10/06/2021
بە بۆنەی گیان لەدەستدانی چوار چالاکوانی ژینگەپارێز و ژیاندۆست.
بەداخێکی زۆرەوە ڕۆژی هەینی 04/06/2021
لە ڕوداوێکی هاتوچۆدا لە نێزیك شاری سەقز ھەریەکە لە؛
شوعلە قادری،
ئارشام عەزیزی،
داود باخشین و
کاوە خوسرەوی گیانیان لەدەستدا و یانزە هاوڕێی دیکەشیان لەم کارەساتە دڵتەزێنەدا بریندار بوون.
لەم بۆنە خەمناکەدا پەژارە و هاوخەمیی خۆمان بە گروپی شاخەوانیی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان و گروپی شاخەوانیی پاژینی بانە و سەرجەم شاخەوانان و ژینگەپارێزان و ژینگەدۆستان و خانەوادە و دۆستانی ئەم ئازیزانە ڕادەگەیەنین و هیوای چاکبوونەوەی هەرچی زووتر بۆ بریندارەکان دەخوازین.
هاوڕێیان، لەکاتێکدا ڕەوت و میکانیزمی سەرمایە و قازانج، ژیان و ژینگەی لەسەر ئەم هەسارەیە ڕووبەڕووی ترسناکترین دۆخ کردووەتەوە و باری ئابوریی چینی پڕۆلیتاریای نابوود کردووە و ژیانی کۆمەڵایەتیی پەرت کردووە و داڕزاندوە ھەروەھا جەنگ و ئاوارەیی و بێکاری و برسێتی و بێسەرپەنایی کردووەتە مۆتەکەیەکی کوشندە بەسەر سەری ملیارەها مرۆڤەوە و ژینگەو ژیانی تەوای زیندەوەرانی خستوەتە بەردەم مەترسیی لەناوچوون.
لەم سەردەمی ژەهراویبوونی ژینگە و سەرچاوەکانی خۆراك و خواردنەوە، ساڵانێكە ئێمە بینەر و گەواھیدەری هەوڵ و تێکۆشانی ژینگەپارێزی و ژیاندۆستی و بەرز ڕاگرتنی ژیانی هەرەوەزی و کۆمەڵایەتیی ئێوەین کە بۆ ئێمەی گروپی ئازادیخوازان مایەی دڵخۆشییەکی گەورەیە و ئومێد و وزەیەکی گەورەتان بەخشیوە بە خۆمان و هەوڵ و تێکۆشانەکانمان لەپێناو دابینکردنی ژینگە و ژیانێکی دوور لە چەوسانەوە!
ئێمە کە هەریەكەمان لە گۆشەیەکی جیاوازی ئەم جیھانەدا ژیان دەگوزەرێنین، چاوی پڕ هیوامان لەسەر پریاسکەی پڕ تۆوی سروشتیی ئێوە و ھەوڵی ئێوەیە لە چاندن و سەوز ڕاگرتنی ژینگەی دەوروبەرتان.
دەزانین ئێوە لە مەرکانەکانی ئاوی خواردنەوەی خۆتان، گوڵەهێرۆ و جاترەکێوی و ڕێحانەکێویلەکان تێرئاو دەکەن و ناهێڵن نەوەکانی داهاتوو لەم خۆراكە پاك و تەندروستانە بێبەش ببن.
گەشتی بەکۆمەڵ و شەوبەکێوی کۆمەڵایەتییانەی پڕ لەگۆرانی و قاقای پێکەنین و دەنگدانەوەی کێو بە کێو و دۆڵەکان ڕێزلێدەگرین و بە بەشێکی گرنگ لە هەنگاوەکانی پێچەوانەکردنەوەی ئەم هەلومەرج و ژیانە کارەساتبارەی ئەم سەردەمەی دەزانین کە سیستمی نەگریسی سەرمایەداری دووچاری ژینگەو ژیانی ئەمڕۆمانی کردووە!
ئاگادارین کە ئێوە لەم خەبات و تێکۆشانەتاندا دووچاری کێشە و گرفتی گەورە و بەهانەپێگرتن تا ڕادەی دادگایی و زیندانیکردن و سزای مەرگیش بوونەتەوە و هاوڕێیانێکیشتان لە کاتی ئاگر کوژاندنەوەدا بۆ پاراستنی سەوزایی و لێڕەوارەکان و ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان سووتاون و بەو ھۆیەشەوە ئازاری سەختیان کێشا و دووچاری شێوان و لەدەستدانی ئەندامانی جەستەیان بوون و ھاوڕێیانێکیش بەھۆی سووتاوییەوە گیانیان بەخت كرد.
ئێمە دڵگرانین و خۆمان بە هاوبەشی خەم و پەژارەتان دەزانین بۆ گیان لەدەستدان و برینداربوونی ئەم ئازیزانەتان.
لەدیدی ئێمەوە، ئێوە هیوا و ئومێد و ڕوناکیی ڕێگەی ئایندە و ژیانێکی باشترن.
بەرز و بەڕێز بێت یاد و یاداوەریی هاوڕێیانی گیانبەختکردوو لە پێناو ژیان و ژینگە پارێزیدا!
ئێوارە گفتووگۆی گروپی ئازادیخوازان، 07/06/2021