بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ھەموو کۆمەڵێک، ھەموو گوندێک، ھەموو شارێک، ھەموو پارێزگەیەک، ھەموو ناوچەیەک، ھەموو ھەرێمێک، ھەموو سەرزەمێنێک، بەڵام …

بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ھەموو کۆمەڵێک، ھەموو گوندێک، ھەموو شارێک، ھەموو پارێزگەیەک، ھەموو ناوچەیەک، ھەموو ھەرێمێک، ھەموو سەرزەمێنێک، بەڵام …

ھەژێن

١٨ی سێپتەمبەری ٢٠١٧

ئایا ئەگەر فەرمانداریی ھەرێمی “کوردستان” ببێتە دەوڵەت، ھیچ لە تیرۆر و کوشتن و سووتاندنی ژنان دەگۊڕێت؛ ھیچ لە سەرکوتگەریی و زیندان و ملھوڕیی پارتییایەتی دەگۆڕێت؛ ھیچ لە برسیەتی و بێکاریی ئێوە دەگۊڕێت؛ ھیچ لە نیو و سێ چارە مووچەی کرێکاران و فەرمەنابەران و مامۆستایان و خانەنشینان و ..تد دەگۆڕێت؛ ئایا ھیچ لە گەندەڵی دەسەڵاتاداران، ھیچ لە ساختەچییەتی ڕامیاران، ھیچ لە چەوسێنەریی سەرمایەداران، ھیچ لە سەرکوتکاریی پۆلیس و سەربازاران، ھیچ لە ملھوڕیی جەلادان و دووڕووی سیخوڕان و پارلەمانتاران دەگۆرێت؛ ھیچ لە قومارچیەتی و لە بازرگانی کوڕە دەسەڵاتداران لەتەک داعش و داگیرکاران دەگۆڕێت؟

ئایا بەدەوڵەتبوونی فەرمانداریی ھەرێمی “کوردستان” دەتوانێت لە دەوڵەتی چەند سەد ساڵەی ئێران و تورکیە و سەد ساڵەی سعودیە و عیراق و … جیاوازبێت، کە پێشتر و ئێستاش بێجگە لە برسیەتی و بێکاری و جەنگ و زیندان و سێدارە و ملھوڕیی و ستەم و بەھرەکێشی و ناداوەریی بۆ زۆرینەی نەدار و بێدەسەڵاتی ئەو وڵاتانە ھیچی دیکە نەبووە و نابێت و ھەر بابای ئێرانی و تورکیەی و وڵاتانی عەرەبییە، لەتاو برسیەتی و بێکاری و سەرکوت و سێدارە بەرەو ئەوروپا ڕەودەکات و پەروەندەکەی بریتی دەبێت لە “ھەڵھاتن لە دەست دەوڵەتی ئێران، دەوڵەتی تورکیە، دەوڵەتی سعودیە، دەوڵەتی سوریە، دەوڵەتی عیراق و ..تد”.

ساڵی ١٩٩١-٢٠٠٣ بە کردەوە، ھەرێمی “کوردستان” لە عیراق سەربەخۆ بوو؛ ساڵی ٢٠٠٣ پاش ڕوخانی فەرمانداریی بەعس بەکردەوە دەوڵەتک بەناوی عیراق بوونی نەبوو و تەنیا ھەرێمێک کە سیستەمی فەرمانداریی و دەوڵەتی ھەبوو، ھەرێمی “کوردستان” بوو، بۆچی دەسەڵاتدارانی ھەرێم، کە ھەر (پدک) و (ینک) نەوشیروانییەکانی نێو (ینک) و (ئیسلامییەکان) و (حشک) بوون، جیانەبوونەوە؟

وەڵامەکە سادە و ئاسان و زیندوون، لەبەرئەوەی ئەو کۆمپانی و دەوڵەتانەی کە ئێستا خەریکی ھەڵگیرساندنی جەنگی نێوخۆیی گەلانی عیراقن، ئەو کات بۆ خۆشباوەڕکردن و دەستەمۆھێشتنەوەی نەداران و بێدەسەڵاتان، پێویستیان بە پاگەندەیەکی دیکە ھەبوو “حکومەتەکەمان ساوایە”. بەڵام ئێستا کە ئیدی پیربووە، پێویستیان بە سیناریۆیەکی دیکە ھەیە؛ “دەوڵەتی کوردی” و “دەوڵەتی سێکولار”، چونکە بەو ھۆیە چەند ساڵ جەنگی نێوخۆیی دروستدەکەن و ھەنبارەکانی چەک خاڵیدەکەن و قەرزێکی زۆر بە جەنگکەران دەدەن و دواتریش ھەر کەسە ناھوشیار و خۆشباوەڕەکان باجی ھەموو نەھامەتییەکان دەدەن و کۆتایی ئاوا جەنگێک لە دوو ئەگەر زیاتر نییە:

– یەکەم: وەک جەنگە نێوخۆییە چل (٤٠) ساڵییەکەی (مەلایی) و (جەلالی)، سەرەنجام پاش کوژرانی ھەزاران و پەککەوتەبوونی سەدان و بێسەروشوێنبوونی دەیان و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و ھەتیوکەوتنی ھەزاران منداڵ و ئەتکرانی ھەزاران ژن، سەرانی فەرمانداریی بۆرجوازی کورد و سەرانی فەرمانداریی بۆرجوازی عەرەب (شیعە و سوننە) پێکەوە دادەنیشنەوە و پێکی (خوشک و برایی) ھەڵدەدەنەوە و قوربانیانی جەنگەکە تاوانباردەکەن و بە کوژراوانی ھەر دوو لای خۆیان دەڵێن “شەھید” و گەل|گەلانی عیراق بە ھەڵگیرسێنەری جەنگەکە تاوانبار دەکەن.

دووەم، یان بە دوو دەوڵەتبوونی عیراق کۆتاییدێت و دیسان دەزگەکانی پاگەندەی بۆرجوازی کورد دەکەونەوە ھەمان بالۆرەی ساڵی ١٩٩١- ٢٠٠٣ و دەڵێن “دەوڵەتەکەمان ساوایە ” و پێویستی بە خوێنی زیاتری خەڵک ھەیە و ھەر دەنگێکی ناڕازی بە تیرۆرکردن و لەسێدارەدان وەڵامدەدەنەوە و ئەگەر ناڕزاییەک بەخت یاری ئەو بێت، ئەوا تەواوی تەمەنی لەسایەی دەوڵەتە نەتەوەییەکەی (پدک) و دەوڵەتە سێکیولارەکەی (حککک) لەنێو زیندان دەمێنێت.

ئایا لە چەند ھەزار ساڵی ڕابوردوو تاکو ئێستا، دەوڵەت بێجگە لە ملھوڕیی و مشەخۆریی و سەرکوتکردن و تیرۆر و سەپاندنی بەرژەوەندی و چاوچنۆکی دەسەڵاتداران و ڕامیاران بەسەر نەداران و بێدەسەڵاتان، ھیچی دیکە بووە، ھیچ یەك لەو گەلانەی کە خراونەتە  ژێر (پاژنەی ئاسنینی چەکمەی)*  دەوڵەت و بەناوی ئەوانەوە دەوڵەتی چەوسێنەرانی ئەوان ڕاگەیێندراون، بەختەروەر و ڕزگار و ئازاد و یەکسان و دادپەروەرانە ژیاون، تاکو بە دەوڵەتبوونی دەسەڵاتدارە چەتە و سەرکوتگەرەکانی ئێستای ھەرێم، نەداران و بێدەسەڵاتانی کوردی-زمان بەختەوەر ببن و ڕزگار و ئازاد و یەکسان و دادپەروەر بژین؟

بەڵێ، جارێکی دیکە من ئەوە دەڵێمەوە و پێداگرییدەکەمەوە و ھاواردەکەم، من خوازیاری سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەریی ھەموو کۆمەڵێکی مرۆیی سەر گۆی زەمین دەبم، بەڵام سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەریی واتا ڕەکردنەوەی دەوڵەت و سیستەمی ڕامیاریی و ڕۆنانی یەکێتی کۆنفیدرالیستییانەی خۆبەڕێوەبەریی گشت کۆمەڵەکان و گەلان؛ بەڵێ من دژی دەوڵەت دەبم و تاکو مردنیش دژی دەوڵەت دەمێنم و ئەگەر بتوانم پاش مردنیش دێمەوە خەونی ڕامیاران و دەسەڵاتادارن و سەرمایەداران و دژایەتی دەوڵەتەکەیان دەکەم، بەڵام ئەوە دڵنیادەکەمەوە و ڕۆشندەکەمەوە، کە دژایەتی و ڕەتکردنەوەی دەوڵەت لەلایەن من لەبەر پاشگرە دێوجامەییانەکەی “کوردی”، “سێکیولار” نییە و نا، بەڵکو لەبەرئەوەی کە دەوڵەت ملھوڕترین و پێشکەوتووترین دەزگەی ستەمگەریی چینایەتییە و ھەر دەوڵەتبوونیش بوو، کە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ تێکشکاندن و ئەوەی بە قەیسەر و لەشکری داگیرکاری ئاڵمانی و نەمسایی نەکرابوو، ئەو ئەنجامیدا و دەوڵەتی بۆرجوازی کوردیش ھەر ھەمان شت ئەنجامدەدات و ئەوەی کە دەوڵەتی ئێران و تورکیە و سوریە و عیراق وەک داگیرکەرێک نەیانتوانیوە ئەنجامیبدەن، دەوڵەتی بۆرجوازی کورد ئەنجامیدەدات.

من دژی دەوڵەت و پارلەمان و زیندان و سوپاس و پۆلیس و سیستەمی ڕامیاریم و تۆش ئازادیت، چ دۆزەخێک بۆ خۆت ھەڵدەبژێریت و کێ دەکەیت شوانەی خۆت. بەڵام دڵنیابە سەرەنجامی ئەو خۆشباوەڕییەشت ھەر گندۆرەشکاندن بە ئەژنۆی پەشیمانی دەبێت، ھەر ئاوا ئێمەی سۆشیالیستخوازان لە ڕۆژانی پاش ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ گوتمان “ڕۆژێك دێت، کە دەسەڵاتداریی پارتییەکانی بەرەی کوردستانی ڕووی ملھوڕیی دەسەڵاتدارە بەعسییەکان سپیدەکاتەوە” و ئێستاش باجی چەپڵە و ھەلھەلەی ڕۆژانی ھەڵبژاردنەکەی ئایاری ١٩٩٢ دەدەن و  تاکو نەداران و بێدەسەڵاتان چاوەڕێی “سەرۆکی باش”** و “پارتیی باش”** و”پارلەمانی باش”** و”فەرمانداریی باش”** و”دەوڵەتی باش”** و”کۆمپانی باش ” و”سەرمایەداریی باش” و”جەلادی دڵسۆزی گەل”*** بن، بەدڵنیاییەوە نەھامەتییەکان درێژدەبنەوە و باجدانەکە بەردەوامدەبێت و تەمەنی مشەخۆریی سەرمایەداران و سەروەریی ڕامیاران درێژتر دەبێتەوە.

*  لە واتا و ناوی ڕۆمانەکەی (جاک لەندەن: پاژنەی چەکمە ئاسنینەکان) وەرگیراوە.

** لە گوتەیەکی (میخائیل باکونین) وەرگیراوە

*** ئەو چەند دەستەواژانە لە وتارێکی (ئێریکۆ مالاتێستا) وەرگیراون

00000

نووسەر: هه‌ژێن

هه‌رچه‌نده‌ من به‌ ویستی خۆم له‌دایك نه‌بووم، به‌ڵام ده‌موێت به‌ ویستی خۆم بژیم و به‌خۆم بیربکه‌مه‌وه‌، به‌خۆم بڕیار بده‌م و به‌ خۆم جێبه‌جێ بکه‌م. هه‌ر له‌ مناڵیمه‌وه‌ تا ئێستا نه‌فره‌تم له‌ زۆره‌ملی و چه‌پاندن هه‌بووه‌، هاوکات خه‌ونم به‌ دونیایه‌که‌وه‌ بینیوه‌، که‌ تێیدا له ‌بری فه‌رمانده‌ری و فه‌رمانبه‌ری؛ هاوه‌ڵێتی، له ‌بری ڕك و کینه‌؛ خۆشه‌ویستی، له‌ بری جه‌نگ و کوشتار؛ ئاره‌زوومه‌ندی ئاشتی و ئاوه‌دانی بووم و هه‌میشه‌ خه‌ونم به‌ ژیانێکی ئازاد له‌ باوه‌شی سروشتدا، له‌ جه‌نگه‌ڵه‌ چڕ و دوورده‌سته‌کان بینیوه‌. لای من جیاوازی باوکی زۆردار و مامۆستای داروه‌شێن و ئه‌شکه‌نجه‌ده‌ری زینادنه‌کان نییه‌ لای من جیاوازی سه‌رکرده‌ و شوان نییه‌، لای من جیاوازی پارته‌ راست و چه‌په‌کان نییه‌، هه‌رچه‌ندی ناو و ڕه‌نگ و پاگنده‌کانیان له‌ ڕوخساردا جیاواز بن herçende min be wîstî xom ledayk nebûm, bellam demwêt be wîstî xom bjîm û bexom bîrbkemewe, bexom birryar bdem û be xom cêbecê bkem. her le mnallîmewe ta êsta nefretim le zoremlî û çepandin hebuwe, hawkat xewnim be dunyayekewe bînîwe, ke têyda le brî fermanderî û fermanberî; hawellêtî, le brî rik û kîne; xoşewîstî, le brî ceng û kuştar; arezûmendî aştî û awedanî bûm û hemîşe xewnim be jyanêkî azad le baweşî sruştda, le cengelle çirr û dûrdestekan bînîwe. lay min cyawazî bawkî zordar û mamostay darweşên û eşkencederî zînadnekan nîye lay min cyawazî serkirde û şwan nîye, lay min cyawazî parte rast û çepekan nîye, herçendî naw û reng û pagindekanyan le ruxsarda cyawaz bin

وەڵامێک بنووسە

Please log in using one of these methods to post your comment:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: