20/03/2021
لە کاتێکدا لە تورکیادا ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان دەکوژرێن تودووتیژییەکی زۆر بەرانبەر بە ژنان بەکاردەهێنرێت گەر چی دەیتایەك لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نیە بۆ ژمارەی کوژرانی ژنان لە تورکیا. بەڵام بە گۆێرەی دەیتای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سەدا 38 ی ژنان رووبەڕووی توندوتیژی لەلایەن مێرد و برادەر و خیزانیانەوە دەبنەوە لە بەرانبەر لە سەدا 25 ی ژنان لە ئەوروپادا.
لەگەڵ ئەوەشدا لەبری باشکردنی بارودۆخی ژنان لەوێ ئەردۆگان لەو پەیمانەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پرس و مافی ژنان و پارێزگاریکردن لێیان ، کە لەساڵی 2011 دا بوو بە ئەندم تیایدا لەم ڕۆژانەدا کشایەوە بێ ئەوەی هیچ هۆکارێك لە کشانەوەی خۆی بخاتە بەردەست، کە ئەمەش ئەوەندەی دیکە مەترسی لەسەر ژیانی ژنان زیاددەکات. هەر ئەمەشە کە پرۆتێستەکانی ژنان لەوێ بەردەوامە ، لەوانە پرۆتێستە گەورەکەی ڕۆژی جیهانی ژنان.
بەم کارەش ئەردۆگان ئەوەندەی دیکە ئەگەری چوونی تورکیا بۆ ناو یەکێتی ئەوروپای مەحاڵ کرد. تورکیا لە ساڵی 2005وە کاندیدە بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەورووپاوە بەڵام لە بەر ڕیکۆردی خراپی تورکیا سەبارەت بە مافی مرۆڤ و نزمی ستاندەری و جیاوازی سیاسەتی لەگەڵ ئەوروپادا ، تا ئێستا پاش 16 ساڵ هەر لە دەرەوەی ئەو یەکێتییە .
بێ گومان هەر تورکیا نییە کە لەو پەیمانە کشاوەتەوە بەڵکو وڵاتانی دیکەی وەکو پۆڵۆنیاش هەڕەشەی کشانەوە لەو پەیمانە دەکات.