یادەوەرییەكانی ڕۆژانی ٨ی مارچ

ھەژێن

٥ی جونی ٢٠١٣

ھەرچەندە ئەم ساڵێش بەتەمابووم بە گوتارێكی ڕەخنەیی لە شێوازی یادكردنەوەی ڕۆژی جیھانیی ٨ی مارچ لە كوردستان و ھەوڵەكانی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بەشداریبكەم، بەڵام لە كۆتایی گوتارەكەمدا ئەم بیرۆكە كۆنەم (نووسینەی یادەوەریی و ئەزموونەكانی خۆم) بیركەوتەوە و بڕیارمدا ھەم پێش و لە ڕۆژی ٨ی مارچ ھیچ بابەتێك بڵاونەكەمەوە، چونكە بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا ئەم ڕۆژە بووە بە ڕۆژی پاگەندەكردن بۆ نووسەران و پارتییەكان و وێنە بڵاوكردنەوە و خۆكردنە ڕابەر و تڕۆھات و پووچگەرایی دیكەی لەو جۆرە ..تد .

بەگوێرەی یاسای ڕەتكردنەوەی سەرەتا، ھەر شتێك كە پیرۆزبكرێت، یا پێچەوانە دەبێتەوە یا دواجار گاڵتەجاڕیی و پووچگەرایی بەرھەمدەھێنێت؛ لێرەدا دوو نموونەی زیندوو لە پیرۆزگەرایی ئایینی و پیرۆزگەرایی سێكیولاریست [عەلمانی] دەھێنمەوە، كە ھەر یەكە لە ئێمە بەجۆرێك لەتەكیاندا سەروكاری ھەبووە و بەگوێرەی بەھەندوەرگرتنیان و وردبوونەوە و دەربەستبوون بەرانبەریان، تێگەییشتن و تا ڕادەیەك وێنایەكی لەیەك نزیكمان لەلا دروستبووە یا دەبێت .

یەكەم : مەزارگە یا مەرقەدەكان بەدیاریكراوی مەزارگەی حەسەن و حوسەین لە كەربەلا ، كە بۆ ئەوانەی بوون بە (شیعە) سەرەتا شوێنی پارانەوە و شیوەن و شەپۆڕ بوون. بەڵام بەگوێرەی یاسایی ڕەتكردنەوەی دەستپێك، ھەنووكە یا ڕاستر بڵیم دەمێكە مەزارگە ئاینییەكان بوون بە جێ-ژووانی دڵداران و تامەزرۆیانی سێكس و دەستبازی و … تد.

دووەم : ڕۆژی ٨ی مارچ و یەكی ئایار، كە من لێرەدا فرەتر قسە لەسەر ڕۆژی ٨ی مارچ، ڕۆژی یەكسانیخوازیی ئازادیخوازان دەكەم. زۆرێكمان بەسەرھاتی سووتان و خنكانی ١٢٩ كرێكارانی مانگرتوو، كە زۆرینەیان ژن بوون و كرانی ئەو ڕۆژە لە ساڵی ١٩٠٨ بە ڕۆژی جیھانی تێکۆشان و ناڕەزایەتی بەرانبەر ستەم و ھەڵاواردن لە ژنان، دەزانین و لێرەدا پێویست بە چەندبارەكردنەوە ناكات. بەڵێ ئەم ڕۆژە بە سووتانی ١٢٩ ژن لە كرێكارانی مانگرتووی كارخانەیەك واتە پەژارە و ناخۆشی و پاشان بە سیمبولكردنی لە ساڵی ١٩٠٨ بۆ ناڕەزایەتی بەرانبەر ستەم و ھەڵاواردن درێژەی دەبێت، بەڵام لە ئێستاشدا كراوەتە بۆنەیەك بۆ ئاھەنگی مەیخواردنەوە و سەماكردن و پاگەندەی پارتییەكان و وێنەپەخشانكردنی كەسانی خۆبەڕابەرزان. دیسانەوە لە نموونەی دووەمیشدا لەتەك ھەمان سەرەنجامی یەكەمدا ڕووبەڕووین و كۆتاییەك دەبینین، كە ھیچ پەیوەندییەكی لەتەك سەرەتاكەیدا نییە، بەڵام لە ھەر دوو بارەكەدا دوو خاڵی نێوكۆیی بەیەكەوە دەیانبەستێتەوە، یەكەم پیرۆزكردن و دووەم ڕەتكردنەوەی سەرەتا و دژوەستانەوە لەتەك ئامانجی سەرەتایی.

بەم پێشەكییە كورتەوە، دەست بە كەشكۆڵی یادەوەرییەكانمدا دەكەم و ئەوەی لەبیری مندا مابێت، ھەوڵدەدەم بۆ ئێوە خوێنەرانی ھێژای بگێڕمەوە …

ساڵی ١٩٨٣ كە لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا بووم بە پێشمەرگەی كۆڕەك [ینک]، ھەم لەتەك بیری سۆشیالیستی بەشێوە ئایدیالیستییە* ماركسیستەییەكەی ئاشنابووم و ھەم بە خوێندنەوەی نامیلكە پڕ زانیارییەكەی (ئافرەت لە مێژوودا، نووسینی ھەڤاڵ كوێستانی) تێگەییشتنێكی سەرەتاییم لەسەر پرسی ھەڵاواردن و ستەمی مێژوویی لە ژنان لەلا دروستبوو.**

ئیدی لە ساڵی ١٩٨٤ من كەوتمە پاگەندە و لە قاودانی جیاوازی و ستەم لە ژنان و بەگوێرەی دەركی سەرەتایی و كرچوكاڵی ئەو کاتی خۆم، كەوتمە ئاشناكردنی كەسەكانی دەوروبەرم لەو بارەوە. بەڵام ھاوكات ئاشنابوونم بە ڕادیۆ كۆمەڵە [كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی بەشی ئێران]، كە دەیان فەرسەخ بەراورد بە (كۆڕەك)، كە من ئەندام و لایەنگری بووم، لەپێشتر بوو و بابەتە ڕۆژانەییەكانی ئەو ڕادیۆیە، ڕۆژ بە ڕۆژ منیان ڕادیكاڵتر دەكردەوە و بابەتەكان بەڕادەیەك كاراییان لەسەر من بەجێدەھیشت، كە لە كۆتایی ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوودا، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە كاروباری نێوماڵدا بەشداریمدەكرد و خۆم پۆشاكەكانی خۆم دەشتن و لە چێشتلێنان و خاوێنكردنەوەی نێوماڵدا بەشداری و ھاریكاریی خوشكەكانم دەكرد و ھیچ بەلامەوە گرنگنەبوو، كە كوڕان و پیاوانی دەوروبەرم چۆن تەماشای من دەكەن و چی دەڵین، ھەموو ڕۆژێكی ٨ی مارج ھاودەنگی ڕادیۆ كۆمەڵە ھەوڵمدەدا گوتارەکانی ئەو ڕۆژەی ڕادیۆکە بەگوێی ھاوەڵان و ناسیاوانی خۆم بگەیێنم و لە پڕمەترسیترین شوێندا [ئوردووگەی ئێران] دەنگی ڕادیۆكەم تەواو بەرزدەكردەوە، تاوەكو ژنانی كۆڵان و بەلایەنی كەمەوە، خوشكەكانم گوێدێری ئەو بابەتانە بن و بەرانبەر ستەمێك كە لە ئەوان دەكرێت، ھەستەوەر ببنەوە.

٨ی مارچی ١٩٩٢، سلێمانی

ئێمە كۆمەڵێك چالاكی (پیاوی) بەشی ئاشكرای ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست بووین و بە ھاریكاریی كۆمەڵێك لە چالاكانی (پیاوی) ڕێكخراوە چەپەكانی دیكە، خەریكی خۆئامادەكردن بووین بۆ بەرپاكردنی مەراسیمی ٨ی مارچ، بێجگە لە ئامادەكردنی پۆستەر و نووسین و بڵاوكردنەوەی بانگەواز و ھەڵواسینی پۆستەرەكان، دەبوو ھەر ئێمەی پیاو سەردانی فێرگە و فەرمانگە و ڕێكخراوە و كۆمەڵەكانی بەناو ژنان بكەین. ڕۆژیكیان لە تەك ھاوڕێیان (فاروق حەمە موئمین و بیھنام محەمەد) چووینە فێرگەیەكی ئامادەیی كچان لە گەڕەكی (مەجید بەگ) یا (كارێزە وشك) بوو، بە كۆمەڵێك كارتی بانگەوازەوە چووینە نێو پۆلەكان و لەنێو یەكێك لە پۆلەكان مامۆستاكە بەگەرمی پێشوازی لە ئێمەكرد و گوتی ” كچینە ھەستن” بەخێرھاتنی ئێمەی كرد و بە دەستڕاكێشان بۆ من گوتی ” با بزانین ئەم برادەرە لە فەرنسەوە چی بۆ ھێناوین” منیش پێكەنین گرتمی و زانیم كە مەبەستی لە سمێڵتاشراوییەكەمە، سوپاسمكرد و دەستم بە قسەكردن بۆ خوێندكارەكان كرد، بەڵام كچەكان ھەر بە قسەی مامۆستاكە و سمیڵتاشراوییەكەی من پێدەكەنین، وێڕای ئەوەش لەتاو پەلەقسەكردن و كارایی زمانی فارسی بەسەرمەوە، زۆر لە قسەكانم تێنەگەیشتبن.

ڕۆژی دوایی دیسانەوە لەتەك ئەو دوو ھاوڕێیە چووینە سەردانی بنكەی ڕێكخراوەكانی بەناو ژنان، لەوانە یەكێتی ژنانی سەر بە (ینك) و كۆمەڵەی ژنانی سەر بە (حشع)، ئەگەر بەباشی ناوی ڕێكخراوەكانم لەبیرمابێت. دیسانەوە بە سەرسووڕمانەوە تەماشای ئێمەیان دەكرد و بەلایانەوە سەیربوو، پیاوان بانگەواز بۆ یەكسانی ژن و پیاو بكەن، بێجگە لەوە ژنانێك كە لە بنكەی ڕێكخراوی ژنانی (ینك) بوون، ڕەخنەیان لە پاگەندەی ئێمە ھەبوو، لەبەرئەوەی ئێمە دژی كوشتنی ژنانێك بووین، کە بەبیانووی شەرف و نامووس تیرۆرکرابوون. ھەروەھا قسەیان لە “عادات و تقالید”ی كوردەواریی دەكرد و ئێمەش بە ئەوانمان گوت، ئێمە بێجگە پێداگرتنەوەمان لە دژایەتی ڕەشەكوژی ژنان بەناوی “شەرف و نامووس و سیخوڕیی بەعس”، تەنیا ھاتووین كە بۆ مەراسیمەكە میوانداریتان بكەین و بەس، دەتوانن بێن لەوێدا ڕەخنەی خۆتان بگرن. ھەر ئاوا لەلای خاتوونەكانی بنكەی كۆمەڵەكەی سەر بە (حشع)یش لەتەك پێشوازی گەرموگوڕ ڕووبەڕوو نەبووینەوە و گوتیان ئێمە بەخۆمان بەو بۆنەوە ئاھەنگ دەگێرین.

ڕۆژی ٥ی مارچ، واتە سێ ڕۆژ پێش مەراسیمەكە، ھەواڵێك بە ئێمە گەییشت، ھاوسەری ھاوڕێیەكمان، كە بڕیار بوو ڕۆژی ٨ی مارچ بڕگەكانی مەراسیمەكە پێشكەشبكات، لەلایەن براكەییەوە، كە چەكداری (بزووتنەوەی ئیسلامی) بوو، براوەتەوە بۆ ماڵە باوان و ھەڕەشەی جیاکردنەوەی لە ھاوسەرەكەیان لە ئەو كردووە، ئێمەش ئەو كات خوێنگەرم و بڕوا پۆڵایین بووین و لەتەك ھەمان دوو ھاوڕێ، بە ئاوەزی ئەو کاتمانەوە چووینە سەر ماڵی كابرای (ئیسلامی) و پەیامی خۆمانمان بۆ بەجێھێشت، بۆ ڕۆژانی دواتر ڕێگەیان بە ھاوڕێكەمان دابوو بگەڕێتەوە لای ھاوسەر و مناڵەكانی، بەمەرجێك بەشداری پێشكەركردنی مەراسیمەكە نەكات.

ڕۆژی دواییتر، لەتەك دوو ھاوڕێی دیكەی (ئاوارەی كەركووك)، كە بەیەكەوە لە (ھوتێل سۆمەر) لە ئەسحابەسپی دەژیاین، چووین بۆ پۆستەرھەڵواسین و دەمەو ئێوارە كە خەریكبوو لە تەواوكردنی ھەڵواستینی پۆستەرەكان ببینەوە، لە سەرەوە بەرەو بەردەركی سەرا دەھاتینە خوار، لە نزیكی باڵاخانەی ئاساییش خەریكی ھەڵواسینی پۆستەر بووین، دیتمان خاوەنی ھوتێلەكە بە پۆشاكی پۆلسیی و كۆمەڵێك ئەستێرە و نیشانەوە بەرەو سەرەوە دێت و ئێمەی بینی و ئێمە ھەندێك خۆمان خەریككرد و بەملا و بەولا ڕووی خۆمان وەرگێرا، تاوەكو بەباشی نەمانبینێت، بەڕاستی خەم لە ئێمە نیشت، خەم نەك ترس، چونكە ئێمە بە ئاشكرا چالاك بووین و ھێشتا کۆمەڵیش ورەی سەردەمی ڕاپەڕین بەرینەدابوو، تەنیا خەمی دەركردنمان لە ھوتێلەكە ھەبوو، چونكە كەسمان ماڵمان لە سلێمانیدا نەبوو، ڕاستییەكەی ھەرچەندە زۆربەی پۆستەر و جیاكردنەوە و دەقكردنی كۆپییەكانمان لە ژووری ھوتێلەكەد دەكرد، وەك دواتر بۆمان دەركەوت، لەوە دەچوو ئێمەی نەناسیبێتەوە. مەترسییەكەش ئەوە بوو ئێمە بەناوی ئاوارەی كەركووك لەوێ دەژیاین و لە ڕاستیشدا بێجگە لە من، ھەمووان ئاوارەی كەركووك بوون و ھاوڕێیەكی خۆمان لەوێ كارێكی دەستكەوتبوو، خەمەكەشمان ئەوەبوو، كە ھەم ھەموومان لانەواز دەبووین و ھەم بێجگە لە کۆمەکێكی كەم لەلایەن ڕێكخستنەوە، کاری ئەو هاوڕێیە تەنیا سەرچاوەی بژێوی ئێمە بوو.

ڕۆژی پێش ٨ی مارچ واتە ٧ی مارچ، دیسانەوە لەتەك دوو ھاوڕێیەكی ڕۆژی یەكەم (فاروق محەمەد و بیھنام محەمەد) خەریكی بڵاكردنەوە و ھەڵواسینی بانگەوازی مەراسیمەكە بووین، گەیشتینە ئەو كۆڵانەی كە مەیدانی دارەسووتاوەكە و شەقامی بەردەم دادگەی سلێمانی بەیەكەوە دەبەستێت، گوێمان لە دەنگی چەند تەقەیەك بوو، تا ئێمە گەیشتینە ئەوێ، بوو بە قەرەباڵخی و گوتیان چەند چەكدارێك تەقەیان لە دوو ژن كردووە و بێجگە لە پێوەبوونی ژنەكان، مناڵێكی شتفرۆش لەوێدا برینداربووە. [دواتر ساڵی ١٩٩٧ ئەم بەسەرھاتەم كرد بە چیرۆكێك بەناوی (خەرمانەی مەرگ) لە گۆڤاری پاژێی ھونەریی (ژیلەمۆ) بڵاوكراوەتەوە].

ڕۆژی ٨ی مارچ، ئەگەر باش لەبیری من مابێت، مەراسیمەكە لە ھۆڵی ھونەرمەندان بوو، لەسەر شانۆكە سەرقاڵی ڕازاندنەوەی دیوارەكان و ڕێكخستنی كارەبا و پێداویستییەكانی دیكەبوون و بەپێچەوانەی ڕۆژانی پۆستەر-ھەڵواسین و بانگەوازەکە، كۆمەلێك لە ھاوڕێیانی ژن چالاكانە سەرقاڵی ھاریكاری و خۆڕێكخستن بوون، لەو كاتەدا خاتوونێك كە پێشتر ناوم بیستوو و کاتی ڕاپەڕین یەكێك بووبوو لە چالاكانی (رێكخراوی ژنانی شۆرشگێڕ)، بەجۆرێك ناڕەزایەتی لە بوونی ئێمەی لەسەر شانۆكە دەربڕی. ھۆكارەكەشی تەنیا خۆشنەھاتن و سكتاریزمی ڕێكخراوەیی بوو، چونكە ئەو سەر بە گروپێكی دیكەی چەپ بوو یا ڕاستر بڵێم یەكێك بوو لە ئەندامە باڵاكانی ڕێكخراوەكەی خۆی، لەو كاتەدا كیژۆڵەیەكی ھەژار كە كراسێكی كوردی سەوزی پۆشیبوو و كەوشێكی جۆری كالەی سپی لەپێکردبوو و وەك خۆی گوتی، كراسەكەشی بە قەرز لە ھاوەڵەكانی وەرگرتبوو، لەتەك من خەریكی چاككردنی شتێك بووین، ئەگەر باش لەبیری من مابێت، پێموابێت ناوی (لیمۆ) بوو، وەك سەرسوومانێك تەماشاێكی منی كرد و منیش لام لە خاتوونە خۆ بە ڕابەرزانەكە كردەوە و گوتم، جا بەڕێزم، دوێنێ و پێرێ و ھەفتەیەك لەمەوبەر لە كوێ بوویت، بۆ لە كاتی پۆستەر ھەڵواسین و بڵاوكردنەوەی كارتی بانگەواز و سەردانی لایەنەكاندا نەھاتی بەشداریبكەیت، بۆ نەھاتی و بە ئێمە بڵێیت “ئەوە لەم ناوە چی دەكەن، بۆ ناڕۆن” و بەخۆت كارەكانت ئەنجامبدابان؟ ھەستمكرد قوڕگی پڕ بوو لە گریان و نەیتوانی وەڵامبداتەوە، ھەرچەندە مەبەستم برینداركردنی نەبوو و تەنیا مەبەستم وەڵامدانەوەی سكتاریزمی ڕێكخراوەكەی بوو، كە لەو كاتەدا و لەو شوێڼەدا ئاوای لە ئەو كردبوو، كە ئاوا بەرخوردێك بە ئـێمە بكات، لەتەك ئەوەشدا پەشیمانبووم لەوەی كە ئاوا وەڵاممداوەتەوە و بەو پرسیارانە ئەوم تەنگەتاو كردووە.

پاش كەمێك ھۆڵی مەراسیمەكە لە ھاتنی ژنان و پیاوان بەدەم بانگەوازەكەوە، جمەی دەھات و جێگە نەدەبووەوە و كەسانێك لەبەرە نەبوونی جێگە، ناچار لە دەرەوەی ھۆڵەكە وەستابوون، مەراسیمەكە دەستیپێكرد و وێڕای ئەوەی كە زۆربەی كارەكان و ئامادەكارییەكان و لێپرسراوەتییەكان ئەندامانی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەی ئێمە لە ئەستۆی گرتبوون، بەڵام لە كۆمیتەی مەراسیم و لە دەستەی پێشكەشكردنی مەراسیمەكەدا، رێكخراوە ھاوخەتەكانی دیكەی ڕێکخراوەکەی خۆمانمان بەشداركردبوون، كەچی سەرەرای ئەوەش یەكێك لە ئەندامانی ڕێكخراوەكەی دیكە (ھاوڕێكخراوی ئەو خاتوونەی كە پڕتوبۆڵەی بەسەر ئێمەدا دەكرد) ھەلی قۆستەوە و بە ڕاوەشاندنی بانگەوازی مەراسیمەكە، كە كارتێكی نیوە لاپەڕەیی بوو و ناوی رێكخراوەكەی ئێمەی لەسەر بوو، گوتی ” میوانە بەڕێزەكان ئەمە دەبین، ئەمە ھی كۆمیتەی مەراسیم نییە و ئەو ڕێكخراوە ناوی خۆی لەسەر داناوە”.***

لەو ساتەدا ھەڵوێستێكی زۆر جوان و ناسكتاریستانە و لێپرسراوانەم لە ھاوڕێیانی خۆمان دیت و وێڕای ئەو ھەوڵە سكتاریستی و شێوێنەرانە، ھاوڕێیانی ئێمە بە گوتار و چالاكییەكانیان ھەستان و ھیچ بارگرژییەكیان دروستنەكرد. ھەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە، كە بڵێم ڕێكخراوەكەی ئەو كاتی ئێمە سكتاریست نەبووە، نا تەنیا مەبەستم ساتەكانی ئامادەكاری و بانگەواز و پەخشكردنی پلاكارت و كارەكانی دیكەی مەراسیمەكەیە، كە زۆربەی لە ئەستۆی ئێمە بوو، ئەو كات ڕێكخراوەكانی دیكە، ھەرچەندە بۆ دەزگە سیخوڕییەكانی پارتییەكانی (بەرەی كوردستانی) و ڕژێمی بەعس شاراوەنەبوون، بەڵام لە بەرانبەر ئێمە خۆیان بە نھێنی دەزانی و ئاوا خۆیان نیشاندەدا.

٨ی مارچی ١٩٩٣، باخچەی گڵكەند، یەكەم كۆبوونەوەی پێكھێنانی كۆمیتەی مەراسیمی ڕۆژی جیھانی ژنان

ھەر وەك ساڵی پێشوو لە نێوندی ڕێكخراوە چەپەكان و چالاكانی ئەو ڕۆژگارەدا، كەوتینەوە خۆئامادەكاریی و ھەڵخراندنی جەماوەریی بۆ مەراسیمی ٨ی مارچی ١٩٩٣. یەكەم كۆبوونەوەمان لە باخچەی گڵكەند لە پێشنیوەڕۆی یەكێك لە ڕۆژەكانی كۆتایی وەرزی زستاندا بوو، كۆمەڵێك كۆبووینەوە. لێرەدا بەگوێرەی لەبیرمان و ناوەكانی ئەو كاتیان كە من دەمناسین، ئەم كەسانە بەشداربوون ؛ ھاوڕێیان نەزمیە، شاناز، عەزیمە، مەمەخان، ئەختەر حەسەن، چنار حەسەن، كاوە حەسەن، سیروان عەلی، د. ئەمین، جەمال كرێكار، شاپوور عەبدولقادر، قابیل عادل، ھیوا محەمەد، ئارام عەلی، یوسف (جەعفەر عەلی)، بەختیار (ھۆنەر)، بەختیار (كرێكاری كارەبا)، ھیوا كەریم، سۆران كەریم، ڕێبوار میدحەت، گۆران عەبدوڵڵا، ئاكو محەمەد عەلی و ….. بەداخەوە من ھەر ئەو ھاوڕێیانەم لەبیرماون، ھیوادارم ھاوڕێیانێكی دیكە بە سەرنج و پەیام ناوی ھاوڕێیانێكی دیكە، كە من لەبیری من نەماون، بۆ من بنووسن، تاوەكو لە تازەكردنەوەی ئەم یادەوەرییەدا ناوەكانیان زیادبكەم، ھەروەھا داوای لێبوردن دەكەم، كە ناوەكانم بەو جۆرە نووسیون، كە ئەو كات بەو جۆرە ناسراون، نەك بەو جۆرەی كە بەخۆیان لە ڕاستیدا ناویان چی بووە و ئێستا چ ناوێكیان ھەیە].

پاش ئەوەی مشتومڕ لەسەر چۆنیەتی دابەشكار و دروشم و بەشەكانی بەرنامەی مەراسیمەكە و لەپێش و پاش دانانی گوتاری ڕێكخراوە ڕامیارییەكانی ئەو كات ( ڕەوتی كۆمونیست، یەکێتی خەباتی كۆمونیزمی كرێكاری، ھەستەی كرێكار) كرا، دەستەكانی (لێژنەكانی) كاركردن و ئامادەكاریی دیاریكران و من وەك ھاوڕێیانی دیكەی (شققە)، ھەم لە دەستەی پاگەندە و ھەم لە دەستەی ھونەرییدا بووم. ھەڵبەتە ئەو ساڵە بڕیاردرا ژنانی ئامادە لە كۆمیتەكەدا بەخۆیان بە بڵاوكردنەوەی پۆستەر و كارتی میوانداری مەراسیمەكە ھەستن و ئێمە ھاوڕێیانی شققە (مامە كەریم، ڕێباز كەریم، ڕێبوار میدحەت، سۆران كەریم، ھیوا كەریم و ئاكۆ محەمەد) و ھاوڕێ سیروان عەلی و ھاوڕی فایق سەعید، دووراودوور چاودێری و ئاگاداریی ئەوان بكەین، نەكا ڕووبەڕووی توندوتیژی پیاوانی دەسەڵات و گروپە ئیسلامییەكان ببنەوە.

ھەر لە كۆتایی ئەو كۆبوونەوەدا بوو، كە من لەتەك ھاوڕێیانی ژنانی نێو كۆمیتەكەدا ئەم پێشنیارەم كرد، ئەم مەراسیمە وەك ھەلێك بقۆزنەوە و كۆمیتەی ئامادەكار و ڕێكخەری ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان، ڕابگەیێنن، بەڵام بەداخەوە ئەو پێشنیارەی من وەك زۆربەی پێشنیار و دەستپێشخەرییەكانی دیكەی من لە ماوەی نێوان ئۆگوستی ١٩٩٢ و جولای ١٩٩٣، لەلایەن سەرپەرشتیكاری بەشی ئاشكرای ھەولێری (ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست) وەك دژایەتییەكی كەسیی بەرانبەر بە ئامادەبوونی من لە ھەولێر، ڕەتكرایەوە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی ٨ی مارچ، ھۆڵی ڕۆشنبیری لە ھەولێر، كۆمەڵێك لە ھاوڕێیان خەریكی پڕۆڤەی سروودەكان بووین، یەكێك لەو ھاوڕێ ژنانەی كە بڕیار بوو، پێشكەشکاری بڕگەكانی مەراسیمە بێت، بە خەمبارییەوە هات و منی بانگی كرد و گوتی “ھاوڕێ من ناتوانم ئەو كارە بكەم”. زۆر پەرێشان بوو و گوڕگی پڕ بوو لە گریان. براكانی فشاریان خستبووەسەر سەر ئەو و ھەڕەشەیان لە ئەو كردبوو، كە نابێت ئەو كارە بكات. زۆر پەرێشان و دڵتەنگ بوو. بۆ من دووبارەبوونەوەی ھەمان ئەزمووونی پارساڵی مەراسیمی ٨ی مارچی سلێمانی بوو، ھاوڕێیانێكی ئاوا خۆبەخش و فیداكار و چالاك لەلایەن باوك و براكانییانەوە فشارێكی دەروونی زۆریان دەخرایە سەر . ھەر چۆن بوو، گرفتەكەمان چارەسەركرد و ھاوڕێ (شلێر ڕەشید) ئەو ئەركەی لە ئەستۆگرت، ھەرچەندە خەمی ئەو ھاوڕێیەمان باڵی بەسەر زۆرێكماندا كێشابوو، بەڵام بە توانا و ئامادەیی (ھاوڕێ شلێر) بڕگەكانی مەراسیمەكە بە سەركەوتوویی پێشكەشكران.

وەك ھەموو مەراسیمێك، كە ئێمە لەو بوارەدا وەك كەسێكی شارەزا و پیشەیی کە شارەزاییمان وەرگرتبوو، بەخۆشییەوە لە ھەوشەی ھۆڵەكە لەتەك كۆمەڵێك خوێنداكاری زانكۆ و پەیمانگاكان خەریکی گفتوگۆكردن بووین و لەو کاتەدا لەتەك ھاوڕێ (عەزیمە) لەسەر پەیوەندی ڕێكخراوەیی و چۆنیەتی پێشكاریی و ئامادەكاریی بۆ ڕێكخراوی ژنان خەریکی گفتوگۆكردن بووین، كە بە بۆچوونی من ماتریاڵی ئاوا ڕێكخراوەیەك لە ئارادابوو، تەنیا لەسەر بڕیاردان و لێبڕاویی خودی ھاوڕێیانی ژن وەستابوو، ھەڵبەتە من یەكێك بووم لەوانەی كە دژی وابەستەیی ڕێكخراوە جەماوەرییەكان بە ڕێكخراوە ڕامیارییەكان بووم، چ ئەوسا و چ ئێستاش.

لەو ساتەدا لێپرسراوی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەی ئێمە ھەستی بەو نزیكایەتییەی من و ئەو دەستەیە لە ژنان كردبوو و یەكسەر یەكێك لەو ھاوڕێیانەی بانگكرد و بە ئەوی گوتبوو “ئەگەر دەتەوێت پەیوەندەی بە ڕێكخستنی ڕەوتی كۆمونسیتەوە بكەیت، ئەوا كەسی دیاریكراوی ئەو كارانە منم و ئەو (نووسەری ئەم دێڕانە) ئەو ئەركەی لە ئەستۆ نییە”. ھەڵبەتە، [ھەرچەندە شتەكە ئاوا نەبوو و رێكخراوەكەی ئێمە، ئاوا نەبوو و تەنانەت خودی لێپرسراوانی رێكخراوەكەش ھیچ وێنایەكی دروست و ھێڵ و سەرخەتی ڕێكخستنی رێكخراوەییان نەبوو و (خوداوەكیلی) كاریاندەكرد و كارەكان بەرەو پیشەوە دەچوون [لە شوێنێكی دیكەدا بە وردی بە بەڵگەوە لەو بارەوە دەدوێم] من بەو ھاوڕێیەم گوت، ئەو شتە وانییە، بەڵام بەخۆت چی بە دروست دەزانی ئاوابكە .. و لەتەك كۆمەڵێك خوێنكار ، كە خەڵكی كۆیە و دوكان و سلێمانی و ھەڵەبجە و ھۆرامان بوون؛ لەوانە پەخشان ھۆرامی، جوان حەمەعارف ھۆرامی، عەلی ھەڵەبجەیی، توبا هەڵەبجەیی، یەك دوو ھاوڕێی دیكە و ھاوڕێ عەبدولقادر دوكانی [ئەگەر بە دروستی ناوەكەی لەبیری من مابێت]، لە گفتوگۆکردنەکە لەبارەی ڕێكخراوی سەربەخۆی خوێندكاران، كە پێشتر من لەتەك كۆمەڵێك خوێندكاری سەر بە پارتیی كۆمونسیتی عیراق و كوردستان (حشع و حشك) نیزکبووم و دواتر ھەندێكیان بوون بە پارتیی كاری سەربەخۆ، لەو بارەوە خەریكی بۆچوونگۆڕینەوە و پەیوەندی تەنگاوتەنگ بووین، لەو كاتەدا ھاوڕێ ھیوا كەریم (كەركووكی) ھات و گوتی “جەماعەت لە پشتەوەی ھۆڵەكە خەریكی وێنەگرتن و تۆماركردنی ڤیدیۆن، وەرە با ئێمەش بڕۆین”، من گوتم بمبوورە، خەریكی گفتوگۆکردنین و ئەمەیان گرنگترە.

ئەو ڕۆژانە، شتێك بووبووە مۆدێل و لە كۆتایی ھەموو مەراسیمێكدا كۆمەڵێك لە ئەوانەی كە ڕۆڵی “حازرخۆری سفرەدڕ”یان دەبینی و لە ئەنجامدانی كاروبارەكانی وەك پۆستەر-ھەڵواسین و بانگەوازكردن و ئامادەكاری ھونەریی و پەیوەندیگرتندا ھیچ ڕۆڵێكیان نەبوو و تەنانەت ماڵەكانیشیان لە ئێمەی ھاوڕیانیان دەشاردەوە و تەنیا ڕۆژانی كۆببوونەوە و مەراسیمەكان بە قات و بۆیباخە گرانبەھاكانیانەوە دەردەكەوتن، لە كۆتایی فیلمی مەراسیمەكاندا، خەیكی وێنەگرتن و تۆماركردنی ڤێدیۆ دەبوون. ئێمە كە زۆربەی كارەكانمان لەسەرشان بوون و زۆربەی كات ڕووبەڕووی ھەڕەشە و مەترسی گروپە ئیسلامییەكان و ئاساییش و میلیشیای پارتییەكان دەبووینەوە، هیچ ئاگامان لە ھۆكاری ھەڵپەی ئەو وێنەگرتنانە و خۆخزاندنە ڕیزی پێشەوەی ھۆڵەكان نەبوو و نەماندەزانی بۆچی ئەوان ئەوەندە گرنگی بەو شتانە دەدەن. بەڵام چەند مانگی نەخایاند و نھێنی ھەڵپەی وێنە و ڤیدیۆگرتنی پشت ھۆڵی مەراسیمەكان بۆ ئێمەش دەركەوت… .

ئۆكتۆبەری ١٩٩٣ كاتێك كە بەرەو توركیە سەری خۆم ھەڵگرت و لەتەك ھاوڕێیەكی خەڵكی سلێمانی (ئامانج) گەییشتینە ئانكارا، بەبۆنەی ئەو ھاوڕێیەوە، كە ھێشتا ئەو ئەندامی پارتیی تازە دروستكراوبوو، ئەندامانی (حككع) بەدیاریكراوی لێپرسراوی پەیوەندییەكانی ئەو پارتییە، كە پێشتریش لێپرسراوی پەیوەندی ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست و كۆمیساریای باڵای پەنابەرانی یوئێن بوو لە ئانكارا، پەزیراییەكی زۆرگەرمییان لە ئێمە كرد، كە دەڵێم لەبەر ئەندامبوونی ئەو ھاوڕێیە و ھاوڕێیەتی پێشووی من و لێپرسراوەكە لە سەردەمی ڕەوتی كۆمونیست، مەبەستم ئەوەیە، كە من پێش پێكھاتنی ئەو (حككع) ھەم لە وەڵامی نامەكەی مەنسووری حیكمەت و ھەم لەنێو نامەیەكی ١٨ لاپەڕەیی جیاوازیی خۆم لەتەك ئەو پارتییە پێشنیاركراوە لەو سێ ڕێكخراوەی پێشوو، ڕاگەیاندبوو، [ لەو بارەیەشەوە لە شوێنی دیكەدا دەچمە سەر جیاوازییەكان و ھۆكاری وازھێنانی من و نەچوونە نێو رێزەكانی ئەو پارتییە دەخەمەڕوو].

بەڵێ ھاوڕێی لێپرسراو [بەداوی لێبوردنەوە لێرەدا ناوی ناوھێنم، نەكا خۆی ناڕازیبێت] گوتی “هیچ وێنە و ڤیدیۆی بەشداریکردنی مەراسیمەكانتان لەتەك خۆتاندا ھێناون؟” منیش یەكسەر پرسیم، بۆچی؟ لە وەڵامدا گوتی ” لێرە زۆر بەكەڵكن، ئەو ھاوڕێیانەی كە تا ئێستا ھاتوون، ئەو شتانەیان داون و سوودیان لە ئەوانە وەرگرتووە، مەگەر بە ئێوەیان نەگوتووە، خۆ فڵانەكەس (… لێرەدا ناوەكان نانووسم، چونكە نامەوێت شتەكان تا ئاستی كێشەی كەسیی دابەزێن) ئەوە دەزانێت؟”، منیش گوتم ئەوە ھیچ ئێمە ئاگاداری ئەو شتانە نین و ئێمە هەرگیز قەد گرنگیشمان بەو شتانە نەداوە، بەڵام بەخۆت نازانیت، فڵانەكەس بەرانبەر من، ھەموو ناكۆكییەكی بۆچوونیی و ھزریی تا ئاستی كێشەی كەسیی دابەزاندووە. ئیدی لەو ساتەدا من وەك ئەكتەری فیلمێكی ھیندی، ھەموو شتەكانم بەیادھاتنەوە و بۆ من دەركەوت، بۆچی قارەمانانی پشت ھۆڵ ھێندە ھەڵبەی وێنەگرتن و ڤیدێۆگرتن و دەرخستنی ھاوسەر و خزمەكانیان بوون و زۆریان بەلاوە مەبەستبوو! [لێرەدا مەبەستم لە گێڕانەوەی ئەو شتانە، تەنیا لادانی دەمامكەکانە لە ڕووی ھەوڵی كەسانێك، كە ھەم ڕێگربوون و ھەم لەسەر پرسەكان سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی و كەسییان بۆ خۆیان دەكرد.

ئێستا پاش نزیكەی دوو دەھە ئەزموونگیری و وردبوونەوە، لە ئەزموونەكانی خۆم لە مەراسیمەكانی ٨ی مارچ و مەراسیمەكانی دیكە و بەراوردکردنی ھەڵوێست و دەربرین و كاركرد و بیركردنەوە و ھەوڵی چالاكەكانی ئەو سەردەمە بەتایبەت ھاوڕێیانی ژن، ئەم شتانە لەلای من لەلای گەڵاڵەدەبن :

– ھاوڕێیانێكی ژن، كە ئەو كات چالاك و دەركەوتە بوون، بێجگە لە یەك دوو كەسیان، كە لە پاش دروستبوونی (رێكخراوی سەربەخۆی ئافرەتان) كەوتنە ھەوڵی خۆسەپاندن و گێڕانی ڕۆڵی بەرپرسو پێگەخوازیی، ئەوانی دیكە، بەتایبەت ئەوانەی كە وەك ئەندامی كۆمیتەی مەراسیمی ٨ی مارچی ١٩٩٣ لە ھەولێر ناومھێناون، كەسانی لەخۆبوردە و خۆبەخش و دڵسۆز بوون و بۆ ئەوان ھیچ گرنگنەبوو، ناویان ھەبێت یا نا.

– گیانی ھاریكاری و ھاوتێکۆشانیی و ھاوڕێیەتی بەسەر ھەمووان باڵیكێشابوو و زۆرێك تەنانەت خۆیان لەبیركردبوو، ھەرچەندە وەك گوتم ئەو خۆلەبیركردنە و توانەوەیە لە بزووتنەوەكەدا لەلایەن كەسانی پێگەخواز و ناوبانگخوازەوە قۆسترابووەوە و سەرمایەگوزاری كەسیی و ڕامیاریی لەسەر دەكرا.

– بەداخەوە ھەرچەندە دەربرینی ئازاردەرە، بەڵام خستنەڕووی ناچارییە و ئەركی مێژوویی ھەر یەكە لە ئێمەیە بەرانبەر بە نەوەكانی داھاتوو، كە بە ئەوان ڕابگەیێنین، لەم ڕۆژگارەدا ساڵیادی ٨ی مارچ بۆ ژنانێكی توشبوو بە نەخۆشی ڕامیارییبوون و فێمینیزمی دەسەڵاتخواز، بووە بە ڕۆژێك بۆ خۆنواندن و بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و خستنەڕووی پلەوپایە و ئارەزووی خۆیان بۆ دەسەڵات و سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی لەسەر تێکۆشانی ڕەوای ژنانی ئازادیخواز. لە ڕاستیدا نووسینەوەی ئەم یادەوەرییانەی منیش ھەر بەو ئامانجەیە، ژنانێكی چالاك، كە لەو ڕۆژگارەدا بە خوێن و وزە و ڕۆژەكانی لاوێتی و سەردەمە پڕ مەترسییەكان و نەبوونی و ھەزار و یەك دەردیسەری و فشار و ھەڕەشە و سووكایەتی خێزانەكانیان، دەنگیان بەڕووی نایەكسانی كۆمەڵایەتی و ئابووریی و یاساییدا دەردەبڕی و لەو پێناوەدا ئامادەی گیانبەخشین بوون، بیانھێنمە قسە، تاكو بە ژنانێكی دەسەڵاتخوازی ڕەدوكەوتووی فێمینیزمی بۆرجوازی بڵێن ” شێواندنی مێژوو بەسە، دەمتان داخەن و بڕۆن خەریكی ڕامیاركردن و بەدەستھێنانی پلەوپایە و خۆشگوزرانی كەسیی خۆتان بن، بەرۆكی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان لەپێناو ئازادی کۆمەڵ و جیھانێكی یەكسان و دادپەوەر، بەردەن!”

دوا ڕستە، داوا لە ھاوڕێیانی ئەو سەردەمە چ ژنان و چ پیاوان، بەتایبەت ئەوانەی كە من ناومھێناون، ئەگەر ھەڵەیەك لە ناوەكانیاندا ھەیە، ئەگەر ھەڵەیەكم لە گێڕانەوەی ڕووداوەكان و ئەگەر كەسێك ئاوای دەبینێت، کە من خواستوومە مێژوو بشێوێنم، با ئەو دەربەستانە و بە بەرپرسیاریی مێژووییەوە خامەكەی بەدەستەوەبگرێت و ناڕاستی یا ھەڵە و لەبیرچوونەوەكانی من ڕاستبكاتەوە. چونكە بۆ من یەك شت بنەمای كار و ھاندەرمە، ئەگەر ئێمە چالاكانی ئەو ڕۆژگارە و ئەم ڕۆژیش، بە نووسینەوەی ئەو لاپەڕە لەبیركراو و تاڕادەیەك شێوێنراوانەی دەھەی نەوەد، كە بنەمای ھەموو سەرھەڵدانەكانی ئەم ڕۆژ و داھاتووشن، ھەڵنەستین، ئەوا لەبەردەم مێژوودا بەرپرسیار دەبین، چونكە كەم نین ئەوانەی كە خەریكن لەسەر بێدەنگەكردنی ئێمە، سەرمایەگوزاری ڕامیاریی دەكەن! ھەروەھا بە بۆچوونی من، ڕزگاریی ژنیش وەك ڕزگاریی ھەر تاكێكی دیكە، تەنیا بە خۆبیركردنەوە و خۆرێكخستن و خۆھوشیاریی و خۆھەوڵدان بۆ سەپاندنی یەكسانی كۆمەڵایەتی و ئابووریی و مافیی خۆی لە ڕەوتی بزووتنەوە كۆمەڵاتییەكانی دژی نایەكسانی و نادادوەرییدا ئەگەری بەدیهاتنی هەیە ، ھەر بەو شێوەی، كە ڕزگاری ھەر مرۆڤێك لە گرەوی تێکۆشان و دەربەستیی خۆیدایە بۆ ئازادی!

______________________________
* مەبەستم لە ئایدیالیستبوونی ماركسیزم، ئەوەیە، كە زۆرینەی سۆشیالیستخوازەكانی ئەو كات و كۆمونیستەكانی ئێستای ھەرێمی كوردستان، بەو جۆرە لە كۆمونیزم دەدوێن و دەڕوانن، كە دۆزینەوە و داهێنان و بیردۆزیی (كارل ماركس) بێت و پاشرەوانی ئەو ئەو ئایدیالیزمەیان پەرەپێداوە و ئاوای دەبینن کە دەبێت کۆمەڵ لەسەر بنەمای ئەو بیردۆزانە بەرەو كۆمونیزم بڕوات، ھەروەك چۆن لە ئایینەكاندا سەرەتا ھۆش (یەزدان) ئامادەیە و پاشان بەھەشت دەئافرێنێت، واتە لە ھۆشەوە مادە و كردار و گۆڕان دەستپێدەكەن. ڕێك بە پێچەوانەی ئەوەوە، كە مێژووی نیشانیدەدات، ھزری كۆمونیستیی لە ھەموو سەردەمەكاندا ھەبووە و تێکۆشان و ئەندیشەی تاك و كۆمەڵە یەكسانیخوازەكان مامانی لەدایكبوونییەتی، قسەكەرانی ئەو بزووتنەوەیە، تەنیا ڕۆڵیان تێڕامان بووە لە مێژووەكەی و پێداچوونەوەی ئەزموونەكانی.

** دەزانم لەتەك خوێندنەوەی یەكەم دێری یادەوەرییەكانی من، ئەو پرسیارە لەلای خوێنەر دروستدەبێت، مەگەر تۆش خەریكی ئەوە نیت، خۆت بناسێنێت؟ لەوەڵامدا تەنیا دەتوانم بڵیم، نەخێر، چونكە؛ یەكەم وەك كەسایەتی خۆم بە سوپەر-مرۆڤ نەناساندووە و دەمەوێت دژایەتی بیرۆكەی ڕابەرایەتی بكەم، دووەم، دوو شت بوون بە ھاندەری نووسینەوەی ئەو یاداوەرییانەی خۆم، ئەوەی كە ژنان و پیاوانێك پەیدابوون، خەریكن تاوانی كۆمەڵێك ژنكوژ كە بڕواناكەم لە ئاستی کۆمەڵدا ڕێژەیان بكاتە لە سەدا یەكی ھەژماری پیاوان، بەسەر شانی زۆربەی پیاواندا دەدەن، كە من بۆ خۆم بەگوێرەی ناسینی نزیكم لە زۆرێك لەو ژنانە، كەسانیكن، كە بەخۆیان ئەزموونێكی تاڵ یا شكستخواردووی ھاوسەرییان ھەیە و پیاوەكانیش كەسانێكن، كە ھەموو ئامانجیان خۆنواندن و فریودانی ژنانە و دەیانەوێت لەو ڕێگەوە ڕاوەژن بكەن. لێرەدا نە مەبەستم ژنانی ئازادیخوازە و نە پیاوانی یەكسانیخواز، بەڵكو ئەوانەن، كە یەكەم تاوانی كەمینەیەكی ھەرە كەمی پیاوان بەسەر شانی ھەموو پیاواندا دەدەن و دووەم، دەیانەوێت ستەم و ھەڵاردنی لە ژنان، لە ستەم و ھەڵاواردنی ئابووریی و كولتووریی و ڕامیارییەوە، بكەن بە ستەمی پیاوان لەسەر ژنان، كە بەوەش دەیانەوێت لاقی كولتووری بۆگەنكردووی “نەتەوە”كەیان و ڕۆڵی یاسا و سەروەریی بۆرجوازی “نەتەوە”كەیان لەو لیتاوەدا دەربكێسن، كە بۆ ژنانی كوردستان خەستکراوەتەوە.

*** مەبەست لە گێڕانەوە و دوان لەسەر ڕەفتاری ئەو ئەندامەی ڕێكخراوەكەی دیكە، تەنیا بۆ نیشاندانی ئامانجی ڕێكخراوە ڕامیارییەكانە لە مەراسیمی ٨ی مارچ، كە دەیانەوێت بیكەنە ڕۆژی پاگەندەکردن بۆ خۆیان، بەڵام ئێمە ئەندامانی خوارەوە، زۆر لەو شتە نائاگابووین و وەك سەربازێكی نائاگا “فی سبیل اللە” خزمەتمان بە ڕابەربوون و حەزە كەسییەكانی ئەندامانی سەرەوەی ڕێکخراوەکانی خۆمان دەكرد.

نووسەر: Anarchistan ئەنارکیستان

Kurdistan Anarchists Forum - KAF سەکۆی ئەنارکیستان

وەڵامێک بنووسە

Please log in using one of these methods to post your comment:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: