دژی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچە کورد نشینەکان
ئێمە نەك هەر دژی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیەین، بەڵکو دژی هەموو چارەسەرێکی چەکدارین، بێجگە لە بەرەنگاریکردن و لە خۆ داکۆکیکردن و پاراستنی مافە سرووشتیی و گەردوونیی و کەسییەکانی خود بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان، لەبەر ئەوە ئێمە وەک ( یانەی ئازادیخوازانی کوردیی-زمان لە فەیسبووک ) دژی هەموو کوشتارێک دەبین و دژی هەموو جووڵە و کردار و بڕیارێک دەبین، کە دژ بە ئاسایش و ئازادیی مرۆڤەکان بێت. ئێمە ژیانێکی ئاسوودە و یەکسان بۆ هەموو مرۆڤەکانی سەر گۆی زەمین خوازایارین.
لەم کاتەدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ سەر گشت کۆمەڵەکانی جیهان بە گشتی، هەڕەشەیە، دەوڵەتی تورکیە دژ بە خەڵکی بێتاوانی ناوچە کوردنشینەکان و ژینگە و داهات و مەڕ و مەڵاتیان هیرشێکی سەربازیی دەستپێکردوە ، ئەوە لە کاتێك نە کوردان وەک خەڵکی سڤیل دەتوانن و نە هێزە سیاسیەکانیش دەیانەوێت بەشێك لە هێزی بەرەنگاریکردن بن و لە ڕاگرتنی تەرازووی چاوچنۆکیی و ستەمی ئابووریی و کولتووریی و سیاسیی جیهانیی و یەکلاکردنەوەی کێشەکان بە شێوەیەك لە شێوەکان ، ئێمە وەك چۆن دژی کوشتنی هاوڵاتییەکی ڕەشپێستی ئەمەریکا لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتی ئەمریکا دەبین، یان دژی هەڵگیرساندنی هەموو شەڕێك و لەشکر کێشیەکی نێوان هند و چین و ئەمەریکا و ئێران و نێوان هەردوو کۆریا دەبین.. هەر ئاواش لە ئاستی جیهان و لە خۆرهەڵاتی ناوین و هەرێمی کوردوستان دژ بە هەموو لەشکر کێشیەك و هەموو سەرکوتکردنێکی ئازادییەکان، خوازیاری پاراستنی بنەماکانی پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستیی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی هەین. پاکتاوکردن و بەزاندنی سنووری ژیانی تاك و کۆمەڵ دەبێت هێڵی سور بێت و نابێت بە ملهوڕیی دەوڵەتان و هێزە میلیشیاییەکان بواربدرێت، کە ئازادی و ئاساییشی خەلک لەنێوبەرن.
ئەوەی ئێستا لەبەر چاوی هەموو جیهان ڕوودەدات، زوڵمێکی هێجگار گەورەیە، کە دەوڵەتی تورکیە ماوەی چەند ڕۆژێکە هێرشێکی بەربڵاوی بە ناوی (چنگی هەڵۆ و چنگی پڵنگ ) دژ بە خەڵكی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە. ئێمە وەک کۆمەڵێک ئازادیخواز، بەس وەك کوردیی-زمانێک نا، بەڵکو وەك مرۆڤی سەربەخۆیخواز دەمانەوێت بە خۆمان و جیهان بڵێین ، ژیانی پڕ لە ئارامیی و ئاسایی کۆمەڵەکان لە گڕی لوولەی تفەنگەکانەوە سەرچاوەی نەگرتووە و هەرگیز سەرچاوە ناگرێت. بەڵکو لە پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیی و هارمۆنی و دانانی سەنگ و بەها بۆ یەکدی بەدیدیهاتووە و دێت.
لە کۆتایی ئێمە لە هەموو ئازادیخوازێک خوازیار دەبین، با هەموومان لە تێکۆشان و هەڵمەتی وەستاندنی هەموو لەشکرکێشیەک و هەموو کردەیەکی چەکداریی هەموو لایەک دژ بە ڕۆڵەکانی ئەم ناوچەیە بەشداربین؛ بەتایبەتی لەشکرکێشی نابەرابەری سەربازیی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر خەڵكی بێتاوانی ناوچە کوردنشینەکان و گوندە سنوورییەکان.
ئێمە جارێکی دیکە وەک بەشێک لە ئازادیخوازانی جیهان و خەڵکی سڤیل و بێچەک و سەرکوتکراو، ڕایدەگەیەنین، لە بەرانبەر لەشکرکێشیی دەوڵەتان، بێجگە لە خۆنیشاندان و مانگرتن و گرتنی سڤیلیانەی سنوورەکان، دەتوانین گەورەترین چەکی کارای ئەم سەردەمە، کە بایکۆتکردنی کڕینی کاڵا و خواردنی تورکیە، بایکۆتکردنی میدیا و زانکۆ و فێرگە تورکییەکان، بایکۆتکردنی گەشتکردن بۆ تورکیە بەشێکن لە بایکۆتی گشتیی، تاقە هێزی فشاری خۆخۆیی خەڵکە و تەنانەت لە پاڵ فشاردانان لەسەر کۆمپانییە تورکییەکان و دەوڵەتی تورکیە، کە هەرێمی کوردستان گەورەترین بازاری سەرمایەدارانی ئەو وڵاتەیە، بایکۆتکردن دەتوانێت دەسەڵاتدارانی هەرێم و دەوڵەتی عیراق و کۆمپانییە جیهانییەکانیش بخاتە ژێر فشاری داخوازییەکانی خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان و عیراق.
ئێمە لە ھەموو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی جەماوەریی خەڵکی باشوور دژی لەشکرکێشی و داگیرکاریی ڕژێمی تورکیە و ھەروا دژی سەرکوت و ستەمکاریی حکومەتی ھەرێم لە خەڵکی سڤیل و دژی شەڕ، پشتیوانیدەکەین.
یانەی ئازادیخوازان
(www.facebook.com/groups/AZADIXUAZAN)
١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٠