سیستەم و سەروەری چینایەتی بەبێ جەنگ و ملهوڕیی، ئەفسانەیە
بەڵێ ڕوخانی دەوڵەت و فەرمانداریی و پارلەمان و سیستەمی جەنگ و سەروەری
بەڵێ بۆ خۆبەڕێوەبەریی گەل،
بەڵێ بۆ دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ …
ئایا ئەوەندە بەسە و دەتوانێت جەنگی نێوان دەوڵەتان و پارتییەکان و میلیشیاکان و ..تد ڕابگرێت؟
ئایا ئەو پەیامانە سۆزی سەروەران دەبزوێنن و دەستبەرداری جەنگ و ستەمکاری و سەروەریی و مشخۆریی دەبن؟
ڕاستە بڕیاردەرانی جەنگ سەرمایەداران و ڕامیاران و دەسەڵاتدارانن، بەڵام ئایا هەر ئەوان دەتوانن جەنگەکان ڕابگرن؟
ئایا هەرگیز و هیچ کات دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان بە بانگەواز و پاڕانەوە و سۆزبزواندن دەستبەرداری جەنگەکان بوون؟
ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارانە [نا]یە، ئەی چارە و کێ و چی دەتوانێت جەنگەکان ڕابگرێت؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، پێویستە لە خۆمان بپرسین و سەرنجبدەین، سووتەمەنی و قوربانییەکانی جەنگ کێن، بکەرانی جەنگ و جێبەجێکەرانی بڕیارەکانی جەنگ کێن؛ بێجگە لە چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکان؟ بێجگە لە سەربازان و پۆلیس و ئەشکەنجەدەر و هەواڵدەرەکان ؟
بەبێ گومان هەر ئێمەین، ئێمەی نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراو؛ ئێمە کۆیلانی سیستەم و سەروەری سەرمایەداری. هەر ئاوا کە هیچ جەنگێك بەبێ ملکەچی و ئامادەیی ئێمە بەرپاناکرێت، هەر ئاواش بەبێ یاخیبوونی ئێمە لە فەرمانی جەنەڕاڵەکان و پارتییەکان و فەرماندارییەکان و پارلەمانەکان، بەبێ خرۆشان و خۆنیشاندان و مانگرتنی گشتی ئێمە، ئەستەمە دروشم و پاڕانەوە خۆشباوەڕییە ئایینی و ناسیونالیستییەکان بتوانن جەنگ ڕابگرن و تەنانەت ناتوانن لە بەرەیەکی جەنگیشدا چەند سەنگەرێك ئارام بکەنەوە و خراپتر لەوەش بەرزکردنەوەی ئەو دروشمە پووچ و قێزەونانەن، کە نیو سەدە زیاترە مێشکی تاکە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکانی ئەم هەرێمە ژەنگاویی دەکەن؛ دروشمی “نا بۆ جەنگی براکوژیی” ، “نا بۆ جەنگی کوردکوژیی” و …تد
کاتێك ئێمە وەك ئازادیخوازێك سەرنجی ئەو دروشمانە دەدەین، ئەم واتایانە بەئێمە دەبەخشن؛ (بەڵێ بۆ جەنگی خوشککوژی)، (بەڵێ بۆ جەنگی ناکوردکوژی) و …تد ئەو دروشمانە بێجگە لە کۆنەپەرستبوون و دژەمرۆڤبوونیان، هەڵگری خۆشباوەڕیی و دەمارگیریی ناسیونالیستین، کە هەموو قسەکەرانی زمانێك یان “هاووڵاتیانی” نێو چوارچێوەیەکی جوگرافی و ژێر سایەی سەروەریی بۆرجوازی هاوزمان بە “برای یەکدی” دەبینێت، کە دیسانەوە هەڵاواردن و نادیدەگرتنی ژن و پەردەپۆشکردنی جیاوازی چینایەتی نێوان سەروەران و ژێردەستانە.
ئێمەی ئەنارکیست، وێڕای هەڵوێستی مێژووییمان دژی جەنگ و پێناوەکانی جەنگ و سەروەریی و سیستەمی چینایەتی کە هۆکاری هەموو جەنگەکانن، لێرەدا پێش هەموو شت دژایەتی خۆمان و جیاکردنەوەی ڕیزی خۆمان لە هەر دەنگێکی ناڕازی کە دروشمە پووچ و قێزەونەکانی “نا بۆ جەنگی براکوژیی” ، “نا بۆ جەنگی کوردکوژیی” بەرزدەکاتەوە و خۆشباوەڕیی و چاوەڕوانی ژێردەستان بە سەروەریی بۆرجوازی کورد پتەوتر و زیاتر دەکات، ڕادەگەیێنین و لە بەرانبەردا دوشمی (نا بۆ جەنگی ئایینی و ناسیونالیستی و میلیشیایی و دەوڵەتی، بەڵێ بۆ جەنگی نەدارکراوان و بێدەسەڵاتکراوان بەرانبەر سیستەم و سەروەریی چینایەتیی بۆرجوازی کورد و عەرەب و موسوڵمان و مەسیحی و جولەکە و …تد) بەرزدەکەینەوە، جەنگێك کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە هەموو جەنگەکان و ئەو ئامانجانەی کە لە پێناوی ئەوان گشت جەنگکەکان بەرپادەکرێن؛ نەوت و مشەخۆری و دەسەڵات و سەروەری چینایەتی.
بەڵام ئەرکی ئێمە بە بەرزکردنەوەی دروشم و هەڵوێست-دەربڕین تەواو نابێت و ئێمە بە ئامانج ناگەیێنێت، چونکە ڕاگرتنی جەنگ هەنگاوی کردەوەیی و بڕیاردانی لەخۆبڕاوانەی دەخوازێت، کە بەگوێرەی ئەزموونەکانی خۆمان و هاودەردەکانمان لە سەرتاسەری دونیا، بریتین لە:
– بەرێخستنی کۆبوونەوەی گشتی دژی جەنگ لە گشت گەڕەك و فێرگە و کارگە و فەرمانگە و چایخانە و پەرەستگە، لە گشت گوند و شارۆچکە و شارەکان و پێکهێنانی کۆمیتەکانی دژی جەنگ …
– داخوازیکردن لە خزم و هاوکار و هاوسێ و هاوەڵانی خۆمان بۆ وەستانەوە بەرانبەر فەرمانی جەنگخوازان و فڕێدانی چەك و گەڕانەوە بۆ نێو خێزان و گەڕەك و گوندەکان و هاتنە نێو سەنگەری خەڵك دژی جەنگ ..
– پێکهێنانی گروپی خۆجێی/ ئەنجومەن/ شورا / کۆمونەکانی خۆبەڕێوەبەریی گەڕەك و گوند و شار و کۆمەڵەکان و بڕیاردان و هەنگاونان بەپیادەکردنی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ لە نێوەندی کۆبوونەوە گشتییەکانەوە.
– کۆبوونەوە و یەکگرتنەوە لەتەك کۆمیتەکانی دژی جەنگ کە لە شوێنەکانی دیکە پێکهاتوون و سەرتاسەریکردنەوەی بزووتنەوەکە، سەرتاسەرییکردنەوە نەك نێوەندییکردنەوە! پێویستە هەموو بڕیارەکان خۆجێی بن …
– پەیوەندیکردن بە هێزە چەکدارەکان و هاندانیان بۆ بەرپاکردنی کۆبوونەوەی گشتی و بڕیاردان بۆ بایکۆتکردنی جەنگ و فڕێدانی چەك و پەیوەستبوون بە بەرەی دژە-جەگی خەڵکەوە …
– دەرکردنی هێزە چەکدارەکان لەنێو گەڕەك و گوند و چواردەوری شارەکان …
– بەڕێخستنی ڕێپێوان و کاروانی دژی جەنگ بۆ ئەو ناوچانەی کە بوونەتە بەرەی جەنگ یان خەریکە دەبنە بەرەی جەنگ …
– ناردنی پشتیوانی و کۆمەك بۆ ئەو گوند و ناوچانەی کە دژی بڕیارەکانی دەسەڵات خۆیان چەکدارکردووە و بڕیاری خۆپارێزییان داوە …
– دەرکردنی بنکەی هەموو پارتییەکان [حزبەکان] لەنێو شوێنی ژییان و کار و چالاکی خەڵك …
– پێکهێنانی هێزەکانی خۆپارێزگاریی گەلیی لەنێو گەڕەك و گوند و شارۆچکە و شارەکان هەر لە ڕێگەی کۆبوونەوە گشتییەکانەوە …
– هەوڵدان بۆ داگیرکردنی شوێنەکانی بڕیاردان لەوانە بنکەی لایەنەکە دەسەڵاتدارەکان، پارلەمان، سەربازگە و پۆلیسخانەکان و بنکەی میلیشیاکان …
– نابێت ڕێگەبدرێت ناڕەزایەتییەکانی دژی جەنگ لەلایەن هیچ پارتییەك و میلیشیایەك دەستەمۆبکرێن و نابێت بواری سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی هەلپەرستان و دەسەڵاتخوازان بدەین، کە ناڕەزایەتییەکانی خەڵك دژی جەنگ بکەنە دەستکەلای خۆیان بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگی دەسەڵاتخوازانەی خۆیان. بۆ ئەو مەبەستە پێویستە هەر کەسێك کە وەك نوێنەر و قسەکەری هەر لایەنێك بەشداری کۆبوونەوەکان دەکات، دەربکرێت و ڕسوابکرێت و بواری پارتایەتی و مشتومڕی پارتایەتیی نەدرێت.
– ……. ئەمانە و دەیان و سەدان هەنگاوی ورد و گەورەی دیکە بۆ بەرگرتن بە جەنگ و ملهوڕیی سەروەران.
ئەوە هەڵوێستی ئێمەی ئەنارکیستە بەرانبەر بە جەنگ و سیستەم و سەروەریی چینایەتی و ئەو هەنگاوانەش زادەی هۆشی ئێمە نین، بەڵکو وانە و ئەزموونی مێژوویی مرۆڤایەتین دژی جەنگ و سەروەریی چینایەتی.
ئێمە لە هەموو هەنگاوێکی دژی جەنگ پشتیوانی دەکەین، بەڵام بەبێ خۆشباوەڕیی و چاوەڕوانی و پاڕانەوە لە سەروەران و ڕازیکردنی ئەوان، ئێمە دژی هەموو دروشمێکین، کە سووکایەتی و هەڵاواردنی ڕەگەزی و نەژادی و ئایینی و ..تد لەخۆبگرێت، ئێمە ئەندامانی چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکان بە خوشك و برای یەکدی، بە هاودەرد و هاوئامانجی یەکدی دەزانین نەك دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات، سەرمایەدار و کرێگرتە؛ جەنگ ژییان-کوژە، ژینگە وێرانکەرە، گەرمکەری بازاری کۆمپانییەکان و ئامرازی مانەوە و بەهێزکردنەوەی سەروەریی چینایەتییە.
ئێمە بە هەموو توانامانەوە پشتیوانی لە بەرەی خەڵك لە هەموو ناوچەکان و بەدیاریکراوی ناوچەی ئێزیدی-نشین دەکەین و وەستانەوە و بەرەنگاری ئەوان دژی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە هەڵوێستێکی شۆڕشگێرانە دەزانین و دەنگی ئازادیخوازانەی خۆمان دەخەینە پشت دەنگ و بەرخودانی خەڵکی (خانا سوور) دژی ملهوڕیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و پشتیوانی لە بەرخودانی خەڵکی (خانا سوور و هێز و خۆبەڕێوەبەریی ئێزیدییەکان) بە سەرەکیترین هەنگاوی دژی جەنگ و ملهوڕیی سەروەران دەزانین.
سەکۆی ئەنارکیستانی کوردی-زمان
٣ی ئازاری ٢٠١٧
——————————————————-