ئەلف و بێی ئەنارکیزم

و: زاهیر باهیر

ئەلێکسەندرا بێرکمان لە کتێبی ئەلف و بێی ئەنارکیزم کە زۆر سادە و بە زمانێکی ئاسان و ڕەوان دەیەوێت ئەنارکیزم لە خەڵکی بگەیەنێت.  ئەم پرسیارەی خوارەوە   یەكێكە لەو دەیەها پرسیارەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە کە ئایا دەکرێت جیاوازی لە نێوانی خەڵکیدا بکرێت سەبارەت بە داهات و پێویستییان ؟  

تۆ زیاترت دەوێت و دەڵێیت” ئەگەر ئەمە ئاوابێت دەبێت هەموی وەکو یەك شەیری بکات؟ پیاوانی خاوەنمێشك، ئەوانەی کە کارەکانیان کاری مێشکییە نەك ماسولکەیی  و جەسەدی  لەگەڵ ئەوانەی کاری جەسەدی دەکەن، بەتوانا و بێ توانا  هەموویان وەکو یەك؟ ئایا نابێت هیچ جیاوازییەك هەبێت ، هیچ پێزانینێکی تایبەت بۆ ئەوانەی کە بەتوانان، هەبێت؟”

لێمگەڕێ  برادەر نۆرەی منە  پرسیارت لێبکەم: ئایا سزای پیاوێك دەدەین کە سروشت هاویاری نەبووە، سروشت ئەوەندە بەخشندە نەبووە وەکو لەگەڵ دراوسێکەیدا بووە، کە ئەو بەهێزترە و  بەهرەدارترە؟  ئایا دەبێت زوڵمی  زیاتر بۆ ئەو کەمئەندامە لە سەروو ئەوەشەوە کە  سروشت داوێتی،  زیادبکەین؟  ئەوەی کە دەتوانین لە هەر کەس چاوەڕوان بین  بە شێوەیەکی ماقوڵ، هەوڵدانی جددی خۆیەتی – ئایا کەسێك دەتوانێت زیاتر لەوەی  بۆیبکرێت، بیکات؟ ئەگەر باشترین هەوڵی ‘جۆن’ وەکو ‘جیمی’ برای نەبێت ، ئەوە بەدبەختیی کەمئەندامێکەی ‘جۆن’ ە، کەواتە لێرەدا هەڵەیەك نییە بۆ سزادان. 

شتێك نییە لە هەڵاواردن، [جیاوازی]  مەترسیدارتر بێت، لەو چرکەیەوە کە لەگەڵتا دەست بە هەڵاواردن دەکرێت  لەبەر ئەوەی کە کەمئەندامیت، ئیتر زەمینەی  ناڕەزایی و بێزاریت لا دەخوڵقێت، ئیتر ئەوە دەعوەتی ئیرەیی و ناکۆکی و فتنەت دەکات. ئایا تۆ  بیرناکەیتەوە کە گرتنەوەی ئاو و هەوا لە کەسانی کەمتوانا کە پێویستیانە، دڕندەییە؟.  ئایا نا کرێت هەمان پرنسپڵ بەسەر پێویستیەکانی کەسانی دیکەدا جێ بەجێبکرێت؟ دوای هەموو شتێکیش مەسەلەی خواردن و پۆشاك و پەناگا و شوێنی حەوانەوە بۆ ئابوورییی جیهان کەمترین ئەرکە، خەرجییە.

باشترین ڕێگا کە مرۆڤ ئەو پەڕی توانای خۆی بەکابهێنێت، نەکردنی جوداکارییە، بەڵکو مامەڵەیانە بەگوێرەی پێویستیان، یەکسانبوونیانە لەگەڵ ئەوانی تردا.  ئەمە هاندان و پاڵنەرێکی کاریگەرانەی زیاترە کە ڕەوایانەیە و مرۆڤانەیە.

ئایا دەزانیت تا ئێستاش منداڵ بە شوودان لە بریتانیادا هەیە و یاساخ نییە؟

12/06/2021

ڕەنگە کەم کەسمان ئەوە بزانین کە تا ئێستا بە شوودانی منداڵ لە بریتانیا ئەوەندەی باوك و دایکیان ڕازی بن یاساخ نییە بە تایبەت لە ئینگلەند و وێڵس لە سکۆتلەندیش هەر هەمان شتە بەڵام لەوێ ڕازیبوونی دایك و باوكی کچەی منداڵی ناوێت.

ئەم تاوانەی کە دەرهەقی منداڵێك دەکرێت زۆر ناڕەوایە و ڕێگە خۆشدەکات بە تایبەت بۆ خەڵکانی بێیانە کە لە بریتانیان کچەکانیان هەر بە زویی بدەن بە شوو بۆ پاراستنیان لەو کوڵتورەی کە لە ئەوروپادا هەیە.  لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکانی بێیانە لە کورد و عەرەب و پاکستانی و تورك و قەومەکانی دیکە بە ئاسانی دەتوانن لە وڵاتی خۆیان منداڵێك مارەببڕن و بیهێنن بۆ ئێرە و بیکەن بە ژنیان.

زیاتر لە 10 ساڵە چەندەها گروپ لە ئافرەتان و پیاوان دروستکراوە هەڵمەتی دژ بەم دیارەدەیە دەکەن و داوا لە حکومەت دەکەن  کە ئەم کارە، واتە شوکردنی منداڵ ، بە تاوان بناسێت و بکرێتە بڕیارێکی یاسایی کە نابێت پیاوان منداڵ بهێنن و لە ڕودانی کارێکی ئاوادا ، دەبیت ئەو پیاوانە ڕوبەڕووی سزای یاسایی ببنەوە.

یەکێک لەو گروپانەی کە هەڵمەت دژ بەم کارە دەکەن و ماوەیەکی زۆرە هەوڵی ئەوەیانە،  گروپێکی کورد و ئافرەتانی ئێرانییە بە ناوی Kurdish women’s rights charity IKWRO; Karma Nirvana, .

ئەم گروپانە فشاریان بۆ سەر حکومەت هێناوە تاکو تەمەنی کچانێك کە شوودەکەن دەبێت 18 ساڵ بێت و پیاوانێکیش کە کچانی لە خوار ئەو تەمەنەوە دەهێنن بکرێتە تاوان و سزایان بدرێت.

پایزە مەحمود کە خۆی بە 16 ساڵی دراوە بە شوو و خوشکی بەناز مەحمودە کە 17 ساڵ بوو کە چەند ساڵێك لەمەوبەر  کەس و کاری کوشتیان و ماوەیەکی پێچوو تاکو جەستەی لەت و پەت کراوی دۆزرایەوە، پشتگیری ئەم گروپە دەکات و یەکێکە لە ژنە چالاکەکان کە دژ بە تاوانەیە.

سەرنجڕاکێشی ئەم پرسە ئەوەیە کە حکومەتی ئەم وڵاتە و سیاسییەکان سەرەکۆنەی موسڵمانان و دەوڵەتە ئیسلامییەکان  دەکەن کە گوایە لەوێ ڕەوایە کە منداڵانی کچ بەشوو بدرێن.

پەیامی هاوخەمیی گروپی گفتووگۆی ئازادیخوازان

10/06/2021

بە بۆنەی گیان لەدەستدانی چوار چالاکوانی ژینگەپارێز و ژیاندۆست.

بەداخێکی زۆرەوە ڕۆژی هەینی 04/06/2021

لە  ڕوداوێکی هاتوچۆدا لە نێزیك شاری سەقز ھەریەکە لە؛

شوعلە قادری،

 ئارشام عەزیزی،

داود باخشین و

 کاوە خوسرەوی گیانیان لەدەستدا و یانزە هاوڕێی دیکەشیان لەم کارەساتە دڵتەزێنەدا بریندار بوون.

لەم بۆنە خەمناکەدا پەژارە و هاوخەمیی خۆمان بە  گروپی شاخەوانیی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان و گروپی شاخەوانیی پاژینی بانە و سەرجەم شاخەوانان و ژینگەپارێزان و ژینگەدۆستان و خانەوادە و دۆستانی ئەم ئازیزانە  ڕادەگەیەنین و هیوای چاکبوونەوەی هەرچی زووتر بۆ بریندارەکان دەخوازین.

هاوڕێیان، لەکاتێکدا ڕەوت و میکانیزمی سەرمایە و قازانج، ژیان و ژینگەی لەسەر ئەم هەسارەیە ڕووبەڕووی ترسناکترین دۆخ کردووەتەوە و باری ئابوریی چینی پڕۆلیتاریای نابوود کردووە و ژیانی کۆمەڵایەتیی پەرت کردووە و داڕزاندوە ھەروەھا جەنگ و ئاوارەیی و بێکاری و برسێتی و بێسەرپەنایی کردووەتە مۆتەکەیەکی کوشندە بەسەر سەری ملیارەها مرۆڤەوە و ژینگەو ژیانی تەوای زیندەوەرانی خستوەتە بەردەم مەترسیی لەناوچوون.

لەم سەردەمی ژەهراویبوونی ژینگە و سەرچاوەکانی خۆراك و خواردنەوە، ساڵانێكە ئێمە بینەر و گەواھیدەری هەوڵ و تێکۆشانی ژینگەپارێزی و ژیاندۆستی و بەرز ڕاگرتنی ژیانی هەرەوەزی و کۆمەڵایەتیی ئێوەین کە بۆ ئێمەی گروپی ئازادیخوازان مایەی دڵخۆشییەکی گەورەیە و ئومێد و وزەیەکی گەورەتان بەخشیوە بە خۆمان و هەوڵ و تێکۆشانەکانمان لەپێناو دابینکردنی ژینگە و ژیانێکی دوور لە چەوسانەوە!

ئێمە کە هەریەكەمان لە گۆشەیەکی جیاوازی ئەم جیھانەدا ژیان دەگوزەرێنین، چاوی پڕ هیوامان لەسەر پریاسکەی پڕ تۆوی سروشتیی ئێوە و ھەوڵی ئێوەیە لە چاندن و سەوز ڕاگرتنی ژینگەی دەوروبەرتان.

دەزانین ئێوە لە مەرکانەکانی ئاوی خواردنەوەی خۆتان، گوڵەهێرۆ و جاترەکێوی و ڕێحانەکێویلەکان تێرئاو دەکەن و ناهێڵن  نەوەکانی داهاتوو لەم خۆراكە پاك و تەندروستانە بێبەش ببن.

گەشتی بەکۆمەڵ و شەوبەکێوی کۆمەڵایەتییانەی پڕ لەگۆرانی و  قاقای پێکەنین و  دەنگدانەوەی کێو بە کێو و دۆڵەکان ڕێزلێدەگرین و بە بەشێکی گرنگ لە هەنگاوەکانی پێچەوانەکردنەوەی ئەم هەلومەرج و ژیانە کارەساتبارەی ئەم سەردەمەی دەزانین کە سیستمی نەگریسی سەرمایەداری دووچاری ژینگەو ژیانی ئەمڕۆمانی کردووە!

ئاگادارین کە ئێوە لەم خەبات و تێکۆشانەتاندا دووچاری کێشە و گرفتی گەورە و بەهانەپێگرتن تا ڕادەی دادگایی و زیندانیکردن و سزای مەرگیش بوونەتەوە و هاوڕێیانێکیشتان لە کاتی ئاگر کوژاندنەوەدا بۆ پاراستنی سەوزایی و لێڕەوارەکان و ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان سووتاون و بەو ھۆیەشەوە ئازاری سەختیان کێشا و دووچاری شێوان و لەدەستدانی ئەندامانی جەستەیان بوون و ھاوڕێیانێکیش بەھۆی سووتاوییەوە گیانیان بەخت كرد.

ئێمە دڵگرانین و خۆمان بە هاوبەشی خەم و پەژارەتان دەزانین بۆ گیان لەدەستدان و برینداربوونی ئەم ئازیزانەتان.

لەدیدی ئێمەوە، ئێوە هیوا و ئومێد و ڕوناکیی ڕێگەی ئایندە و ژیانێکی باشترن.

بەرز و بەڕێز بێت یاد و یاداوەریی هاوڕێیانی گیانبەختکردوو لە پێناو ژیان و ژینگە پارێزیدا!

ئێوارە  گفتووگۆی گروپی ئازادیخوازان، 07/06/2021

ئەنارکیزم لە زاری ئەلێسەندرا بێرکمان

لە پێش هەموو شتێکدا ئەوەی کە ئەنارکیزم نییە دەبێت پێتبڵێم:

بۆمب و بێ نیزامیی  و بەرەلایی و پشێوی، نییە.

جەنگی هەموو کەس و دژ بە هەموان، نییە.

دزی و جەردەیی و کوشتن، نییە.

گەڕانەوە بۆ بارباریزم یاخود حاڵەتی وەحشیانەی پیاو، نییە.

ئەنارکیزم زۆر دژ بە هەموو ئەوانەیە.

ئەنارکیزم یانی دەبێت تۆ ئازاد بیت، هیچکەس نابێت بتکاتە کۆیلە یاخود ببێتە بەڕیوەبەرت، دزیت لێبکات، خۆی بەسەرتا بسەپێنێت یا بەسەرتا بسەپێنرێت.

یانی دەبێت تۆ لە کردنی شتەکانی خۆتدا ئازاد بیت  کە دەتەوێت و نابێت ناچاربکرێیت بەوەی کە ناتەوێت بیکەیت، بیکەیت.

یانی تۆ دەبێت شانس و بژاردەی ئەو ژیانەت هەبێت کە دەتەوێت،  هەرەوەها  بێ دەستتێوەردان بژیت. 

یانی کەسەکەکانی دیکەش هەمان ئازادییان وەکو تۆ هەبێت، هەموو کەسێك دەبێت هەمان ماف و هەمان ئازادیی هەبێت.

یانی هەموو پیاوان بران و دەبێت وەکو برا بە ئاشتی و پێکەوە بسازێین و بگونجێین.

دەبێت ئەوەش بوترێت کە نابێت نە جەنگ و نە توندووتیژی لە لایەن یەکێکەوە دژ بەوی تر، هەبێت، نابێت نەخاوەنکار و نە برسێتی نە پاوانەکردن و نە سەرکوتکردن و نە سوودوەرگرتن لە بەکارهێنانی کەسانی دیکە،  ببێت .

بە کورتی ئەنارکیزم یانی بوونی بارودۆخێك لە کۆمەڵدا هەموو پیاوان و ژنان ئازادن هەمووشیان تامی یەکسانیێتی لە سوودەکانی ژیانێك کە ڕێکخراوە،  کە شایستەیانە، بکەن .

“تۆ پرسیار دەکەیت ؟” “ئایا دەتوانرێت ئەوە بکرێت؟” برادەرەکەشت دەڵێت ” نەك پێشئەوەی هەموومان ببینە فریشتە”  لێگەڕێ با قسەی لەسەر بکەین، ڕەنگە من بتوانم ئەوە ڕوونبکەمەوە کە دەتوانین وەکو خەڵکێکی ماقوڵ ژیانێکی شایستە بە خۆمان بژین  تەنانەت بێ ئەوەی کە باڵمان لێ بڕوێت.  

دەوڵەمەندترین 25 کەسی ئەمەریکی باجێکی ئێکجار کەم لەسەر سامانەکانیان دەدەن:

10/06/2021

+ بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم ڕۆژانە لە ماوەی 5 ساڵدا کە لە 2014 وە تاکو 2018   ئەوە دەوڵەمەندانە بە ڕێژەی لە سەدا 3.4  دۆلار باجیان  داوە .

+  ئەمانە لە نێوانی خۆیاندا 400 ملیار دۆلاریان لەو ماوەیەدا پەیداکردووە .

+ جێف بیزۆز کە دەوڵەمەندترین کەسی دونیایە لە ساڵی 2007 هیچ باجێکی نەداوە کە ئەو کاتەش ملیاردەر بووە.  لە ساڵی 2011 دا کە خاوەنی 18 ملیار دۆلار بووە دووبارە باجی نەداوە، تەنانەت 4000 دۆلاریشی وەکو بیمەی منداڵان بۆ منداڵەکانیشی وەرگرتووە. سامانی پارەکەی ئەم پیاوە 200 ملیار دۆلارە.

+ ئەم 25 کەسە لەو 5 ساڵەدا بە هەموویان تەنها 13.6 ملیار دۆلار باجیان داوە کە بە ڕێژەی سەدی دەکات 3.4 .

+ Buffett کە ملیاردەردەێکی دیکەیە لەو ماویەدا سامانەکەی بە بڕی 23.7 ملیار دۆلار زیادی کردوە  تەنها  23.7 ملیۆن دۆلاری داوە کە بە ڕێژەی سەدی دەکاتە 0.1 دۆلار .

+ جێف بیزۆز کە سامانەکەی بە 99 ملیار دۆلار لەو ماوەیەدا زیادیکردووە بە ڕێژەی سەدا 0.98 دۆلار باجی داوە.

+ Elon Musk بەڕێژەی سەدی 3.27 دۆلار باجی داوە لە کاتێکدا کە بری سامانەکەی 151 ملیار دۆلارە.

+ Michael Bloomberg کە سامانەکەی 59 ملیار دۆلارە بە ڕێژەی سەدی 1.3 دۆلار باجی داوە.

سەرسام مەبە لە هەژاری خۆت و ساماندارێتی ئەوان .

جەنگی ژینگەی سروشتی

شاخەوان عەلی

02/06/2021

ئەڵتەرناتیڤێك بۆ جەنگی مرۆیی

سەرمایەداری لەوەدا ناوەستێ کە تەنها مۆنۆپۆڵی نەوت و تەقەمەنیەکان بکات، بەڵکو مەبەستێتی کۆی کایە و هۆیەکانی ژیان قۆرخ بکات، چەند دەیەیەک بوو، لەهەوڵدابوو تا دەستی گەیشت بە کشتوکاڵیش.. ئەتوانم بڵێم، لە ئێستادا تەواوی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی لە بندەستە، کوان؟ تۆوە ڕەسەنەکان چیان لێهات؟ بیرتانە خەڵکی لە بەرهەمی ساڵەکەی بنەتۆوی دادەنا بۆ ساڵانی تر؟ ئێستا بەشی زۆری تۆوەکان لەلایەن کۆمپانیا وەحشیەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت، بەجۆرێک کە دەتوانێ بەرهەمێکی زۆر و باشت بداتێ، بەبێ ئەوەی تۆوەکەی بشێت بۆ بنەتۆو هەڵبگیرێت. ئەوەی کە بڕشتێکی زۆری هەیە، تەڵەیەک بوو، جوتیارانی دنیای تێکەوت.. زۆر جار دەوترێت، جەنگی عێراق و ئەفغانستان جەنگی تیرۆر و ئەتۆم نەبوو، تەنانەت جەنگی نەوت و کانزاش نەبوو، بەڵکو جەنگی کشتوکاڵ بوو، چونکە ئەو دوو وڵاتە تا باشترین ڕادە تۆوە ڕەسەنەکانیان تیادا مابوو.

ئێستا کە تۆوی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان وقوت و خۆراک لەدەستی کۆمپانیاکاندایە، زۆر ئاسان دەتوانێ یاری بە پاروەکەی دەمیشمانەوە بکات، وەک هاوڕێیەک نوسیبووی (کە کۆمپانیا خۆراکت بۆ دروست بکات، چاوەڕوان بە بەجۆرێک دروستی بکات، تا بۆ هەسکردنی پێویستی بە عیلاج بێت و ئەویشت پێ بفرۆشێت) وەک چۆن ئێستا لە زۆربەی وڵاتاندا هەم خواردن بەپارەیە و هەم گو کردن.

ئەو هەموو ئاگرەی کە لەساڵانی ڕابردوودا لە دەغڵ و دان و لێڕەوارەکانی کوردستان بەردەبوو، ڕاینەچڵەکاندین! بە ئاشکرا بە لە ڕێگەی فڕۆکە و باروتەوە گڕ لە پوش و پاوانەکان و دەغڵ و دان بەردەدرا و ڕانەچڵەکین! تەنانەت سوتاندنی سیی زەوی (دارستانە کەمەرەییەکان)لە ئەمەریکای لاتین بە ئاشکرا و بە ئانقەست بەڵگەی ئەوەن، هەزاران دەرمان لە بازڕدان بۆ بنەبڕکردنی سەوزی و گژ و گیای سروشی و بە پارە دەیکڕین و بەکاری دەهێنین!

بۆ دیقەتی ئەوە نادەن، دەرمانی چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی کشتوکاڵ کاریگەریان نیە، بەڵام دەرمانە قەڵاچۆکردنەکانی بژار و زیندەوەر تا خراپترین ڕادە کاریگەرن! ئەڵبەد دیارە کە ئامانجەکە چیە. ڕەنگە لە ماوەیەکی کەمدا ببینین کە ئەزمەی تۆڵەکە و تاڵشک و گۆزروانیش دروست ببێ و چاوەڕوانی کۆمپانیاکان بین پێمان بفرۆشنەوە.

تێکدانی ژینگە، ئامانجی سەرمایەداریە، لە تێکچوونی ژینگەدا بازاڕی سەرمایەگوزاری گەرمترە، ئەوەتا ئێستا ئۆکسجین کاڵایە.. ئاو کاڵایە، تیشکی خۆر کاڵایە، بەڵکو ژیانی مرۆڤ کاڵایە.

بڕینەوەی درەختەکان و ئاگرتێبەردانیان هیچ گومانێکی نەهێشتۆتەوە لەسەر ئەو ڕاستیەی کە ئامانج تەنها ئیبادەی بەشەر نییە لە دنیادا، بەڵکو ئیبادەی ژینگەشە، ئەوان باش دەزانن کە ئیبادە و شێواندنی مرۆڤ بەتەنها لە ڕێگای بۆمبەوە نیە، بەڵکو کاریگەرترین بۆمب شواندنی ژینگەی سروشیە.

باوەڕی تەواوم بەوەیە کە هەرچی لە سەرمایەگوزاریدا هەبوو، بەتایبەتی سەرمایەگوزاری کوردی، کە کلکی سەرمایەگوزاری تورکی و ئێرانین، پێچەوانەکەی بکەی دروستە.. بەدووری مەزانە ئەو کۆمپانیا تورکیانەی لە ڕێگەی کلکە بازرگانی کوردیەوە لە تورکیاوە شامپۆ دەهێنرێت بۆ هەرێم، خاوەنی چەندین کۆمپانیای قژ ڕواندنەوەش نەبن. لەمڕۆدا باشترین بازاڕ هی جگەرە و مەشروب نیە، بەڵکو داودەرمانی چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیانەی بەهۆی جکەرە و مەشروبەوە بڵاودەبنەوە بازاڕێکی گەرمتری هەیە..

(دواجار دوو ڕێگە هەیە و سێهەمیان نیە، یان ڕزگاربوون لە سەرمایەداری، یان مەرگ)

مەگەر نابینن ئەم مەکینەیە(سەرمایەداری) زیاتر لە هەر ئافات و پەتایەک بکوژە؟ ئەگەر سەرمایەداری کۆتایی پێنەهێنرێت، دڵنیام دەگاتە ئەوجی ترسناکی و گەورەترین بکوژی ناو مێژووی کەون دەبێت.