نامەیەكی پرۆدۆن بۆ هەندێك کرێکار لە پاریس و ڕویۆن*
و: زاهیر باهیر
هاووڵاتیان، برادەران:
ئەم کارە لە ئێوەوە ئیلهامی وەرگرتووە و هەر بۆ ئێوەشە.
دە مانگ لەمەوبەر پرسیارتان لێکردم کە ڕام سەبارەت بە مانیفێستی هەڵبژاردنەکەی کە لە لایەن شەست کرێکاری سییەن -ەوە، Seine ، بڵاوکرایەوە، چییە. بەتایبەتی ویستتان بزانن ئایا پێویستە ئەگەر دوای هەڵبژاردنەکەی 1863 کە دەنگتان نەهێنا، لەسەر هەمان هێڵ دەکرێت بەردەوام بن، یاخود ئەگەر بە هۆکاری بارودۆخەکە، مۆڵەتتان پێدرا و ئێوەش هاوکاریتان کردو کارایتان لەسەر کاندیدکردنی هاوڕێیەك هەبوو، ئایا شایانی هاوکاریمانە.
ناکرێت گومانێك هەبێت سەبارەت بە بۆچوونەکانم لەسەر ئەو فکرەی کە لە مانیفێستەکەتانا هاتبوو، هەر بە گەیشتنی، بە ڕاشکاوانە بۆچوونی خۆمم لەسەری، دەربڕی. بەدڵنیاییەوە من خۆشحاڵ بووم بە هەستانەوەی سۆشیالیزم: کێ لە فەرەنسا مافی دڵشادبوونی زیاتری لە من بەم هەواڵە هەیە؟ من هاوڕا بووم لەتەك ئێوە و شەست کەسەکەی دیکە کە چینی کرێکاران نوێنەرایەتی ناکرێت کە ئەوەش مافێكە و دەبێت بیبێت، کەواتە چۆن دەبێت بە جۆرێكی دیکە هەست بکەم؟ ئەگەر ئەوە شیاوی کردن بێت، ئایا ناکرێت ئەمڕۆ نوێنەری چینی کرێکاران، هەبێت، هەر وەکو چۆن لە ساڵیی 1848 دا بوو، کە دڵنیابوونەوەی فەرمی بوو لە سۆشیالیزم لە دیدی سیاسی و ئابوورییەوە؟
لە نێوانی ئەمە و بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکانا کە پابەندە بە هۆشمەندی دیمۆکراسیی و مەبادیئەکانی و ئایندەیەوە، هاووڵاتیان: بۆشاییەك هەیە کە من لە ئێوەم نەشاردۆتەوە. دەتوانم سڵەمینەوەکانی خۆمی بۆ زیاد بکەم کە لە لایەن ئێوەوە بەخێرهاتنی لێدەکرێت کە لە کاتێکیشدا لە ڕێگای ئەزموونەوە پشتڕاستکراونەتەوە.
کەواتە دیمۆکراسی فەرەنسی خەریکی چییە و چی دەکات، کە سەردەمێك پاك و مایەی شانازی بوو، بە گوێرەی قسەی چەند تەماحبازێك پێشبینی ئەوە دەکرا کە لە ڕێگای بەکارهێنانی سوێندی درۆوە دەتوانرێت لە سەرکەوتنێکەوە بەرەو سەرکەوتنێكی دیکە بروات؟ ئێمە چ سەرکەوتن و دەسکەوتێکمان بەدەستهێنا؟ لە ڕێگای چ ئایدیایەکی نوێ و بەهێزەوە سیاسەتەکانمان ئاشکرابوون و کەوتنە ڕوو؟ لە هەژدە مانگی ڕابوردووەوە چ سەرکەوتنێك لە لایەن ئەوانەی کە بینرا بە وزەوە بەرگرییان لێکردوین، یاخود چ پاداشتێکی زمانشیرینیان دراوەتەوە؟ ئایا ئێمە شاهیدی بەزین و شکستییان نەبوین؟ هەڵنەخەڵەتاین بە پەڕلەمانتارەکانیان، نەمانبینین کە نزیکەی هەموو پرسیارەکانیان لە لایەن وتەبێژەکانی حکومەتەوە بێ وەڵام مانەوە؟ هەروەها کاتێك کە لەبەر تاوانەکانیان کە بە بێ هەبوونی مۆڵەت کۆمەڵەیان [ جەمعییە] پێکهێناوە یاخود کۆبوونەتەوە، بۆ دادگا بران، لەوێشدا دەبوایە خۆیان لەبەردەم وڵات و ئەوانەشی کە لە دەسەڵاتا بوون، بەیانبکردایە، سەرسام نەبوون بەو شەرعییەتەی شانازیان پێوەدەکرد کە وەرگێڕەکانیشیان هەر وابوون؟ ئەمە چ جۆرە پیلانێکی قێزەوەندانەیە ! چ بەرگرییەکی قیزەوەندانەیە! من ئەمە بۆ ئێوە بەجێدەهێڵم کە حوکمی لەسەر بدەن. …..دوای کردنی چەند دیبەیتێك بە دەنگی بەرز ئایا دەتوانین نکوڵی ئەوە بکەین کە لە دڵ و دەروونی نوێنەرەکانمانا هیچ ئایدیایەك، مەیلێك، یاخود سیاسەتێك لە سیاسەتەکانیان هەبووبێت، جگە لە ئایدیا و مەیل و سیاسەتەکانی حکومەت؟
هەروەها، سوپاس بۆ ئەوان، ئێستا بابەتی دیمۆکراسیی لاوە، هەروەك چۆن جاران لیبرالیزمی کۆن بوو، دوو قوتابخانە هەبوون کە لە هەوڵی لێکدان و نزیکبوونەوەدا بوون کە دەبێ زۆر لەخۆمان بکەین بۆ هاوتاکردنیان: هەموو خەڵك لە خۆ دورخستنەوەن لە هەردوو لایان. وتەیەك هەیە کە دەڵی، راستیی، ماف و سەربەستیی، نە لە سەر ئەملان، نە لە سەر ئەوی تر.
کەواتە ئەمە بابەتێکە و ئاشکراکردنی بۆ دونیا لەڕێگای هێنانەوەی بەڵگەی ڕاسستیەوە کە ئایدیاکە و دروستیی خودی ئایدیاکان بۆ خەڵکانی مۆدیرن، زەروورییە بۆ بە شەرعیکردنی تەماح و ئارەزوویەکی ڕیفۆرمکارانە و هەروەها مافیان لە باڵادەستیی و سەروەرییشدا. ئایا مافی گشتی دەنگدان ڕاستییە یاخود حیکایەتێکی خەیاڵییە؟ دووبارە جارێکی تر ئەمە مەسەلەیەکە سنوری بۆ کێشراوە، هەروەها ئەوەش ئاشکرایە کە وێڕای پرسی کار زۆر کەمیان بە جددی وەریدەگرن.
ئەمە گرفتی ڕوونکردنەوەی دیمۆکرسییە بۆ چینی کرێکاران، کاتێك کە پارتی دەچێتە ژیانی سیاسییەوە کە چی ڕوودەدات، هاوکاتیش هۆشمەندی کافی نە بۆ خۆی و نە بۆ ئایدیاکانی نییە و دەنگیان داوە بەو ناوانەی کە نوێنەرایەتیان ناکەن. کاتێك کە چینی باڵادەست ئاڕاستەی خۆی لە بزوتنەوەکەدا لە دەستدەدات، ئەوە کاری ئەوانەی خوارەوەیە کە لە دەستی وەرگرێت، کە ئەوەش نەکرا ئەوە دەگەیەنێت کە خەڵکێك کە توانای نوژەنبوونەوەی خۆی لە ڕیگای مێتودی بەیەکدواداهاتنی مانەوەیەوە نەبێت، ئیتر خۆی دووچاری مردن دەکات. ئایا دەتوانم بوێریی ئەوەم هەبێت کە بڵیم ئەوە گرفتی ڕەشە خەڵکەکەی فەرەنسایە کە تێبگەن ئەگەر لە ساڵی 1869 بچوایە بە مێشکیانا، ئایا دووبارەی برانەوەی جەنگێك بۆ بەرژەوەندی بەڕیوەبەرەکانیان، دەکرا؟ هەر وەکو لە ساڵی 1863-1864 کرا، ئایا ڕزگاریی، ئازادیی بۆ نیو چەرخ دوائەخرا؟
برادەرانم گومان لەوەدا نییە، دەربڕینی ئەو ناڕەزاییە کە لە ڕێگای بە بە بەتاڵی خستنی وەرەقەی هەڵبژاردنەوە بۆ ناو صندوقەکان، ئەنجامدرا، زۆر بە کەمی تێگەیشتنی لێکرا و هەژارانەش مەبەستەکەی دەركپێکرا ….. بەڵام ئەمە بەرچاوکەوتنێکی ڕەهایە لە ناهاوجوتێتی یاخود لە ناڕێکێتیی لە نێوانی سیستەمێکی بەسەرچوو و ئارەزوومەندترین هیواو تەماحمانا، ئەم فیتۆ کۆمەڵایەتیەی ڕەتکردنەوە کە لە لایەن ئێمەوە دژ بە کاندیدە قێزەوەنەکان، کرا، ئەمە شتێکی کەمتر نییە لە بانگەشەکردنی نەزمێکی نوێ لەشتەکان یاخود بە ئاگاهاتنەوەمان و دەرککردنمان بەوە کە ئێمە پارتی ماف و ئازادیین و کارێکی ڕێزدار و جددیە لە چوونە ناو ژیانی سیاسیانەمانەوە. لەمەش زیاتر بوێریی وتنی ئەوەم هەیە کە بڵێم دونیای کۆن ئیشارەتی ئەوەی داوە و لە ڕمانی حەتیمیدایە.
…………………………………..
*بەداخەوە کە ئەم نامەیە هیچ بەروارێکی لەسەر نییە و نازانین پرۆدۆن کەی نوسیوێتی . وەرگێڕ