ەوساوانی ناڕازی و ڕاپەڕیوی هەرێمی کوردستان
ئێمە کۆمەڵێک ئازادیخوازی کوردیی–زمان لە دەرەوە و نێوەوەی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هاودەنگیی و هاوپشتیی لە ناڕەزایەتییەکان، دەستە گرمۆڵەکانی ئێوە دەگوشین و سەری ڕێز بۆ گیانبەختکردووان و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەکان و سەلامەتی بۆ هەموو کەسە ناڕازی و ڕاپەڕیوەکان دەخوازین، هەر ئاوا هیوادارین لەنێو ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئێستا و داهاتوو کەمترین زیان تاکو ئاستی نەبوو بە بەرەی چەوساوانی ڕاپەڕیو بگات!
هاوڕێیان و هاوخەباتان، ئێمە وەک ئازادیخوازنێک هەرگیز ئەو مافە بە خۆمان نادەین و هیچ بەرنامە و چوارچێوەیەکی لەپێش–داڕێژراو و ئامۆژگاری بە ئێوە و بە هیچ کەسێك نادەین، چونکە بڕیاردان بۆ ئێوەیە، کە ئێستا دەرگیری بەدبەختییەکان و سەرکوتکارییەکان دەبنەوە، ئێمە بەس لە شوێنی ژیان و کاری خۆمان دەتوانین بڕیاربدەین و لەنێو ناڕەزایەتییەکان چالاکانە بەشداریبکەین و لە دەرەوەش لەنێو هاوپشتییەکان بەشداریبکەین و دەنگی ئێوە بە ئازادیخوازانی گۆشەکانی دیکەی جیهان بگەیێنین. پێشنیار و بڕیاردان و جێبەجێکردنی هەر شتێک ئەرکی کەسانێکە کە دەرگیری پرسەکانن، نەک کەسانی دەرەوەی چالاکییەکان.
ئێمە وەك کۆمەڵیک ئازادیخواز و سۆشیالیستی کوردیی–زمان لە هەر کوێی ئەم جیهانە دژی چەوسانەوە و ملهوڕیی سەرمایەداری و دەوڵەت و حزب و حکومەتەکان هەین و خۆمان بە بەشێک لە ناڕەزایەتییەکانی ئێوە و خەباتی شۆڕشگەرانەی هەموو چەوساوان دژ بەکۆمەڵی چینایەتی، دەزانین.
ئێمە لەنێو خۆنیشاندان و بەرەنگارییەکان و ڕاپەڕینەکان، شێوازی هاوپشتی و یەکێتی و هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی چەوساوەکان، لە دەرەوەی هەژموون و بازنەکانی دەسەڵاتداریی و بەڕێوەبەرایەتی سەروخەڵکیی، بە تاقە ڕێگەچارەی شۆڕشگەرانە دەزانین، هەم بۆ بچووکترین چاکسازیی و هەم بۆ لەنێوبردنی سیستمی چینایەتی و هەم وەک بەردی بناخەی بنیاتنانی ژیانێکی کۆمەڵایەتیی و هەرەوەزییانە و یەکسان!
ئێمە، ئاراستەی نەتەوەپەرستیی و ئایینیی و سەروەریی دەوڵەت و سەرمایەداران و یاسای حکومەتیی و پەرلەمانیی و دیکتاتۆریی و هەموو شێوازێکی سەروەریی هەندێک و کۆیلەبوونی هەندێکی دیکە و هەموو قاڵبسازییەکی ئایدیۆلۆژجیی و حیزبی و دەستەگەریی و دەستەبژێریی چ پارلەمانیی و و چ ناپارلەمانیی ڕەتدەکەینەوە و ئەو ئاراستە و بیرکردنەوانە بە تلیاکی سڕکردن و خۆشباوەڕکرانی چەوساوان دەزانین، کە لە پەنای ئەو شتانە دەسەڵاتداران و سەرمایەداران لە بەری ڕەنج و بەرهەمهێنان و لەسەر خوێن و ئێسك و پرووسکی ئێمەی چەوساوە دەژین و بە ملهوڕیی و دزیی و گەندەڵیی و سەرکوتکارییەکان درێژەدەدەن!
باشترین نموونەی زیندوو و ئێستایی بۆ سیستەمی ستەمکاریی، دەسەڵاتی حزبە جۆراو و جۆرە ئایینیی و نەتەوەییەکان و پەرلەمان و حکومەتەکەی ئەوانە، کە بە خۆشخەیاڵیی “دەسەڵاتی خۆماڵیی” چەوساوانی هەرێمی کوردستانیان لەخشتەبردووە و بیست و نۆ ساڵە لە پەنای ئەو دێوجامە ئایدیۆلۆجییانە، بە دزین و تاڵانکردنی داهات و سامانەکانی کۆمەڵگە، چەوساوانی هەرێمیان توشی کوشەندەترین نەهامەتیی کردووە.
ئێمە هەمووان شاهیدی ئەو نەهامەتیانە هەین و سەلماندنی ناوێت، کە سەرانی حزبەکانی کوردایەتی لە یەکەم ڕۆژی دەسەڵاتداربوونیان تاکو ئێستا کەوتوونەتە تاڵانکردن و ئاودیوکردنی هەموو کەرەستە و ئامرازەکانی خزمەتگوزاریی بەرهەمهێنان و تەنانەت لە دزینی تەلی کارەبا و تەلەفۆن و ..تد دەستیان نەگێڕاوەتەوە.
گشت نەریت و ڕێسا خێڵەکیی و ئایینیی و پیاوسالارییەکانیان زیندووکردنەوە، کە سەرەنجامەکەی دیاردەکردنی ژن–کوشتن بوو لە هەرێمی کوردستان. لە سایەی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەو حزبانە کوشتاری ژنان لەژێر ناوی پاراستنی شەرەف ئەنجامدەدرێت و لەلایەکی دیکەوە ناچارکردنی ژنان لەژێر باری هەژاریی بە پەنابردن بۆ سێکسفرۆشیی و پەرەسەندنی قومار و بەکاربردنی کەرەستە بەنگکەرەکان لەنێو لاوانی نائومێد پەرەپێداون و هەزاران ژن و پیاو گیرۆدە و ئالوودەی ئەو دیاردانە بوون، ئیدی با بەکوشتدانی هەزاران کەس لەنێو شەڕە نێوخۆیەکانیان و تیرۆرکردنی ناڕازییان و لەنێو ئەوانیش ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و چالاکانی تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی و ناچارکردن و ڕاونانی کەسانی دیکە بە ئاوارەبوون و گرتنەبەری ڕێگەی هات و نەهاتی پەنابەریی و پێشلەشکرییکردن بۆ سوپا و هێزی دەوڵەتانی ناوچەکە و تیرۆرکردنی نەیارانی حکومەتی ئێران و تورکیە لەو لاوە بمێنێت! ئەوە بێجگە لە ژاراوکردن و وێرانکردنی ژینگە و سرووشتیی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان و تاپۆکردنی بست بە بستی شاخ و گرد و دەشتی هەرێم لەسەر ئەندامانی سەرکردایەتی و بنەماڵەی سەرانی حزبەکان و تایبەتکردنەوەی کەرتە خزمەتگوزارییەکانی وەک خەستەخانە و شارەوانی و خوێندن و ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆ و …تد، کە سەرەنجامەکەی بێبەشکردنی ئەندامانی خوارەوەی کۆمەڵە لە سەرەتاییترین پێویستییەکانی ژیانی کۆیلەوارانەی کۆمەڵەکانی دیکە و هەڵتۆقینی قارچئاسای کۆمپانیی و کۆشک و باڵاخانە و تەنانەت ژیانە کولەمەرگییەکەی جارانیان لە خەڵکی چەوساوە کردووە بە خەون و بەهەشتی خۆزگەکان.
هەموومان ئەوە دەزانین و شاهیدین، کە چەوساوانی هەرێمی کوردستان هەرگیز لە بەرامبەر ئەو هەموو ستەمکارییە بێدەنگ نەبوون و هەنگاو بە هەنگاو و بەردەوام بە شێوازی جۆراوجۆری گونجاو ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە و لەو پێناوەش دەیان قوربانیان داوە. هاوکاتی ئەوەش سەرەڕای هاوار و ناڕەزایەتی ئەندامانی خوارەوەی کۆمەڵ، دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانی هەرێم هەر لەسەر کەڵەکەکردن سەرمایە و قازانج و پەرەدان بە بێبەشکردن و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکان بەردەوام بوون و تەنانەت ژیانی کولەمەرگییانەیان بە کەسانی بێدەسەڵات و نەدار ڕەوانەبینیوە.
هۆکارێک کە ئێستا ئێمەی ناڕازییانی بە شێوازێکی نوێ و باڵاتری تێکۆشان و وەستانەوە گەیاندووە، بەرەنجامی ئەزموونەکانی تێکۆشانی سی ساڵی ڕابوردووی خۆمانە، کە گەییشتن بووە بە ناسینی خۆمان وەک چەوساوە و ناسینی دەسەڵاتداران بە چەوسێنەر و پەیبردن بە شێوازێکی دیکەی خەباتی شۆڕشگەڕانە، ئەوەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابوردوو عەرشی دەسەڵاتدارێتی ستەمکارانی بە لەرزە هێناوە!
ئێمە وەک بەشێک لە ئازادیخوازان سەرەڕای هەر سەرنجێک، کە لەبارەی ئەو هەنگاوە تازانە و لەبارەی شێوازی خۆنیشاندان و ڕووبەڕووبوونەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابوردوو هەمانێت، ئەو هەنگاوانە لە خۆمان و لە ئێوە بەرز ڕادەگرین و دەیانکەین بە ئەزموون بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو و ئەم ڕاپەڕین و هاتنەمەیدانە لە بەرامبەر ملهوڕیی دەسەڵات و هەموو هێزە مفتەخۆرەکان و پارێزەرانی سیستەمی چەوسانەوە وانەیەکی مێژووییە بۆ تێکۆشەران و بەرگرتن لە هەر کەس و لایەنێکی دەسەڵاتخواز کە خوازیاری بازرگانیکردن بە ڕابوردوو و ئێستای تێکۆشانی چەوساوان بێت و بیخاتە سەرمێزی دابەشکردن و وەرگرتنی پشکی دەسەڵات و سەرمایە، ئێمە ئەو بەرەنگارییە بە هەنگاوێکی هوشیارانە دەزانین و وانەیەکی نوێی تێکۆشان بە ئێمە دەبەخشێت.
جارێکی دیکە دووبارەی دەکەینەوە، ئێمە خۆمان بە بەشێک لە ناڕەزایەتی و تێکۆشانی ئێوە دەزانین و بە هەموو شێویەک لە تێکۆشان بۆ ڕەتکردنەوەی هەوڵی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان، پشتیوانی دەکەین و بەو پەڕی توانا و ورە و وزەی خۆمان لە بەرپاکردنی کۆبونەوە گشتییەکانی شوێنی کار و ژیان وەک ئامرازی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی جەماوەر و خۆڕێکخستنی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی بۆ بەدیهێنانی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی و هەرەوەزی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی پشتیوانیدەکەین، کە ویست و بڕیاردانی ڕاستەوخۆی هەموو ئەندامانی کۆمەڵ وەک ئەرك و ماف و ئازادی و یەکسانی هەمووان بەرجەستەبکات، وەک ئامانجی خۆمان لەبەرچاوی دەگرین و خۆمان لە هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە بەشدار و هاوبەش دەزانین و بە هەر شێوەیەك بۆ ئێمە بلوێت، خۆبەخۆ و خۆبەخشانە بەشدار و هاریکار دەبین!
هاوکات و سەرەڕای ئەو شتانە، وەک سەنگەرێکی بەهێزی خەباتی چەوساوان نابێت ئەوە لەبیربکەین، کە ناڕەزایەتی و تێکۆشان و بەرەنگاری ئێمە، هەمان ناڕەزایەتی و تێکۆشان و بەرەنگارییە، کە لەلایەن هاودەرد و هاوچینەکانی ئێمە چەند ساڵ و مانگە لە باشووری عیراق و ئێران و تورکیە و لوبنان و مەغریب و پاکستان و چیلی و برازیل و کۆمەڵەکانی ئەفریقا و ئەمەریکا و ئۆروپا و ..تد ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو ڕاپەڕینی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی دەڕوات و هەڵوەشاندنەوەی سەروەریی چینایەتی و سیستەمی سەرمایەداری نیشانەدەگرێت، لێرەوە هاوپشتی و سڵاوی هاوڕێیانی ئازادیخوازی گۆشەکانی دیکەی جیهان بە ئێوە دەگەیێنین و هاوکاتیش گەیاندنی ڕۆژ بە ڕۆژی هەواڵ و چالاکییەکانی ئێوە بە ئازادیخوازانی شوێنەکانی دیکە بە ئەرکی سەرەکیی خۆمان دەزانین.
گفتوگۆی ئازادیخوازان (گفتوگۆی هەفتانەی ئینتەرنێتی)
https://facebook.com/groups/AZADIXUAZAN
فۆڕومی ئەنارکیستان لە سلێمانی
www.facebook.com/Sulaimanyah.Anarchist.Forum
فۆڕومی ئەنارکیستانی کوردیی–زمان
https://facebook.com/anarkistan.net
ڕێکەوت : ١١ی دێسەمبەری ٢٠٢٠