چه‌پ و کۆمۆنیست ئه‌وه‌نده‌ی ڕاستڕه‌وکان زیانیان به بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی گه‌یاندووه
زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
Sep 2016
به‌شی دووهه‌م:
لای زۆرینه‌یه‌ك له چه‌پ به تایبه‌ت کۆمۆنیسته‌کان، شێواندنی بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیسستی و هۆکاری نه‌گه‌یشتن به سۆشیالیزم، له ‘ستالین’ و سه‌رده‌می فرمانڕه‌وایی ئه‌وه‌وه، ده‌ستپێده‌کات . که‌مینه‌یه‌کیش وای ده‌بینن که ستالین چشتێکی نه‌کرده‌وه جگه له به‌جێگه‌یاندنی پرۆسه‌ی ‘لیننیه‌ت’ و پراکتیزه‌کردنی بیرۆکه و تیوری خودی ‘لینین’ خۆی نه‌بێت.
به‌ڵام گه‌ر به وردی تاو و توێیه‌کی مێژوو بکه‌ین و به بیرێکی فراوانه‌وه ئاوڕێکیش له واقیعی ڕابوردوو و ئێستاش بده‌ینه‌وه ، ڕه‌نگه تا ڕاده‌یه‌ك بتوانین گه‌لێك له‌وانه‌ی که ڕویداوه و لۆمه‌ی ستالین و لینین-مان له‌سه‌ریان کردوه، له مارکسه‌وه سه‌ر ده‌ربهێنێت ، یا لانی که‌م ئه‌شکالێکمان سه‌باره‌ت به مارکس لا دروستبکات.
با سه‌رنجێکی بیانوو و پاساوه‌کانی کۆمۆنیسته‌کان بده‌ین و دوای ئه‌وه ئاوبه‌رێکی سه‌رچاوه‌که‌ی بکه‌ین ، بزانین له کوێدا ده‌گیرسێته‌وه.
- ڕێکخستن و پارتی کرێکاران:.
ئه‌وه‌ی که پاڵی به ‘لینینه’ وه ناوه بۆ دروستکردنی پارتی شۆڕشگێڕ و کارکردنی کۆمۆنیسیته‌کان، گواستنه‌وه‌ی هۆشیاری چیانیه‌تی بووه بۆ ناو ڕیزه‌کانی کرێکاران . ئه‌و له کرداردا باوه‌ڕی به‌وه نه‌بووه که هۆشـیاری چینایه‌تی له زه‌مینه‌ی کارکردن و ململانێی چینایه‌تی نێوان خودی کرێکاران و بورجوازی سه‌رهه‌ڵده‌دات. ئه‌مه له لایه‌ك له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ‘ لینین’ باوه‌ڕی به کۆنترۆڵکردنی چینی کرێکاران هه‌بووه له‌لایه‌ن کۆمۆنیست و پارته‌که‌یانه‌وه. ئه‌و باوه‌ڕی به بزوتنه‌ه‌ی خۆڕسکی نه‌بووه ، هه‌میشه‌ش ئه‌و بزوتنه‌وه خۆڕسکیانه‌ی به حوکمی نه‌بوونی پارتی شؤڕشگێڕی خاوه‌ن زه‌بت و ڕه‌بت و هه‌بوونی ناوه‌ندی دیمۆکراسی له‌و پارته‌دا, به بێ سه‌روبه‌ره و ئاژاوه، داوه‌ته قه‌ڵه‌م.
‘لینین’ باوه‌ڕی وابووه بۆ ڕودانی شؤڕش بارودۆخی زاتی و بابه‌تی گرنگن . له بارودۆخی زاتیدا بۆ شؤڕش هۆشیاری چینایه‌تی لای گرنگ بووه و هه‌نگاوی گه‌وره بووه چونکه ئه‌و هۆشیارییه له‌ناو کرێکاراندا، به‌ڕای ئه‌و، ونه. بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌و کاری له‌سه‌ر دروستکردنی ئه‌و پارته کردووه و باوه‌ڕی وابووه که کۆمۆنیسته‌کانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی کرێکاران هۆشمه‌ندترین که‌سانێکن، ده‌کرێت پارتی پێشڕه‌و به‌و که‌سانه دروستبکرێت و پێشڕه‌وایه‌تی چینی پڕۆلیتاریا، کرێکاران، بکات به‌ره‌و مه‌نزڵی کۆتایی که گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریایه، دواتریش به‌ره‌و کۆمۆنیزم .
لینین، له کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌یدا ” ده‌بێت چی بکرێت؟” بناخه‌ی ته‌واوی پلان و پڕۆگرامی حیزبی به‌لشه‌فی دانا و هه‌ر له‌وێدا په‌نجه بۆ زه‌بتوڕه‌بتی حیزبیانه ڕاده‌کێشێت و ده‌یه‌وێت بیکاته ڕێنمایی “ده‌لیلی ” کارکردنی ئه‌ندامانی حیزب.
من له‌م خاڵه‌دا نامه‌وێت به درێژی له‌سه‌ر ئه‌و کتێبه و پلان و پڕۆگرامه‌که‌ی ‘لینین’ بڕۆم چونکه پێموایه ئه‌وه‌مان که ڕۆژێك لینینی یا مارکسی-لینینی بووبێتین ئه‌و کتێبه‌مان نه‌ك هه‌ر خوێندۆته‌وه به‌ڵکو ده‌رخیشمان کردبوو. ئه‌وه‌ی که لای من گرنگه لیره‌دا، ئه‌وه‌یه که بلێم لینین ئه‌مه‌ی له خودی مارکسه‌وه هێناوه . مارکس له به‌یانی شیوعی-دا له به‌شی دووهه‌مدا، له په‌یوه‌ندی کرێکاران و کۆمۆنیسته‌کاندا، ده‌ڵێت ” کۆمۆنیسته‌کان پارتێکی جیا دژ به پارته‌کانی دیکه‌ی چینی کرێکاران دروست ناکه‌ن“ https://www.marxists.org/archive/marx/works/1848/communist-manifesto/ch02.htm
له‌م دێڕه کورته دا ، مارکس دوو شتمان بۆ ده‌خاته‌ڕوو ، یه‌که‌م: کۆمۆنیسته‌کان و کرێکاران جیاوازن . دووهه‌م: هه‌بوون و ڕه‌وابوونی پارتی کرێکارانه‌یه. ئه‌و ئایدیایه‌ی که ‘لینین’ سه‌باره‌ت به دروستکردنی حیزب هه‌یبوو ، له مارکس -ه‌وه وه‌ری گرتوه.
John Molyneuxکه ئه‌کادیمی و نوسه‌ره و زیاترله 12 په‌رتوکی له‌سه‌ر کێشه‌ی جیاواز جیاواز هه‌یه یه‌کێك بوو له ڕابه‌ره‌کانی ” سۆشیالیست وه‌رکه‌ر پارتی ” برتانیا و ئێستاش له‌گه‌ڵ هه‌مان حیزب به‌ڵام له ئیرله‌نده کارده‌کات ، یه‌کێکه له‌نێو که‌سه دیاره‌کان که له مارکس به‌باشی گه‌یشتبێت و توانیوێتی لینین به مارکسه‌وه په‌یوه‌ستبکاته‌وه . سه‌باره‌ت به زۆر مه‌سه‌له له‌وانه ‘ حیزب’ ‘پڕۆلیتاریا/کرێکاران’ و دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا’ و ‘ شۆڕش’ یه‌کجار زۆری نوسیوه . لێره‌دا من وه‌کو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك په‌نجه بۆ هه‌ندێك له نوسینه‌کانی سه‌باره‌ت به پارتی پێشڕه‌و، ڕاده‌کێشم . ئه‌و ده‌ڵێت ” به‌ڵام کاتێك که یه‌کێك له‌سه‌ر تئیوره‌کانی مارکس سه‌باره‌ت به پارت ده‌دوێت، بابه‌ته‌که باسی پارتییه سیاسییه‌کان به‌گشتی نییه، به‌ڵکو پارته شۆڕشگێره‌که‌یه که ئامانجی ئه‌و، هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی کاپیتاڵیزمه- به‌تایبه‌ت که‌سێك که قسه له‌سه‌ر تێزی مارکسی سه‌باره‌ت به پارتێکی سیاسی پڕۆلیتاریانه، ده‌کات، چونکه ، به دڵنیاییه‌وه ، ئه‌وه دیدی ئه‌وه که ” به ته‌نها پڕۆلیتاریا، به هه‌قه‌ت چینێکی شؤڕشگێڕن” مۆلێنوکس هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌و نوسینه‌یدا له شوێنێکی دیکه‌دا ده‌ڵێت ” ….له ڕاستیدا مارکس زۆرجار پێشنیاری ئه‌وه‌ی کردووه له ته‌واوی مانای وشه‌دا، به هه‌ستێکی ته‌واوه، ناتوانرێت کرێکاران به‌چین وه‌رگیرێن هه‌تا پارتی جیاوازی خۆیان بینانه‌که‌ن… ده‌توانین له مانیفێستی کۆمۆنیست‌دا ئه‌وه بدۆزینه‌وه که ‘ ڕێکخستنی پڕۆلیتاریا له چینێکدا، دواتریش له پارتێکی سیاسی‌دا ، به‌به‌رده‌وامی غه‌مگینی/دڵه‌ڕاوکێیه له کێبڕکێی نێوان کرێکاران خۆیاندا’. هه‌ره‌وها له بڕیاری کۆنفرانسه‌که‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌که‌م، له‌نده‌نی 1871 واهات ‘ پڕۆلیتاریا ده‌توانێت ته‌نها به دامه‌زراندنی پارتێکی سیاسی جیاواز بۆخۆی، وه‌ک چین، کار بکات ‘. “ له درێژه‌ی ئه‌و نوسینه‌دا له شوێنێکی دیکه‌دا، به ئاماژه‌کردن به مارکس ده‌ڵێت ” ئه‌م خۆڕێکخستنه‌ی پڕۆلیتاریا له پارتێکی سیساسیدا زه‌روورییه/ جه‌وهه‌رییه بۆ سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی که له هه‌ده‌فی کۆتاییدا : هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ( ئتلغاکردنه‌وه) چینه‌کان.”
https://www.marxists.org/history/etol/writers/molyneux/1978/party/ch01.htm
ڕه‌نگه له ڕوی تیورییه‌وه پێشڕه‌وی شؤڕشگێڕ نێتی نه‌بووبێت که ڕێكخراوێکی جیا له چینی کرێکاران دروستبکات و له چه‌قی بزوتنه‌وه‌که‌یاندا خۆی به هه‌موو شتێك بزانێت. لینین و ئه‌وانی دیکه‌یان نێتیان وابووه که ئه‌مان تێکه‌ڵ به به‌شێك له چینی کرێکاران بن به مه‌به‌ستی کردنی جه‌ده‌لی ململانێی چینایه‌تی و گواستنه‌وه‌ی هۆشیاری سۆشیالیستیییانه بۆ ناویان. به‌ڵام له‌و ماوه درێژه‌ی سه‌رده‌می مارکسه‌وه تا ئێستا مامه‌ڵه‌ی پارته سۆشیالیست و کۆمۆنیسته‌کانمان له‌ته‌ك کرێکاراندا بۆ ده‌رکه‌وتووه، که هه‌میشه خۆیان به ده‌سته‌ی پێشڕه‌و هۆشمه‌ند و ڕۆشنبیر زانیوه و له حه‌قیقه‌تیشدا له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و له ده‌سه‌ڵاتیشدا توانیویانه یاخود هه‌وڵی جددیان بۆ کۆنترۆڵکردنی کرێکاران داوه.
درێژه‌ی هه‌یه
پێویستە لە ژوورەوە بیت تا سەرنج بنێریت.