خۆپیشاندانەکانی یەکی ئایار لە بریتانیا و ئەوروپا:

02/05/2021

بە هاتنی یەکی ئایار لە بریتانیا و تەواوی ئەوروپا و دیارە لە زۆر وڵاتی دیکەش خۆپیشاندن کرا و یادی ئەو ڕۆژە کرایەوە، زۆرێكیش پیرۆزبایی لەو ڕۆژە خوێناوییە دەکەن کە 4 لە هەرە کرێکارە چالاکە سۆشیالیست/ ئەنارکیستەکانی تیادا گیرا و دوای ساڵێك هەڵواسران.

لە گەلێك لە شارەکانی بریتانیا خۆپیشاندانەکان بەردەوامبوون بەتایبەت لەندەن کە هەمیشە بەشی شێری خۆپیشاندان و پرۆتێستی ئەم وڵاتەی بەردەکەوێت.  خۆپیشاندانی لەندەن لەژێر دروشمی Kill The Bill بوو کە زۆربەی گروپە جیاکانی لەندەنی لەژێر دروشمی خۆیدا کۆکردۆتەوە بۆ پاشەکشەکردنی حکومەت لەو لائیحەیە کە هیچ جۆرە ئازادییەك نە بۆ تاك و نە بۆ گروپ و ڕێکخراوەکان ناهێڵێتەوە.  شایانی باسە کە کەس لەم خۆپیشاندانەدا لە لەندەن نەگیرا.

هاوکاتیش بزوتنەوەی Extinction Rebellion ، بەرگری لە مانەوە کە یەکێكە لە بزوتنەوە هەر گەورە و کاراکانی نەك بریتانیا بەڵکو جیهانیش لە چەند شارێک لە بریتانیا هەروەها لە چەند شوێنێکی جیاواز لە لەندەن خۆپیشانیان کرد دژ بە دەوڵەت گەرچی بەلێنی زۆری دا و پرسی ژینگە بە ئیمێرجنسی وەرگرت، بەلام هیچ هەنگاوێکی کردەییان بۆ نەناوە.  لەم ناڕەزاییەی دوێنێی ئەو بزوتنەوەیەدا 9 کەسیان دەستبەسەرکران ، کە یەکێك لەوانە ئەو کابرا تەمەن 38 ساڵەی کە بەشێکی پرد/ جیسرێکی لەندەنی بەناوی Tower Bridge گرتووە بە چەسپی دووقولی خۆی بە زەوییەکەوە لکاندووە وەکو لە وێنەکەدا دەینینن.

لە لایەکی تریشەوە لە وڵاتانی وەکو ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەلجیکا و ئیسپانیا و زۆر وڵاتی دیکەش خۆپیشاندان بەردەوام بوو.

لە بەرلین – ئەڵمانیا 5000 کەس هاتنە سەرشەقامەکان و بۆ ئەمەش 5500 پۆلیس لە بەرنابەریاندا دانران.  زیاتر لە 20 شاری تریش هەر لە ئەڵمانیا خۆپیشاندان کرا.

لە برۆکسل لە بەلجیکا خۆپیشادانی گەورە کرا و پۆلیس دڕندانە بەرەوڕووی خۆپیشاندەران دەبوەوە.

لە ئەستەنبول لە تورکیا هەمان شێوە خۆپیشاندان کرا، گەرچی یاساخە بەلام هەر کراو نزیکەی 200 کەس دەسگیر کراون بە بیانوی ئەوەی کە پرۆتێستی بی مۆڵەتیان کردووە.  بەڵام ئۆفیسی ئەستەنبول دەڵێت 212 کەس گیراون گوایە ئەمانە لە خۆپیشاندانە سەرکییەکە جیابونەتەوە بەرەو مەیدانی تەقسیم  ڕۆیشتون .

لە ئیسپانیا- مەدرید بە گوێرەی یاسا نابێت زیاتر لە 1000 کەس لە پرۆتێست و خۆپیشاندانا بن ،بەڵام دوێنی خەڵكانێکی زۆر چوونە سەر شەقامەکان 7 لە وەزیرەکان کە لە ناوایان وەزیری کار بووە بەشداریانکردووە کە داخوازییەکانیان لە ژێر دروشمی ” کاتی جێبەجێکردنە” و داخوازییەکانی نقابە کە خۆپیشاندانەکانی ڕێکخستبوو : هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتی ریفۆرم کە لە سای کۆرۆنادا کراوە، زیادکردنی کرێی لانی کەمی کار و پەسەندکردنی یاسای یەکسانی لە کرێ و مووچەدا.

لە فەرەنسا: زیاتر لە 200 شار خۆپیشاندانکراوە بە گوێرەی قسەکەری نقابە 200 هەزار کەس بەشداری کردووە کە 20 هەزاریان بە تەنها لە پاریسدا بووە بە ئامادەبوونی 5 هەزار پۆلیس،  34 کەس دەستبەسەر کراون . دروشمەکانیان هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەدەخەکردنی هاتوچۆی شەوانە، ڕاگرتنی ڕیفۆرمی کارکردن کە بریارە لە مانگی تەموزدا بخرێتە کار.