خرۆشانی خەڵکی ئازادیخوازی مەهاباد چەخماخەی تەقینەوەی تووڕەیی پەنگخواردووی جەماوەری نەدار و زەحمەتکێشە دژی داگیرکەر، دژی دەستووری ئیسلامی، دژی دەوڵەت و سەرمایەداری.
جارێکی دیکە بزووتنی سەربەخۆی جەماوەر نیشانیدا، کە سەرچاوەی هەموو هێزێك، هەموو گۆرانێك، هەموو ڕوخانێك، هەموو ڕۆنانێك، هەموو چاکردنێك هێزی یەکگرتووی جەماوەرە و ئەو هێز و یەکگرتنەش کاتێك ڕوودەدات و دێتەئاراوە، کە جەماوەر لە دەرەوەی ڕێکخستنە ڕامیار و دەسەڵاتخوازەکان خۆی رێکخستبێت و بڕوای بە هێزی یەکگرتووی تاکە یاخی و شۆرگێرەکانی هەبێت.
هاوڕێیانی ئازادیخواز لە هەر کوێیەکی کوردستان و جیهان هەن، خۆنیشاندان راپەڕینی خەلکی مەهاباد پێویستی بە پشتیوانی هەمەلایەنەی ئێوەی هاودەرد و هاوئامنج هەیە، هەموو جالاکییەکی گەورە و بچووك، هەموو هەنگاوێکی دەستبەجێ هەر لە راگەیاندنی دروست و شۆرشگێرانەوە تا مانگرتنی گشتی شارەکان و خۆنیشاندان و رێپێوانە پشتیوانییەکان لە کیشوەرەکانی دیکە، گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی ڕاپەڕیوانی مەهاباد بە جیهان، پێگەیاندن و بەشکردنی ئەزموونەکانتان لەتەك جەماوەری مەهاباد، تەنیا ئەگەرێکی سەرکەوتنی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییە سەربەخۆییەن، کە خەریکە لەو شارە ڕژێمی هاری ئیسلامی بەچۆکدا دەهێنێت.
ئیدی کاتی ئەوە هاتووە هەمووان لە دەرەوەی سنوور و سکتاریزمی پارتایەتی و قاڵبی ڕامیاریی بێینە مەیدان و توانایەکانمان بخەینەگەڕ و بچینە ڕیزی راپەڕینی جەماوەریی ئازایدخوازان، ئیدی کاتی ئەوە هاتووە، کە ڕێکخستن و ئامرازەکانی راپەڕین و شۆڕشی کۆمەلایەتی پێکبهێنین و ڕاپەڕین بکەینە هەنگاوی سەرخەری شۆڕشی کۆمەڵایەتیی.
سەرکەوتووبێت ڕاپەڕین و تێکۆشانی ئازادیخوازانی مەهاباد
ڕسوایی و ڕوخان بۆ ڕژێم و سیستەمی بۆرجوازیی ئێران
سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان
١٧ی گوڵانی ١٣٩٤