دەنگ مەدەن ، بۆیکۆتی دەنگدان بکەن:
12/12/2019
ئەمە دروشمی خۆپیشاندەرانی دوێنێ و ئەمڕۆی جەزائیرە. ئەمڕۆ ، 12/12 هەڵبژاردنی گشتی هەیە دوای ئەوەی حکومەتی پێشتر کە سەرەتای ئەمساڵ هەڵبژێررا و لە مانگی تەموزدا هەڵوەشایەوە.
لە جەزائیر 5 کاندید هەیە کە 2 دانەیان پێشتر سەرەکوەزیران بوون و یەکێکیشیان وەزیر و دوانەکەی دیکەش هاوکار و پشتیوانی حکومەتی عەبدولعەزیز بۆتەفەلیقە بوون . بۆیە خۆپیشاندەران ناهەقیان نییە کە داوا لە خەڵکی جەزائیر دەکەن کە دەنگ نەدەن و بۆیکۆت بکەن.
کاندیدەکان زۆر کەم کەمپەینی هەڵبژاردنیان کردووە ئەوەشی کە کردویانە لەژێر پاراسستینی هێزی پۆلیس و سوپادا بوون ، بەڵام هێشتا خۆپیشاندەران هەراسانیان کردوون و سوکایەتییان پێکردون .
گەر چی 62 هەزار کابینەی دەنگدان کراوەتەوە لە جەزائیر بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر چۆڵن و خەڵكێکی یەکجار کەم دەچن بۆ دەنگدان، کە کاندیدەکان خۆشیان دەزانن ئەوەی کە هەڵدەبێرێت شەرعیەتی حوکمی نییە چونکە ڕێژەی دەنگدەران یەکجار کەمن .
خۆپیشاندەرێك دەلێت ” چۆن دەتوانین متمانە بەوانە بکەین کە خیانەتیان لە نیشتمان و گەل کردووە و هاوکاری بۆتوفەلیقە بوون؟”
ژنێکی دیکە لە نێو خۆپیشاندەرانا کە تەمەنی 62 ساڵە دروشمێکی هەڵگرتووە نوسراوە ” من ڕێپێوان دەکەم تاکو بڵێم نا بۆ دەنگدان ، نا بۆ سیستەمەکەی بۆتوفلیقەی بێ بۆتوفلیقە” .
لەگەڵ یاساخکردنی خۆپیشاندان و کردنی پرۆتێستا کە لە ساڵی 2001 وە بە گوێرەی یاسا یاساخە، هێشتا خەڵکی هەر خۆپیشاندانی خۆی دەکات ، هاوکاتیش بەندیخانەکان جمەیان دێ و چالاکەوانەکان بەردەوام پۆلیس لێیان دەفڕێنێت و بێ سەروشوێنیان دەکەن. دوێنێ ، 4 شەمە، گەورەترین خۆپیشاندان کراوە .