نووسینی: پیتەر ڕاچلێف* Peter Rachleff
وەرگێڕانی: ھەژێن
توانای په‌ره‌سه‌ندنی شۆڕشی ڕوسیه له ١٩١٧ – ١٩٢١ به‌هۆی تێگه‌یشتنی ڕێکخراوه ڕامیارییه‌کان نه‌بوو، به‌ڵکو به‌هۆی ئامانج و فراوانیی گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه چالاکه‌کان دیاری‌کرا. له کاتێکدا که ته‌واوی خه‌ڵک له کاتی شۆڕشکردن له یه‌ک ئامانجی ڕامیاریی واته هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رکوتگەریی تزاری به‌شداربوون، به‌ڵام چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه جیاوازه‌کان و گروپه‌کانی نێو ئه‌و چینانه، داخوازیی جیاواز و لە یەکدی جیایان هه‌بوون. بۆرجوازی فره لاواز و بچووک بەگوێرەی سروشتی خۆی خوازیاری هەل و مەرجێک بوو، که توانای گه‌شه‌کردن به سه‌رماداری ڕوسی بدات. جوتیاران، زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵک، که ناچاربوون لەنێو کێڵگه‌ی زه‌مینداره گه‌وره‌کان کاربکه‌ن و له بۆ پارچه زه‌وییه بچووکه‌کانیان سوودێکی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بده‌ن، خوازیاری ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زه‌وییه گه‌وره‌کان و پێکهێنانی سیسته‌می کێڵگه‌ی تایبه‌تیی بچووک بوون. له لایه‌کی دیکە، کرێکاران له ڕووی چه‌ندایه‌تیی که‌م و کۆوه‌بوو له ناوچه شارییه‌کانی ڕوسیه‌ی ئه‌وروپایی، که لەتەک کرێی که‌م و نامسۆگه‌ریی ئابووریی و هەل و مەرجی ترسناکی کار ڕووبه‌ڕووبوون؛ ئە‌و پرسانەی که جۆرێکی ناڕۆشن له کۆمەڵایەتییکردنەوەی (سۆشیالیزه‌کردنی) پیشەسازی و “کۆنترۆڵکردنی کرێکاریی” پێویست ده‌کرد.
ئه‌و ئامانجانه لەتەک یه‌کدی نه‌گونجاو بوون. بێجگه له ململانێی ئاشکرای نێوان کرێکاران و بۆرجوازی، ته‌نانه‌ت له ئه‌گه‌ری ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌و ئامانجانه، که‌رتی کشتوکاڵیی که سه‌رمایه‌دارانه ڕێککخرابوو، نه‌یده‌توانی لەتەک که‌رتی بچووکتری پیشەسازیی، که کۆمەڵایەتیی کراوبوو (سۆشیالیزە) کرابوو بگونجێت. هۆی ئاستنزمی به‌روبوومی کشتوکاڵ، نه‌ک ته‌نیا (کشتوکاڵی بچووکی بازاری) پێگه‌ی نه‌گونجاوی بۆ په‌ره‌سه‌ندنی پیشه‌سازی ئاماده‌ده‌کرد، به‌ڵکو ناجێگیرییه‌کی زاڵ ساڵ به ساڵ ده‌بووه ڕێگری به‌رنامه‌رێژیی ئابووری.
ئامانجه ڕامیارییه هاوبه‌شه‌کانی چینه گه‌وره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌یانتوانی بەدیبێن. به‌ڵام نه‌ک ته‌نیا ئامانجی ئابووریی ئە‌وان له‌ته‌ک یه‌کدی نه‌ده‌هاتنه‌وه، به‌ڵکو هیچ کام له‌و ئامانجانه نه‌یانده‌توانی وه‌ک بنچینه‌ی ڕێکخراوه‌یی بۆ ته‌واوی کۆمەڵ دەستبەکاربن. کۆمەڵێک که له‌سه‌ر ئاره‌زوو و پێداویستییه‌کانی کرێکاران ڕێکخرابێت، بەگوێرەی پێگەی که‌مایه‌تیبوونی کرێکاران دوور بوو. ئەوە له کاتێکدا بوو، که لەتەک لاوازی بۆرجوازی و وابه‌سته‌یی به ده‌وڵه‌ت و بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی و هه‌ژاریی و نه‌خوێنده‌واریی جوتیاران و به‌کورتی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی به‌ده‌ستهێنراو له‌لایه‌ن پارتیی بۆلشه‌ڤیک پاش ساڵی ١٩١٧، ئابووری بازاری سه‌رمایه‌دارییش له توانادا ده‌رچووبوو.
“ڕامیاری” و “ئابووری” دوو دیارده‌ی لێکدابڕاو نین، به‌ڵکو لایه‌نی جۆراوجۆری په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتن له‌نێو کۆمەڵ. پرسی شێوازی ڕامیاریی به‌رجه‌سته‌بووی کرده‌ی شۆڕشگێڕیی بوو، که له‌لایه‌ن یه‌کێک له گروپه تێکۆشەره‌کانی نێو مه‌یدان، به به‌ده‌ستهێنانی هێزی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی یه‌کلاده‌کرایه‌وه . لەتەک ڕه‌وتی ڕوداوه‌کان ئە‌و کاره نه له‌لایه‌ن بۆرجوازی و نه جوتیاران و نه پڕۆلیتاریا، به‌ڵکو له‌لایه‌ن به‌شێک له ڕۆشنبیران که ئه‌ندامی پارتیی کۆمونیست بوون ئه‌نجامدرا. کاری مه‌زنی بۆلشه‌ڤیکه‌کان ئه‌وه بوو، توانییان به ملکه‌چپێکردنی ئابووری بۆ مه‌یدانی ڕامیاری، که له‌لایه‌ن خۆیان کۆنترۆڵده‌کرا، سه‌رخانێکی تازه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی دیاریبکه‌ن. ئه‌وه لە ڕێگەی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ئه‌وان خۆیان وه‌ک چینێکی فەرماندار به‌سه‌ر سه‌رمایه‌داران و جوتیاران و کرێکاران به‌دیهات. به‌رله‌وه‌ی که ئه‌وان به ڕێکخراوه‌ی پارتیی و سواربوونی شه‌پۆله‌کانی شۆڕشی جه‌ماوه‌ریی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سه‌رکه‌ون، کرێکارانی ڕوسیە توانییان چه‌ندین شێوازی تێکۆشان و ڕێکخستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی بئافرێنن و بپه‌روه‌رێنن، گرنگیی ئە‌وان واوه‌تر له سنووری شوێن و کاتێک بوو، که ئه‌و شێوازانه لەنێو ئە‌وان سه‌رهه‌ڵدران. ئه‌و گۆتاره‌ی خواره‌وه به‌شێوه‌یه‌کی کورت مێژووی دوو جۆر ئامراز (سۆڤیه‌ته‌کان) و (کۆمیته‌کانی کارخانه) شڕۆڤەدەکات؛ ئە‌و ئامرازانەی که بۆ شۆڕشگێڕه‌کانی ئەم ڕۆژ‌گارە گەورەترین گرنگیان هه‌یه.
په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌داری له ڕوسیه به‌ر له جەنگی یەکەمی جیهانی، شێوه‌یه‌ک له‌وه‌ی که ئەم ڕۆژ‌گارە له زۆربه‌ی وڵاتانی په‌ره‌سێن بوونی هه‌یه، له‌خۆگرتبوو. نزیکه‌ی ته‌واوی پیشه‌سازی له‌ژێر کۆنترۆڵی سه‌رمایه‌ی ده‌ره‌کی بوو و لەنێو چه‌ند ناوچه‌یه‌کی شاریی چڕ بووبووه‌وه. وێڕای ئه‌وه‌ی که چینی کرێکار له به‌راورد به ته‌واوی دانیشتووان لەڕاده‌به‌ر که‌م بوو [خه‌مڵاندنی به ١٠% له‌لایه‌ن (ترۆتسکی) به‌رزترین سه‌رژمێرییه]، پیشه‌سازی بەگوێرەی چینی کرێکار زۆر چه‌قبه‌ستووتربوو. زۆربه‌ی کارخانه گه‌وره‌کان، له‌نێو هێڵه هاوچەرخه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و کات چه‌قیانبه‌ستبوو. چینی کرێکار له سێ ده‌هه‌ی پێش جەنگ به‌خێرایی گه‌شه‌یکردبوو؛ له سه‌روبه‌ندی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نوێ به‌دواوه هه‌ستێکی چینایه‌تی به‌خێرایی په‌رەیدەسەند.
له ماوه‌ی کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م کرێکارانی پیشەسازی ڕوسی به زۆری ته‌نیا به‌شێک له ماوەی ساڵیان له ناوچه شارییه‌کان به‌سه‌رده‌برد و خه‌رجی ژیانیان به‌کارکردن لەنێو کارخانه‌کان دابینده‌کرد، به‌شه‌که‌ی دیکەی ماوەی ساڵیان به کارکردن له‌نێو کێڵگەکان، له گونده‌کانی پێشتری خۆیان ده‌گوزه‌راند و په‌یوه‌ندییه سه‌ره‌کییه‌کانیان لەتەک چالاکییه کشتوکاڵیی و ژیانی گوندنشینی بوون. وێڕای په‌ره‌سه‌ندنی خێرای پیشه‌سازی بۆ هه‌ژمارێکی هه‌رچی زۆرتری کرێکاران، کارکردنی ساڵانه‌ی ده‌سته‌به‌ردەکرد. کرێکاران لەتەک خێزانه‌کانیان به دابڕان له په‌یوه‌ندییه دێهاتییه‌کانی پێشتری خۆیان بەرەو ناوچه شارییه‌کان کۆچیاندەکرد. له‌نێوان ساڵه‌کانی ١٨٨٥ و ١٨٩٧ دانیشتووانی شارنشین ٣٣.٨% و دانیشتووانی مۆسکۆ بۆ نموونه ١٢٣% گه‌شه‌یکرد.[1] ئه‌و کەسە کۆچکردووانه وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک ده‌ستیانکرد به بیرکردنه‌وه له‌وه‌ی که وه‌ک کرێکار له خۆیان بنواڕن، نه‌ک وه‌ک جوتیار که به‌شێک له ساڵیان له‌نێو کارخانه‌کان کاریانده‌کرد. چیدیکە گرفته‌کانیان له شێوه‌ی قه‌رزاری خاوه‌ن-زه‌مینه‌کان و وابه‌سته‌بوون به کشتوکاڵ نه‌بوو، به‌ڵکو گۆڕابوون به کرێکار، بۆ کرێ و دابینکردنی هەل و مەرجی کار و نرخی پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌کانی ژیانیان. له‌وێوه که دابه‌شکاریی له‌نێوان کرێکاران دیاریکراو بوو و زۆربه‌یان لەتەک کۆمەڵە پرسێکی وه‌ک یه‌ک ڕووبه‌ڕووبوون، له‌ده‌ستدانی نەریتی پیشەوه‌ریی بە ئه‌و هه‌سته پەره‌سێنه تازه‌یه‌یە کۆمەکیدەکرد؛ پەیوەستبوون به چینی کرێکاره‌وه. کرێکارانی تێکه‌ڵوپێکه‌ڵ-کراو لەتەک یه‌ک له‌نێو کارخانه گه‌وره‌کان و به ژیانیان له‌ته‌ک یه‌ک له ناوچه خێرا په‌ره‌سێنه شارییه‌کان ئەوەیان ده‌رککرد، که له کۆمەڵە پرسێکی زۆر تایبه‌ت هاوبه‌شن، کە لەتەک پرسەکانی ژیانی پێشووتری گووندنشینانەی خۆیان ته‌واوی جیاوازن. له‌و ڕێگه‌وه هاوشانی پیشەسازی ڕوسیه، هه‌ستی چینایه‌تیی تازه‌ش پەرەیسەند.
ڕوداوه‌کانی ساڵی ١٩٠٥یش ھەر به‌هۆی ئه‌و هه‌سته چینایه‌تییه تازەیە سه‌ریانهه‌ڵدا و هه‌م پاڵپێوه‌نه‌ری ئە‌وان بوو. زیاتر له سەد هەزار (١٠٠.٠٠٠) کرێکاری کارخانه له سانت پیته‌رسبۆرگ Sant Petersburg له ماوەی مانگی جێنیوه‌ری ئه‌و ساڵه مانیانکرد. چه‌ند ڕۆژ دواتر کرێکاران و خێزانه‌کانیان به ناڕه‌زایه‌تی بەرانبەر بار و دۆخی کارخانه و نه‌بوونی نوێنه‌رایه‌تیی خۆیان، داواکارییه‌کیان خسته‌به‌رده‌م تزار (قه‌یسه‌ری ڕوسیه) و لە ئە‌و داخوازیانکرد، تا‌کو گرفته‌کانیان که‌مبکاته‌وه و ئه‌نجومه‌نێکی دامه‌زرێنه‌ران بە ئە‌وان ببه‌خشێت. له‌لایه‌ن سه‌ربازانی (تزار) لە بەرانبەر کۆشکه‌که‌ی، له خۆنیشانده‌ران ته‌قه‌کرا. مانگرتنی جه‌ماوه‌ریی له ته‌واوی شاره پیشەسازییه‌کانی وڵات په‌ره‌یسه‌ند و زیاتر له یه‌ک ملیۆن که‌س له خه‌ڵک له ماوه‌ی دوو مانگ لەنێو ئە‌و مانگرنە ده‌رگیربوون، که لایەنی کەم سەد و بیست و دوو (١٢٢) شار و ناوچه‌ی گرته‌وه. [2] وێڕای سه‌رکوتێکی توند، مانگرتنه‌کان و خۆنیشاندانه‌کان و کۆبوونه‌وه‌کان به شێوه‌یه‌کی ناوبه‌ناو له ماوەی مانگه‌کانی به‌هار و هاوین درێژه‌یان هه‌بوو. کرێکاران بۆ ڕێکخستنی مانگرتنه‌کان لەنێو ناوچه شارییه‌کان کۆمەڵە کۆمیته‌یەکیان هه‌ڵبژاردن.[3]
له نێوەڕاستی مانگی سێپته‌مبه‌ر، کرێکارانی تایپگه‌ر typesetters و چاپخانه‌کان له مۆسکۆ کەوتنە مانگرتنێکی سه‌رتاسه‌ریی پیشه‌سازی. زیاتر له په‌نجا کارگه له‌کارکه‌وتن. کرێکارانی بەشە پیشه‌سازییه‌کانی دیکەی ئه‌و شاره له هاوپشتی لەتەک کرێکارانی تایپگه‌ر ده‌ستیان له‌کارکێشانه‌وه. له سه‌ره‌تای مانگی ئۆکتۆبه‌ر کرێکارانی تایپگه‌ر له سانت پیته‌رسبورگ بۆ نیشاندانی هاوپشتی لەتەک هاوڕێ کرێکاره مۆسکۆیه‌کانی خۆیان مانگرتنێکی سێ ڕۆژه‌یان کرد. له کۆتایی هه‌فته‌ی یه‌که‌می مانگی ئۆکتۆبه‌ر کرێکارانی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له سه‌راپای ڕوسیه‌ی ئه‌وروپایی بڕیاریاندا مانبگرن و به بانگه‌واز بۆ مانگرتنی گشتی و سه‌رتاسه‌ریی، خوازیاری هه‌شت ساتە (٨) ماوەی کاری ڕۆژانه و ئازادییه گشتییه‌کان و لێبوردنی گشتی و ئه‌نجومه‌نی دامه‌زرێنه‌ران بوون. مانگرتن له ته‌واوی ناوچه شارییه‌کان تەشينەیکرد و له ڕۆژی دوازده‌هه‌م بوو بەهۆی ڕاگرتنی ته‌واوی چالاکییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان، به هێشتنه‌وه‌ی تەنیا ئه‌وانه‌ی که بۆ سه‌رکه‌وتنی مانگرتنه‌که پێویست بوون، له‌وانه چاپخانه‌کان و ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌رانه‌ی که نوێنه‌رانی کرێکارانیان هه‌ڵگرتبوو و هیدیکە. فەرمانداریی به سازش و سه‌رکوت وه‌ڵامی ئه‌و مانگرنه‌ی دایه‌وه.
ڕۆژی ده‌هه‌می مانگی ئۆکتۆبه‌ر کارخانه‌کانی سانت پیته‌رسبۆرگ، نوێنه‌رانی خۆیان بۆ ئە‌و کۆبوونه‌وانه ناردن، که بڕیاربوو ببنه سۆڤیه‌ت (شوورا). سه‌ره‌تادا سی (٣٠) تا‌کو چل (٤٠) نوێنه‌ر له‌نێو ئە‌و کۆبوونه‌وانه به‌شدارییانکرد. ڕۆژی سیازده‌ی ئۆکتۆبه‌ر بۆ مانگرتنی گشتی ڕامیاریی بانگه‌وازییانکرد، واته بۆ ئه‌نجومه‌نی دامه‌زرێنه‌ران و ماف و ئازادییه ڕامیارییه‌کان؛ داوایانکرد که ته‌واوی کارخانه‌کان نوێنه‌رانی خۆیان بنێرن. کرێکاران کە بنچینه‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌کەیان له‌سه‌ر بنه‌مای شوێنی کار بوو، ده‌رککرد. له ناردنی نوێنه‌رانی کارخانه‌کان بۆ کۆمیسیۆنی شیدلۆڤسکی Shidlovski ( که له بار و دۆخی کارخانه‌کانی ده‌کۆڵییه‌وه) و هه‌ر ئاوا کۆمیته‌کانی مانگرتن که نۆ (٩) مانگ پێش ئەوە پێکهاتبوون، ده‌کرا ئه‌زموونەکان به‌ده‌ستبێن. ئانڤایله‌ر Anwiler لەو بارەوە ده‌نووسێت :
” کاتێک که شه‌پۆلی مانگرتن (مۆسکۆ) تا‌کو (سانت پیته‌رسبۆرگ)ی گرته‌وه و کاتێک که ڕۆژی ١١ی ئۆکتۆبه‌ر لەنێو یه‌که‌مین کۆمەڵە کارخانە کار ڕاگیردرا، کرێکاران هه‌ستیانکرد که پێویستیان به کۆبوونه‌وه هه‌یه، تا‌کو پێکه‌وه و هاوبه‌ش بڕیاربده‌ن، بزانن کامه ڕێچکه بگرنه‌به‌ر. هەر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بوو، که له‌نێو کۆمەلێک کارخانه نوێنه‌ران هه‌ڵبژێردران، له‌وانه پوتیلۆڤ Putilov و ئۆبوخۆڤ Obukhov و کارخانه‌کانی دیکە، ئه‌و نوێنه‌رانه زیاتر له که‌سێکیان ئه‌ندامی کۆمیته‌ی مانگرتن یان نوێنه‌رانی پێشتری نێو لێژنه‌ی شیدلۆڤسکی بوون. [4]
زۆر کارخانه‌ی دیکە نوێنه‌رانی خۆیان هه‌ڵبژارد. له ماوه‌ی سێ ڕۆژ، دوو سەد و بیست و شەش (٢٢٦) نوێنه‌ر نوێنه‌رایه‌تی نەوەد و شەش (٩٦) کارخانه و کارگه‌یان ده‌کرد [نوێنەرەکان له‌سه‌ر بنەما‌ی یه‌ک نوێنه‌ر بۆ سەد (100) کرێکارێک لەنێو کارخانه‌یه‌ک] هه‌ڵبژێردران. بڕیاردرا که مۆڵه‌تی به‌شداریکردن به نوێنه‌رانی پارتییه ڕامیارییه‌کان (بۆلشه‌ڤیکه‌کان Bolsheviks، مه‌نشه‌ڤیکه‌کان Mensheviks، سۆشیالیسته شۆڕشگێڕه‌کان Social-Revolutionaries) بدرێت. ڕۆژی 17ی ئۆکتۆبه‌ر، ئه‌و ده‌سته‌یه ناوی (سۆڤیه‌تی نوێنه‌رانی کرێکاران Soviet of Workers’ Deputies )ی لەسەر خۆی دانا و کۆمیته‌یه‌کی به‌ڕێوه‌به‌ریی کاتیی له بیست و دوو (٢٢) ئه‌ندام هه‌ڵبژارد [ هەر دوو که‌س بۆ حه‌وت گەڕەکی شار، هەر دوو که‌س بۆ هه‌ر کام له چوار یه‌کێتییه زۆر گرنگه‌کان]، هه‌ر ئاوا بڕیاریدا که ڕۆژنامه‌ی خۆی به ناوی (هه‌واڵی سۆڤیه‌تیه‌ته کرێکارییه‌کان News from the Soviet of Workers) بڵاوبکاتەوە. سۆڤیه‌ت [شوورا] که سه‌ره‌تا بێجگه له ڕێکخستن و ڕابه‌رییکردنی مانگرتنه‌کان هیچ ئه‌رکێکی دیکەی له ئه‌ستۆنه‌گرتبوو، له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێک خۆی گۆڕی به ئۆرگانی نوێنه‌رایه‌تیی گشتی و ڕامیاریی کرێکاران له نێوه‌ندی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی چینی کرێکار له پایته‌خت، به‌خێرایی گۆڕا به “پارله‌مانی کرێکاران”، که تێده‌کۆشا تا‌کو ته‌نانه‌ت پاش کۆتاییهاتنی مانگرتنه‌کان له کۆتایی مانی ئۆکتۆبه‌ر هەر ئاوا بمێنێته‌وه. بەگوێرەی گوته‌ی ئانڤایله‌ر “ئه‌و وەرگۆڕانە نه به‌مه‌به‌سته‌وه و نه له هوشیارییه‌وه سه‌ریهه‌ڵنەدا. بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه پاش ئه‌وه‌ی که له لووتکه‌ی خۆی سۆڤیه‌تی دەردا، به خێراییە‌کی له ڕاده‌به‌ده‌ر خرۆشا و ئۆرگانێک که ئافه‌راندبووی، له‌نێو ڕه‌وتی خۆی هاوڕاییکرد”.[5] سۆڤیه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای پێداویستی پێکهاتبوو [پێداویستی ڕێکخستن و پاراستنی مانگرتنی گشتی]. هیچ که‌س پێویستی به ئەوه نه‌بوو، که کرێکاران بهێنێته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که ئاوا ڕێکخراوێک چاره‌نووسسازه.
ڕێکخراوه‌ی له‌و جۆره له ده‌می مانگرتنه‌کان له ته‌واوی ناوچه شارییه‌کانی ڕوسیه‌ی ئه‌وروپایی و ( له هه‌ندێک له گونده‌کان) سه‌ریانهه‌ڵدا. له‌نێو مانگی ئۆکتۆبه‌ر چل تا‌کو پەنجا (٤٠ – ٥٠) نموونه له‌و ڕێکخراوانه دروستبوون. وێڕای ئەوە‌ی که زۆربه‌یان ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌کی کورت کارکردیان هه‌بوو، به‌ڵام نابێت گرنگیان لەبەرچاونەگرین. ئه‌وه یه‌که‌مین ئه‌زموونی دێمۆکراسی ڕاسته‌وخۆ بۆ زۆربه‌ی ئه‌وانه بوو، که سه‌رقاڵیان بوون. سۆڤیه‌ته‌کان له خواره‌وه، لە بنکەوە، له‌لایه‌ن خودی کرێکاران و جوتیاران و سه‌ربازان پێکهاتن و داخوازییه‌کانی ئه‌وانی [ ئه‌و داخوازییانه‌ی که له‌نێو بڕیاره ناسکتاریستییه‌کان به‌رزکرانه‌وه. هیچ پارتییەکی ڕامیاری به‌سه‌ر سۆڤیه‌ته‌کان زاڵنه‌بوو و هه‌ژمارێکی فره له کرێکاران دژی ئه‌وه بوون، که مافی نوێنه‌رایه‌تی به پارتییه ڕامیارییه‌کان بدرێت. بەو جۆره زۆربه‌ی سۆڤیه‌ته‌کان له‌لایه‌ن کرێکاران بۆ چاره‌سه‌ری گرفته ده‌ستبه‌جێکانیان پێکهێنرابوون، وه‌ک سه‌رکه‌وتن له‌نێو مانگرتنەکان بۆ هه‌شت (٨) سات ماوەی ڕۆژانەکار و مافه ڕامیارییه‌کان] بەرجەستەکرد و خۆیان تێکه‌ڵ به پرسه ڕۆژانه‌ییه‌کان کرد، که یه‌خه‌ی کرێکارانیان ده‌گرت.
تزار، ڕه‌زامه‌ندی ( به‌خشینی پارله‌مان، دوما Duma)ی لەتەك سه‌رکوتی هه‌ڵبژێردراو ھاوپێچکرد و مانگرتنه‌که‌ی تێشکاند و پاشان پاشماوه‌ی سۆڤیه‌ته‌کانی له‌نێوبرد. بەڵام وێڕای شکستی ڕواڵه‌تیی، شۆڕشی ١٩٠٥ ڕێگه‌ی بۆ ڕوداوه‌کانی ١٩١٧ خۆشکرد. سۆڤیه‌ته‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای کارخانه‌کان پێکهاتبوون و کاری پارله‌مانه کرێکارییه‌کان و یه‌کێتییه‌کان و کۆمیته‌کانی مانگرتنیان جێبەجێدەکرد؛ ھەر ئاوا لە نێوەند و دەروونی کرێکاران هه‌ستی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هەڵخراند. دواتر بەرانبەر گرفته دژواره‌کانی سه‌ره‌تای ساڵی ١٩١٧، کاتێک که کرێکاران خۆیان له بار و دۆخی قه‌یرانێکی قووڵی کۆمه‌ڵایه‌تیی دیته‌وه، بڕیاربوو پشت به‌و ئه‌زموونانه ببه‌ستن.
سه‌ره‌تای ساڵی ١٩١٧ گرفته‌کان لە بەرانبەر خه‌ڵکی ڕوسیه به‌ڕاستی دژواربوون. کارایی به‌شداریکردنی ڕوسیه له‌نێو جەنگی یەکەمی جیهانی، به‌ره‌به‌ره تواناییه‌کانی خەڵکی ده‌پروکاندن. وابه‌سته‌یی به ئه‌وروپای ڕۆژاوایی بۆ که‌ره‌سته‌ی خاو، ڕوسیه‌ی له جووڵە خست. هه‌ڵئاوسان و به‌رتیلخۆری و که‌می پاشه‌که‌وتی خوارده‌مه‌نی گه‌یشته لووتکه قه‌یران. به‌رهه‌مهێنان تێکشکا. ڕاکێشانی به کۆمه‌ڵی خه‌ڵکی بۆ سه‌ربازی بوو به هۆی که‌می کرێکاری شاره‌زا له بواری پیشه‌سازی و که‌می کرێکارانی کشتکاری. به‌ده‌ستهێنانی سوته‌مه‌نی چ بۆ به‌کاربردنی تایبه‌تی ( گه‌رمی نێوماڵ) و چ بۆ به‌رھەمھێنانی پیشه‌سازی، ته‌نانه‌ت له پێشتر خراپتر بوو. بۆ چین و توێژه‌کانی خه‌ڵکی ڕوسیه، به تایبه‌ت چینی کرێکارانی پیشەسازی، هیچ جۆره هیوایه‌کی ڕۆشن نه‌بوو. ڤۆلین (Voline) له‌به‌ر ڕۆشنایی ئەزموونی خۆی ده‌نووسێت:
“جێنیوه‌ری ١٩١٧بار و دۆخەکە له‌توانابه‌ده‌ر بوو. بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی ئابووری، هه‌ژاری کرێکاران و لێکترازانی شیرازه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕوسیه ئاوا توند بوو، که هاوشاریانی چه‌ندین شاری گه‌وره – به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له پێترۆگراد Petrograd – نه‌ک ته‌نیا لەتەک که‌می سووته‌مه‌نی و پۆشاک و خوارده‌مه‌نی و که‌رێ و شه‌کر ڕووبه‌ڕووبوودەبوون، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت لەتەک که‌می نانیش ڕووبه‌رووبوون. مانگی فێبریوه‌ری خراپترین هەل و مەرجی به‌خۆوه بینی، نه‌ک ته‌نیا دانیشتووانی شارنشین تووشی قاتوقڕی بوون، به‌ڵکو پێویستی سوپاش به‌ته‌واوی که‌میکردبوو. له‌و باره‌دا نەھامەتییەکی گشتی سه‌ربازیی ڕوویدا “. [6]
به‌درێژه‌کێشانی جەنگ، ھەردەم له‌نێو سوپا و هێزی ده‌ریایی ناکۆکی سه‌ریهه‌ڵدا. له دژی سه‌رکوتگه‌ریی ئه‌فسه‌ران، جوتیاران له‌نێو سوپا کەوتنە شۆڕشکردن و لە بەرانبەر بار و دۆخی فرە شڵه‌ژاوتری سوپا، په‌یوه‌ندی هاوڕێیانه له‌نێوان به‌سه‌ربازکراوان په‌ره‌یسه‌ند. بابەتەکان و لێدوانەکانی کرێکاران و جوتیاران لەنێو سه‌راپای سوپا فراوان و به‌ربڵاوبوونه‌وه. سه‌ره‌تای ساڵی ١٩١٧ خرۆشانی شۆڕشی هێزه سه‌ربازییه‌کانی به‌خۆوه‌گرت. ڕۆژی ٢٣ی فێبریوه‌ری، مانگرتنی ژنانی کرێکاری ڕستن و چنین له پێترۆگراد (سانت پێته‌رسبورگی پێشین) ده‌ستیپێکرد. خۆنیشاندانه‌کان، که به‌کرده‌وه خرۆشان بوون بۆ نان، له ته‌واوی شاره‌کان په‌ره‌یانسه‌ند. سه‌ربازان که ساڵی ١٩٠٥ چەند خۆنیشاندانێکی ئاوایان سه‌رکوتکردبوون، له سه‌رکوتکردنی ڕاپه‌ڕین سه‌رپێچیانکرد و زۆرێکیان لەتەک خۆنیشانده‌ران په‌یوه‌ستبوون. کۆتایی مانگی فێبریوەری، پاش سێ ڕۆژ له خۆنیشاناندانی خۆبه‌خۆ و مانگرتنێکی گشتی، پێترۆگراد له ده‌ستی چینی کرێکاری ئه‌و شاره بوو. ڤیگتۆر سێرگێ Victor Serge یەکێک له به‌شداربووانی ئه‌و ڕوداوانه ده‌نووسێت :
“شۆڕش له‌نێو شه‌قامه‌کان هه‌ڵچوو، له‌نێو کارخانه‌کان هه‌زاران کرێکاری مانگرتوو تێکڕژابوون و هاواریانده‌کرد “نان! نان!”. بەرپرسان به‌داماوییه‌وه بینه‌ری هاتنه‌پێشی بزووتنه‌وه‌که بوون؛ نەیاندەتوانی به‌سه‌ر قه‌یرانه‌که زاڵببن. هه‌ستی برایانه‌ی سه‌ربازان لەتەک خۆنیشاندانی کرێکاران له‌نێو شه‌قامه‌کانی پێترۆگراد، ڕوخانی ئاریستۆکراسی گه‌یانده لووتکه. کتوپڕیی ڕوداوه‌کان، ڕێکخراوه شۆڕشگێڕه‌کانی تووشی سه‌رسوڕمان کرد… [7]
ته‌نانه‌ت تا‌کو ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که ترۆتسکی ناچار درکاندی، که ڕێکخراوه شۆڕشگێڕه‌کان له فێبریوه‌ری وه‌ک ڕێگرێک له‌به‌رده‌م چینی کرێکار ده‌جووڵانه‌وه:
” له‌و ڕووه‌وه، کەتوار ئه‌وه‌یه، که شۆڕشی فێبریوه‌ری له خواره‌وه‌ڕا ده‌ستیپێکردبوو، به‌سه‌ر بەرەنگاری ڕێکخراوه شۆڕشگێڕییه‌کانی خۆی سه‌رده‌که‌وێت، ده‌ستپێشخه‌ریی له ڕێکه‌وتنی خودی سه‌رکوتکراوترین و سته‌مدیده‌ترین به‌شی پڕۆلیتاریا – ژنانی کرێکاری ڕستن و چنین و بەبێ گومان له نێوانیان زۆرێک له هاوسه‌ره سه‌ربازه‌کانیان – سه‌رچاوه‌ی ده‌گرێت. [8]
شۆڕش له سه‌رتاسه‌ری ڕوسیه په‌ره‌یسه‌ند. جوتیاران زه‌وییه‌کان لە زەمیندارەکان سەندنەوە؛ لەنێو سوپا دیسپلین نه‌ما؛ ده‌ریاوانان له له‌نگه‌رگه‌ی کڕۆنشتات له که‌ناری باڵتیک که‌شتییه‌کان کۆنترۆلکردن و شاریان خسته ژێر ڕکێفی خۆیان؛ شێوه‌ی سۆڤیه‌تیی ڕێکخراوه‌کان، سه‌ره‌تا له ناوچه پیشه‌سازییه‌کان، پاشان له‌نێو سه‌ربازان و ده‌ریاوانان (هێزی ده‌ریایی) و جوتیاران سه‌رله‌نوێ ده‌رکه‌وتنه‌وه.
کاتێک که تزار له فەرمانداریی خۆی کێشایه‌وه، فەرماندارییەکی کاتیی بەدەسەڵاتگەییشت. ئه‌و فەرماندارییه له ئه‌ندامانی بۆرجوازی و خانزادان aristocracy پێکهاتبوو، ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه کە سه‌ره‌تا به‌ته‌مای پێکهێنانی پاشاییه‌تی مه‌رجدار یان پاشایه‌تی پارله‌مانی a constitutional monarchy بوو، هه‌ر زوو ده‌ستبه‌رداری ئه‌و بیرۆکە‌یه بوو، به‌ڵام به چاوپۆشیکردن له به‌یاننامه‌کان و یاساکان و لێدوانه‌کانیان و بەڵێنەکان و هیدیکە، نه‌یانتوانی بۆ پرسه‌کان ڕێگه‌چاره بخه‌نه‌ڕوو، که له‌لایه‌ن هه‌ژمارێکی دانیشتووان، هه‌م کرێکاران و هه‌م جوتیاران ڕووبه‌ڕووی ئە‌وان ده‌کرانه‌وه. سۆڤیه‌ته‌کان که له سه‌رتاسه‌ری وڵات پێکهێنرابوون، له‌لایه‌ن کرێکاران و جوتیاران و سه‌ربازانێک که له‌بارەی پرسه‌کانی خۆیان ده‌چوونه لای سۆۋیەتەکان، وه‌ک فەرمانداریییەکی ڕه‌وا لەبەرچاو ده‌گیردران.
وێڕای ئه‌وه، به سه‌رنجدانێکی وردتر له پێکهاتن و پێکهاته‌ی سۆڤیه‌تەکان، بۆ ئێمەوە ئه‌وه ڕۆشنده‌بێته‌وه، سۆڤیەتەکان کۆمەڵە ئۆرگانێکی جه‌ماوه‌ریی نه‌بوون، که ئامرازه‌کانی به‌کاربردنی هێز له‌نێو چالاکییه ڕۆژانه‌ییه‌کانیان بخه‌نه به‌رده‌م کرێکاران و جوتیاران. به‌ناوبانگترینی سۆڤیه‌ته‌کان – نموونه‌یه‌کی چاک له پێکهاته‌ی ڕێکخراوه‌یی و کارکردیان- سۆڤیه‌تی پترۆگراد بوو. ئه‌و ڕێکخراوه له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک له ڕۆشنبیرانی لیبراڵ و ڕادیکاڵ پێکهات، که له ٢٧ی فێبریوه‌ری کۆبوونه‌وه و خۆیان وه‌ک ” کۆمیته‌ی به‌رێوه‌به‌ریی سۆڤیه‌تی پترۆگراد” دیاریکرد. [9] پاشان بۆ هه‌ڵبژاردنی خودی سۆڤیه‌ته‌که بانگه‌وازایانده‌رکرد. ٢٨ی فێبریوه‌ری له وه‌ڵام به ڕاگه‌یێندراوی ئه‌و “کۆمیته‌ی به‌رێوه‌به‌ری”یه له‌نێو کارخانه‌کان هه‌ڵبژاردن ڕێکخرا. تا‌کو سات ١ی پاشنیوه‌ڕۆ زیاتر له سەد و بیست (١٢٠) نوێنه‌ر بۆ کۆبوونه‌وه‌ی گشتی کۆبوونه‌وه. هه‌رچه‌ندە ئه‌و کۆبوونه‌وه -زۆربه‌ی کۆبوونه‌وه‌کانی دواتریش- بێسه‌روبه‌ربوون: بڕیارنامه‌ی کۆتایی نه‌ده‌توانرا پشتڕاستبکرێنه‌وه و چەند شتێکی که‌م به‌ده‌سته‌وه‌ده‌دران. ته‌واوی بڕیاره پێویسته‌کان له “دڵسۆزی ته‌واوی” کۆمیته‌ی بەڕێوەبەرییه‌وه جیبه‌جێده‌کران. [10] هه‌ندێک له‌و بڕیارانه، وه‌ک بڕیاری ڕۆژی دووه‌می مانگی مارچ، که “سۆڤیه‌ت هاریکاری لەتەک فەرمانداریی کاتی ناکات”، بۆ بڕیار له‌سه‌ردان خرایه به‌رده‌م سۆڤیه‌ت وه‌ک گشتێک، به‌ڵام به زۆریی پێشنیاره‌کان نه‌چوونه پای بڕیاردان.
سوخانۆڤ Sukhanov، ڕۆژنامه‌نووس و ئه‌ندامی ئه‌و کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌بردنه، کارکردی ئه‌و سۆڤیه‌ته ئاوا ده‌گێڕێتەوە :
” تا‌کو ئێستا من ئه‌ندامی (کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری سۆڤیه‌ت) ھەم، به ته‌واوی له‌وه‌ی که سۆڤیه‌ت له مامه‌ڵه‌کردنی لەتەک پرسه‌کانی ڕۆژ، چۆن ده‌جوڵایه‌وه، ئاگادارنیم. هیچ کاتێک بۆم گرنگ نه‌بوو، نه ئە‌و کات و نه پاش ئه‌وه‌ش، چونکه بۆ خۆی ڕۆشن بوو، که ته‌واوی کاره سه‌ره‌کییه‌کان که‌وتبوونه سه‌ر شانی کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری. به‌ڵام لەبارەی سۆڤیه‌ت له‌م ساته‌دا، له‌و بار و دۆخه به‌رچاوه‌دا و به‌و پێکهاته چه‌ندیی و چۆنایه‌تییه‌ی، به ڕۆشنی توانای به‌ره‌وپێشبردنی هیچ کارێکی ته‌نانه‌ت وه‌ک پارله‌مانی نه‌بوو و ته‌نیا بە ئه‌رکه مۆڕاڵییه‌کانی هه‌ستاوه.
کۆمیته‌ی بەڕێوەبەری ده‌بوو بۆ خۆی به ته‌نیا به کاروباره‌کان ڕابگات و هه‌ر ئاوا پایه‌کانی فەرمانداریی دابڕێت. به پله‌ی یه‌که‌م، بڕیاردان له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی ئاوا له‌لایه‌ن سۆڤیه‌ت به‌ته‌واوی ڕواڵه‌تیی بوو؛ دووه‌م، ئه‌و ڕواڵه‌تییبوونه دژوار نه‌بوو و هیچ که‌سیش گرنگی بە ئەوە نه‌ده‌دا…
“ئه‌وەی ئەی له‌نێو سۆڤیه‌ت چی ڕوویده‌دا؟” له‌یادمه که ئه‌م پرسیاره له که‌سێک کرا، که له‌پشتپه‌رده‌وه هاته سه‌رشانۆ و ده‌سته‌کانی به‌شێوه‌یه‌کی هیوابڕاوانه جووڵاندنه‌وه و گوتی “کۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی! هه‌ر که‌س بیه‌وێت هه‌ڵده‌ستێته‌وه و هه‌رچی که ئاره‌زووده‌کات، ده‌یڵێت! ” [11]
سه‌رنجڕاکێشترین لایه‌نی ئه‌و سۆڤیه‌ته، په‌یوه‌ندی که‌سیی نێوان نوێنه‌رانی کرێکاران و سه‌ربازان بوو لەنێو یه‌ک ئۆرگان. ئاماده‌بوونی ئه‌و هه‌مووه نوێنه‌رانه‌ی سه‌ربازان، فره‌تر له فەرمانداریی کاتی هێزی کەتواری به کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌به‌خشی، له‌به‌رئه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت له پارێزگاریی سه‌ربازانی خۆجێیی به‌هره‌مه‌ند‌بوو.
کۆتایی مانگی مارچ، زیاتر له سێ هەزار (٣٠٠٠) که‌س نوێنه‌ری سۆڤیه‌ت بوون، که دوو له‌سه‌ر سێی ئە‌وان سه‌ربازان بوون. ئه‌وانه له‌سه‌ر بنچینه‌ی هه‌ر نوێنه‌رێک بۆ هەزار (١٠٠٠) کرێکار، یه‌ک نوێنه‌ر بۆ هه‌ر کارخانه‌یه‌ک که که‌متر له هەزار (١٠٠٠) کرێکاری تێدا بێت و یه‌ک نوێنه‌ر بۆ هه‌ر یه‌که‌یه‌کی سه‌ربازیی هه‌ڵده‌بژێردرا. نێوەڕاستی مانگی ئه‌پریل، له‌سه‌ر پێشنیاری کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی، له‌به‌رئه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت قه‌باره‌که‌ی زۆر گه‌ورەتر بووبوو، به چاکسازیی و ڕێکخستنه‌وه‌ی له شێوه‌ی ئۆرگانێکی نوێ ده‌نگدرا، نزیکه‌ی شەش سەد (٦٠٠) ئه‌ندامی هه‌بوو، که نیوه‌ی ئە‌وان سه‌ربازان و نیوه‌که‌ی دیکە کرێکاران بوون. ئه‌و سه‌رله‌نوێ ڕێکخستنه‌وه‌یه له‌لایه‌ن کۆمیته‌یه‌کی تایبه‌ت، که له‌لایه‌ن کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رییه‌وه هه‌ڵبژێردرابوو، پێکهێنرا و به‌لابردنی “نوێنه‌رانی کاتیی” و هه‌ر ئاوا لابردنی نوێنه‌رانێک که له‌لایه‌ن ئە‌و ده‌ستانەوە هاتبوون، کە ژماره‌یان که‌می کردبوو، ژماره‌ی ئه‌ندامانی سۆڤیه‌ت کەمیکرد. وێڕای ئەوە‌ش دەسەڵات له‌نێو ده‌ستی کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی مایه‌وه. ئه‌و بار و دۆخه له سه‌ره‌تاوه ئاوا بوو و بەدرێژایی ماوه‌ی به‌هار و هاوینی ١٩١٧ بارەکە هەر بەو جۆره مایەوە. [12]
کۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ڕۆڵی خۆی فراوانکرده‌وه و کۆمیته‌ی جۆراو جۆری بۆ کارکردن له‌سه‌ر پرسه جیاوازه‌کان پێکهێنان؛ بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه، چاودێریکردن له‌سه‌ر خزمه‌تگوزاریی جۆراوجۆر و هیدیکە. هه‌رچه‌ند ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمیته‌یه زیادکردیده‌کرد، پایه‌کانی [ڕیزه‌کانی خواره‌وه‌ی] سۆڤیه‌ت فره‌تر دەسەڵاتیان له‌ده‌ستده‌دا. ژماره‌ی کۆبوونه‌وه‌کان که‌مکرانه‌وه و له دوای ئه‌وه خودی سۆڤیه‌ت بێجگه له شوێنی کۆبوونه‌وه، شتێکی دیکە نه‌بوو، واته شوێنێک که کرێکاران و سه‌ربازن ده‌یانتوانی لەنێو ئە‌و کۆببنه‌وه، بۆچوونه‌کانیان ڕابگه‌یێنن و که‌سانی دیکەی وه‌ک خۆیان به‌سه‌ربکه‌نه‌وه و بنکه‌کانی هه‌ڵبژاردنیان له‌وه‌ی که ڕویده‌دا و له‌ڕووداندا بوو، ئاگاداربکه‌نه‌وه. ئه‌و ئۆرگانه بۆ خه‌ڵکانێک که هیچ کاتێک بواری ده‌ربڕینی بۆچوونه‌کانیان بۆ نه‌ڕه‌خسابوو، ئه‌و توانایه‌ی پێده‌به‌خشین. به‌ڵام نوێنه‌رایه‌تی هێزی چینی کرێکار نه‌بوو؛ هه‌رچی هه‌بوو، نموونه‌یه‌ک بوو له بێده‌سه‌ڵاتی.
ئاوا ده‌رده‌که‌وت که ئه‌و سۆڤیه‌ته له سه‌رتاسه‌ی ڕوسیه [هه‌م له ناوچه شارییه‌کان و هه‌م له ناوچه گوندنشینه‌کان] باڵانمای ته‌واوی سۆڤیه‌ته‌کانه. زۆربه‌ی کات، کرێکاران و جوتیاران لەتەک سۆڤیه‌ته‌کانی خۆیان ده‌که‌وتنه ناکۆکییه‌وه. نه ئه‌و ئۆرگانه و نه فەرمانداریی کاتیی نه‌ده‌توانرا وه‌ک ئامرازی هێزی چینی کرێکار له‌به‌رچاو بگیردرێن. له‌پاڵ ئەوە‌دا، کرێکاران توانیان ئامرازێکی وەک کۆمیته‌کانی کارخانه دابهێنن.
له کاتێکدا که سۆڤیه‌ته‌کان به زۆری سه‌رقاڵی پرسی ڕامیاریی – پێکهێنانی فەرمانداریی و درێژه‌ی جەنگ- بوون، کۆمیته‌کانی کارخانه ته‌نیا به پرسه په‌یوه‌سته‌کانی به‌رده‌وامیی به‌رهه‌مهێنان له‌نێو کارخانه‌کان خه‌ریکبوون. زۆرێک له‌و کۆمیتانه له به‌ره‌نگاریکردنی داخستنی کارخانه‌کان یان خراپه‌کاری کارخانه‌دارەکان، به‌شێوه‌یه‌کی کت‌وپڕ سه‌ریانهه‌ڵدا. بەھۆ‌ی ئه‌و کۆمیتانه بوو، کە کرێکاران هیواداربوونە‌وه، تا‌کو گرفته سه‌ره‌تاییه‌کانیان (چۆن به‌رهه‌مهێنان سه‌رله‌نوێ ڕێکبخرێته‌وه و چۆن گوزه‌رانی خۆیان و خێزانه‌کانیان له‌نێو گێژاوی ئابووری دابینبکه‌ن) چاره‌سه‌ربکه‌ن. زۆرێک له کرێکاران لەتەک ئه‌و دووڕیانه ڕووبه‌ڕووبوون؛ یان به‌خۆیان به‌رێوه‌به‌ریی به‌رهه‌مهێنان به‌ده‌سته‌وه‌بگرن یان ئه‌وه‌ی برسیه‌تی بکێشن. کرێکارانی دیکە که له‌ڕووی دامه‌زراوییه‌وه به‌ڕاده‌یه‌ک مسۆگه‌رتر بوون، هه‌م که‌وتبوونه ژێر کارایی سه‌رهه‌ڵدانی چالاکییه‌کان، که تایبه‌تمه‌ندیی شۆڕش بوو و هه‌م که‌وتبوونه ژێر کارایی خراپتربوونی باری ئابووری. بۆ ئه‌وه‌ی مسۆگه‌ربمێننه‌وه، ده‌بوو له‌نێو بەڕێوەبەرایه‌تی کارخانه‌کان فره‌تر مافی بڕیاردانیان ھەبێت. بەو جۆره کرێکاران ئە‌و شتەیان دەرککرد، که بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و با‌شترکردنی بار و دۆخی کار و ژیانی خۆیان پێویستیان به ھەبوونی ڕێکخراوەکان لەسەر ئاستی کارخانە هه‌یه.
یه‌کێتییه‌کان له‌بارەی ئه‌و پرسانە نه‌یانده‌توانی پاڵپشتێک بن. تا‌کو پێش کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده، یه‌کێتییه کرێکارییه‌کان نایاسایی بوون. یه‌کێتییه نەریتییه‌کان، که ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی ناکارا بوون له‌لایه‌ن یه‌کێکتییه کرێکارییه‌کانی ئه‌وروپای خۆراوایی، له ڕوسیه له‌ئارانه‌بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی که له ڕوسیه پیشه‌سازی هێشتا بچووک و سەرەتایی بوو، ته‌نیا ده‌کرا له ڕامیارییترین کرێکاران ئه‌وه چاوه‌ڕوانییبکرێت، که لەنێو هەل و مەرجی ئاوا سه‌رکوتگه‌رانه هۆگری یه‌کێتیگه‌رایی ببن و ئاوا کرێکارانێک فره‌تر به‌لای په‌یوه‌ستبوون به ڕێکخراوه ڕامیارییه ڕادیکاڵه‌کانی ئه‌و کاتە ده‌چوون. ساڵی ١٩٠٥ یه‌کێتییه کرێکارییه‌کان له‌نێو ڕاپه‌ڕین ڕۆڵێکی زۆر لاوه‌کی و لاوازیان گێڕا. زۆربه‌ی ئە‌وان له‌نێو ڕەوتی سه‌رکوتکاریی چه‌ند ساڵی دواتر تێکشکێندران. به‌ڵام ژماره‌یه‌کی دیاریکراوی هه‌ڵبژارده لە ئە‌وان مۆڵه‌تییان وه‌رگرت، تا‌کو له‌ژێر چاوه‌دێریی پۆلیس به‌کارکردن درێژه‌بده‌ن. له سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕینی فێبریوه‌ری ١٩١٧ چه‌ندین یه‌کێتی کرێکاریی وه‌ک ڕێکخراوی سه‌رتاسه‌ری (میللی) له‌ئارادا ھەبوون، به‌ڵام ژماره‌یه‌کی که‌میان له‌نێو کارخانه‌کان جه‌ماوه‌ریان هه‌بوو. زۆربه‌ی ڕابه‌رانی یه‌کێتییه کرێکارییه‌کان سه‌ر به مه‌نشه‌ڤیکه‌کان بوون، ئه‌و بۆچوونه‌یان ڕه‌تده‌کرده‌وه، که ده‌بێت کرێکاران له کاروباری نێو کارخانه‌کان بەشدارییبکەن. له ماوه‌ی چه‌ند مانگی یه‌که‌می ساڵی ١٩١٧، ژماره‌ی ئه‌ندامانی یه‌کێتییه‌کان له چه‌ند هه‌زار کەس بوو به یەک ملیۆن و نیو (١.٥) ئه‌ندام. زۆربه‌ی ئه‌و زیادکردنه، ته‌واو ڕواڵه‌تیی بوو، واته بۆ کرێکارانی ڕادیکاڵ ئه‌وه بووبوو به بنچینه‌یه‌ک، که ده‌بێت له‌نێو یه‌کێتییه‌کان هەبن. چالاکی کەتواریی له فره‌بوونی سه‌رسوڕهێنه‌رانەی کۆمیته‌کانی کارخانه به‌رجه‌ستەبووبوو، هه‌ر ئۆرگانێک لەنێو کارخانه‌یه‌ک هه‌بووبێت، له کرێکاران پێکهاتووه و له‌لایه‌ن ئه‌وان به‌ڕێوه‌ده‌برا. بەھۆ‌ی ئه‌و کۆمیتانه بوو، که زۆربه‌ی کرێکاران هه‌وڵیانده‌دا، تا‌کو گرفته‌کانی خۆیان چاره‌سه‌ربکه‌ن.
ئه‌و کۆمیتانه به پێکهێنانی پێکهاته‌یه‌کی ڕێکخراوه‌یی کرێکاران گرنگیانده‌دا، که بەھۆ‌ی ئه‌و کرێکاران ده‌یانتوانی لەتەک ڕووبه‌ڕووبوونه‌وەی هەر گرفتێك هیوایان به‌چاره‌سه‌ری هه‌بێت؛ واته پرسی به‌ڕێوه‌به‌ریی به‌رهه‌مهێنان لەنێو کارخانه‌کان. ته‌نیا له ڕێگه‌ی ئۆرگانەکانی وه‌ک کۆمیته‌کانی کارخانه، ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن کرێکاران پێکهێنرابوون و ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خودی کرێکارانی هه‌مان کارخانه بەڕێوەده‌بران، کە کرێکاران ده‌یانتوانی به ڕێکخراوه‌کانیی خۆیان و به هاوپشتی چینایه‌تیی خۆیان پەرەبده‌ن و له به‌ده‌ستهێنانی زانیاری پێویست بۆ بەڕێوەبەریی به‌رهه‌مهێنان، به‌شداربن. هەر ئاوا، سۆڤیه‌ته‌کان به زۆری سه‌رقاڵی پرسی “ڕامیاریی” بوون و له‌به‌رئه‌وه کۆبوونه‌وەکانیان ئاسایی بێسه‌ر‌وبه‌ر‌ە بوون. بۆ چاره‌سه‌ری گرفتی ده‌ستبه‌جێی کرێکاران که‌متر یارمه‌تیده‌ر بوون. له هەموو نێوەندێکی پیشه‌سازیی سه‌راسه‌ری ڕوسیه‌ی خۆراوایی ئاوا ئە‌و کۆمیتانە سه‌ریانهه‌ڵدا. ئه‌ندامه‌تی لەنێو کۆمیته‌یه‌ک هه‌میشه تایبه‌ت به کرێکارانێک بوو، که هێشتا له‌و کارخانه کاریانده‌کرد. گرنگترین بڕیاردان له‌نێو (کۆبوونه‌وه‌ی گشتی)ی ته‌واوی کرێکاران له‌نێو کارخانه ده‌درا. کرێکاران هه‌وڵیانده‌دا بۆ چاره‌سه‌ری گرفته ده‌ستبه‌جێکانیان، هێزی خۆیان لەنێو کارخانه بپارێزن. هیچ که‌سێکی دیکە نه‌یده‌توانی ئه‌و کاره بۆ ئە‌وان ئه‌نجامبدات. له ماوەی یه‌که‌مین مانگه‌کانی شۆڕش بۆ خستنه‌ڕووی کۆمه‌ڵێک داخوازی و له هەندێک باره‌وه بۆ ده‌ستبه‌کاربوون به‌ره‌و به‌دیهێنانی ئه‌و خواستانه، ئه‌و کۆمیتانه له‌لایه‌ن کرێکاران به‌کارهێنران. پاول ئاڤریچ (Paul Avrich) ئاوا له‌باره‌ی کارکردی هەندێک له کۆمیته‌کانی کارخانه‌کان له ماوەی یه‌که‌م مانگه‌کانی ڕاپه‌ڕین ده‌دوێت:
“کۆمیته‌کانی کارخانه سه‌ره‌تا داخوازییه‌کانیان به زیادکردنی کرێ و که‌مکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ڕۆژانەکار به‌رته‌سکنه‌کرده‌وه، وێڕای ئەوە‌ی که ئه‌و داخوازییانه له سه‌رووی هه‌موو لیستێکی داخوازییه‌کانه‌وە بوون، ئه‌وه‌ی کە ئه‌وان بێجگه له به‌رژه‌وه‌ندی مادیی خۆیان خوازیاری بوون، مافی ڕۆڵگێڕانی خۆیان بوو له‌نێو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی. بۆ نموونه، ئه‌وەی که کرێکارانی کارگه‌ی که‌وشی سکۆرۆخۆد Skorokhod له پترۆگراد ڕۆژی ٤ی مانگی مارچ ئەنجامیدا، ئه‌وه‌ی ئه‌وان وێڕای دیاریکردنی هه‌شت (٨) سات کاری ڕۆژانه و زیادکردنی کرێ، له خاوه‌نکار خوازیاری پێدانی دوو قاتی کرێ بۆ زیاده‌کاری بوون؛ هەر ئاوا خوازیاری به فه‌رمیناسینی کۆمیته‌کانی کارخانه‌کانیان و مافی ڕاده‌ربڕینی کۆمیتە له ده‌رکردن و خستنه‌سه‌رکاری کرێکاران بوون. له کارخانه‌ی ڕادیۆتێله‌گرافی پترۆگراد، کۆمیته‌یه‌کی کرێکاران پێکهات تا‌کو به‌و جۆرەی که ڕایده‌گه‌یاند ” پێشنیاری بنچینه و بڕیارنامه‌کانی ژیانی نێو کارخانه گه‌ڵاله‌بکات”، له کاتێکدا کۆمیته‌کانی کارخانه‌کانی دیکە بۆ کۆنترۆڵکردنی چالاکی به‌ڕێوه‌به‌ران و ئه‌ندازیاران و سه‌رکرێکاره‌کان هه‌لبژێردرابوون. له نێوەنده به‌رهه‌مهێنه‌ره گه‌وره‌کانی پترۆگراد و به‌تایبه‌ت نێوەندی کانزاکاری ده‌وڵه‌تی، که به ڕاده‌یه‌کی زۆر ته‌نیا تایبه‌ت به پێداویستیی جه‌نگی بوو و له‌وانه‌یه چاره‌که ملیۆنێک کرێکاری لەنێو پایته‌خت هه‌بووبێت، شێوه‌ی سه‌ره‌تایی “کۆنترۆڵی کرێکاریی” به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردن یه‌ک شه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا. [13]
له‌بەرئەوەی که له دوای شۆڕشی فێبریوه‌ری باری ئابووری له ئەوه خراپتر بوو ( هه‌ڵئاوسان به‌رده‌وامبوو، به‌رهه‌مهێنان کەوتبووە زیادبوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی پچڕ چڕ)، کرێکاران له خستنه‌ڕووی داخوازییەکان له‌بارەی کرێی کار و هەل و مەرجی کار و سه‌ره‌تا‌کانی “چاودێری کرێکاریی”، به‌کرده‌وه بەرەو به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی کاروباره‌کان و خستنه‌وه‌کاری ژماره‌یه‌کی هه‌رچی زۆرتری کارخانه‌کان ھەنگاویاننا. بۆ ئه‌وه‌ی کرێکاران ڕێگه‌یه‌ک بۆ ده‌رچوون له قووڵتر‌بوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان بدۆزنه‌وه، ئه‌وا ده‌بوو ده‌ستبه‌کاربن. پرسێکی ده‌ستبه‌جێ که لە ئە‌وان سه‌ره‌ڕێی گرتبوو و له ئاستی کارخانه‌ش ڕووبه‌ڕووی بوون، چۆنیه‌تی سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی کارخانه‌کانی خۆیان له‌ژێر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆیان بوو. کاتێک که ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسه سه‌ره‌تاییه بوونه‌وه و کرێکاران لە ڕێگەی کۆمیته‌کانی کارخانه‌کان کەوتنە چاره‌سه‌رکردنی. له زۆر باره‌وه به‌کرده‌وه به‌رهه‌مهێنانیان له‌ژێر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆیان بەگەڕخسته‌وه، پرسێکی تازه و ته‌نانه‌ت دژوارتریش په‌یدابوو.
هیچ کارخانه‌یه‌ک نه‌یده‌توانی به‌ته‌نیا خۆبەسێی (خودکفا) بێت. به‌رهه‌مهێنان پابه‌ندی کەرە‌سته‌ی خاو و به‌رده‌وامی به‌رهه‌مهێنان و چۆنیه‌تی دابه‌شکردن بوو. زۆر کۆمیته بۆ به‌ده‌ستهینانی که‌ره‌سته‌ی خاو بۆ به‌رهه‌مهێنانی خۆیان، لەتەک کۆمیته‌ی کارخانه‌کانی دیکە کەوتنە کێبڕکێ. ده‌رکه‌وت که ئاوا ڕێگه‌چاره‌یه‌ک (کێبڕکێ) وه‌ڵام به‌و گرفته دژوارانه ناداتەوە. هه‌موو کارخانه‌کان نه‌یانده‌توانی که‌ره‌سته‌ی خاوی پێویست به‌ده‌ستبینن. کێبڕکێ نرخی که‌ره‌سته‌ی خاوی به‌رزکرده‌وه. زۆربه‌ی ئە‌و کارخانانەی که تازه‌کی سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهێنانی خۆیان ده‌ستپێکردبووه‌وه، له‌به‌ر بێتواناییان بۆ به‌ده‌ستهێنانی که‌ره‌سته‌ی خاو و ئامێری نوێ، خۆیان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی ناچاربوون به له‌کارخستنه‌وه دیته‌وه. پێداویستی فێدراسیۆنیک بوو به دیارده‌یه‌کی نکۆڵیهەڵنەگر. ئه‌وه‌ی کرێکاران – زۆر خێراتر له که‌سانی دیکه - ئەوەیان بۆ دەرکەوت، که ده‌بێت ئامرازێک بۆ هاریکاری و هاوئاهه‌نگی لەتەک کرێکارانی دیکە له کارخانه و ناوچه‌کانی دیکە دابهێنن، تا‌کو لەتەک ئه‌وانه‌ی که که‌ره‌سته‌ی خاویان بۆ ئە‌وان ده‌سته‌به‌رده‌کرد، ئه‌وانه‌ی که هه‌مان به‌رهه‌میان به‌رهه‌مده‌هێنا و ئه‌وانه‌ی که پێویستیان به به‌رهه‌مه‌کانیان بوو هاریکاریی و هاوئاهەنگیی پێکبهێنن. “دارایی” یه‌ک کارخانه‌یی سه‌پێنراو له‌لایه‌ن کرێکارانی کارخانه‌یەک نه‌یده‌توانی گرفته دژواره ئابوورییه‌کان چاره‌سه‌ربکات. ته‌نیا کۆششێکی هاوئاهه‌نگی به‌رفراوان له‌لایه‌ن کرێکارانی کارخانه جۆراوجۆره‌کان ئه‌و کاره‌ی مه‌یسه‌رده‌کرد. کرێکاران ده‌بوو له گۆشه‌گیریی نێو کارخانه‌کانی خۆیان واوه‌تر بڕۆن و له‌و ڕووه‌وه بۆ داهێنانی شێوازی هاوئاهه‌نگی سه‌رتاسه‌ری پیشه‌سازی و ناوچه‌یی له کۆمیته‌کانی کارخانه‌کانیان ڕوویاننا.
له هه‌مان کاتدا (فەرمانداری کاتیی) هه‌وڵیده‌دا، تا‌کو بۆچوونه‌کانی خۆی لەبارەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌رهه‌مهێنانەوە بسه‌پێنێت. بۆ ئەوە ھەوڵیدەدا، به به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی چالاکی (کۆمیته‌کانی کارخانه)، چاودێریکردنی تەندروستی و ئاساییش له‌نێو کارخانه‌کان لاوازیانبکات. ده‌بوو ته‌واوی هاوئاهه‌نگییه‌کان له‌ژێر چاودێریی فەرمانداری کاتیی و کاربه‌ده‌ستانی ئە‌و بوونایه. ئەوە بۆ کۆمیته‌کانی کارخانه هۆکارێکی ئافراند، تا‌کو به‌یه‌که‌وه په‌یوه‌ستبن. که به‌ته‌نیایی، ده‌توانرا له‌لایه‌ن فەرمانداریی و کاربه‌ده‌ستانی ئە‌و لە ئە‌وان ئە‌و توانایییە بستێندرێته‌وه. بەڵام به یه‌کگرتن له‌ته‌ک یه‌ک ده‌یانتوانی هێزێک پێکبهێنن، که لەنێوبردنی له توانادانه‌بێت، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی فەرمانداریی ئاماده‌بێت ته‌واوی به‌رهه‌مهێنان ڕابگرێت، واته کارێکی ئەستەم. یه‌که‌مین کۆبوونەوەی کۆمه‌ڵه کۆمیته‌یه‌کی کارخانه له نێوەڕاستی مانگی ئه‌پریل له پترۆگراد ڕوده‌دات. بڕیاری سه‌ره‌کی ئه‌و کۆنفرانسه پێداگرتنەوەی لێبڕاوانە بوو له‌سه‌ر مافی کرێکاران لە به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ژیان و کاروباری نێوخۆیی کارخانه؛ بابه‌تەکانی وەک ” درێژی ماوەی ڕۆژانەکار، کرێی کار، وه‌رگرتن و ده‌رکردنی کرێکاران و فه‌رمانبه‌ران، مۆڵه‌ت و هیدیکە”.[14] به‌ڵام تا‌کو ئه‌وێنده‌رێ، که په‌یوه‌ندیگرتنه‌کانی نێوان کۆمیته‌کانی کارخانه به مه‌بەستی ڕێکخستنی به‌رهه‌مهێنان له ئاستی شارێک دەکران، له‌و ڕووه‌وه هیچ پێشڕه‌وییه‌ک ڕووینه‌دا.
مانگی ئه‌پریل جارێکی دیکەش فەرمانداریی کاتیی بەخۆکەوتەوە. ڕۆژی ٢٣ی هه‌مان مانگ له‌سه‌ر کۆمه‌ڵه یاسایه‌ک بڕیاردرا، که مافی کۆمیته‌کانی کارخانەیان بۆ نوێنه‌رایه‌تی کرێکاران له ڕاوێژ لەتەک به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی و چاودێریی به‌سه‌ر هەل و مەرجی تەندروستی له‌نێو کارخانه به فه‌رمی ده‌ناسی. ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌و بڕیارانه ” لێدان بوو له گرنگیی ڕۆڵی کۆمیته‌کانی کارخانه و سنووردارکردنی ده‌سه‌ڵاتی ئە‌وان”[15]. به‌ڵام فەرمانداریی کاتیی توانای سه‌پاندنی ئه‌و بڕیارانه‌ی نه‌بوو. له سه‌رتاسه‌ری ڕوسیه به‌خێرایی ئەوە بۆ کرێکاران ده‌رکه‌وت، که فەرمانداریی کاتیی له هه‌وڵی چ کارێکدایه و به‌وپه‌ڕی توانای خۆیان وه‌ڵامی ئەویان دایه‌وه. بەگوێرەی گوته‌ی پانکراتۆڤا (Pankratova)، که مێژووناسێکی بۆلشه‌ڤیکیی بزووتنه‌وه‌ی کۆمیته‌ی کارخانه‌کانه بوو ” بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به‌و بڕیارانه، هه‌ر کارخانه‌یه‌کی گه‌وره و هه‌ر ناوچه‌یه‌کی فراوانی شاریی، شانۆی چالاکی خۆبه‌خۆ بوو. کرێکاران ڕێنوێنییە نوێیه‌کانی فەرماندارییان ڕه‌تکردنه‌وه و به‌ره‌و به‌هێزکردنی هێزی خۆیان له‌نێو کارخانه‌کان چه‌ند هه‌نگاوێکیان هاویشتن. هه‌وڵی نوێ بۆ دروستکردنی په‌یوه‌ندی و هاوئاهه‌نگی نێوان کارخانه‌کان سەریانھەڵدا. ته‌واوی ئه‌وانه ته‌نیا وه‌ڵام به کارکردی فەرمانداری نه‌بوون، به‌ڵکو به‌هۆی خراپتربوونی هەل و مەرجی ئابووریشه‌وه بوون”. [16]
٢٩ی مانگی ئایار، کۆنگرەی کۆمیته‌کانی کارخانه له خارکۆڤ Kharkov به‌سترا، که بوو به هۆی پێداگرتنێکی به‌هێز له‌سه‌ر خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کرێکاران، به‌ڵام نه‌یتوانی پرسه چاره‌نووسسازه‌کانی وه‌ک هاوئاهه‌نگیی ئاماده‌کردن و به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردن چاره‌سه‌ربکات. ڕۆژی دواتر کۆنگرەی گشتی کۆمیته‌کانی کارخانه له پترۆگراد و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری له پایته‌خت به‌سترا. نزیکه‌ی چوار سەد (٤٠٠) نوێنه‌ری کۆمیته‌کان لەنێو ئە‌و کۆنگرەیە به‌شدارییانکرد. له ماوه‌ی کۆنگرەکه به‌یاننامه‌یه‌ک گه‌ڵاڵه‌کرا، که ڕەوتی گۆڕانه‌کانی تا‌کو ئه‌و ده‌می ڕۆشنده‌کرده‌وه . ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، که ئه‌و گۆڕانانه تا‌کو چ ڕاده‌یه‌ک له‌لایه‌ن کرێکارانێکەوە که لەنێو ئە‌و به‌شدار بوون، ده‌رککراوه.
سەرەتای شۆڕش، فه‌رمانبه‌رانی بەڕێوەبەرایه‌تیی کارخانه‌کان له کاره‌کانیان کشایه‌وه. کرێکاره‌کان به‌کرده‌وه بووبوون به خاوه‌نی کاری خۆیان. بۆ به‌رده‌وامی کاری کارخانه، ده‌بوو کۆمیته‌کانی کارخانه به‌ڕێوه‌به‌ریی کارخانە‌کان لە ئەستۆی خۆیان بگرن. له دەمی یه‌که‌مین ڕۆژه‌کانی شۆڕش واتە مانگی فێبریوه‌ری و مارچ، کرێکاران کارخانه‌کانیان به‌جێهێشتن و ڕژانه سه‌رشه‌قامه‌کان. کارخانه‌کان له کارکه‌وتن. نزیکه‌ی دوو هه‌فته دواتر، کرێکاران بۆ سه‌ر کاره‌کانی خۆیان گه‌ڕانه‌وه. زۆرێک له کارخانه‌کان به‌جێهێڵران. به‌ڕێوه‌به‌ران و ئه‌ندازیاران و سه‌رۆکه‌کان و میکانیکه‌کان و سه‌رکرێکاره‌کان ئاوایان دەبینی و دڵنیابوون له‌وه‌ی، که کرێکاران لە ئە‌وان تۆڵه‌ده‌که‌نه‌وه، له‌به‌رئه‌وه خۆیان شارده‌وه. کرێکاران ده‌بوو به‌بێ ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بەڕێوەبەرایه‌تیی ئە‌وان ڕێنوێنیبکه‌ن، کاره‌کانیی خۆان بەگەڕبخەنەوە. ده‌بوو کۆمیته‌کان هه‌ڵبژێرن، تا‌کو به‌ره‌به‌ره سه‌رله‌نوێ سیسته‌مێکی جێکه‌وتە بۆ بەڕێوەبردنی کار چێکه‌نه‌وه. کۆمیته‌کان ده‌بوو که‌ره‌سته‌ی خاوی پێویست په‌یدابکه‌ن و هه‌مووان پێکه‌وه بەرپرسیاریی گشت ئه‌رکه چاوه‌ڕواننه‌کراوه‌کان و ناجێکه‌وته‌کان له ئه‌ستۆ بگرن.[17]
بڕیارنامه‌ی کۆتایی کۆنگرەکه، کۆمیته‌کانی کارخانه‌ی وه‌ک “ڕێکخراوه‌ی تێکۆشەرانه که له‌سه‌ر بنه‌مای فراوانترین دێمۆکراسی و ڕابه‌ریی به‌کۆمه‌ڵ هه‌ڵبژێردراون” و ئامانجیان ” به‌دیهێنانی هەل و مەرجی نوێیه بۆ کارکردن … ڕێکخراوه‌ی کۆنترۆڵکردنی کەتواریی کرێکاران به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردن” ناساند. بێجگە لە ئەوه، ئه‌و بڕیارنامه‌یه لەبارەی پرسەکانی “ڕامیاری” تێڕوانینی خۆی خسته‌ڕوو و خوازیاری ئه‌وه بوو، که ” ده‌بێت له ته‌واوی ئە‌و ده‌زگایانەی که توانای بەڕێوەبردنیان هه‌یه، زۆرینه‌ی پرۆلیتێری” ئامادەبێت. [18]
کۆنگرە بۆ ئەوە هه‌وڵیدە‌دا ، تا‌کو له پێداگرییه‌کی ئەبستراکت له‌سه‌ر بنچینه‌کانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی واوه‌تر بڕوات و بۆ ئه‌وه تێبکۆشێت، کە نه‌خشه‌ی ئەزموونگەریی بۆ هاوئاهه‌نگی به‌رهه‌مهێنانێکی به‌رفراوانتر فۆرمۆله‌بکات. نوێنه‌ران له‌نێو کۆنگرەکه له‌باره‌ی یاریده‌دانی یه‌کێتییه کرێکارییه‌کان قسەیانکرد. به‌و جۆره‌ی که پێشتر له‌نێو ئەم گۆتاره دیتمان، یه‌کێتییه کرێکارییه‌کان وێڕای ئەوە‌ی که له سه‌رده‌مێکدا که‌متر جێگه‌ی لێدوان و گرنگی بوون، له سه‌رتاسه‌ری ڕوسیه بوونیان هه‌بوو، پێکهاته‌یه‌ک که پشتبه‌ستوو به په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان پیشەسازی و ناوچه‌کان بوو. له‌نێو ئە‌و کۆنگرە به‌هیوا بوون، که ئه‌و پێکهاته‌یه بۆ هاوئاهه‌نگی چالاکییه تا‌کو ڕاده‌یه‌ک ده‌رکه‌وتووه‌کانی هاوکاتی کۆمیته‌کان، لە ئەوە کەڵک وه‌ربگیردرێت. وێڕای ئەوە‌ی له‌بارەی ڕوونان له ڕێکخراوه‌کانی دیکە بۆ یارمه‌تیدان به‌مه‌ستی هاوئاهه‌نگی، دوودڵیی سه‌ریهه‌ڵدا ( چ پارتییه ڕامیارییه‌کان و چ یه‌کێتییه کرێکارییه‌کان و چ هه‌ر که‌سێکی دیکە بێجگه له خودی کۆمیته‌کانی کارخانه)، توندی قه‌یرانی ئابووری پێداویستیی ده‌ستبەجێی چالاکیی به‌سه‌ر نوێنه‌ران نیشاندەدا و ئاوا بەرچاودەکەوت، که کەڵکوه‌رگرتن له پێکهاته‌ی جێکه‌وته له پێکهێنانی پێکهاته‌ی نوێ ئاسانتر بێت.
سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ئه‌و قۆناخه (واته سه‌ره‌تای مانگی جون)، کارایی پارتیی بۆلشه‌ڤیک له‌نێو کۆمیته‌کانی کارخانه کەوتە گه‌شه‌کردن. بۆلشه‌ڤیکه‌کان ده‌سته‌یه‌کی تا‌کو ڕادەیەک بچووک له شۆڕشگێڕانی پیشه‌یی بوون، بە ڕابه‌ریی لێنین ئاوای دەبینی، که له ڕوسیه “شۆڕشی سۆشیالیستی” ئه‌گه‌ری ڕوودانی ھەیە. تا‌کو پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی لێنین له دوورخراوگه واتە مانگی ئه‌پریل، ئە‌وان لە بەرانبەر ڕوودانی ڕوداوه‌کان گۆشه‌گیر بوون. به‌ڵام لێنین به خێرایی ئاراستە‌ی پارتیی بۆلشەڤیكی گۆڕی. له سەردەمی یه‌که‌مین مانگه‌کانی شۆڕش، بۆلشه‌ڤیکه‌کان لەبارەی پرسی کۆنترۆڵی کرێکاران به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنان، دابه‌شکردنی زه‌وی به‌سه‌ر جوتیاران، پشتیوانی له فەرمانداریی کاتیی و به‌رده‌وامی جەنگ ڕارا بوون، ئە‌و پرسانەی که بۆ کرێکاران و جوتیاران چاره‌نووسساز بوون. لێنین به ماندووبوونێکی زۆر، پارتیی کێشایه سه‌ر ڕێگه‌یه‌ک، که پێگەی له‌باره‌ی ته‌واوی ئه‌و پرسانه ڕۆشنبکاته‌وه و له ئه‌نجامی ئه‌و کاره، به‌رنامه‌ی پارتیی به‌و داخوازییانە ڕاستکرده‌وه، کە پێشتر بە ڕۆشنی له‌لایه‌ن کرێکاران ( بۆ نموونه، کۆنترۆڵی به‌رهه‌مهێنان له‌لایه‌ن کۆمیته‌کانی کارخانە، به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی دەسەڵاتی ڕامیاریی له‌لایه‌ن سۆڤیه‌ته‌کان، کشانه‌وه له جەنگی جیهانی) و لەلایەن جوتیاران ( بۆ نممونه، کۆتاییهێنان به‌جەنگ و دابه‌شکردنی زه‌وی به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی که له‌سه‌ری کارده‌که‌ن) دەربڕدرابوون و بەرزکرابوونەوە. هیچ پارتییەکی ڕامیاریی دیکە به ئاشکرا خۆی نه‌کێشایه ژێر پشتیوانی له کارکرد و خواسته‌کانی جه‌ماوه‌ری ڕوسیه. له‌و ڕووه‌وه، زۆرێک له کرێکاران لە بەرانبەر هه‌وڵه‌کانی فەرمانداریی کاتیی به مه‌به‌ستی لاوازکردنی ده‌ستکه‌وته‌کانی ئە‌وان و هه‌وڵه‌کانی ئە‌وان بۆ فراوانکردنه‌وه‌ی هێزیان، وه‌ک هاوپه‌یمانێکی خوازراو له پارتیی بۆلشه‌ڤیکیان ده‌ڕوانی. بەگوێرەی زۆرینه‌ی له‌به‌رچاوگرتنه‌کان، بۆلشه‌ڤیکه‌کان به هۆی پشتگیریکردنیان له یه‌کگرتنی کۆمیته‌کان ( بۆ جێگیرکردنی دەسەڵات له بەرانبەر سۆڤیه‌ته‌کانی ژێر کارایی مه‌نشه‌ڤیکه‌کان) کاراییه‌کی به‌هێزیان له‌نێو ئە‌و کۆنگرە هه‌بوو.
له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته، ده‌رکه‌وت که کۆمیته‌کانی کارخانه ناتوانن بۆ هاوئاهه‌نگی به یه‌کێتییه کارگه‌ییه‌کان پشتببه‌ستن. کۆتایی مانگی جون، کۆنگرەی یه‌کێتییه کرێکارییه‌کان له پترۆگراد بەرپاکرا. لەوێدا ڕۆشنبووه‌وه، که یه‌کێتییه‌کان خوازیاری گوێڕایه‌ڵکردنی کۆمیته‌کانی کارخانه‌ن لەژێر کۆنترۆڵی خۆیان. تێگەییشتنیان له “هاوئاهه‌نگی” ئه‌وه بوو، که ده‌بێت ته‌واوی بڕیاره بنچینه‌ییه‌کانی په‌یوه‌ست به به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردن، له‌لایه‌ن ئۆرگانه نێوەندییەکانه‌وه بدرێن و (به‌و شێوه‌یه لەنێو یه‌کێتییه‌کان وه‌ک پێکهاته لاوه‌کی ده‌بوون) ده‌بوو کۆمیته‌کانی کارخانه ئه‌و بڕیارانه جێبه‌جێبکه‌ن. به‌واتایه‌کی دیکە، “هاوئاهه‌نگی” له ڕێگه‌ی یه‌کێتییه‌کانه‌وه به‌واتای کۆنترۆڵکردنی کۆمیته‌کان له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌کان بوو.
کۆتایی مانگی جون له ڕوسیه جه‌مسه‌ربه‌ندیبوونه‌وه ده‌ستپێکرد. هێڵه‌کانی جیایی نه به‌ڕۆشنی کێشرابوون و نه بەگوێرەی پێویست ئه‌و هێڵانه له‌لایه‌ن به‌شداربووان له‌نێو ڕوداوه‌کان ده‌رکده‌کران. گرنگترین هێڵی جیایی ئه‌و هێڵه بوو، که کۆمیته‌کانی کارخانه‌ی له ته‌واوی دامه‌زراوه‌کانی دیکە ( سۆڤیه‌ته‌کان و یه‌کێتییه‌کان و پارتییه ڕامیارییه‌کان و فەرمانداریی کاتیی ) جیاده‌کرده‌وه. هه‌مووان بۆ ئەوە هه‌وڵیاندەدا، تا‌کو کۆمیتەی کارخانە‌کان کۆنترۆڵبکه‌ن. لەنێوان ئه‌و گروپانه‌ی که هه‌وڵی خۆزاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌وانی دیکەی دەدا، جیاوازی ئاشکراش هه‌بوو، ( له‌نێو لایه‌نه‌کانی دیکە، ته‌نیا بۆلشه‌ڤیکه‌کان پشتیوانیان له کۆمیته‌کان ده‌کرد). کرێکارانی چالاک لەنێو کۆمیته‌کانی کارخانه سۆڤیه‌ته‌کانیان وه‌ک دوژمن نه‌ده‌دیت، به‌ڵکو له ڕارایی سۆڤیه‌ته‌کان لەبارەی په‌ره‌پێدانی کۆنترۆڵ به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنان له‌لایه‌ن کۆمیته‌کان و خۆدزینه‌وه‌ی سۆڤیه‌ته‌کان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاشکرا لەتەک فەرمانداریی کاتیی لەسەر پرسی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی، هیوابڕاو بووبوون.
سه‌ره‌تای مانگی جولای، ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ریی بەرانبەر فەرمانداریی کاتیی و ڕامیارییه‌کانی (به‌رده‌وامی جەنگ و هه‌وڵه‌کانی بۆ لاوازکردنی کۆمیته‌کانی کارخانه) و هه‌ر ئاوا ئه‌وه‌ی که سۆڤیه‌ته‌کان ئه‌نجامیانده‌دا ( یان ڕۆشنتر، ئه‌وه‌ی که ئه‌نجامیاننه‌ده‌دا)، له شێوه‌ی خۆنیشاندانی توندوتێژ و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زه‌وییه‌کان له‌لایه‌ن جوتیاران سه‌ریهه‌ڵدا. ڕۆژی ٣ی جولای کۆمه‌ڵێک له سه‌ربازان و کرێکارانی چه‌کدار هێرشیانکرده سه‌ر سۆڤیه‌تی پترۆگراد ( له کاتێکدا که کۆمه‌ڵێکی گه‌وره‌تر له ده‌ره‌وه خۆنیشاندانیانده‌کرد) و له‌به‌ر سازشکارییان لەتەک بۆرجوازی و دوودڵیی ئە‌وان لەبارەی وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات له فەرمانداریی کاتیی، نوێنه‌رانی سۆڤیه‌تیان په‌لاماردا. خوازیاری گشت دەسەڵات بۆ سۆڤیه‌ته‌کان بوون، به‌وه‌ی ته‌واوی زه‌وییه‌کان خۆماڵییبکرێن، شالیارانی جۆراوجۆری بۆرجوازی وه‌لابنرێن و به‌شداری له جەنگ کۆتابکرێت. [19] سه‌راپای مانگی جولای له سه‌رتاسه‌ری ناوچه شارییه‌کانی وڵات خۆنیشانانی جه‌ماوه‌ریی و مانگرتن ڕوویدا. فەرمانداریی کاتیی هه‌وڵیدا، تا‌کو بۆلشه‌ڤیکه‌کان به‌و هه‌ڵچوونانه تاوانباربکات. بەڵام له ڕاستیدا بۆلشه‌ڤیکه‌کان هه‌وڵیاندابوو، تا‌کو هه‌ندێک له‌و خۆنیشاندانانه ڕابگرن، له‌نێو بڵاوکراوه‌کانیان دژی ئه‌و خۆنیشاناندانانه ده‌پەیڤین و خوایاری ئه‌وه بوون، که ئه‌ندامانی پارتیی لەنێو ئە‌و خۆنیشاندانانە به‌شداریینه‌که‌ن. سه‌ره‌نجام، خۆنیشاندەران به کۆمه‌ڵێکی گومانلێکراوی کرێکاران ناسێنران و هه‌ندێک له کرێکاران که ئه‌ندامی پارتیی بوون، کارتی ئه‌ندامه‌تی خۆیان به نه‌فره‌ته‌وه پارچه‌پارچه‌کرد.
سه‌ره‌تای مانگی ئۆگۆست، له مۆسکۆ مانگرتنێکی گشتی ڕویدا، که به زۆری خواستی “ڕامیاریی” هه‌بوون ( کۆتاییھێنان بە جەنگ و ئه‌وه‌ی که ده‌بێت سۆڤیه‌ته‌کان جێگه‌ی فەرمانداریی کاتیی بگرنه‌وه). سۆڤیه‌تی مۆسکۆ دژ به مانگرتن بوو و ڕابه‌رانی هێشتا بەتەمانه‌بوون، خۆیان وه‌ک ئه‌ڵته‌رناتیڤی فەرمانداریی کاتیی ڕابگه‌یێنن. بێجگه له‌وه، لە بەرانبەر قه‌یرانی سەختی ئابووری، سۆڤیه‌ت هه‌رچی زیاتر سه‌رقاڵی پرسی به‌رده‌وامی به‌رهه‌مهێنان ده‌بوو. ئه‌و مانگرتنه گشتییه له‌لایه‌ن کۆمیته‌کانی کارخانه ڕێکخرابوو، که به‌خێرایی خۆیان گۆڕی به کۆمیته‌کانی مانگرتن. ھەر ئاوا به “ئاگادارکردنه‌وه و ڕاهێنانی کرێکاران و کۆکردنه‌وه‌ی پاره و پێشکه‌شکردنی یارمه‌تی ” و به هێنانه پێشه‌وه‌ی خواسته‌کانی کۆنترۆڵی به‌رهه‌مهێنان له‌لایه‌ن خودی به‌رهه‌مهێنه‌ران سه‌رقاڵ بوون؛ داواکارییه‌ک که بەھۆ‌ی کۆمیته‌کانی کارخانه جێبه‌جێکرا. [20] جه‌مسه‌ربه‌ندیی نێوان کرێکاران و سۆڤیه‌ته‌کانی تووندتر بوو.
له ڕۆژانی ٧ تا‌کو ١٢ی مانگی ئۆگوست، دووه‌مین کۆنگرەی کۆمیته‌کانی کارخانه‌کانی پترۆگراد و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری به‌سترا. ئه‌و کۆنگرە له ڕێگه‌ی په‌سه‌ندکردنی ئه‌وه‌ی چواریەکی له سه‌دا یه‌کی (٠١%) موچه‌ی کرێکارانێک که له‌لایه‌ن کۆمیته‌کانی کارخانه نوێنه‌رایه‌تیده‌کران، بۆ پشتیوانی له سۆڤیه‌تی نێوەندیی کۆمیته‌کانی کارخانه وەلابخرێت، هه‌وڵی په‌یگیرانه درا، تا‌کو نێوەندێکی کرێکاریی کارای یه‌کگرتوو له کۆمیته‌کانی کارخانه پێکبهێنرێت. ئه‌و کاره به‌و مه‌به‌سته بوو، که ئامرازێکی پارێزگه‌ریکه‌رانه‌ی سه‌ربه‌خۆ له ده‌وڵه‌ت و یه‌کێتییه کرێکارییه‌کان بدرێته دەست سۆڤیه‌تی نێوەندی.[21]
لەبارەی ئە‌وه‌ی که یه‌کێتییه‌کان نه‌یانده‌توانی له‌لایه‌نی ڕێکخستن و هاوئاهه‌نگی به‌رهه‌مهێنان کەڵکوه‌ربگرن، هاوڕاییه‌ک له ئارادابوو. بۆلشه‌ڤیکه‌کان که زۆرینه‌ی نوێنه‌رانی ئه‌و کۆنگرەیان له‌خۆگرتبوو، به ئاشکرا سۆڤیه‌تی نێوەندییان وه‌ک ئۆرگانێک به کارکردی فره جیاواز له هاوئاهه‌نگی ئەبستراکت ده‌بینی. به‌بۆچوونی ئە‌وان ده‌بوو ئه‌و سۆڤیه‌ته نێوەندییه توانایه‌کی به‌رچاوی هه‌بێت، تا‌کو بتوانێت لەبارەی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردن بڕیاربدات، بڕیارگەلێک که به کۆمیته‌کانی کارخانه پەیوەست بوون.[22] زۆرێک له نوێنه‌رانی دیکە ئاوایان دەبینی، که ئاوا ئۆرگانێک ده‌توانێت کۆنترۆڵکردنی پڕۆسێسی به‌رهه‌مهێنان له خودی به‌رهه‌مهێنه‌ران بسێنێتەوە و ئه‌وه‌ی که هه‌بوو ( و له‌باری کشاندا بوو)، لاوازبکات و مافی بڕیاردانه گرنگه‌کان له‌ده‌ستی به‌رهه‌مهێنه‌ران ده‌ربکێشێت. له‌و ڕووه‌وه دوودڵییه‌کی فره لەبارەی پێکهێنانی ئه‌و سۆڤیه‌ته نێوەندییه له‌ئارادابوو، سۆڤیه‌تێک که ته‌نیا به لاوازکردنی توانای خودی به‌رهه‌مهێنه‌ران و کۆمیته‌کانی کارخانه، پرسی هاوئاهه‌نگی چاره‌سه‌رده‌کرد. بڕیارنامه‌ی کۆتایی که لەنێو ئە‌و نووسرابوو “سەرەنجام فه‌رمانه‌کانی کۆمیته‌کانی کارخانه پابه‌ندی ڕازیبوونی سۆڤیه‌تی نێوەندین و ئه‌وه سۆڤیه‌ته که ده‌توانێت هه‌ر فه‌رمانێک له‌لایه‌ن کۆمیته‌ی کارخانه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه”،[23] به‌رجه‌سته‌کردنی شکستێکی کەتواری بوو و بۆ ئه‌وانه‌ی له کۆنترۆڵکردنی کۆمیته‌کانی کارخانە‌کان به‌هۆی هه‌ر ئۆرگانێکه‌وه سه‌رپێچییانده‌کرد، که له ڕاسه‌ری ئەوانه قوتکرابێته‌وه. هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا ( سه‌ره‌تای مانگی ئۆگوست) کۆنگرەی سه‌رتاسه‌ریی کۆمیته‌کانی کارخانه‌کانی شاری مۆسکۆ به‌سترا. لەوێشدا هه‌وڵ بۆ داهێنانی پێکهاته‌یه‌کی هاوئاهه‌نگیی درا، به‌ڵام ئه‌و جاره له شێوه‌ی ” نێوەندییکردنەوە” له‌ژێر کۆنترۆڵی سۆڤیه‌تی ناوچه‌یی.
له کاتێکدا ئه‌و هه‌وڵانه بۆ هاوئاهه‌نگی ئه‌نجامده‌دران، کۆمیته‌کانی کارخانه به هه‌وڵەکانی خۆیان بۆ چاره‌سه‌ری پرسه سه‌ره‌کییه‌کانیان درێژه‌یانده‌دا؛ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و به‌گه‌ڕخستنەوەیان له‌لایه‌ن خودی به‌رهه‌مهێنه‌ران. له‌و ساته‌دا پێداویستی ئه‌نجامدانی ئاوا کارێک ته‌نانه‌ت فره‌تر بووبوو، چونکه نرخی پێداویستییه سه‌ره‌کییه‌کان (وه‌ک خواردن و پۆشاک و که‌وش) دوو تا‌کو سێ به‌ڕابەر خێراتر له کرێی کاره‌کان زیادیکردبوو و ژماره‌یه‌کی زۆرتر له خاوه‌نکارخانه‌کان هه‌وڵی ڕاگرتنی به‌رهه‌مهێنان دا. [24] فەرمانداریی کاتیی له‌تاو چالاکییه‌کانی کۆمیته‌کانی کارخانه تووشی دڵه‌ڕاوکێ بووبوو و هێرشێکی گه‌وره‌ی یاسایی کرده سه‌ر کۆمیتەکان. به‌و ڕاده‌یه‌ی که فەرمانداریی هه‌ستی به پێداویستی لەنێوبردنی ئه‌و کۆمیتانه کردووه، گرنگی و پێگە و کارکردی ئه‌و کۆمیتانه ده‌رده‌که‌وێت. ڕۆژی ٢٢ی ئۆگوست، سکۆبێلێڤ Skobelev شالیاری کار نامه‌یه‌کی فه‌رمی بڵاوکرده‌وه، که ئه‌وه‌ی تێدا هاتبوو:
“مافی وه‌رگرتن و ده‌رکردنی ته‌واوی کرێکاران بۆ خاوه‌نی کارخانه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه … هه‌نگاوی توندوتیژ له‌لایه‌ن کرێکاران به‌مه‌به‌ستی ده‌رکردن یان وه‌رگرتنی که‌سانێکی دیاریکراو وه‌ک هه‌نگاوی خه‌تاکارانه به‌ر لێپرسینه‌وه ده‌که‌وێت. [25]
نامه‌یه‌کی دیکەی فه‌رمی به ڕێکەوتی ٢٨ی ئۆگوست، به‌رپاکردنی کۆبوونەوە‌کانی کۆمیته‌کانی کارخانه‌ی له ماوه‌ی کارکردن قه‌ده‌خه‌کرد. به‌ڵام له‌وێوه که فەرمانداریی دەسەڵاتی سه‌پاندنی ئه‌و یاسایانه‌ی نه‌بوو، به‌گشتی ئه‌و یاسایانه له‌لایه‌ن کرێکاران پشتگوێده‌خران. کۆمیته‌کانی کارخانه له به‌رژه‌وه‌ندی خودی کرێکاران باشترین ئامرازی بۆ پاراستنی به‌رهه‌مهێنان و کۆنترۆڵکردنی ده‌خسته به‌رده‌ستی ئە‌وان. بەو جۆره، کرێکاران نه‌یانده‌ویست مل به فه‌رمانی بێده‌سه‌ڵاتانه‌ی فەرمانداریی کاتیی بده‌ن. هه‌تا ڕوخانی فەرمانداریی کاتیی له پاییزی ١٩١٧ تێکۆشان هەر بەردەوامبوو. تێکۆشانێک که ده‌یتوانی به لەنێوبردنی ئه‌م یان ئه‌و ڕه‌قیبی سه‌ره‌کی کۆتاییببێت. پانکراتۆڤا Pankratova لەبارەی لۆجیکی ئه‌و تێکۆشانه‌وه ئاوا ده‌نووسێت:
“تێپه‌ربوون له سستییه‌وه بۆ کۆنترۆڵی چالاکانه به‌هۆی لۆجیکی پاراستنه‌وه دیکته‌کرابوو. به‌شداری کۆمیته‌کانی کرێکاران له وه‌رگرتن و ده‌رکردن، یه‌که‌مین هه‌نگاو بوو له به‌شداریکردنی ڕاسته‌وخۆی کرێکاران له شێوازی به‌رهه‌مهێنان … پاشان، تێپه‌ڕین به‌ره‌و شێوه‌ی باڵاتری کۆنترۆڵی ته‌کنیکیی و دارایی بوو به شتێکی بێگه‌ڕانه‌وه. ئه‌و پرسه، پرۆلیتاریای لەتەک گرفتێکی تازه ڕووبه‌ڕووکرده‌وه؛ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی دەسەڵات و بەدیهێنانی په‌یوه‌ندی نوێی به‌رهه‌مهێنان. [26]
وێرای ئه‌وه‌ش، کرێکاران و کۆمیته‌کانی کارخانه نه‌یانتوانی گرنگیی تێکۆشانی خۆیان بۆ هێزی کۆمه‌ڵایه‌تی دەرکبکەن. هه‌وڵه‌کانیان له بواری “ئابووری”ی گیرسانه‌وه. “دەسەڵاتی ڕامیاریی” کێشه‌ی سۆڤیه‌ته‌کان بوو. کرێکاران هیواداربوون، که سۆڤیه‌ته‌کان به زوویی “دەسەڵاتی ڕامیاری” به زۆر له فەرمانداریی کاتیی وه‌ربگرن و ئه‌و تواناییه به کۆمیته‌کانی کارخانه و ڕێکخراوه په‌ره‌سێنه ناوچه‌ییه‌کانیان بدەن، تا‌کو به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازیی بەڕێوەبەرن. مانگی ئۆکتۆبه‌ر ئاوا سۆڤیه‌تەکانی کۆمیته‌کانی کارخانه له ناوچه جیاجیاکانی ڕوسیه په‌یدابوون: له ناوچه‌ی باکووری خۆراوا : پێترۆگراد Petrograd، پسکۆڤ Pskov، نێڤێل Nevel؛ له ناوچه‌ی پیشه‌سازیی نێوەندیی: مۆسکۆ، ئیڤانۆڤۆ- ڤۆسێنسێنسک Ivanovo-Vosnesensk؛ له پارێزگه‌کانی ڤۆلگا Volga: ساراتۆب Saratob، کازان Kazan، تزاریتسین Tsaritsyn؛ له ئۆکرانیا له ناوچه کانزاکانی باشوور: کارخڤ Karkhov، کییڤ Kiev، ئۆدیسا Odessa، ئیۆزۆڤکا Iuzovka؛ له ناوچه‌ی باشووری ڕۆژیاوایی و قه‌فقاز Caucasus : رۆستۆڤ Rostov، نه‌خجه‌ڤان Nakhichevan، ڕۆخی ڕوباری دان Dan، ئه‌کاترینۆدار Ekaterinodar؛ له ناوچه‌ی ئوراڵ Ural و سیبریا Siberia: ئیرکوتسک Irkutsk. [27]
کۆنگرە خۆجێییەکانی کۆمیتەی کارخانه‌کان له پێترۆگراد و مۆسکۆ له کۆتایی مانگی سێپته‌مبه‌ر و سه‌ره‌تای ئۆکتۆبه‌ر، له‌سه‌ر درێژه‌دان به ڕۆڵی خۆیان له به‌رهه‌مهێنان (خۆبەڕێوه‌به‌ری سه‌راپای پڕۆسێسی به‌رهه‌مهێنان ) و ھەر ئاوا پێداویستیی په‌ره‌پێدانی شێوازی باشتری هاوئاهه‌نگی، داکۆکییانکردووە.
پاش ماوه‌یه‌کی کورت، یه‌که‌مین ” کۆنگرەی کۆمیته‌کانی کارخانه‌کانی سه‌رتاسه‌ری ڕوسیه” بانگه‌وازکرا ( “سه‌رتاسه‌ری ڕوسیه” که‌مێک زیاده‌ڕه‌وییه، چونکه ئه‌و کۆمیتانه ته‌نیا له ناوچه پیشه‌سازییه شارییه‌کاندا هه‌بوون ). ئه‌ندامانی پارتیی بۆلشه‌ڤیک له سه‌دا شەست و دوو ٦٢%ی گشت نوێنه‌رانیان پێکده‌هێنا و هێزێکی زاڵبوون. ئیدی پارتیی کۆنترۆڵی ته‌واوی به‌سه‌ر سۆڤیه‌تی نێوەندی کۆمیته‌کانی کارخانه، که تازه‌کی پێکهاتبوو، هه‌بوو و بۆ ئامانجه‌کانی خۆی له‌و کۆنترۆڵکردنە کەڵکیوه‌رگرت. به گێڕانه‌وه‌ی …
“ده‌رکه‌وت که کاری ئه‌و سۆڤیه‌ته ته‌واو دیاریکراوه. بۆلشه‌ڤیکه‌کان که به هه‌ژمارێکی به‌رچاو هاتنه نێو سۆڤیه‌تی نێوەندیی و له ڕاستیدا کۆنترۆڵیانده‌کرد، به ئاشکرا و به ئه‌نقه‌ست له کاری سۆڤیه‌تی نێوەندیی وه‌ک نێوەندێک بۆ تێکۆشانی ئابووریی له‌لایه‌ن کرێکاران، ڕێگرییانده‌کرد. به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بۆ ئامانجی ڕامیاریی خۆیان بۆ فراوانکردنی مه‌یدان و بۆ ڕاکێشانی یه‌کێتییه‌کان، له سۆڤیه‌تی نێوەندیی کەڵکیانوه‌رده‌گرت. [28]
بۆلشه‌ڤیکه‌کان لەنێو ئە‌و کۆنگرەیە له په‌سه‌نداندنی بڕیارنامه‌یه‌ک بۆ پێکهێنانی پێکهاته‌یه‌کی ڕێکخراوه‌یی سه‌رتاسه‌ری بۆ کۆمیته‌کان، سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا. به‌ڵام ئه‌م پێکهاته‌یه به‌ڕاشکاوی چالاکی کۆمیته‌کانی کارخانه‌ی ته‌نیا له چوارچێوه‌ی به‌رهه‌مهێنان دیاریده‌کرد و شێوازێکی بۆ تێکۆشان پێشنیارده‌کرد، که دابه‌شکاریی چالاکیی ناکارای ده‌گرته‌وه ( کۆمیته‌کانی کارخانه له‌ژێر چاوەدێری ڕێکخراوه‌که‌یان، له بواره‌کانی به‌رهه‌مهێنان به چالاکییه‌کانی خۆیان درێژه‌یاندا) ؛ سۆڤیه‌ته‌کان (ئیدی کەوتووتنەتە ژێر ده‌سه‌ڵاتی بۆلشه‌ڤیکه‌کان. زۆرێک له ئه‌ندامانی سۆڤیه‌ت، ئاوایان دەبینی، که بۆلشه‌ڤیکه‌کان پشتیوانی له داخوازییه‌کانی کرێکاران و جوتیاران و زۆرێک له ئه‌ندامانی دیکە ده‌که‌ن، به‌تایبه‌ت سه‌ربازان، که زیاتر پشتیوانیان له پارتییه لیبراڵتره‌کان کرد، شاره‌کانیان به‌جێهێشتوو و گه‌ڕانه‌وه گونده‌کانیان؛ بەو جۆره بوو که بۆلشه‌ڤیکه‌کان زۆربه‌یان به‌ده‌ستهێنا، ململانێی وه‌رگرتنی دەسەڵاتی ڕامیاریی له فەرمانداریی کاتیی ده‌که‌ن؛ بۆلشه‌ڤیکه‌کان چالاکی ئە‌و ئۆرگانانه و تێکۆشانی پرشوبڵاوی چینی کرێکار و جوتیاران پێکه‌وه گرێده‌ده‌ن. نوێنه‌رانی نابۆلشه‌ڤیک ( و کرێکارانێک که نوێنه‌رایه‌تییان ده‌کردن ) ئه‌و پێشنیاره تازه‌ی ئە‌وان ڕه‌تنه‌کرده‌وه. ئه‌وانه‌ی که پێداویستیی یه‌کێتی لایه‌نه “ئابووریی” و “ڕامیاریی”یه‌کانی تێکۆشانی چینایه‌تیان ده‌رکده‌کرد، که‌سانێکی که‌م بوون.
بۆلشه‌ڤیکه‌کان که ئیدی له‌به‌رده‌م به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی “ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمی” بوون، کەوتنە داڕشتنی چۆنیه‌تی پته‌وکردنی کۆنترۆڵی خۆیان له‌سه‌ر چینی کرێکار. ئه‌وان چیدیکە کۆمیته‌کانی کارخانەیان بۆ په‌ره‌پێدانی چالاکی هاننە‌ده‌دا. زۆربه‌ی کرێکاران و کۆمیته‌کانیان به‌و پاشه‌کشێیه ملیاندا، له‌سه‌ر بنەما‌ی ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که ئه‌و ستراتیجییه نوێیه ته‌نیا شتێکی کاتییه و کاتێک که بۆلشه‌ڤیکه‌کان دەسەڵاتی “ڕامیاری”یان به‌ده‌ستهێنا، دەسەڵاتی ئازادانه له بواری ئابووری به کۆمیتەکانی کارخانە‌کان ده‌سپێرن.
پاش ماوه‌یه‌کی کورت، بۆلشه‌ڤیکه‌کان به جێگرتنه‌وه‌ی فەرمانداریی کاتیی به سۆڤیه‌ته ته‌واو کۆنترۆلکراوه‌کان له‌لایه‌ن خۆیانەوە، له به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی دەسەڵاتی ڕامیاریی سه‌رکه‌وتن. کارایی ئه‌و کاره له‌سه‌ر کرێکاران فراوان بوو. ئە‌وان ئاوایان دەبینی، که ئه‌و شۆڕشه تازه‌یه چرای سه‌وز بۆ ئە‌وان هه‌ڵده‌کا، تا‌کو چالاکییه‌کانیان په‌ره‌پێبده‌ن و له‌ده‌ست پاشماوه‌ی سه‌رمایه‌داران خۆیان ڕزگاربکه‌ن و پێکهاته‌یه‌کی به‌هێزی هاوئاهه‌نگیی پێکبهێنن. ئی. ئێچ. کار (E. H. Carr) ئه‌وه‌ی که یه‌کسه‌ره پاش ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ده‌سه‌ڵات ڕوویدا، ئاوا باسده‌کات:
“ئارەزووی خۆبه‌خۆی کرێکاران بۆ ڕێکخستنی کۆمیته‌کانی کارخانه و ده‌ستێوه‌ردان له به‌ڕێوه‌بردنی کارخانه، له‌لایه‌ن شۆڕشێکه‌وه پاڵی پێوه‌نرا، که کرێکارانی هێنایه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ده‌زگه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی وڵات هی ئه‌وانن و ده‌توانن بیانخنه ژێر ڕکێفی خۆیان و له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه به‌کاربهێندرێن. ئه‌وه‌ی که پێش شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر ده‌ستی به ڕودان کردبوو، ئێستا ئیدی به‌خێراییه‌کی زیاتر و ئاشکراتر ڕویده‌دا؛ بۆ ساتێکیش، هیچ شتێک نه‌یده‌توانی لە کشانی شۆڕش بەربگرێت. [29]
یه‌که‌مین هه‌وڵی کۆمیته‌کانی کارخانه بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوێکی سه‌رتاسه‌ری له خۆیان، سه‌ربه‌خۆ له گشت پارتیی و ده‌زگه‌کان، له سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و چالاکییانه‌وه سەریهەڵدا. پێکهێنانی ئاوا ڕێکخراوێک هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی توند بوو بۆ بار و دۆخی نوێی بۆلشه‌ڤیکه‌کان، وێڕای ئەوە‌ی که ئه‌وانه‌ی که له‌نێو ئە‌و کاره به‌شداربوون، هێشتاش ئاوایان دەبینی، که ڕێکخراوه‌که‌یان ته‌نیا به پرسی “ئابووری”یه‌وه په‌یوه‌سته. بۆلشه‌ڤیکه‌کان که له هه‌وڵی پته‌وکردنی پێگەی خۆیان بوون، ئەوەیان ده‌رککرد، که ده‌بێت کۆمیته‌کانی کارخانه له‌نێوبه‌رن. ئێستا ئیدی ئامرازی هه‌ستان به‌و کاره‌یان له‌به‌رده‌ستدا بوو، شتێک که فەرمانداریی کاتی نه‌یبوو. بۆلشه‌ڤیکه‌کان به کۆنترۆڵکردنی سۆڤیه‌ته‌کان، هێزه سەربازییەکانیان کۆنترۆڵکردن. زاڵبوونیان به‌سه‌ر سۆڤیه‌ته ناوچه‌یی و سه‌رتاسه‌رییه‌کانی کۆمیته‌کانی کارخانه، ئه‌و توانایه‌ی به ئە‌وان به‌خشی، که بۆ نموونه له ڕێگه‌ی نه‌دانی که‌ره‌سته‌ی خاوه‌وه، هه‌ر کۆمیته‌یه‌کی کارخانه‌یی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و له‌نێویبه‌رێت. یه‌کێتییه کرێکارییه‌کان که ئیدی بووبوونه پاشکۆی ده‌وڵه‌تی بۆلشه‌ڤیکی و بۆ سه‌رکوتی کۆمیته‌کانی کارخانه لە ئە‌وان کەڵکوه‌رگیرا. ئیساک دۆیچه‌ر (Isaac Deutscher) ڕۆشنیده‌کاته‌وه، که چۆن بۆلشه‌ڤیکه‌کان له یه‌کێتییه کرێکارییه‌کان کەڵكیانوه‌رگرت، تا‌کو له ماوه‌ی چه‌ند مانگی پاش شۆڕش کۆمیته‌کان ناکارابکەن:
بۆلشه‌ڤیکه‌کان له‌و کاته‌دا یه‌کێتییه کرێکارییه‌کان بۆ خزمه‌تی تایبه‌ت به فەرمانداریی سۆڤیه‌تیی ساوا و ده‌ستبه‌ستنی کۆمیته‌کانی کارخانه به‌کارده‌برد. یه‌کێتییه‌کان له‌دژی هه‌وڵی کۆمیته‌کانی کارخانه بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوێکی سه‌رتاسه‌ری سه‌ربه‌خۆی خۆیان، وه‌ستانه‌وه. له کۆنگرەی کۆمیته‌کانی کارخانه‌کانی سه‌رتاسه‌ری ڕوسیه، که پێشتر له‌لایه‌ن کۆمیته‌کانه‌وه به‌رنامه‌ڕێژیکرابوو ڕێگرییانکرد و خوازیاری پاشڕه‌ویی ته‌واوی کۆمیته‌کان بۆ خۆیان بوون. بەڵام کۆمیته‌کان له‌وه به‌هێزتربوون، که هەر ئاوا پێکڕا خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌بده‌ن. کۆتایی ساڵی ١٩١٧ سازشێک ڕوویدا، که لەنێو ئە‌و کۆمیته‌کان به پێگەی یاسایی تازه‌یان ڕازیبوون: ده‌بوو ئه‌وان ڕێکخراوه‌ی بناخه‌یی پێکبهێنن، که یه‌کێتییه‌کان خۆیان له‌سه‌ر ئە‌وان جێگیربکه‌ن؛ به‌ڵام به هه‌مان په‌یامی خۆسپێنه‌رانه‌وه، هەر ئاوا کۆمیتەکان به یه‌کێتییه‌کانه‌وه لکێندران. به‌ره‌به‌ره کۆمیته‌کان له به‌رزه‌فڕیی کاری سه‌ربه‌خۆ له یه‌کێتییه‌کان یان دژی یه‌کێتییه‌کان، چ له ئاستی نێوچه‌یی چ له ئاستی سه‌رتاسه‌ریی وازیانهێنا. ئیدی یه‌کێتییه‌کان بووبوون به که‌ناڵی بنچینه‌یی، که فەرمانداریی بەھۆی‌ی ئەوانەوە پیشەسازی کۆنترۆڵده‌کرد. [٣٠]
کۆمه‌ڵه کرێکارییه‌کان له کارخانه‌کان و ناوچه جیاوازە‌کان به‌رهه‌ڵستیانکرد ( ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات Kronstadt به‌ناوبانگترینی ئه‌و به‌رهه‌ڵستییانه بوو)، بەڵام مۆری “دژه‌شۆڕش” لە ئە‌و درا و له‌لایه‌ن هێزه سه‌ربازییه‌کان، که له‌لایه‌ن بۆلشه‌ڤیکه‌کان کۆنترۆڵکرابوون، سه‌رکوتکران. به زوویی لەتەک بزووتنی بۆلشه‌ڤیکه‌کان بۆ لەنێوبردنی ئه‌گه‌ری هه‌ر جۆره به‌رهه‌ڵستکارییه‌ک له دژی دەسەڵاتی خۆیان، ته‌نانه‌ت یه‌کێتییه کرێکارییه‌کانیش ده‌بوو لەنێوببرێن. لێره‌دا که‌می بوار ڕێگرە لەوەی له ورده‌کاری ڕۆشنیبکه‌ینه‌وه، که چۆن بۆلشه‌ڤیکه‌کان پێگەی خۆیان ته‌ختکرد، بەڵام گێڕانه‌وه‌ی فره هه‌ن و تا‌کو ڕاده‌یه‌کیش به‌ئاسانی به‌ده‌ستده‌که‌ون. [31]
به ئاوڕدانەوەیەک له ڕابوردوو و ڕه‌وتی ڕوداوه‌کان، لایه‌نی جۆراوجۆری پرسەکە به‌رجه‌سته‌ده‌بن. شۆڕش ( ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی نیگه‌تیڤیش بێت ) له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێکی فراوانی جوتیارییه‌وه بە‌دیھات. کۆمیته‌کانی کارخانه نوێنه‌رایه‌تی ته‌نیا به‌شێکی بچووک له کۆمه‌ڵیان ده‌کرد و هیچ کاتێک نه‌یانده‌توانی لە ئەوە‌دا سه‌رکه‌وتووبن، که ته‌واوی به‌رهه‌مهێنانی ڕوسیه به‌ڕێوه‌به‌رن. بێتوانایی کرێکاران له لابردنی چاوبه‌سته‌کانیان، بوو به هۆی ئه‌وه‌ی، که ته‌نیا له‌نێو تێگه‌یشتنه سنوورداره “ئابووری”ییه‌کان ڕۆڵبگێڕن، ئەوە شتێکی چاوه‌ڕوانکراوبوو. بەڵام ئەوه چالاکییه‌کانیانی ئەوانی به‌رته‌سککرده‌وه و زەمینەی ئه‌وه‌ی ڕەخساند، کە له‌لایه‌ن خاوه‌نانی دەسەڵاتی “ڕامیاریی” ده‌ستکه‌وته‌کانیان لەنێوببرێن. له‌لایه‌کی دیکە ڕوداوه‌کانی ڕوسیه به ڕۆشنی نیشانیاندا، که لەنێو هەل و مەرجێکی تایبه‌ت، جه‌ماوه‌ری کرێکاران توانای ئافراندنی ڕێکخراوه‌کانی خۆیان بۆ تێکۆشان هه‌یه. ئە‌و ڕێکخراوانەی که ده‌توانرێت وه‌ک ئامرازێک به‌کارببرێن و به هۆی ئە‌وان به‌رهه‌مهێنه‌ران بتوانن ڕاسته‌وخۆ پڕۆسێسی به‌رهه‌مهێنان له‌نێو کارخانه‌کانی خۆیان کۆنترۆڵبکه‌ن. بەڵام “کۆنترۆڵی کرێکاران” به‌سه‌ر پڕۆسێسی به‌رهه‌مهێنان له تاکه تاکەی کارگه‌کان به‌س نییه. قۆناخی دواتر هاوئاهه‌نگکردنی ئه‌و ڕێکخراوانه‌یە، واته هه‌وڵی چینی کرێکار بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سه‌راپای به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تیی زۆر دژوارتره. گروپە جۆراوجۆرەکانی دیکە به‌شێوە‌یه‌کی په‌یگیرانه به‌ره‌وپێش هه‌نگاوده‌نێن، تا‌کو ئه‌و کاره بۆ چینی کرێکار ئه‌نجامبده‌ن. ئه‌گه‌ر مل به هەوڵی ئەوانه بدرێت، هه‌وڵده‌ده‌ن تا‌کو چالاکی کرێکاران کۆنترۆڵبکه‌ن. ئە‌و ڕێکخراوانە به کرده‌وه چینی سه‌روه‌ری تازه‌ن و هه‌مان کات ده‌بێت لە ئە‌وان به‌ربگیردرێت. به‌و جۆره‌ی که مارکس له پێشه‌کی یه‌که‌مین بڕیاره‌کانی ئەنجومەنی نێونەتەوەیی یه‌که‌می زەحمەتکێشان نووسی ” ڕزگاری چینی کرێکاران ، ته‌نیا به‌ده‌ستی خودی کرێکاران دێته‌دی “.
په‌رواێز و سه‌رچاوه‌کان:
————————–
* پیته‌ر ڕاچلیف Peter Rachleff یه‌کێکه له لێکۆڵه‌ره به‌ناوبانگه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئەمەریکا و له شاری سانت پاول له هه‌رێمی مینه‌سوتا Minnesota له کۆلێجی Macalester فێرکاری مێژووه، په‌رتووک و نووسینی جۆراوجۆری لەبارەی بزووتنه‌وه و مانگرتنه کرێکارییه‌کان هه‌یه. ئێستا سه‌رقاڵی گوتنه‌وه‌ی مێژووی کرێکاریی و کۆچکردن و ئه‌فرۆ-ئەمەریکاییه. ئه‌م نووسینه‌ی به‌رده‌ست بۆ جاری یه‌که‌م له ژماره ٦ی خولی ھەشتەمی بڵاوکراوه‌ی ئەمەریکای ڕادیکاڵ Radical America ، نۆڤه‌مبه‌ر- دێسه‌مبه‌ری ١٩٧٤ بڵاوکرایه‌وه. و. فارسی.
[١] Trotsky, 1905, pp. 38-14.
[٢] Ibid., p. 81.
[٣] Oskar Anweiler, Les Soviets en Russie, 1905-1921, pp. 43-47. ، ئە‌و ده‌نووسێت: پێکهاتنی سۆڤیه‌تەکان له ماوه‌ی شۆڕشی ١٩٠٥ به‌شێوه‌یه‌کی نکۆڵیهه‌ڵنه‌گر نیشانده‌دات، که ئه‌و ئۆرگانانه له بنه‌ڕه‌تیاندا ئامانجیان پێداگریی له به‌رژه‌وه‌ندی کرێکاران له‌سه‌ر بنه‌مای کارخانه‌کان بوو. ئه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه، که کرێکاران تێکۆشان تا‌کو تێکۆشانی پرشوبڵاوی خۆیان یه‌کبخه‌ن و ئاراستە‌یبکه‌ن، نه‌ک لەبەرئه‌وه‌ی، کە دەسەڵاتبه‌ده‌سته‌وه‌گرتنیان له ڕێگه‌ی کاردانه‌وه ڕامیارییه‌کانه‌وه ده‌دیت، لەبەرئەوە یه‌که‌مین سۆڤیه‌ته‌کان سه‌ریانهه‌ڵدا.” (ل. 47)
[٤] هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه‌کانی 54- 55. ئە‌و ده‌ستنیشانیده‌کات، که له یه‌که‌مین چل نوێنه‌ران، ته‌نیا پازده که‌سیان نوێنه‌ری کۆمیسیۆنی شیدلۆڤسکی و ئه‌ندامی کۆمیته‌کانی مانگرتن نه‌بوون.
[٥] Ibid., P. 57
[٦] Nineteen-Seventeen, p. 39.
[٧] L’An Un de la Revolution Russe, pp. 55-56.
[٨]The Russian Revolution, p. 98.
[٩] ئانڤایله‌ر سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌وه. ل ١٢٨، ئە‌و ڕایده‌گه‌یێنێت، که هیچ کام له‌وانه نوێنه‌ری کارخانه نه‌بوون.
[١٠] Ibid., p. 129.
[١١]Sukhanov, The Russian Revolution 1917, pp. 186-187, also quoted in Roger Rethybridge (ed.), Witnesses to the Russian Revolution, pp. 123-124. Sukhanov’s recollections are corroborated by Anweiler, op. cit., and “The Political Ideology of the Petrograd Soviet in the Spring of ١٩١٧,” in Richard Pipes (ed.), Revolutionary Russia; Chamberlin, The Russian Revolution, p. 109; Browder and Kerensky (eds.), The Russian Provisional Government, Volume I, p. 71; and Trotsky, History of the Russian Revolution, Volume I, pp. 216-217.
[١٢] Anweiler, Les Soviets en Russie, pp. 131-137, cf. also Chamberlin, op. cit., p. 84; Irakli Tseretelli (a member of the Executive Committee), “Reminiscences of the February Revolution,” The Russian Review, Vol. 14, Nos. 2, 3, and 4; George Katkov, Russia ١٩١٧: The February Revolution, p. 360.
[١٣] Paul Avrich, The Russian Anarchists, p. 140-141.
[١٤]Resolution quoted in Robert V. Daniels, The Conscience of the Revolution, p. 82, cf. also, Anna Pankratova, “Les Comites d’ Usines en Russie a l’Epoque de la Revolution,” originally written in Russian in 1923 and reprinted in French in Autogestion, #4, December 1967, pp. 8-l0.
[١٥]Pankratova, ibid., p. 12, cf. also Frederick Kaplan, Bolshevik Ideology and the Ethics of Soviet Labour, p. 48.
[١٦] کێبڕکێی نێوان کۆمیته‌کانی کارخانه و کرێکارانێک کە ئه‌وه‌ی ده‌یانتوانی هه‌ڵیبگرن ده‌یاندزی، له زۆر ناوچه به بێسه‌ره‌وبه‌ره‌ی ئابووریی کۆمه‌کیکرد.
[١٧] بڕیارنامه‌ی په‌سه‌ندکراو لەنێو پێنجه‌مین کۆنگرەی کۆمیته‌کانی کارخانه‌کانی پترۆگراد ٣٠ی مانگی مه‌ی، ده‌رهاویشتراو له: S.O. Zagorsky, State Control of Russian Industry During the War, p. 174
[١٨] چه‌ند به‌شێک له بڕیارنامه‌ی p. 5 Maurice Brinton, The Bolsheviks and Workers’ Control وه‌رگیراوه.
[١٩] Trotsky, History of the Russian Revolution, Vol. II, p. 19.
[٢٠] Pankratova, op. cit., p. 30.
[٢١] Kaplan op. cit., p. 66.
[٢٢] بەگوێرەی گوته‌ی کاپلان Kaplan بۆلشه‌ڤیکه‌کان لەبەر هۆی دیکە جیا له هاوئاهه‌نگیی باشتری کەوتنەڕێی به‌رهه‌مهێنان په‌رۆشی پێکهێنانی سۆڤیه‌تی نێوەندیی بوون “ئاوا که ده‌رده‌که‌وت بۆلشه‌ڤیکه‌کان خوازیاری سۆڤیه‌تێکی نێوەندیی پته‌و بوون، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ڕێکخراوه‌ی کرێکاریی کۆنترۆڵبکەن و لە بەرانبەر یه‌کێتییه کرێکاریی و ڕێکخراوه ناکرێکار‌ییه‌کانی دیکە پێگه‌یه‌کیان هه‌بێت” هه‌مان سه‌رچاوه ل67.
[٢٣]Ibid., p. 75.
[٢٤] زۆرێک له کرێکاران ئه‌ڵته‌رناتیڤ و ئه‌رکه‌کانی به‌رده‌می خۆیان دەرکده‌کردن. پانکراتۆڤا له دەقی بڕیارنامه‌یه‌که‌وه، که له کۆنفرانسی کۆمیته‌کانی کارخانه‌کانی پیشه‌سازی ڕستن و چنین کۆتایی هاوینی هەمان ساڵ په‌سه‌ندکرا، بۆ ئێمە ده‌گێڕێته‌وه ” له‌وێدا نوێنه‌ران دیتیان که هەڵبژێرەکانی به‌رده‌میان ئه‌وه بوون ” یان ملدان به که‌مکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان، یان خۆخستنە بەردەم مه‌ترسی ئه‌وه‌ی به به‌شدارییکردنی چالاکانه له به‌رهه‌مهێنان و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی به‌ڕێوه‌به‌ریی و ئاساییکردنه‌وه‌ی کار لەنێو کۆمپانیاکان ده‌ربکرێن.” ئە‌وان ئەوەیان په‌سه‌ندکرد: “نه به‌هۆی شێوازی بۆرۆکراتییانه‌وه، واته به‌هۆی پێکهێنانی ده‌زگه‌یه‌که‌ی ته‌واو سه‌رمایه‌داریی و نه به‌هۆی پشتیوانی له سه‌رمایه‌داران و ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنان، ئێمه نا‌توانین خۆمان له کاره‌سات ڕزگاربکه‌ین. ڕێگه‌ی ده‌ربازبوون ته‌نیا جێگیرکردنی کۆنترۆڵی کەتواریی کرێکارانه.” سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌وه، ل ٤٠
[٢٥] Quoted in Browder and Kerensky, op. cit., Vol. 11, p. 722.
[٢٦] Pankratova, op. cit., p. 48.
[٢٧] Kaplan, op. cit,, p, 81.
[٢٨]Browder and Kerensky, op. cit., p, 726
[٢٩] E.H. Carr, The Bolshevik Revolution, Vol. II p. 69. Cf. also Paul Avrich, “The Bolshevik Revolution and Workers’ Control in Russian Industry,” in Slavic Review, March, 1963.
[٣٠]Deutscher, Soviet Trade Unions, p. 17.
[٣١] The best are: Brinton, op. cit.; Avrich, article op. cit.: Daniels, op. cit.; Leonard Schapiro, The Origin of the Communist Autocracy; James Bunyan, The Origin of Forced Labour in the Soviet Union, ١٩١٧-21; Alexandra Kollentai, The Workers Opposition; Marya Gordon, Workers Before and After Lenin; and many others.
سه‌رچاوه‌ی وەرگیردراوی دەقە فارسییه‌که : http:www.kavoshger.org
بۆ ئه‌م وه‌رگێڕانه له ده‌قه ئینگلیزییه‌که‌ی کەڵکوه‌رگیراوه و بەراوردکراوە، چونکه زۆربه‌ی ناوه‌کان بە زمانی فارسی وه‌ک ده‌ربڕینه ڕوسیە‌که یان ئینگلیزییه‌که‌ی خۆیان نانووسرێنه‌وه. خوێنه‌ران ده‌توانن له‌م لینه‌که ده‌قه ئینگلیزییه‌که‌ی به‌ده‌ستێنن : http://www.libcom.org/library/soviets-factory-committees-russian-revolution-peter-rachleff
* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj