کاری دەرەوەی ماڵ ئازادکردن یان گشتیکردنەوەی کۆیلەتی و کرێگرتەیی ژنان؟

کاری دەرەوەی ماڵ ئازادکردن یان گشتیکردنەوەی کۆیلەتی و کرێگرتەیی ژنان؟

 

ھەژێن

٦ی ئازاری ٢٠١٧
بەپێچەوانەی چاوەڕوانی چالاکانی سەردەمی قەدەخەبوونی کاری ژنان لە دەرەوەی ماڵ و بەپێچەوانەی ئەنجامگیری زۆر کەس لە ئازادی و یەکسانی ڕەگەزیی، هاتنەدەرەوەی ژنان نەبوو بە هۆی گۆڕینی ڕەگەز-پێدراویی کاری نێوماڵ، بەڵکو کاری ژنانی قورستر کرد، بێجگە لەوەش هاندەری هاتنەدەرەوەکە ڕزگاربوون لە کاری نێوماڵ یان بە کۆمەڵایەتیکردنی یان ناڕەگەزییکردنی کاری نێوماڵ نەبوو، بەڵکو پێویستی سەرمایەداری و لەگەڕمانەوەی کارخانەکان بوو لە کاتی جەنگ، کە پیاوان بەرەو پاریزگاری لە نیشتمانی سەرمایەداران [ سەروەری چینایەتی] بەڕێکرابوون، پاش کۆتایی جەنگەکان هەم زەنگی پەرەستگەکان و هەم هەڵای کاناڵی میدیاکان بەگەڕکەوتنەوە و ڕامیاران بە جادووگەریی و پەڕجووەکردنەکانیان ژنانیان بۆ نێو ماڵ و وەچەخستنەوە بانگێشتکردەوە.

 

هەبوونی مافی کارکردنی ژنان لە دەرەوەی ماڵ تاکو ئەم ساتەش بە گشتی نەبووەتە هۆی ڕزگاربوونی ژنان لە تایبەتبوون و ڕەگەزییبوونی کاری نێوماڵ و ئێستاش ژنان وەك ڕابوردوو هەم کاری دەرەوە دەکەن و هەم کاری نێوماڵ وەك ئەرك و باڵابڕاوی ئەوان ماوەتەوە و هەم لە شوێنی کار ژنان ڕووبەڕووی هەڵاواردنی ڕەگەزیی و هەراسانکردنی سێکسی و دەبنەوە و هەم تاکو ئێستاش کەمتر لە پیاوانی هاوکاریان کرێی کەمتەر وەردەگرن و پلە چەند تەماشادەکرێن.

 

بە بۆچوونی من کاری دەرەوەی ماڵ بۆ ژنان تەنیا ڕواڵەتی کۆیلەتی ڕەگەزیی ژنانی گۆڕی، نەك کڕۆکی کۆیلەتی ڕەگەزیی، واتە لە کۆیلە و کرێگرتەی تایبەتی نێو ماڵەوە گۆڕدران بە کۆیلە و کرێگرتەی گشتی/دەرەوەی ماڵ؛ پێشتر ژنان کۆیلەی ڕەگەزسالاریی پیاوانی نێوماڵ [باوك و برا و هاوسەر و کوڕ] بوون و بووکەشووشەی کایە و دامرکاندنەوەی هەوەسی پیاوانی سەروەری ماڵ بوون، ئێستاش ھێشتا لە دەرەوەی ماڵ کۆمەڵێك کاری کۆمەڵایەتی و چالاکی ئابووریی و ڕامیاریی و کولتووریی هەر تایبەت بە ڕەگەزی نێرینەن و ئەگەر ناوازانەش ژنان بەو پێگە و شوێنانە بگەن، هەر نایەکسان و هەڵاوێرانە بە ژنان بەرخود دەکرێت و هەمان مافی پیاوانیان نییە و ژنان تەنیا وەك بووکەشووشەیەکی جوانکردنی بەرنامە ڕامیاریی و میدیاییەکان و ڕازاندنەوەی کۆڕ و کۆنفرانسەکانی پیاوانن.

 

بۆ نموونە ئەگەر سەرنجی بواری خزمەتگوزاریی دایەنگە و باخچەی ساوایان و نەخۆشخانەکان و چێشتخانەکان و تەنانەت کارگەکان و لەوانەش ئاشکراتر سێکسفرۆشییەکان بدەین، بە ئاشکرا دەبینین ژن لە خزمەتکار و کرێگرتەی نێو ماڵەوە گۆڕدراوە بۆ خزمەتکار و کرێگرتەی دەرەوەی ماڵ؛ لەنێو ماڵ منداڵ بەخێوکردن کاری ئەوە، لە دەرەوەش تاکو ئێستا هەر کاری ئەوە، لەنێو ماڵ ئامادەکەری خواردن و قاپشۆر و جلشۆر و گسکدەر و خاوێنکەرەوەی گەرماو و توالێتە، لە دەرەوەش هەر ئاوا تاکو ئێستا بە زۆری ئەوانە کاری ژنانن، لەنێو ماڵ ژن ئامرازی دامرکاندنەوەی ئاڵۆشی سێکسیی پیاوانە، لە دەرەوەش هەر ئاوا و سێکسفرۆشییەکان باشترین نموونەن.

 

من گرفت و پرسی ستەم و ھەڵاواردنی ڕەگەزیی دوو دەمە یان دوو سەرە دەبینم، ئەویش ئەوەیە هەم لەنێو ئاوەزی کۆمەڵی پیاوسالار/ چینایەتی ژن ئامرازی ئەنجامدانی ئەو کار و ڕۆڵانەیە، هەم لەنێو ئاوەزی خودی ژنانیش نەوە پاش نەوە لە ماوەی چەندین هەزار ساڵی ڕابووردوو ئەو کۆیلەبوونە بووە بە تایبەتمەندییەکی بۆماوەیی نێو جێنیتیکی  (DNA) ژنان و نەوەکانی ژنان. لەو بارەوە سەرنجی ژنانێك کە کارکردنی دەرەوە [کۆیلەتی دەرەوە] و هەبوونی هەمان پلەی دەسەڵاتداریی پیاوان بە ئازادبوون دەزانن، بۆ چەند شتێك ڕادەکێشم، کە بەداخەوە زۆرێك لەو ژن و پیاوانەی کە خۆیان بە چالاك و  خوازیاری لەنێوبردن و هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزین، زۆر ڕواڵەتییانە لە کۆمەڵە ئەوروپییەکان دەڕوانن و پلە دوویی ژنان لە کۆمەڵەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا بە ڕۆڵ و زاڵیی ئایین یان ئایینێك دەبەستنەوە و ئاگایانە یان نائاگایانە ڕۆڵی سەرەکی سەروەریی چینایەتی و “کولتووری نەتەوە”  نەدیتراو دەگرن و بەجۆرێك پەردەپۆشدەکەن.

 

ئەوەی پێویستە چالاکانی ژنان بیزانن، بەتایبەت ژنانێکی فێمینیست، ئەوانەی کە هۆش و ئاوەزییان ئالوودەی پاگەندە ناسیونالیستیی و نیئۆلیبرالیستییەکان کراوە، ئەوەیە، ڕێژەیەك لە ماف و ئازادی تاکەکەسیی کە ژنانی ئەوروپا و ئەمەریکا بەدەستیانهێناوە، نە بارەتەقای دەوڵەت-نەتەوە و نە بەخشیشی نیئۆلیبرالیزمە، بەڵکو بەرەنجامی تێکۆشانی چەند سەدە و بگرە هەزاران ساڵەی ژنانی ئازادیخوازە بە پلەی یەکەم و بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستییە بە پلەی دووەم و هەندێك سات و سەردەمی دیاریکراوی مێژوویی وەك ڕاپەڕینی کۆمونەی پاریس و ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ و ڕاپەڕینەکانی دیکە تاکو دەگاتە ڕاپەڕینی ئایاری ١٩٦٨، کە شیرازەی  باوکسالارانەی کۆمەڵە ئەوروپییەکانی هەڵوەشاند و تاکو ڕادەیەكلەنێوبرد. لەو بارەوە ئەوەندە بەسە، کە سەرنجی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بدەین، بۆ ئەوەی تێبگەین، کە چۆن کۆمەڵە ئەوروپییەکان بە ئەم ڕۆژە گەییشتوون :

 

– تاکو دەهەی حەفتای سەدەی ڕابوردوو بۆ ئەوەی ژنێك کە لە دەرەوەی ماڵ کاربکات، پێویستی بە ڕەزامەندی مێرد* یان باوکی دەبوو و دەبوو باوك یان ھاوسەر لەتەك ژن بڕوات و لە نووسین و واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی کار ئامادەبێت، ئەوە ڕاپەڕینی ئایاری ١٩٦٨ کە کۆت و بەندەکانی دەستی ژنانی لەنێوبردن یان شلکردن، نەك بازاری کار  و پیاوچاکیی پارلەمانتاران و ڕامیاران و پارتییەکان و دەسەڵاتداران …تد.

 

–  ئێستاش لە زۆربەی وڵاتانی تۆپ-پارلەمانی و “پێشکەوتوو”، کرێ و مووچەی ژنان ٧٥- ٨٠% کرێ و مووچەی پیاوانە بۆ هەمان کار و فەرمان، لەو بارەوە ئاڵمانیا و بریتانیا و فەرەنسە و بە نموونە … تد.

 

–  لە وڵاتانی تۆپ-پارلەمانی دەهە و نیوێك زیاتر نابێت، کە ژنان مافی هەڵگرتنی ناوی خانەوادەیی خۆیان هەیە .

 

– هەبوونی دەیان پیشەی وەك “ژنی ئاودەس/ خاوێنکەرەوەی ئاودەستەکانی دەرەوە”، “ژنی خزمەتکاری ماڵان”، یاساییکردنی سێکسفرۆشی ژنان وەك پیشە و سەرچاوەیەکی ڕەوا بۆ بەدەستهێنانی باج و خەراج لە سەردەمی دەسەڵاتداریی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمانیا، بە واتایەکی دیکە یاساییکردنی ئامرازبوونی جەستەی ژنان بۆ خاوێنکردنەوە و دامرکانەوەی هەوەسبازیی پیاوان و زۆر شتی دیکە  …تد.

 

– ئەگەر ئامانجدارانە سەرنجی دەستەواژە باوەکانی ئاخاوتنی ڕۆژانەی نێو زمانە ئەوروپییەکان و گشت کۆمەڵەکانی جیهان بدەین، دەبینین، کە هێشتا ژن وەك ڕەگەزی پەست و پلە چەند و کەم ئاوەز وێنادەکرێت و نوکتە و پەند و قسە نەستەقەکان گەواهی ئامادەیی هەڵاواردنی ڕەگەزیی لە گفتوگۆیەکی ئاسایی نێو ماڵ و بازار بگرە تاکو دەگاتە گفتوگۆ و لێدوانە پارلەمانیی و میدیاییەکان و فیلم و گۆرانی و شانۆیی و مەیدانە کولتوورییەکانی دیکە، بەردەوامە.

 

– ئەمانە و دەیان وردە خاڵی دیکەی نێو ژیان و پەیوەندییەکانی ڕۆژانە لە هەموو بوارەکانی ژییان و کار و چالاکی، هەرچەندە بە دروشم و ڕواڵەت هەڵاواردنی ڕەگەزیی ناپەسەند نیشاندەدرێت، بەڵام بە پێچەوانەی پاگەندەی چەپ و فێمینیستە خۆرھەڵاتییە ئەوروپا-زەدەکان، بەکردەوە هەڵاواردن هەیە و پەیڕەودەکرێت.

 

بەکورتی نەهێشتنی هەڵاواردن و سووکایەتی ڕەگەزیی و نەژادی و ئایینی و کولتووریی نە بەرەنجامی پیاوچاکیی ڕامیاران و پارلەمانتارانە، نە بەخشیشی سیستەمی سەرمایەداریی و نیئۆلیبرالیزم و بازار، بەڵکو بەرەنجامی تێکۆشانی هەر ڕۆژەی ئازادیخوازان و یەکسانیخوازانی کۆمەڵە و بەبێ خۆجێی کردنەوەی چالاکییە مەیدانییەکان و یەکانگیرکردن و سەرتاسەریی کردنەوەی بزووتنەوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان ئەستەمە سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و کۆنەپارێزانی کۆمەڵ بەبێ فشار و ناچارکردنیان بە لەنێوبردنی هەڵاواردن و سووکایەتی و بە پەسەندکردنی یەکسانی هەمەلایەنە ملبدەن و دەستبەرداری هەوەس و حەزە پاوانگەر و چەپاوڵگەر و تاڵانگەرییەکانی خۆیان ببن.

 

ئەگەر ئێستا پاش سەد و سی و چوار (١٨٨٣- ٢٠١٧) ساڵ و لە هەرێمی کوردستان پاش بیست و پێنج (١٩٩٢- ٢٠١٧) ساڵ سەرنجی پێگەی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و بەڕێوەبەریی ژنان بدەین، دەردەکەوێت کە هێشتا لە سەرەتای کار و هەنگاوەکانی سەرەتادا وەستاوین و بە ڕیفۆرمە ڕووکەشەکانی هەڵاواردنی ڕەگەزیی خۆمان دڵخۆشدەکەین و خۆمان ڕازیدەکەین. ئەگەر بەراوردی پێگەی ژنان لەنێوان ساڵانی پێش ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ و ئێستا بکەین، دەبینین، کە ژنان زیاتر دەکوژرێن، چەند ژنە یاسایی کراوەتەوە، سەپاندنی پۆشاك فراوانتر بووە، بێڕێزی و ھێرشی کۆنەپەرستان بە دیاریکراوی مەلا و فەقێ و شێخ و دەروێش و سەلەفییەکان زیاتر و توندوتیژتر بووە و  خەتەنەکردن و ژن بە ژن و گەورە بە بچووك و ژن لە جیاتی خوێن وەك خۆیان ماون و ھاوچەرخ کراون، ڕۆژ بە ڕۆژ کۆمەڵ بەرەو دوا دەڕوات و تەنانەت لە کێشمەکێشی نێوان بەرەی “سێکیولار” و سەلەفی ھەر ژنان و ڕەگەزی مێیینە دەکرێتە کەرەستەی جەنگە میدیاییەکان و سەرکەوتنی بەرە دژەکان لە پانتایی جەستەیی ژن ساخدەکرێتەوە و بە ھەر دوو بارەکەدا ھەر ڕەگەزی مێیینە ئامراز و قوربانییە و باجی جەنگی بەرە ڕامیارییەکان دەدات.

 

دیسان ئەگەر ئەم ڕۆژ پاش بیست و پێنج ساڵ لە پاگەندە و چالاکی بەرەی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بە دیاریکراوی و تایبەت چەپەکان و فێمینیستەکان وردبینەوە، تەنیا یاداوەریی و کەنارکەوتەیی و وشکھەڵاتوویی کۆمەڵێك دروشم و پاگەندەی خەیاڵی بەدیدەکەین، کە بە بۆچوونی من، ئەگەر بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو تەنیا لەبارەی نادروستیی و کاراییە خراپەکانی خەتەنەکردن و ژن بە ژن و گەورە بە بچووك و ژن لە جیاتی خوێن و چەند ژنە ڕۆشنگەرییی بکردرایە و بەرھەڵستی ئەو دیاردانە بکرایە، ھەنووکە پێگەی ژنان لەنێو ھاوکێشەکانی کۆمەڵی ھەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باڵاتر و مرۆییتر دەبوو. بەڵام بەداخەوە و بەپێچەوانەوە  لەبەر زاڵبوونی ئایدیۆلۆجی و نەریتی دەسەڵاتخوازیی و ناوبانگخوازیی و ھەلپەرستی بەسەر بەرەی یەکسانیخواز، ئەوەی کراوە و بەدەستھاتووە، کۆمەڵێك پلە و داھات و مشەخۆریی بووە بۆ کۆمەڵێك لە چالاکانی چەپ و فێمینیست، کە ئامانجی دەسەڵاتخواز و دەستەبژێرگەرایانەیان بەو ڕۆژگارەی گەیاندوون.

نووسەر: Anarchistan ئەنارکیستان

Kurdistan Anarchists Forum - KAF سەکۆی ئەنارکیستان

وەڵامێک بنووسە

Please log in using one of these methods to post your comment:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: