەویش : حکومەت ڕێگای داوە کە مەخزەنی غازەکان دابخرێت ، بلۆکی بای دەرەوەی کردووە، هاوکاریی و کۆمەکی دروستکردنی کارەبای لە وەرگرتنی وزەی ڕۆژ ، کەمکردۆتەوە، محەتەی وزەی نوەوی وەستاندووە و نەبوونی پلانی درێژخایەنە بۆ دابینکردنی وزەی پێویست.
