دژی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچە کورد نشینەکان

 

دژی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچە کورد نشینەکان

ئێمە نەك هەر دژی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیەین،  بەڵکو دژی هەموو چارەسەرێکی چەکدارین، بێجگە لە بەرەنگاریکردن و لە خۆ داکۆکیکردن و پاراستنی مافە سرووشتیی و گەردوونیی و کەسییەکانی خود بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان، لەبەر ئەوە ئێمە وەک ( یانەی ئازادیخوازانی کوردیی-زمان لە فەیسبووک ) دژی هەموو کوشتارێک دەبین و دژی هەموو جووڵە و کردار و بڕیارێک دەبین، کە دژ بە ئاسایش و  ئازادیی مرۆڤەکان بێت.  ئێمە  ژیانێکی ئاسوودە و یەکسان بۆ هەموو مرۆڤەکانی سەر گۆی زەمین خوازایارین.

لەم کاتەدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ سەر گشت کۆمەڵەکانی جیهان بە گشتی، هەڕەشەیە، دەوڵەتی تورکیە دژ بە خەڵکی بێتاوانی ناوچە کوردنشینەکان و ژینگە و داهات و مەڕ و مەڵاتیان هیرشێکی سەربازیی دەستپێکردوە ، ئەوە لە کاتێك نە کوردان وەک خەڵکی سڤیل دەتوانن  و نە هێزە سیاسیەکانیش دەیانەوێت بەشێك لە هێزی بەرەنگاریکردن بن و لە ڕاگرتنی تەرازووی چاوچنۆکیی و ستەمی ئابووریی و کولتووریی و سیاسیی جیهانیی و یەکلاکردنەوەی کێشەکان بە شێوەیەك لە شێوەکان ، ئێمە وەك چۆن دژی کوشتنی هاوڵاتییەکی ڕەشپێستی  ئەمەریکا لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتی ئەمریکا دەبین، یان دژی هەڵگیرساندنی هەموو شەڕێك و لەشکر کێشیەکی نێوان هند و چین و  ئەمەریکا و ئێران و نێوان هەردوو کۆریا دەبین.. هەر ئاواش لە  ئاستی جیهان و لە خۆرهەڵاتی ناوین و هەرێمی کوردوستان  دژ بە هەموو لەشکر کێشیەك و  هەموو سەرکوتکردنێکی ئازادییەکان، خوازیاری پاراستنی بنەماکانی پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستیی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی هەین.  پاکتاوکردن و بەزاندنی سنووری  ژیانی تاك و کۆمەڵ  دەبێت هێڵی سور بێت و نابێت بە ملهوڕیی دەوڵەتان و هێزە میلیشیاییەکان بواربدرێت، کە ئازادی و ئاساییشی خەلک لەنێوبەرن.

ئەوەی ئێستا لەبەر چاوی هەموو جیهان ڕوودەدات، زوڵمێکی هێجگار گەورەیە، کە دەوڵەتی تورکیە ماوەی چەند ڕۆژێکە هێرشێکی بەربڵاوی بە ناوی (چنگی هەڵۆ و چنگی پڵنگ ) دژ بە خەڵكی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە.  ئێمە  وەک کۆمەڵێک ئازادیخواز، بەس وەك کوردیی-زمانێک نا، بەڵکو وەك مرۆڤی سەربەخۆیخواز دەمانەوێت بە خۆمان و جیهان بڵێین ، ژیانی پڕ لە ئارامیی و  ئاسایی کۆمەڵەکان لە گڕی لوولەی تفەنگەکانەوە سەرچاوەی نەگرتووە و هەرگیز سەرچاوە ناگرێت. بەڵکو لە پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیی و هارمۆنی و دانانی سەنگ و بەها بۆ یەکدی بەدیدیهاتووە و دێت.

لە کۆتایی ئێمە لە هەموو ئازادیخوازێک خوازیار دەبین، با هەموومان لە تێکۆشان و هەڵمەتی وەستاندنی هەموو لەشکرکێشیەک و هەموو کردەیەکی چەکداریی هەموو لایەک دژ بە ڕۆڵەکانی ئەم ناوچەیە بەشداربین؛ بەتایبەتی لەشکرکێشی نابەرابەری سەربازیی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر خەڵكی بێتاوانی ناوچە کوردنشینەکان و گوندە سنوورییەکان.

ئێمە جارێکی دیکە وەک بەشێک لە ئازادیخوازانی جیهان و خەڵکی سڤیل و بێچەک و سەرکوتکراو، ڕایدەگەیەنین، لە بەرانبەر لەشکرکێشیی دەوڵەتان، بێجگە لە خۆنیشاندان و مانگرتن و گرتنی سڤیلیانەی سنوورەکان، دەتوانین گەورەترین چەکی کارای ئەم سەردەمە، کە بایکۆتکردنی کڕینی کاڵا و خواردنی تورکیە، بایکۆتکردنی میدیا و زانکۆ و فێرگە تورکییەکان، بایکۆتکردنی گەشتکردن بۆ تورکیە بەشێکن لە بایکۆتی گشتیی، تاقە هێزی فشاری خۆخۆیی خەڵکە و تەنانەت لە پاڵ فشاردانان لەسەر کۆمپانییە تورکییەکان و دەوڵەتی تورکیە، کە هەرێمی کوردستان گەورەترین بازاری سەرمایەدارانی ئەو وڵاتەیە،  بایکۆتکردن دەتوانێت دەسەڵاتدارانی هەرێم و دەوڵەتی عیراق و کۆمپانییە جیهانییەکانیش بخاتە ژێر فشاری داخوازییەکانی خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان و عیراق.

ئێمە لە ھەموو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی جەماوەریی خەڵکی باشوور دژی لەشکرکێشی و داگیرکاریی ڕژێمی تورکیە و ھەروا دژی سەرکوت و ستەمکاریی حکومەتی ھەرێم   لە  خەڵکی سڤیل و دژی شەڕ،  پشتیوانیدەکەین.

یانەی ئازادیخوازان

(www.facebook.com/groups/AZADIXUAZAN)

١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٠