خۆپیشاندانەکانی بەلەڕوس بەرەو کوێ؟
زاهیر باهیر
20/08/2020
لە ڕۆژی 09/08 وە ، ڕۆژی ڕاگەیاندنی براوە و دۆڕاوی هەڵبژاردنەکەی ئەوێ خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەسەر شەقامەکانی شارەکانی زیاتر لە 33 شاری، دەستیپێکرد دژ بە براوە، ئەلێکسەندرا لوکاشینکا کە لە سەدا 80 دەنگەکانی گوایە بە ساختە بردۆتەوە ، بەرانبەرەکەشی سیڤێتلانە کە سەرۆکی حیزبی موعارەزەیە و ئیستا هەڵهاتووە بۆ وڵاتی لیتوانیا گوایە تەنها لە سەدا 10 بۆ 20دەنگەکانی هێناوە.
خۆپیشاندانەکان لەم ڕۆژانەی دواییدا کاراییتر بوون بەتایبەت دوای ئەوەی کە هەندێک لە کرێکارانی کارگەکان و میدیای دەوڵەتیی، هاوپشتیان لێکردون بە مانگرتن لەسەر کار. گرانە لە ئێستادا پێشبینی چارەنوسی ئەم خۆپیشناندانانە بکەین بەڵام لەبەر ئەوەی کە لەوە دەکات ببێتە ململانێیەکی گەورە لە نێوانی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژاوا و ئەمەریکا لە لایەك و ڕوسیا لە لایەکی دیکە، زیاتر ڕەنگە بەرەو جۆرێك لە صوڵح و ئاشتەواییەك و بەلێن بۆ داهاتوو کۆتایی بێت.
لوکاشینکا ئەوە بۆ 26 ساڵی تەواوە لەسەر تەختەو زۆر نزیکە لە ڕوسیاوە . بەلەڕوسی-ش وەکو زۆرێك لە وڵاتانی دیکە ئازادیی و ڕادەربڕینی تیادا قەدەخەیە.
لوکاشینکا لە ساڵی 2011 دا زۆرێك لە دەزگە و کەرتە دەوڵەتییەکانی بە بڕی 6.86 ملیار پاوەندی ئەو کاتە، فرۆشت. Beltransgaz کە نێتوەرکی بۆری نەوتی بەلەروسیایە فرۆشت بە کۆمپانیای گاسڕووم کە کۆمپانیای غاز و نەوتی سەر بە دەوڵەتی روسیایە، ڕوسیا زۆرێك لە سامانە پیشەسازییەکانی بەلەڕوسی کڕیوە.
هاوکاتیش لۆکاشینکا لە هێڕشکردنە سەر کرێکاران و دانیشتوانی ئاسایی درێغی نەکردوە، هێڕشەکانی بۆ سەر کرێ و موچە و موچەی خانەنشینکراوان و بە بەڕێکردنی سیاسەتی دەستگرتنەوە [ تەقەشوف] . وردە وردە جەماوەرێتی کە لە نزمبوونەوەدا بوو ئەوەندەی تریش نزمبووەوە کاتێك کە وتی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاستیی نییە و ئامۆژگاری خەڵکی دەکرد کە ڤۆدگا بخۆنەوە و بچنە سۆنەوە ئیتر ڤایرۆسەکە کارایی نابێت و نکوڵی لە ماوەی بەینی خەڵکی لە ڕێکردن و کارکردنا دەکرد [ سۆشیال دستانس] .
لە جەمسەرەکەی ئەو سەریشەوە داخوازییەکانی سڤێتلانە-ش ئەمانە بوو : هەڵبژاردنی ئازادانە و ڕەوایانە، دیمۆکراتیی ، بەردانی هەموو بەندییە سیاسییەکان، دوورکەوتنەوە لە ڕوسیا و کەمکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی وڵات تەنها بۆ 2 جار . هاوکاتیش موعارەزەکانی دیکە ، وەکو : Babaryka و Tsepkalo کە ئەمان لەتەك بازاڕی ئازاد-دان . ئەم دوانە و حیزبەکانیان ڕاستڕەون، هاوپشتی و کۆمەکیان لە لایەن ئەوروپا و ئەمەریکاوە پێدەکریت .
بەهەحاڵ بارودۆخی بەلەڕوس بە چڕبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر خراپتر بوو گەرچی جارەسەری خەستەخانە بە بەلاشە لەوێ بەڵام شتەکانی دیکە هەمووی بە پارەیە. بۆ نموونە بۆ پشکننیی کۆرۆنا پارەیەکی زۆر بدەیت ، لە کاتێکدا کە حکومەت لە لایەکەوە نکوڵی لە کۆرۆنا دەکرد و لە لایەکی دیکەشەوە بە پاساوی نەبوونی پارە لە خەزێنەدا زۆر کەمی سەرف دەکرد، بە هۆی ئەمەوە خەڵکی لە زۆر بواردا خۆیان هەندێك دەسگەیان نانێوەندێتی کرد بۆیە بەشێك لە بزنسە بجوکەکان و کۆفی شؤپ و چێشتخانە بچوکەکان بە هاوکاری کرێکاران و هاووڵاتیان خواردنیان بۆ دکتۆر و کارمەندانی خەستەخانەکان دروستدەکرد، تەکسییەکانیش بە بەلاش بۆیان دەبردن . لە 15 مانگی حوزەیرانیشدا هاووڵاتیان هەستیان دەکر کە ئاوەکەیان چی دی پاك نییە بۆیە داوایان لە بەشی ئاو کردکە چارەسەری ئەو کێشەیە بکات، بەڵام ئەوان دەیانوت کە زۆر پاکە ، هەر ئەمەش خەڵکەکەی هاندا بۆ کاری هەرەوەزیی و بە هەرەوەزی ئاوەکەیان پاککردەوە. لە زۆر بواری دیکەدا زۆر شت بە هەرەوەزی لە لایەن خەڵکییەوە دەکرا ، بەڵام بە هاتنی هەڵبژاردنەکە ئەو پرسانەی بردە دواوە و ئێستا خەڵکی داخوازیی سیاسییان هەیە
هەڵوێست لە خۆپیشاندان و مانگرتنی کرێکاران :
بێ گومان داخوازییەکانی خەڵکی ڕەوایە و هاووڵاتیان شایستەی ئەوەن کە لە دیکتاتۆرێکی 26 ساڵەیی ڕزگاریان بێت و ژیانێکی باشتر و شایستەتریان هەبێت . هەر لەبەر ئەمەش چەپ و کۆمۆنیست و سۆشیالیست و ئەنارکیستەکان هاوپشتییان دەکەن هاوکاتیش دەزانن کە ڕەنگە حکومەتی ئایندەش لەبەرانبەر هاووڵاتیانا لەمەی ئێستا باشتر نابێت بۆیە ئەنارکیستەکان خاوەنی بەرنامە و پرۆژەی خۆیانن لە هاوشانی خۆپتیشاندەران و کرێکارە مانگرتووەکانا وە بە هاوپشتی و هاوکاری لەخۆنەبڕاوانەیان بەشداری ناڕەزاییەکانی خەڵکی دەکەن .