شاخەوان عەلی
22/05/2021
لە نەستی مرۆڤی هاوزەمانماندا، لە ڕوانگەی ئەفسانەی شارەوە، فۆبیایەک چێنراوە لەبارەی سروشتەوە، وەک وەحشەت و ئاشوبێکی گەورە تێگەیەنراون، کە تیایدا سەرما و گەرما و کارەساتی سروشتی و ململانێی سەختی ژینگەیی هەیە، یاسای دارستان و هێز و دڕندەیی حوکم دەکات، پڕە لە مار و دوپشک و ئەسپێ و کرم و قالۆنچە، شوێنی دواکەوتوویی و لادێیبوون و جەهل و نەزانیە.. خوڵقەتی مرۆڤ بەجۆرێک دەستکاری کراوە، ماڵی ڕاستەقینەی خۆیی لێ کراوەتە غوربەتێکی ترسناک. لە شەوی نوتەک دەترسێت، نەک لەو پیسبوونە ترسناکەی کە بۆ ڕوناکی فەنەرەکان ملیۆنان ماشێنی بەرهەمهێنی ژەهر ئیش پێدەکرێ، هەڵپەی مرۆڤ بۆ سەنتەری بە چیمەنتۆ سواغدراوی شارەکان پاڵەپەستۆی دروست کردووە، دەترسێت تەنانەت ئەگەر بکەوێتە گەڕەکەکانی کەناری چیمەنتۆ و قیر و هەرا و زەنا و پیس و پۆخڵی شارەوە..
دەترسێت بزانێ پۆڵکە و کنگر و پەڵپنە چیە، نەکا تێرمینی جەهل و دواکەوتوویی بەسەرا بسەپێ، کەچی بێ ترس سەری خۆی دەهاوێتە ناو ئەو موعەلەبە ژەهراویانەی مارکێتەکانی لێ تەژی کراوە، تەنانەت کار بەو ڕادەیە گەیشتووە سڵ لە گڕەو تیشکی خۆر بکەنەوە، نەک لەو هەوایەی کە بە ژەهری میسان و کاربۆن و قوڕقوشم بۆی سازگار دەکرێ..
ئەوەی تۆقێنەرە شارە، یاسا چەوسێنەرەکانتێتی، داهێنانە ژەهراویەکانێتی، قەتارەی ماشێن و کارگەکانی بەرهەمهێنانی ژەهری ترسناکن، چ مار و دوپشک و ئەژدیهایەکی حەوسەری ئەفسانەیی بەهێندەی واقیعی سەرمایەگوزاری بەدڕەوشتی شارەکان ترسناکە؟ تۆ ماڵت لای جبەخانەی باروتی سەربازەکان بێت، شەرمە لە هەورەبروسکە زەندەقت بچێ. تۆ کە بین بە شەربەت و پیپسی کۆلای ساختەوە دەێیت و ناترسی، چی وایکردووە جورئەت نەکەی لە کانیاوەکان بخۆیتەوە؟
پێویستە کاتێکی زۆر بەخۆت بدەیت تا ئەو هەموو تۆز و گەردەی سەر چاوانت دەسڕیتەوە و ئەو ڕاستیە ببینی کە بە چ ئەندازەیەک نامۆکراویت و ڕاستی و ناڕاستیت لێ ئاوەژوو کراوە.
ماوەیەکی زۆرە، هێندەی بۆم کرابێت خۆم لە پەتا و ژەهری شار دوور ڕاگرتووە، هەستدەکەم لە ماڵەوەم.
ماندوویەتیەکی زۆررر.. بەڵام چێژێکی زۆر.. لەبەر کار و دەستم لە خاکدا، زۆر نامپەرژێتە سەر بەکارهێنانی مۆبایل و تەکنیکەکانیش، لەم نزیکانە خانووی چۆڵی زۆر لێیە، هی ئەو خەڵکانەی جار جار بە ترسەوە دێن و بە پەلە چەند شیشێک گۆشت دەبرژێنن و نەرمەقوتی دەکەن و لێی هەڵدێنەوە ڕووە و شار.
بەجۆرێک ڕاهاتوومەتەوە لەگەڵ ئەم ماڵە ڕاستەقینەی خۆمدا، کە ئاستەمە بتوانم بەرگەی ژیانی شارەکان بگرمەوە، ئەزانم سەختە، ئەوەشی زۆر سەختی کردووە، ئەوەیە کە لەم ڕەوتەدا تەنهام.. قەلەندەرێکی تەواو.. ئەم ناوە هەموو شتێکی لێیە و مرۆڤ نەبێ، شەمەترێنکە و ژیژک و قەلەباچکە و کۆترە گاپەل و بەیبون و گوڵە خەزێم و کنۆڕ.. ئاوەدانیەکی ئێجگار گەورەی باڵندە و دار و درەخت و گژوگیا، ئەوەی لێرە نیە، ئەو مرۆڤانەن کە پێویستە لێرە بن، ئەگەرچی من لە سەدەیەک زیاتری پێش خۆم دەژیم، بەڵام ئەو مرۆڤانەی لێ نیە کە لەسەدەیەک پێشتر هەبوون.. ئەوانەی دڵساف و هاوسۆز و وەفادار بوون، ئەوانەی پێکەوە بەهەرەوەزی کارەکانیان دەکرد، ناو سروشت بۆ مرۆڤی تەنها تاقەت پڕوکێنە، چەند باش بوو کۆمەڵێ مرۆڤ لەم نزیکانە بوونایە، پێکەوە کارمان بکردایە و پێکەوە پشوومان بدایە، لە گویسەبانەکانەوە کاسە هاوسێمان ئاڵوگۆڕ بکردایە، شەوچەرە و گاڵتە و گەپی ئێوارانی بەر ئاگردان بیتریقاندینایەتەوە، لەبەر مانگەشەو یان جریوەی ئەستێرەکاندا گۆرانیمان بگوتبا، بەدیار چیرۆکی دڵداریە جوانەکانی لاوانی دێ وە حەسرەتزەدە بین، خۆزگە ژیان بەجۆرە ڕەسەنەکەی دەستی پێدەکردەوە، ژیان بێ حیزب و مشەخۆری سیاسی، بێ ژەهری ماشێنەکان، بێ شێواندنی جوانیەکانی سروشت، بێ پەڵپ و پارە، بێ چاوچنۆکی، بێ لاف و گەزافی بۆینباخ لەملەکان، بێ فەرمانبەرە وەڕزە کۆیلەکراوەکان، بێ ئاین و ئایدۆلۆژیا خوێناویەکان.. سروشت خۆی باشترین قوتابخانەیە، ڕامان لە هێلانەی پەرەسێلکەیەک لە قۆزاخەی کرمێک، وانەیە نەک تێڕامان لە باڵەخانەی هەوربڕی پڕ لە مرۆڤی خەسیوی شارەکان، ئێرە دەرمانخانەیەکی گەورەیە، نەک کۆگاکانی ساغکردنەوەی حەبی ئیکسپایەر و کیمایی بیمارستانی شار، فارماسۆلۆژی ئەوەتا لەناو ئەو ڕووبەرە سپیەی بەیبوندا، بایەلۆژیا لە ڕوانینی ئەوەوەیە کە ئێستا وەرزی جوتبوونی کیسەڵ و ژیژکەکانە، جیۆلۆجیا لەناو ئەم بەردانەدا تۆمارە، نەک لەو محازەرەیەی کە باوێشک دەدەی بەدیار ئوستازێکی بێ سەوادەوە..
شەکەتی کارم و پێی ڕاناگەم.. بەڵام بە بیماریە دەرونیەکانیش ڕاناگەم، بە هەڵمژینی ڕەساس و دوکەڵی پیسی شاریش ڕاناگەم.. دەزانم دوری خستوومەتەوە لە ئازیزانم، کەمتەرخەمی کردووم… ئەو ئازیزانەی کە پێویستە شەو و ڕۆژ لە تەکیان بم، بەڵام دەی دوورم لە جمەی حەشاماتێکی دەبەنگ و عەقڵ خەسیوی گەورەی شاریش..
لە پاش قۆناغی سروشتی ژیانی مرۆڤ، شارەکان گەورەترین تەڵە بوو کە مرۆڤی تێکەوت، کرایە هیۆمان زوو (باخچەی بەشەری-لەجێی باخچەی ئاژەڵان) مرۆڤ، وەک ئاژەڵەکانی باخچەی ئاژەڵان، وا قەناعەت پێکراوە کە لە باخچەی شار و دەوڵەت و سیاسەتبازیدا بەکەرامەتەوە دەژینرێت، بێ ئاگا لەوەی کە ژیانی لێ زەوتدەکرێ، کە بەسەر ژیان و ڕەنجیەوە تاڵان و مشەخۆریەکی شکۆشکێنەرانە دەکرێت.
ئەم ژیانە هی منە، بە مادوویەتیەکەشیەوە، مەحکومم بەوەی سەرما و گەرمای ماڵی ڕاستەقینەی خۆم قبوڵ بکەم، ئەوە درۆی خاوەن باخچەمرۆییەکانە، کە باخچە گەورەکەی سروشتی لێکردوویت بە دێوەزمە، ئەگینا… گەورەترین چێژ و دڵنیایی لە سروشتدایە. ئێمە لەو قەلمراوانە دەچین کە ساڵانێکە لە بیاباندا ڕادەهێنرێین و مەلەیان بیرچۆتەوە، لە ئەسپی سێرکەکان دەچین کە بیری نەماوە چۆن بە یەرغە و چوارناڵە غاردانی دەکرد، مرۆڤ لە شاردا لەمرۆڤبوون خرا، بەو هۆشە بیمارەیەوە، زەحمەتە لەوە تێبگا چەندە دڵارایە ژیانی ناو سروشت.