«ئابووری سەرمایەدارانی دونیا بەرهەمی کارە و چەوساندنەوەی کرێکاران. ئاواتی سەرەکی سەرمایەداران و دەوڵەت، بۆ هێشتنەوە و برەودانە بە ئابووری و بەرهەمهێنانی قازانج، پیرۆزکردنی کۆیلایەتییە، پیرۆزکردنی کرێکار و کارە. بەرزکردنەوەی رێزی کار و ئابووری بەرهەمهێنانی کالا، بۆ ئاستی پەرستن، وەك ئاینێكی ریشەقولی کۆمەلایەتی سەرتاسەریی، هەر بە زەبر و زەنگ ئەنجامنەدرا، بەلکو بە پەروەردە و گێلکردنی «رۆشنبیری» ئیدیۆلۆژی، بە سیاسەتکردنی بەردەوامی کۆمەلگە. کاتێك سەرمایەداران، دەولەت، سەرکەوتنیان لە پیرۆزکردنی کۆیلەدا وەدەستخست، واتە پیرۆزکردنی کرێکار، گەل و هاووڵاتی، ئەرکە «پیرۆز»ەکەیان دایەدەست نوێنەرانی ئیدیۆلۆژی خودی کۆیلەکان خۆیان، لە فۆرمی دامەزراوە ئیدیۆلۆژییەکاندا، لە رێکخراوە و پارتە سۆشیالیست / کۆمۆنیستەکاندا، سەندیکاکان و زۆر گەلە کۆمەلی تردا. زیاد لە سەد سالە، بە سەرهەلدانی بەرەی گەل، بەرەی دامەزراوەی کرێکاری سیاسەتچێتی، سوشیالیستی پەرلەمانتاری و دەولەتسازی، لە مەیدانی ململانێی نێوان سەرمایەو کاردا (کە لە راستیدا بێ یەك بوونیان نابێت)، لە مەیدانی بەربەرەکانی نمایشی نێوان چەپ و راستی کۆمەلی سەرمایەدا، لە بواری سیاسەتدا، سەرمایەداران پشتوێنی پشودانیان، بێمەترسی کردۆتەوە. پیرۆزکردن و سەرخستنی کار و کرێکار ئامانجی مێژوویی سەرمایە و دەولەتە. کاتێك کرێکاران بە خودی خۆیان بەرگری لە کرداری کۆیلەیەتی خۆیانکرد، کردیانە ئالای بەرزی شۆرشەکەیان، بۆچی دەبێ دژ بە سەرمایەداری بێت؟ بێگومان گەلێك لە تاکی سەرمایەدارانو نوێنەرانی کاتی سیستەمەکە بەرهەلستی سەرکەوتنی نوێنەرانی تری کۆمەلەکەیان دەکەن، بە تایبەتی نوێنەرانی بەرەی کار، بەلام خودی سەرمایە، وەك پەیوەندی کۆمەلایەتی، وەك دەولەت، بە گەرمی پیرۆزباییان لێدەکات. مێژوو باش ئەم راستییەی چەند جار بارە نیشانداین، وە ئێستاش هەر بەردەوامە. پارتی کاری بەریتانی، پارتی سۆشیالیست و کۆمۆنیستی فەرەنسی، ئیسپانی، ئەلمانی، هەموو چەپی رێفۆرمیستی جێگاکانی دونیا، هەر بە شێوازی بلۆکی رۆژهەلاتی سۆشیالیستی، گور دەدەنە سەرمایە، نەك لە ناوبردنی. هەر هەموو ئەوانە راستەوخۆ بەشدارن لە تاوانی هێشتنەوە و برەودان بە دۆزەخی چەوساندنەوەی چینایەتی کەپیتالیزم. کردار، یاخود چالاکی مرۆڤ بۆ بەرهەمهێنان، لە کۆمەلێکی ئازادی نا چینایەتیدا، زۆر جیاوازە لە کرداری بەرهەمهێنان، کارکردن، لە کۆمەلی سەرمایەداریدا. یەکەم چالاکیەکی ئازادە، دوور لە زولمکردن و زۆر لێکردن و چەوساندنەوەیە، دووەم کارێکی بە زۆر سەپێندراوە، زولمکردنە، یەکەم بەرهەمهێنانی پێداویستی ژیانە، دووهەم بەرهەمهێنانی کالایە بۆ بازار و قازانج، یەکەم، لە ئەنجامدانیدا، بەرهەمهێنەر سوودی تەواوی لێوەردەگرێ و گەشەی پێدەکات، دووەم، بەرهەمهێنەر، لە ئەنجامدانیدا، سوود بە کەسێکی تر دەگەیەنێت و زیان بە خۆی. یەکەم چالاکیەکی داپچراو نییە لە کۆی چالاکییەکانی تری مرۆڤی بەرهەمهێنەر، بەلکو تەواوکەری هەموو چالاکیەکانی دی خودی ئەون، دووەم، کارەکەی تەواو داپچراوە لە ویستی خۆی، ئەرکێکی سەپێنراوە، وزە دانە بە بوونێکی بێگانە و دژ بە خۆ، یەکەم بەرهەمهێنانە بە مەبەستی پرکردنەوەی پێداویستی مانەوە و ژیان، دووەم خودی بەرهەمهێنان ئامانجێکی تایبەتی و سەربەستە لە هەموو پێداویستێکی ژیانی مرۆڤ، تەنها بۆ کەلەکەکردنی سامانە، دوور لە هەموو رێزگرتنێك لە ویستی مرۆڤەکان، لە سروشت و ژینگە. ئەرکی سەرەکی شۆرشی داهاتووی مرۆڤایەتی ئازادکردنی چالاکی مرۆڤە لە سیستەمی کار، گەرانەوەی کرێکارە بۆ مرۆڤی ئازاد، لە ناوبردنی ئابووری بەرهەمهێنانی کالا و سەرمایەیە، بەدیهێنانی پەیوەندییەکی کۆمەلایەتی ئازادە بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستی کۆمەکی ژیان لە یەکیەتی نێوان مرۆڤ و سروشت و ژینگەکەیدا. بروخێ کرێکار و کار، بژی مرۆڤی ئازاد و چالاکی بۆ ژیان . ئەمە خودی رێبازی بزوتنەوەی شۆرشگێری پرۆلێتاریای جیهان خۆیەتی